راپۆرت

چارەنوسی کەرکوک لە نێوان ھاوپەیمانی کورد و عەرەبدا



 ھاوکار ڕەفیق ڕەحمان
توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان



کورتەیەک پێش باسەکان
 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی ١٢/٥/٢٠١٨  پەسندکردووە، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکەوە لە یەککاتدا بەڕێوەبچن. ئەوەی گرنگە ھەڵبژادنەکانی پارێزگای کەرکوکە، کە ھەریەکە لە پێکھاتەی عەرەب و تورکمانی بەباشی خۆیان ئامادەکردووە، لەبەرامبەریشدا ھێزە کوردییەکان  پەرتەوازەییان پێوەدیارە، ھەریەکە لە گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی بەیەک لیست لە ناوچە جێناکۆکەکان بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن، پارتی و یەکێتی و یەکگرتووش ھەتا ئێستا لەسەر چۆنیەتی بەشدارکردن یەکلانەبوونەتەوە، ھەربۆیە لەم شیکارییەدا شرۆڤەی ئەو دۆخە دەکەین و پێمان وایە بەشداریکردنی کورد بە چەند لیستیک کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کەمی بەشداری دەنگدەران و کەمکردنەوەی دەنگەکان، تەنانەت ھەتا ئاستی بەفیڕۆچوونی ڕێژەیەکی زۆر لەدەنگ، کە ئەمەش نزمبوونەوەی پێگەی کوردی لێدەکەوێتەوە. سەرباری یەکلانەبوونەوەی پۆستی پارێزگار و قەیرانی ئەمنی و سیاسی کەرکوک، کە ھەموویان بەسەریەکەوە کارتی بەھێزن بەدەست پێکھاتەی عەرەب و تورکمانەوە، ھەردوولاش خوازیارن دۆخی قەیراناوی کەرکوک ھەتا ساتی ھەڵبژاردنەکان بەردەوام بێت. ھەربۆیە گرنگە کورد لە چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و ئیداری کەرکوکدا یەکگرتوو بێت، بۆ ئەوەی باجی زیاتری دابەزینی دەنگەکان نەدات.

کەرکوک وەک دۆخێکی تایبەت؛ لە یاسای بریمەرەوە ھەتا ئێستا
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە، دۆسیەی کەرکوک وەک کێشەیەک، لە نیوان کورد و ھێزە عێراقییەکاندا یەکلایی نەدەکرایەوە، ھەرچەندە کاریگەری ئەمریکا و پەیوەندی باشی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، توانیان بەشێوەیەکی کاتی کێشەکان ھێوربکەنەوە. لە یاسای بەڕێوەبردنی  دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزاری، لە مادەی (٥٨) و دواتریش لە مادەی (١٤٠)ی دەستوری ھەمیشەییدا، داھاتووی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دیاریکرا،(دواتر کورد خەمساردانە لەگەڵ ئەم مادەیە مامەڵەی کرد، ھەتا ئەو کاتەی وادەکەی بەسەرچوو ئیستاش عێراق خوازیارە لە پەرلەمانەوە چارەنوسی کەرکوک یەکلابکاتەوە!). ھەر لەسەردەمی فەرمانڕەوای پۆڵ بریمەرەوە (حاکمی مەدەنی ئەمریکا لە عیراق)، کەرکوک دۆخێکی تایبەتی پێدراوە. ئەویش دوای ئەوەی کە بەپێی یاسای بریمەر بۆ دەسەڵاتی ئیتلافی، بڕیاردرا بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەمەش پرسێک بوو لە چوارچێوەی سازان  و لەیەکترتێگەیشتندا بوو،  نەک پرسێکی یاسایی، لە نێوان ناوەند و کوردا. 
 
عێراق ھەرگیز سازش لە کەرکوک ناکات
سەرباری ئەوەی قەیرانی سیاسی و ئیداری لە دوای ٢٠٠٣ەوە، سیمای جیاکەرەوەی ئەم شارەیە، بەجیاواز لە پارێزگاکانی تر بەردەوام بەغداد ھەوڵی داوە کێشەی سیاسی و ئیداری بۆ دروست بکات(ئەمە ھەمان سیاسەت و ستراتیژی حکومەتەکانی تری عێراق بووە، بە سوننە و شیعەوە). چونکە حکومەتی عێراق ھیچ کات ئامادە نەبووە سازش لە کەرکوک بکات، بۆ ئەوەی لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ‌بەڕێوە ببرێت، پارتە کوردییەکانیش لە لیستی برایەتیدا نەیانتوانییوە سیاسەتێکی یەکگرتوو ونیشتیمانی پەیڕەوبکەن، بەتایبەتی لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە دابەشبوونەکان بە زەقی ھەستیان پێکرا و ھەتا ئێستا نەیانتوانییوە لەسەر پارێزگارێکی نوێ بۆ شارەکە ڕێکبکەون.

  سیاسەتکردن لەسەر بنەڕەتی زۆرینە و کەمینە
دوای ھێرشەکانی داعش بۆ عێراق و ھەڵھاتنی سوپای عیراق لە کەرکوک ، وایکرد کوردەکان بە تەنیا دەستبگرن بەسەر ئیدارەی کەرکوک و ھێزی پێشمەرگە شوێنی سوپای عێراقی گرتەوە. لەو ماوەیەشدا، چەند بڕیارێک لەلایەن کوردەکانەوە، لە سەر بنەڕەتی زۆرینە و کەمینە دران. کە بوونە ھۆی دروستکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی، لەنێوان پێکھاتەکانی شارەکە و زیادبوونی کەلێنی تائیفی و رەگەزی و لاوازبوونی متمانە لەنێوان پێکھاتەکان.  ھەڵدانی ئاڵای کوردستان لەسەر دامەزراوە ڕەسمییەکانی پارێزگاکە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە، بەبێ ڕەزامەندی پێکھاتەکانی تری وەک عەرەب و تورکمان، وەک پێشێلکاری دەستور و ھەنگاوی ئیستفزازی ھەژمارکرا. سەرەڕای ھەڵوێستە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و بڕیاری پەرلەمان بە داگرتنی ئاڵاکە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕەتیکردەوە بچێتە ژێر باری ئەو داواکارییە. ھەنگاوێکی تری تاکلایەنەی بەرپرسانی کورد لە کەرکوک و حزبە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە یەکێتی، بریتی بوو لە بەشداری پێکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، ئەم دوو ھەنگاوە بەنیسبەت عەرەبەوە تاکلایەنانە لێکدرانەوە، بۆیە سیاسەتی ڕابروودی کورد وایکرد عەرەبەکان باشتر یەکبگرن و بیر لە تۆڵە و سزادان بکەنەوە و بە ھاوبەشی بچنە سەنگەری کوردەکانەوە. سەرباری ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و بەرپرسە سیاسی و ئیدارییەکانی کەرکوک، چەندینجار بڕیاری حکومەتی ناوەندیان ڕەتدەکردەوە، ئەمەش ھێندەی تر پێکھاتەی عەرەب و دەسەلاتی ناوەندی نیگەرانکرد. بۆیە گرنگە لە داھاتوودا کوردەکان وردتر و نەمتر ماماڵە بکەن و واز لە سیاسەتی نمایشی بھێنن و بە پلان و پڕۆژەی نیشتیمانی لە کەرکوک مامەڵە بکەن.

 

ھاوپەیمانی عەرەبی لەبەرامبەر پەرتەوازەیی کوردەکاندا
  لە کەرکوک عەرەبەکان بە سەرۆکایەتی ڕاکان سەعید، پارێزگاری بەوەکالەتی ئێستای کەرکوک، ھاوپەیمانییەکیان بە ناوی (ھاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک) ڕاگەیاندووە. کە تییدا ١٠ حیزب و گروپی دانیشتووی کەرکوک دەگرێتەخۆی، بۆ ئەوەی بە سەنگێکی قورسەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق بکەن. کە بریتین لە (گردبونەوەی کۆماری عێراقی، پارتی چەقی نیشتیمانی، کۆنگرەی نیشتیمانی عێراقی، پارتی حەل، یەکێتی ھێزە نیشتیمانییەکان، جەماھیری نیشتیمانی، گردبوونەوەی موقتەدیرون بۆ ئاشتی و بنیاتنانەوە، پارتی عروبیون  و پارتی ئەسالەی عەرەبی). 
ئەم ھاوپەیمانییە بە نیسبەت پێکھاتەی عەرەبی کەرکوکەوە باشترین بژاردەیە، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی پرۆسەکانی دیکەی ھەڵبژاردن دەنگەکانیان نەفەوتێت، کە ئەمە یەکەمجارە ھاوپەیمانی لەم شێوەیە لە ناو عەرەب پێکبھێنرێت. بۆیە لەم شێوازەدا پێکھاتەی عەرەبی سوننە لە کەرکوک باشتر لەجاران خۆیان ڕێکدەخەن و دەنگی زیاتر و سەنگی زیاتریان دەبێت، ئەمەش بە دڵنیاییەوە قورسایی زیاتریان پێدەدات بۆ وەگیرخستنی دەسەلات لە ئەنجومەی پارێزگای کەرکوک، زیاتر لەوەی ئێستا ھەیانە .سەرباری ئەوەی پێکھاتە تورکمانیش، بەرەی ھاوپەیمانی تورکمانیان بە سەرۆکایەتی (ئەرشەد سالحی) پێکھێناوە، کە ئەمەش دیسانەوە مەترسییەکی ترە لەبەرامبەر پەرتەوازەیی کوردەکان. چونکە عەرەب و تورکمانەکان یەک دەنوکیان ھەیە لەبەرامبەر کوردا.


 شانزەی ئۆکتۆبەر مۆتەکەی یەکێتی  
ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر گەورەترین ڕووداوە لە مێژووی چەند مانگەی یەکێتیدا، کە ھەتا ئێستا لە یادەوەری خەڵکی کەرکوکدا لە کارەساتێک  دەچێت کە دوێنێ ڕوویدابێت، کە بە دڵنیاییەوە لەھەڵبژاردنەکاندا باجەکەی وەردەگرێت، چونکە ھەر لەیەکەم ڕۆژی ئەم ڕووداوەوە، پێکھاتە کوردییەکانی کەرکوک بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە (لە لایەن یەکێتییەوە فرۆشراون)، یەکێتیش تا ئێستا نەیتوانیوە ئەستۆپاکی خۆی بسەلمینیت.  یەکێتی دوای ئەوەی ١٨ کورسی بەدەستھێنا، لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠١٣دا، بەڵام دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کەرکوک بەشداری کرد، توانی ڕێژەی دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکاتەوە، ھەتا ئەم ساتەش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، خاوەنی زۆرینەی ڕەھای دەنگدەرانی شارەکەیە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مانەوەی یەکێتی بەندە بە کەرکوکەوە، بەڵام دوای ئەو نیگەرانیەیی کوردەکانی کەرکوک لە یەکێتی، کە دەستی ھەبووە لە پەلکێشکردنی سوپای عێراقدا،  پێدەچێت بە ئاسانی تێپەڕ نەبێت. تەنانەت نزیک مەودا ئەم باجەی دا، بەوەی پێکھاتەکانی تر پشتگیریان نەکرد، بەوەی کاندیدە دڵخوازەکەی یەکێتی بکرێت بە پارێزگار. ئەگەری زۆریش ھەیە، بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەم پارێزگایە نە پارتی نە یەکگرتوو، لەگەڵ یەکێتی نەچنە ھاوپەیمانییەوە، چونکە ئەو کاتە ڕەخنەکانیان لە سیاستەی یەکێتی بێ ئەرزش دەبێت، تەنانەت دەبنە بەشێک لە سیاسەتی ھەڵەی یەکێتیش لەو پارێزگایە.
 

ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو کوێ؟
پارتی دیموکراتی کوردستان لە دۆسیەی کەرکوکدا لەگەڵ یەکێتی ناکۆکیان تێکەوت، دوای ئەوەی ھیرشەکانی ١٦ ئۆکتۆبەری بە خیانەت ناوزەندکرد و بۆ ئەم کارەش بەشێکی ناو یەکێتی تاوانبارکرد، دوای ئەوەی نەجمەدین کەریم کەرکوکی بەجێھێشت، ھەر زوو دەبوایە کورد پارێزگایەکی نوێی دەستنیشانکردایە. پۆستی  پارێزگاری کەرکووک کە ئێستا لەلایەن کەسێکی عەرەبەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت، ھەرچەندە پشکی کوردستانە و لە کوردستانیش پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆدەنگی لەسەر دەستنیشانکردنی کاندیدێکی کورد بۆ ئەو پۆستە دروستنەبووە، لیستی برایەتیش دابەشبوونی زۆری پێوەدیارە و پارتی دیموکراتی کوردستان ملنادات بۆ ئەو کاندیدەی یەکێتی دەستنیشانی کردووە. بەھۆی ئەوەی کاندیدەکەی یەکیتی کە (ڕزگار عەلی)یە، ئیمزای لەسەر ڕێکەوتنیک کردووە کە سوپای عێراقی ھێناوەتەوە بۆ کەرکوک، (بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم کارەی پارتی بۆ ئەوەیە، لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، سەرنجی کوردەکانی کەرکوک ڕابکێشێت). چونکە ھەمان سیناریۆی کەرکوک لە نەینەوا ڕوییدا، بەڵام پارتی ڕازی بوو بە دیاریکردنی پارێزگایەکی نوێ بۆ نەینەوا، لەلایەکی ترەوە پارتی بەم ھەڵویستەی ویستی ئەوەی ھەبوو یەکێتی بە پەلکێشکردنی سوپای عێراق تاوانبار بکات، بۆئەوەی ھەست نەکرێت ئەمە لێکەوتەی ڕیفراندۆم بووە، (بە ڕێژەیی لەم چاوبەستییەدا سەرکەوتوو بوو)، ھەر لەبەر ئەمە بەرزبوونەوەی دەنگەکانی پارتی لەکەرکوک پێشبینیەکی واقیعیە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ یەکێتی لیستی ھاوبەشیان ڕاگەیاند، ئەمە دەبێتە ھاوبەشبوون لە ڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەردا، ئەمەش قورسترین بابەتە لەبەردەم پارتیدا. لەبەرامبەردا دەبێت یەکێتی مەرجەکانی پارتی   قبوڵ بکات. 
 

  پارتی  لەبەردەم ھاوپەیمانی یەکێتیدا
ھەربۆیە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ئۆکتۆبەرەوە، ملی نەدابێت بۆ یەکێتی لە کەرکوکدا، ئەوا پێدەچێت بە ئاسانیش ملنەدات بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەگەڵیدا، خۆ ئەگەر ھاوپەیمانیش بکەن دوور نیە پارتی بەمەرج ئەم کارە بکات، ئەستەمیشە بتوانێت یەکێتی پەراوێز بخات،  چونکە یەکێتی پشت بە پارتی دەبەستێت بۆ مانەوەی خۆیی، پارتیش بۆپیکھێنانی حکومڕانیەتی ھەرێم پشت بە یەکێتی دەبەستێت. دوای ئەوەی بەرەی گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی ڕاگەیاندرا، ئەم پێوستییە دوولایەنیە زیاتر دەبێت.  بەڵام بەبێ مەرج ئەم مەسەلەیە تێپەڕنابێت لەلایەن پارتییەوە، ئەگەر بێت و مەرجەکان قورس بن ئەوا پێدەچێت دۆخەکە بۆ پەرتەوازەیی زیاتر بچێت و یەکێتی ڕازی نەبێت.  

یەکگرتوو ھەم لە کاکڵ ھەم لە ناوک بوو
 یەکگرتوو مەیلی لەوەیە بە تەنیا بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکوک بکات،  ھەرچەندە یەکگرتوو لە بەرەی پارتییەوە نزیکترە ھەتا یەکێتی، ئەو بەئەستەم کاری ھاوبەش لەگەڵ یەکێتی دەکات، بەڵام لەگەڵ یەکتردا ڕۆڵیان ھەبووە بۆ ھێنانەدی بەرژەوەندییەکانی پارتی، ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی و کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕیفراندۆم سێ سەرەکیترین نمونەن. بەڵام وەک دەبینین یەکگرتوو لە کەرکوک ئەو پەندەی بەسەر ھات کە دەلێت" ھەم لە کاکڵ ھەم لە ناوک بوو"، یەکگرتوو تێدەگات دەنگدەرەکانی لێی ناخوازن بەھەمان تاڵی پارتی ساز لێبدات، بەشێک لەسەرکردایەتییەکەشی ھەر دەمێکە ئەو ڕێگایەیان جیاکردۆتەوە کە کۆمەڵ و گۆڕان پێیدا تێپەڕدەبن. 
  لیستێکی ھاوبەش لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی
ناکۆکی و شکستخواردوویی و سیاسەتی شەخسی پارتی و یەکێتی وایکرد،  کوردەکان لە کەرکوک بەیەک لیست بەشداری ھەڵبژاردنەکان نەکەن، وەک دەبینین گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی، بەجیا لە یەکیتی و پارتی لیستی ھاوبەشیان بە ناوی (ھاوپەیمانیی نیشتمان) ڕاگەیاندووە، سەرۆکایەتی لیستی کەرکوک بە گۆڕان و پارێزگای دیالە بە کۆمەڵ و سەلاحەدینش بە ھاوپەیمانی دراوە، ئەمەش وەک بەرەیەکی دژە لەبەرامبەر یەکێتی و پارتی، چونکە ئەوان باش لەوە تێدەگەن کوردەکانی کەرکوک لەھەلوێستی ئەم دواییەی پارتی و بەتایبەتیش یەکێتی نیگەرانن، بۆیە دەشێت وەک تۆڵە کردنەوەیەک لیستێک لەدەرەوەی ئەم دوو پارتە ھەڵبژێرن، سەردانی ئەم دواییە گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی لە وەفدێکی ھاوبەشدا بۆ بەغداد و کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبادی، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە باس لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو کراوە و دەشێت عەبادیش ئەم ھاوپەیمانییە وەک بەدیلێکی دورمەدای پارتی و یەکێتی ببینێت، بەدووریش نازانرێت ھەتا دوای ھەڵبژاردنەکان ھەولێر و بەغداد ڕێکنەکەون، ھەتا ئەوکاتەی لەگەڵ ئەم سێ لایەنە دەگاتە ڕێکەوتن، بە دڵنیاییەوە ئەمەش ھەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکاتەوە.  بۆ سزادانی پارتی و بەتایبەتیش یەکێتی ئەم ھاوپەیمانیە گرنگە.
 



 کەرکوک لە لیواری دۆڕاندا
  وەک دەیبینین ھەتا ئیستا دۆسییەی ئەمنی و ئیداری شارەکە لە دەستی کوردا نیە، عەرەبیش وەک کارتێکی بەھێز بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری کەرکوکی بەدەستەوەیە، یەکێتی تەنانەت نەیتوانییوە قەناعەت بە تورکمانەکانیش بھێنێت، زیاتر لەوەش لە ڕازیکردنی   یەکگرتووشدا  شکستی ھێناوە، بە پێچەوانەوە ھەردوو بەرەکە تورکمانەکان بە ئیعازی تورکیا و یەکگرتوو بە سروشتی حاڵ، لەگەڵ پارتیدا ھەماھەنگی و یەکترنزیکیان ھەبووە. سیاسەتی پارێزگاری پێشوو بە یەکجاری پێکھاتەی عەرەب و تورکمانەکانی نیگەران کردووە، ئاوارەبوونی بەشێکی زۆر لە خێزانە کوردەکان و پەرتەوازەیی کورد لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەو پارێزگایە، ھێدەی تر دۆخەکەی ئاڵۆزکردووە.  ئەگەر بێت و یەکێتی ئەم دۆخە چارە نەکات، کە بەڵنیاییەوە بە پارتی و یەکگرتوو دەکرێت(چونکە تورکمان و عەرەبەکان ملیان نەدا)،  ئەوا لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت(کە دور نیە ئەمە سیاسەتی پارتی و یەکگرتوو بێت بەرامبەر بە یەکێتی)  و دەنگی کوردیش بە گشتی لەدەست دەچێت و پێکھاتەی عەرەب بە درێژکردنەوەی ئەم دۆخە ئەمنی و سیاسییە ئێستاوە سودمەندی سەرەکی دەبن. ( واتا بوونی پارێزگایەکی بەوەکالەتی عەرەب و ڕاپەراندنی ئەرکەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، تا ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا).
  
  دەرئەنجامی کۆتایی
لە ئێستادا دەسەڵات لە کەرکووک سەربازییە و لەلایەن بەغداوە بە تاکلایەنە بەڕێوەدەبرێت، بۆ گۆڕینی دەسەڵات و جارێکی دیکە دابەشکردنەوەی پۆستەکان، ھەڵبژاردنی مانگی پێنجی داھاتوو، خاڵی یەکلاکەرەوە دەبێت. ھەربۆیە گرنگە کوردەکان پێش ھەڵبژاردن لەسەر دیاریکردنی پارێزگار ڕێکبکەون، چونکە ئەگەر بەدەست عەرەبەوە بێت دەبێتە بانگەشەیەکی گرنگی ھەڵبژاردن بۆیان و لەھەمان کاتیشدا دەبێتە بێھیواکردنی کوردەکانی لە ھەڵبژاردن. ئەمە بێجگە لەوەی لەئێستادا دۆسییەی ئەمنی و ئیداری شارەکە لە دەستی کوردا نیە، سەرباری ئەوەی کوردەکان نەیانتوانیوە ھاوشێوەی عەرەبە سوننەکان بەیەک لیست بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکەن(تەنانەت وەک تورکمانەکانیشان پێنەکرا) ئەمەش بە دلنیاییەوە بۆ سیاسەتی خراپی پارتی ویەکێتی دەگەڕێتەوە لەو پارێزگایە، کە ئەمەش ھێندەی تر دەنگەکانی کورد بەفیڕدەدات، نەگەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ شوێنی خۆیان، دیسانەوە بەربەستێکی دیکەیە لەبەردەم کوردا، لەبەرامبەردا عەرەب بە سیاسەتێکی نیشتیمانی ودیراسەکراوەوە دەچنە ھەڵبژاردنەکانەوە و سود لە پەرتەوازەیی ھێزەکوردییەکان دەبینن، تا ئەوەی لە داھاتوودا لە پارێزگای کەرکوک پۆستە ئەمنی و ئیدارییەکان مسۆگەر بکەن،  ھاوسەنگی ھێز لەسەر حسابی کوردەکان و لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلابکەنەوە. بۆیە گرنگە کوردەکان بە ھۆشیاریییەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە بکەن، پەرتەوازەیی و ناڕێکخروایی خۆیان پێش پرۆسەکە لەبەرچاوەبگرن. ئەگەر یەکێتی و پارتی و یەکگرتووش نەچنە لیستی ھاوبەشی گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانیەوە، ئەوا ھەڵەیە سەربەخۆ و بەجیا بەشداری ھەڵبژاردن بکەن، نەک سەربەخۆ بەجیا بچنە پڕۆسەکەوە(وەک ئەوەی ئیستا ھەستی پیدەکرێت)، چونکە ئەمە نەلەبەرژەوەندی خۆیانە، نە لەبەرژەوەندی دۆسییە کەرکوک دایە، کە مەسەلەیەکی سەروو نیشتیمانییە بە نیسبەت کوردەوە.
 

 
لە نوسینی ئەم بابەتەدا سودم لەم سەرچاوانە بینی:
١: فەرھاد حەسەن عەبدولا، قەیرانی ئیداری کەرکوک: سیناریۆکانی چالاککردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە، ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان، وادەی بڵاوکردنەوە ١٩/١١/٢٠١٧. 
٢: تشکیل قائمە التحالف العربی فی کرکوک برئاسە المحافڤ راکان سعید، موقع اخبار العراقـ تاریخ النشر١١/١/٢٠١٨.
٣: الخلافات واچحە فی التحالف الشیعی ابرزھا عملیە تسجیل التحالفات لخوچ الانتخابات المقبلە، موقع الشرق الڕوسگ.
٤: إدارە کرکوک والڕحزاب الکردستانیە بالمحافڤە تجدد المگالبە، موقع النھار.٢٠١٧.
٥: الڕحزاب الکردستانیە فی کرکوک تعمل علی تشکیل قائمە مشترکە، موقع بغداد بوست. 
٦: ڕزمە کرکوک.. ھل تلاشی الحلم الکردی؟ موقع الجزیرە، تاریخ النشر ١٨/١٠/٢٠١٧. 
٧: الانتخابات العامە بالعراق فی مایو ٢٠١٨... والعبادی یگمح لولایە پانیە، موقع العربیە، تاریخ النشر ٢٢ ڕکتوبر ٢٠١٧.
٨: Alliances Announced For Iraq’s ٢٠١٨ Elections, musings on Iraq,  January ١٢, ٢٠١٨.
٩: A vote of contention in Iraqi Kurdistan, stratfor, sep ٢٦,٢٠١٧.
١٠: Kirkuk: A crisis waiting to happen, with consequences for region, October ١٧, ٢٠١٧, CNN.
١١. A new war in Iraq, now between Shia Arabs and Kurds, economist, Oct ١٦th ٢٠١٧.







‌‌‌
1/20/2018 12:20:02 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ