هەواڵ

عەلی حەمەساڵح و سۆران عومەر لەسەر ئەو وێنەیە قسە دەکەن


بزاڤ پرێس:

عەلی حەمەساڵح و سۆران عومەر, لە بارەی بڵاو کردنەوەی وێنەکەیان لە لایەن مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی,  نوسینێکیان لەژێر ناوی (ئەم وێنەیە و زۆر ڕاستی دیکە) بڵاوکردۆتەوە و  نووسیویانە" مەحمود سەنگاوی تەلەفونی کرد، وتی: حەز دەکەم باسی ئەم دزی و گەندەڵیانەم بۆ بکەن و بزانم حیزبەکەی من چۆن شەریکە".

دەقی نووسینەکە:

ئەم وێنەیەو زۆر ڕاستی دیکە

لەڕابردو لە ئایندەدا ھەموو ڕێگاکانمان دژ بە گەندەڵی و ستەمکاری گرتووەتەبەر.. 
-کاری پەرلەمانی پرسیارو پرساندن و بانگھێشتکردن. 
-ڕۆشتن بۆ دادگا، زیاتر لە ١٠٠ سکاڵامان لە ڕێگای دەستەی نەزاھەو داواکاری گشتی داوەتە دادگا. 
-قسەکردن لە ڕاگەیاندنەکان و رونکردنەوەی ڕاستییەکان. 
-گفتوگۆی ڕوبەڕوو لەگەڵ دەسەڵاتداران و ئەوەی لە ڕاگەیاندن پێمانوتون، ڕووبەڕوو پێمان وتوون.... 
وێنەکە، ساڵی ٢٠١٦ گیراوە 
لە ساڵی ٢٠١٦دا سەدان دۆسیەو دیکیۆمێنتی گەندەڵی، دزی و بردنە دەرەوەی پارەمان کۆکردەوە(داومانەتە داواکارگشتیش وەک سکاڵا) دواتر ھەموویمان کورتکردەوە لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی مەرگەساتی حوکمڕانی لە دوتوێی ٣٦ پەڕەدا ڕێکمانخست، بردمان بۆ چوار حیزبی(گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ) لەوێ وتمان: نەک نابێت بەشداربن لەم حکومەتەدا، بەڵکو دەبێت بەرەنگاری ئەم ستەمکاریە ببنەوە. 
نزیکەی ٤٠ بەرپرسمان لە ھەر چوار حیزبەکە بینی، ڕاستیەکانمان خستە بەرچاویان..
لە یەکێتی، لەگەڵ حاکم قادر دانیشتین دواتر چەند بەرپرسێکی دیکەمان دیت، ڕاپۆرتەکەمان بۆ باسکردن، حاکم قادر، ڕاپۆرتەکەی بردە مەکتەبی سیاسی و لەوێ باسکرا، دواتر مەحمود سەنگاوی تەلەفونی کرد، وتی: حەزدەکەم باسی ئەم دزی و گەندەڵیانەم بۆ بکەن و بزانم حیزبەکەی من چۆن شەریکە. 
لە نێو ئەو دەیان بەرپرسەدا لەگەڵ ئەویش دانیشتین و ھەموویمان بۆ باسکرد، قەناعەتی کرد، کە حیزبەکەی لەو ھەموو تاوانکاریەدا شەریکە، لەسەر تەلەفزیۆنیش باسی کرد. 
شار بەشار و ماڵ بەماڵ ئامادەین بگەڕێین، بۆ خستنەڕووی دیوە ڕاستییەکانی ئەم حکومەتە، ئەمە ئەرکە ‌... 
لە ماوەی ڕابردودا لەگەڵ دەیان بەرپرس دانیشتووین و ئەوەی لەسەر تەلەفزیۆن پێیان دەڵێین ڕووبەڕوو پێمانوتوون، ھاوڕێکانمان شاھیدن لە کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەشی ھەمان شتمان وتووە، کە لەسەر شاشە دەیڵێین. 
ئێستاش ھەر بەرپرسێک بیەوێت ڕاستییەکان بزانێت دەچین و ھەمووی تێدەگەیەنین، ئەرکی ئێمە ئەمەیە.... 
لەگەڵ کەس دانانیشین بۆ شەریکی لە کۆمپانیاو دابەشکردنی پارەی حەرام، لەگەڵ ھەموو کەس دادەنیشین بۆ ئەوەی قەناعەتی پێبکەین کە پشتیوانی ئەم دەسەڵاتە، پشتیوانیە لەستەمکاری.
ئەگەر لەماوەی ڕابردودا قەناعەتمان بە ژمارەیەک ھاوڵاتی کردبێت، پشتیوانی ستەمکاری نەکات، دەستکەوتە لای ئێمە

ئەگەر لەم ھەڵبژاردنەدا دەیان کەسی وەک کاک مەحمود سەنگاوی پشتیوانی دەسەڵاتی ستەمکاری نەکا ت کاریکی خراپە ؟ چاوەڕێی ئەوەش دەکەین بەشێکی زۆر لە بەرپرسان و کادیری حیزبەکان پشتبکەن لەستەمکاری...

بەرنامەی ئێمە بۆ سەرکەوتن ئەمەیە...

شەڕی ستەمکاری پێویستی بەھەموو کەسێک ھەیە، ھەرکاتێکیش چوینە سەر حوکم، دادگەرانەو بەبێ چاوپۆشی لە خۆمان و ھیچ کەسێکی دیکە؛ دادپەروەرانە یاسا جێیەجێدەکین و حوکم دەکەین.

عەلی حەمە ساڵح
سۆران عومەر


‌‌‌
1/21/2018 2:12:41 PM
Print Friendly and PDF