هەواڵ

پۆلیسی ھەڵەبجە وردەکاری کوژرانی چوار کەسەکە ئاشکرا دەکات


بزاڤ پرێس: دانیار جێڵەی

وتەبێژی پۆلیسی ھەڵەبجە ھەموو وردەکاریی کوژرانی چوار ئەندامی خێزانەکەی ئاشکرا کرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە وردەکاریی کوژرانی چوار ئەندامی خێزانەکەی ھەڵەبجەی لەلایەن کوڕێکییانەوە ئاشکرا کرد.

رائید بەرزان عوسمان رایگەیاند: شەوی ١٩ی ئەم مانگە گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ ھەستاوە بەکوشتنی دایک و باوک و دوو برای لەماڵی خۆیان کە لەخەودا دایک و براکانی کوشتووە و پاش گەرانەوەی باوکیشی کە لەماڵەوە نەبووە ئەویش کوشتووە و تەرمەکانیانی بەئۆتۆمبێلەکەی باوکی گواستوەتەوە بۆدەرەوەی شار و تەرمی باوک و براکەی لەشاخی شنروێ داناوە و تەرمی دایک و برا بچوکەکەشی بردوەتە چەمی کانی گوێز و تەرمەکان لەوێ فڕێ داوە".

وتیشی: پاش ئەوەی شەوی رابردوو بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە و ئاسایشی شارەکە لەتاوانەکە ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ تیمی ھاوبەش پێکھێنرا بەئامادەبوونی سەرجەم ئەفسەرەکانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایش و دوای گەران و پشکنین توانرا تەرمەکان بدۆزرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆپزیشکی دادوەری و دوای پشکنین بدرێنەوە بەکەسوکاریان".

راشیگەیاند: ھەر دوێنێ شەویش تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر کرا، کە کوڕی ماڵەکەیە و تەمەنی ١٨ ساڵە و قوتابیە و دانی بەتاوانەکەیدا ناوە، کە تاوانەکەی بەچەکی کڵاشینکۆف ئەنجام داوە و گواستنەوەی تەرمەکانیشی بەئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان ئەنجام داوە، کوڕەکەش ھیچ نەخۆشیەکی دەروونی نیە و پاڵنەری کوشتنی تەواوی ئەندامای خێزانەکەشی بۆحەسوودی بردن بەبرایەکی گەڕاندووەتەوە، کە گوایە خێزانەکەی ئەویان خۆشتر ویستووە".

سەبارەت بەکوژراوەکانیش وتی: کوژراوەکانیش کە مدریک شەفیق ساڵح باوکیەتی تەمەنی ٤١ ساڵە و دایکیشی کە تەمەنی ٣٧ ساڵە بەناوی سروە ئیبراھیم حەسەن و ھاوکار مدریک شەفیق کە براگەورەیەتی تەمەنی ٢٠ ساڵە و کۆیار مودریک شەفیق کە برا بچوکیەتی تەمەنی ٧ ساڵە".

ئاماژەشی بەوەکرد، ھیچ کەسێک ھاوکاریی تۆمەتبارەکەی نەکردووە لەکوشتنی ئەندامانی خێزانەکەی و ئەمانەوێ ئەوە روون بکەینەوە کە ئەم تاوانە تاوانێکی تاکە کەسیە و ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاوبوونەتەوە کە کەسێک یارمەتی داوە یان کەسێکی تر کوشتبنی دوورن لەراستیەوە و ئێمەش وەکو ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس نیگەرانین لەو تاوانەی روویداوە بەڵام گرنگ ئەوەیە توانیومانە بەھەماھەنگی لەگەڵ ئاسایش بکوژەکە دەستگیر بکەین و دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و بەرێزدادوەری لێکۆڵینەوە دان پیانانەکەی وەرگرتووە و ئیجرائاتی یاسایی تەواو بووە".



‌‌‌
1/22/2018 12:33:12 PM
Print Friendly and PDF