راپۆرت

مەحمود عوسمان، پیاوی نھێنیەکانی مەلا مستەفا و شۆڕشی ئەیلول


سالار محمود، ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیکۆمێنتەری سیاسی و مێژویی

ھەرچەندە دە ساڵ بەر لەوە پەیوەندی بەپارتییەوە کرد بوو، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەکتەبی سیاسی ھەلی ئەوەی بۆ دەسازێنێ کە بگاتە ئاستی مەکتەبی سیاسی‌و ببێتە یەکێک لە نزیکەکانی مەلا مستەفا.


دکتۆر مەحمود عوسمان لە ساڵی ١٩٥٥وەو سێ ساڵ بەرلەوەی مەلا مستەفا لە ڕووسیاوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق، پەیوەندی بەپارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات، ساڵی ١٩٥٦ لەکاتی خوێندنی لە کۆلێژی پزیشکی لە بەغداد، بووەتە سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان، ئەو کاتە مام جەلال سەرۆکی ڕێکخراوەکە بووە، دوو ساڵ دوای ئەوەش دەبێتە ئەندامی یەدەگی لیژنەی مەرکەزی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و لەپاش دوو ساڵ لە تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکی لە ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلولەوە دەکات‌و دەچێتە شاخ.


دکتۆر مەحمود عوسمان لە ساڵی ١٩٣٨ لە قەزای "پێنجوێن" لەدایکبو‌وە، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کچی " کاکە زیادی کۆیە" خاتوو " بەھار" ھاوسەرگیری دەکات‌و زمانەکانی " فارسی‌و عەرەبی ئینگلیزی‌و فەرەنسی دەزانێت.



،،
 بەھۆی ئەوەی کە زمانی دەزانی‌و یاوەری ڕۆژنامەنووسە بیانییەکانی دەکرد بۆ لای مەلا مستەفاو نوێنەرایەتی مەلا مستەفاشی بۆ دەرەوە دەکرد، وایکرد کە مەحمود عوسمان لای مەلا مستەفا گرنگ‌و جێگەی بایەخ پێدان بێت.

 


دکتۆر مەحمود بە تەنیشت مەلا مستەفاوە
تا سەروەختی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەکتەبی سیاسی‌و دەرکردنی سەرکردەکانی ئەو باڵە لە حیزب بە بڕیاری مەلا مستەفا، مەحمود عوسمان ناوێکی دیارو ناسراو نەبوو، بە دورخستنەوەی ئەوان لە حیزب‌و لە کۆنگرەی شەشەمی پارتیدا دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و بەوتەی کریس کۆچێرا مەحمود عوسمان‌و سامی عەبدولڕەحمان بروسکە ئاسا پلە باڵاکانی حیزبیان دەبڕی‌و مەلا مستەفاش زۆر گرنگی پێدەدان.


بەھۆی ئەو بۆشاییەی کە باڵی مەکتەبی سیاسی لەناو پارتیدا دروستیان کردبوو، ھەم بەھۆی ئەوەی کە زمانی دەزانی‌و یاوەری ڕۆژنامەنووسە بیانییەکانی دەکرد بۆ لای مەلا مستەفاو نوێنەرایەتی مەلا مستەفاشی بۆ دەرەوە دەکرد، وایکرد کە مەحمود عوسمان لای مەلا مستەفا گرنگ‌و جێگەی بایەخ پێدان بێت.
لە ساڵی ١٩٦٥ دەبێتە سکرتێری مەکتەبی تەنفیزی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی شۆڕشی ئەیلوول‌و و بەرپرسی بەشی پەروەردەو تەندروستی لەناوچە ڕزگارکراوەکانی ئەوکاتەی کوردستان.


لەپاڵ ئەوەدا کە وەکو دکتۆری شۆڕش نێوی دەبرا، ھەمیشە نوێنەرو دانوستانکاری شۆڕشی ئەیلوول‌و مەلا مستەفا بووەو سەرۆکایەتی زۆربەی ئەو وەفدانەی کردووە کە بە نوێنەرایەتی مەلا مستەفاو شۆڕشی ئەیلوول چونەتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراقیداو لە ڕێکەوتنی ١١ی ئازاری نێوان مەلا مستەفاو حکومەتی عێراقی ئەوکاتەشدا، ھەمیشە سەرۆکی وەفد بووەو پاش ڕێکەوتنەکەش دەبێتە وەزیری تەندروستی‌و لەگەڵیشیدا کاروباری دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بەڕێوە بردووە.


لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٥دا وەک نوێنەری مەلا مستەفاو شۆڕش یەکەمین گەشت بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا ساز دەکات‌و پاش ساڵێک دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، پاش کەمتر لە ساڵێک دیسان بەنوێنەرایەتی شۆڕشی ئەیلوول گەشتێکی دیکە بۆ ئەوروپاو ئەمەریکا دەکات.


لەسەر داواکاری زۆری مەلا مستەفا لە "شا"ی ئێران‌و پاش ئەوەی لەڕێگەی " شا"ی ئێرانەوە کار ئاسانییان بۆ دەکرێت‌و ئەمەریکا بەڵێنی ھاوکارییان پێدەدات، لە ٣٠ حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٢ بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا دکتۆر مەحمود عوسمان‌و ئیدریس بارزانی دەچنە واشنتۆن‌و ئەوەش دەبێتە یەکەمین پەیوەندی‌و گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان شۆڕشی کوردو کار بەدەستانی ئەمەریکا، بێگومان دروستبوونی پەیوەندییەکەش بەرھەمی پەیوەندی نێوان " شا"ی ئێران‌و " کسنجەر"ی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمی ئەمەریکا بووە.


بەو وتەی دکتۆر مەحمود، کاربەدەستانی ئەمەریکا پێیانووتوون کە لەڕێگەی ھەردوو دەزگای ھەواڵگری " مۆساد"ی ئیسرائیلی‌و " ساواک"ی ئێرانییەوە ھاوکارییەکانتان پێدەگەیەنین‌و دەبێت ئەم پەیوەندییەش بە نھێنی بمێنێتەوە.


لەدوای ڕێکەوتننامەی "جەزائیر"ی نێوان ھەردوو حکومەتی عێراق‌و ئێران‌و لە کۆتا ڕۆژەکانی شۆڕشی ئەیلوول‌و ھەشت رۆِژ بەر لە ئاشبەتاڵ‌و ھەرەسھێنانی شۆڕشەکە لە١٢ی ئازاری ١٩٧٥دا، مەحمود عوسمان یاوەری مەلا مستەفا دەکات بۆ لای شای ئێران، ئەمە ئەو دیدارو سەفەرەبوو کە پاش گەڕانەوەیان، مەلا مستەفا ھەرەسی شۆڕشەکەی بەیان کرد.




،،
"ھەرەسھێنان بەشۆڕشی ئەیلوول بڕیاری خۆمان بوو، ئیسپاتمانکرد کە قیادەیەکی فاشیلین‌و لەوەختی تەنگانەدا ھیچ نیین، پاش ڕێکەوتننامەی جەزائیر، دەبوو فەترەیەک بەرگریمان بکردایەو دواتر داوای دانووستانمان لە حکومەتی عێراق بکردایە"


مەحمود عوسمان لە نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەکتەبی سیاسی دا
ئەو کە لەساڵی ١٩٦٦وە تا ١٩٧٥‌و ھەرەسی شۆڕشی ئەیلوول، یەکێک لە ھەرە نزیک‌و باوەڕ پێکراوەکانی مەلا مستەفا بوو، لە دیدارێکی تەلەفیزیۆنی دا باسلەوە دەکات کە لەگەڵ چەند کەسێکیتردا ھەوڵی پێکھێنانەوەی مەلا مستەفاو سەرکردەکانی باڵی مەکتەبی سیاسییان داوەو ھەوڵەکانیان بێئاکام بووە، :" ئێمە چەند کەسێک بووین ھەوڵی کە ھەوڵی میانگیریمان دەدا، بەڵام ئاسان نەبوو، چونکە کێشەکان قوڵبووبوونەوەو گەشتبوونە بنبەست، دەبوو لەساڵی ١٩٦٣ باڵی مەکتەبی سیاسی جیا ببوونایەتەوە، بەڵام شەڕی ئەوکاتەی حکومەتی بەعس دوایخست".


ھەر لەو دیدارە تەلەفیزیۆنییەدا ، دکتۆر مەحمود باسلەوە دەکات کە مام جەلال مەیلی جیابوونەوەی نەبووەو مەلا مستەفاش ویستوویەتی لەبری برایم ئەحمەد مام جەلال بکاتە سکرتێری پارتی،" مام جەلال مەیلی جیابوونەوەی نەبوو، مەلا مستەفا دەیووت با مام جەلال لە جیاتی برایم ئەحمەد ببێتە سکرتێری پارتی، بەڵام سەرکردەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی ئەمەیان پەسەند نەکرد".


دەربارەی ئەوەی کە بۆچی دواتر باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی، بەناوی " جەلالی" ناسێنران‌و ناویان دەرکرد، دکتۆر مەحمود دەڵێت:" مام جەلال حەزی لە ناکۆکی نەبوو، بوو بەتەرەف، مام جەلال بەرپرسی یەکەمی باڵی مەکتەبی سیاسی نەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی کەسێکی چالاک بوو، باڵی مەکتەبی سیاسی بەناوی " جەلالییەکان"ەوە ناسێنرا".


ھەرەسی شۆڕی ئەیلوول، لە دیدی دکتۆر مەحمود عوسمانەوە
ئەو پێیوایە شۆڕشی ئەیلوول لە ساتەوەختێکدا کۆتایی پێھێنراوە کە دەتوانرا درێژەی پێبدرێت‌و ئۆباڵی شکستی شۆڕشەکەش دەخاتە ئەستۆی مەلا مستەفای بارزانی‌و سەرکردەکانی شۆرشەکە.


" ھەرەسھێنان بەشۆڕشی ئەیلوول بڕیاری خۆمان بوو، ئیسپاتمانکرد کە قیادەیەکی فاشیلین‌و لەوەختی تەنگانەدا ھیچ نیین، پاش ڕێکەوتننامەی جەزائیر، دەبوو فەترەیەک بەرگریمان بکردایەو دواتر داوای دانووستانمان لە حکومەتی عێراق بکردایە". لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی تایبەت بەھەرەسی شۆڕشی ئەیلوولدا، دکتۆر مەحمود ئەمەی وت.


ئەو یەکێک لەسەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلوول بوو کە لەدوای ھەرەسی شۆڕشەکەوە ڕەخنەی لە مەلا مستەفاو سەرانی شۆڕش گرت‌و پێیوابوو لەڕووی ئابوری‌و سەربازییەوە شۆڕش ھێندە موداراتی ھەبووە کە توانای بەردەوامبوونی ھەبێت.


بەوتەی مەحمود عوسمان لەو دەمەی کە مەلا مستەفاو سەرانی شۆڕشەکە بڕیاری کۆتاییھاتنی شۆڕشەکەیان داوە، شۆڕشی ئەیلوول پارەیەکی زۆری ھەبووەو بە بڕی " ٢٤" ملیۆن دیناری عێراقی ئەو کاتە مەزەندە کراوە، ئەمە جگە لەو قازانجەی لە کاروباری بازرگانی‌و فرۆشگاکانی شۆڕشدا دەستکەوتووە.


مەحمود عوسمان کە لە کاتی ھەرەسی شۆڕشی ئەیلوولدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووە سەبارەت بەتوانای ئابوری‌و سەربازی ئەوکاتەی شۆڕشی ئەیلوول کە ھەرەسی تێدا ڕاگەیەنراو شۆڕش کۆتایی ھات، زیاتر دەڵێت:" لە ڕووی تەقەمەنییەوە لانیکەم شۆڕش خاوەنی " ١٥" ملیۆن فیشەکی جۆراو جۆری تفەنگ‌و ڕەشاش‌و " ٥٠٠" ھەزار گوللە تۆپی جۆراو جۆرو " ٦٠" ھەزار پێشمەرگەی ھەمیشەیی‌و زیاتر لە "٤٠" ھەزار ھێزی بەرگری میللی، لەپاڵ ئەمەشدا ئازوخەیەکی ئەمبارکراوی زۆر ھەبوو کە بەشی چەندین مانگی شۆڕشی دەکرد".


نەوشیروان مستەفا ستایشی دکتۆر مەحمود دەکات لەسەر ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە ھەرەسی شۆڕشی ئەیلوول بڵاوی کردونەتەوەو دەڵێت:" دکتۆر مەحمود عوسمان شایانی ڕێزلێنانی تایبەتە، چونکە دوای ئاشبەتاڵ ھەندێک لەم باسە گرنگانەی بۆ ڕایگشتی کورد ئاشکرا کرد".

،،
بەپێی زانیارییەکانی تایبەت بەو مێژووە، کاتێک کە کوڕانی مەلا مستەقا ئیدریس بارزانی‌و مەسعود بارزانی "سەرکردایەتی کاتی پارتی"ییان دروستکردووەتەوە، پەیوەندییان بە دکتۆر مەحمود عوسمانەوە کردووەو ئەم ڕازینەبووە لەگەڵ ئەواندا پەیوەندی ھەبێت‌و گەرەکی بووە لەسەر بنچینەیەکی نوێ‌و ھاوچەرخ‌و لەسەر میراتی پارتی، حیزبێک دروست بکات‌و ببێتە کەسی یەکەمی.


لەھەرەسی شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١
لەدوای ھەرەسی شۆڕی ئەیلوول، ھاوکات لەگەڵ مەلا مستەفاو زۆرێک لەسەرانی شۆڕش، دەچێتە ئێران‌و زیاتر لە ساڵێک لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە وەک پزیشک کاردەکات‌و لە ساڵی ١٩٧٦ دەچێتە وڵاتی سوریاو لەوێ لەگەڵ ھەریەکە لە " شەمسەدین موفتی‌و عەدنان موفتی‌و قادر جەباری" دا، "لیژنەی ئامادەکاری پارتی دیموکراتی کوردستان" ڕادەگەیەنن، بەھۆی ئەوەی ئەوانەی کە مەیلی بەشداریکردنیان لە دەستپێکردنەوەی خەباتدا ھەبووە، پەیوەندییان بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، یان سەرکردایەتی کاتی پارتی " قیادە موەقەتە"وە کردووە، کەس لەدەوری ئەمان کۆنابێتەوەو پەیوەندییان پێوە ناکات.


بەپێی زانیارییەکانی تایبەت بەو مێژووە، کاتێک کە کوڕانی مەلا مستەقا ئیدریس بارزانی‌و مەسعود بارزانی "سەرکردایەتی کاتی پارتی"ییان دروستکردووەتەوە، پەیوەندییان بە دکتۆر مەحمود عوسمانەوە کردووەو ئەم ڕازینەبووە لەگەڵ ئەواندا پەیوەندی ھەبێت‌و گەرەکی بووە لەسەر بنچینەیەکی نوێ‌و ھاوچەرخ‌و لەسەر میراتی پارتی، حیزبێک دروست بکات‌و ببێتە کەسی یەکەمی.


دکتۆر مەحمودو ھاوڕێکانی لە " لیژنەی ئامادەکاری پارتی دیموکراتی کوردستان"، لەساڵی ١٩٧٧ دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان‌و لە نزیک بارەگاکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جێگیر دەبن، لەگەڵ ئەوەدا کە بەشێک نابن لە یەکێتی، بەڵام زۆر نزیک دەبن لە یەکێتی‌و لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی یەکێتیشدا وەکو ئەندامی سەرکردایەتی بەشداری دەکەن، بێگوومان بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی یەکێتیشدا دوو ھۆی ھەبووە، یەکەمیان ئەوە بووە کە مام جەلال‌و سەرکردەکانی یەکێتی ویستوویانە لەڕێگەی ئەم گرنگی پێدانەوە پێیان، بیانھێننە ناو یەکێتییەوەو ھۆی دووەمیش ئەوە بووە کە دکتۆر مەحمودو ھاوڕێکانی تەواو تەنیا بوون‌و لای یەکێتی لەنگەریان گرتووە، ئەوان لەوکاتەدا بەقەبارە تەواو بچووک بوون‌و لەدەرفەت گەڕاون بۆ گەورەبوونیان.


لەدوای جیابوونەوەی باڵی "بزوتنەوەی سۆسیالیستی" لە یەکێتی بەسەرکردایەتی ڕەسوڵ مامەند لە ٢٠- ٣ – ١٩٧٩دا، مەحمود عوسمان‌و ھاوڕێکانی لە " لیژنەی ئامادەکاری پارتی" لەگەڵیاندا یەکیان گرت‌و بەوەش ھەلی لەباریان بۆ ڕەخسا تا لە جوغزە بچووکەکەیان دەربچن‌و ھێزو وزەیان وەبەردا بێتەوە.


ڕەسووڵ مامەندو ھاوڕێکانی لە باڵی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کە تازە لە نیمچە بەرەی یەکێتی نیشتیمانی ھاتبوونە دەرەوە، لەگەڵ مەحمود عوسمان‌و ھاوڕێکانیدا لە ٣-٦ – ٨- ١٩٧٩ کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ساز کردو سەرکردایەتییەکی بەکۆمەڵیان درووستکرد لە " ڕەسوڵ مامەندو مەحمود عوسمان‌و تایەری عەلی والی"و حیزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان،" حسیک" یان ڕاگەیاند.


لەگەڵ ئەوەدا کە باڵی بزوتنەوەی سۆسیالستی ناکۆکی قوڵیان لەگەڵ سەرکردەکانی " کۆمەڵە"دا ھەبووە، بەڵام دەگوترێت دکتۆر مەحمود عوسمان ڕۆڵی گەورەی ھەبووە بۆ ھاتنەدەرەوەی سەرکردەکانی بزوتنەوەی سۆسیالستی‌و جیابوونەوەی ئەو باڵە لە یەکێتی.


بەوتەی سەید کاکە، مەحمود عوسمان تەنگوچەڵەمەکانی ناو یەکێتی زانیوەو ئاگاداری ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکانی یەکێتی بووە، سەید کاکە دەڵێت:" ڕەسووڵ مامەند بەرپرسی یەکەمی باڵی بزوتنەوە بوو لەناو یەکێتیداو ڕۆژانە بۆ لێکۆڵینەوەو پرس‌و ڕا وەرگرتن ھاتووچۆی چادرەکەی مەحمود عوسمانی دەکرد، مام جەلالیش ئەوەی زۆر پێناخۆشبوو".


مەحمود عوسمانیش خۆی دان بەوە دەنێت کە یەکگرتنی نێوان بزوتنەوەی سۆسیالیستی‌و لیژنەی ئامادەکاری پارتی ھیچ بنەمایەکی ھزری‌و ئایدۆلۆژی نەبووەو بەڵکو زیاتر بنەمایەکی تاکتیکی ھەبووە.


سەرھەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان ڕەسووڵ مامەندو مەحمود عوسمانیش لەسەروبەندی بەستنی یەکەمین کۆنگرەی حیزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستانەوە، ئەو ڕاستییەی سەرەوە پشتڕاستدەکاتەوەو ئەو بۆچوونەش دەسەلمێنێت کە مەحمود عوسمان بەتەمای ئەوە بووە ببێتە کەسی یەکەمی حیزبی سۆسیالست.
دوو مانگ دوای یەکگرتنیان‌و ڕاگەیاندنی حیزبی سۆسیالستی یەکگرتووی کوردستان، لە بەرواری ٣٠- ٩- ١٩٧٩ ھەریەکە لە مەحمود عوسمان‌و عەدنان موفتی بەنوێنەرایەتی حیزبی سۆسیالست دەچنە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەددام حسەین کە چەند مانگێک بوو، بووبوویە سەرۆککۆماری عێراق‌و سەددام داوای لێکردبوون کە واز لە خەباتی چەکداری بێنن.


ناکۆکییەکانی نێوان ڕەسووڵ مامەندو مەحمود عوسمان، لەیەکەمین کۆنگرەی حیزبی سۆسیالستدا لە ١٢- ١٥ - ٥- ١٩٨١ دەتەقنەوەو مەحمود عوسمان لە کۆنگرەدا خۆی ناپاڵێوێت‌و لە کۆنگرە دەکشێتەوە، پێدەچێت کشانەوەکەشی دوای ئەوە ھاتبێت کە دڵیابووبێتەوە لەوەی کە ناتوانێت پۆستی بەرپرسی یەکەمی حیزب مسۆگەر بکات.


لە دروستکردنی ھەردوو بەرەی " جودو جوقد" " بەرەی نیشتیمانی دیموکراتی"‌و " بەرەی نیشتیمانی نەتەوەیی دیموکراتی"، دا ناکۆکییەکانی نێوان ڕەسووڵ مامەندو مەحمود عوسمان خۆیان نواندووەتەوە.


مەحمود عوسمان لە ١٢- ١١- ١٩٨١ بەناوی حیزبی سۆسیالستەوە واژۆی چوونە ناو بەرەی " جوقد"ی کرد، ئەو بەرەیەی کە یەکێتی نیشتیمانی تێیدا باڵا دەستبوو، بیست ڕۆژ دوای ئەوەش، ڕەسووڵ مامەند بەناوی حیزبی سۆسیالستەوە، واژۆی چوونە ناو بەرەی " جود" کرد، ئەو بەرەیەی کە پارتی تێیدا باڵا دەستبوو.


دەرئەنجامی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ڕەسووڵ مامەندو بە کشانەوەی لە کۆنگرەی یەکەمی حیزبی سۆسیالست، مەحمود عوسمان دوو لە ھاوڕێکانی " قادرو جەباری‌و عەدنان موفتی" کە لەپاش ھەرەسی شۆڕشی ئەیلوولەوە لەگەڵیدا بوون لەدەستداو ئەوان لە کۆنگرەکەدا بۆ ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردران‌و ئەوانەشی کە لەگەڵیدا لە کۆنگرە چوونە دەرەوە، دواتر زۆربەیان چوونە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە.


ھەرچەندە ناکۆکی توندی لەگەڵ ڕەسووڵ مامەنددا ھەبووەو لە کۆنگرەی یەکەمی حیزبیشدا بەشداری نەکردووە، بەڵام وەکو سەکردەیەکی حیزبی سۆسیالست مامەڵەی کردووەو لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨١- ١٩٨٧ کاروباری پەیوەندییەکانی دەروەی وڵاتی سۆسیالیستی بەڕێوەبردووەو لە ساڵی ١٩٨٨ کاتێک " بەرەی کوردستانی" لەنێوان حیزبە کوردییەکاندا دروستدەکرێت، لەگەڵ ڕەسووڵ مامەنددا بە نوێنەرایەتی حیزبی سۆسیالست، دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی بەرەکەو تا ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ دەبێتە نوێنەری بەرەی کوردستانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی‌و ئەوروپی.



،،
بە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود، ڕەسووڵ مامەندی سکرتێری حیزبی سۆسیالست زۆر حەزی کردووە کە دکتۆر مەحمود خۆی بۆ ڕابەری ڕزگاریخوازی گەلی کورد بپاڵێوێت‌و ئەو پێشنیارەشی بۆ کردووەو ویستوویەتی لە کێبڕکێکردنی بۆ سکرتێری حیزبدا لە کۆڵی ببێتەوە.

 
لە ڕاپەرینی بەھاری ساڵی ١٩٩١وە تا ئەنجومەنی حوکم‌و پەرلەمانی عێراق
مەحمود عوسمان یەکێک دەبێت لە ئەندامانی ئەو وەفدەی حیزبە کوردییەکان کە بە چەند گەڕێک بەسەرۆکایەتی مام جەلال‌و مەسعود بارزانی لە پاش ڕاپەڕین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی بەعسدا دەچنە بەغدادو، ڕەسووڵ مامەندیش یەکێک دەبێت لە ئەندامانی وەفدەکە، بە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود لەسەر چوون‌و ھاتنەوەو ئەو بڕە پارەیەی کە لە حکومەتی عێراقی بۆ حیزبی سۆسیالست وەریدەگرن لە گەڵ ڕەسووڵ مامەنددا جۆرێک ناکۆکییان بۆ دروستدەبێت.
لە سەروبەندی گفتوگۆکانی بەرەی کوردستانیدا لەسەر پرسی یەکەمین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردستان کە لە ١٩- ٥- ١٩٩٢ ئەنجام درا، مەحمود عوسمان پێشنیار دەکات کە لەگەڵ ھەڵبژاردنی گشتیدا " شوانێک"یش بۆ کورد ھەڵبژێردرێت ڕابەری ڕزگاریخوازی گەلی کورد بێت‌و لایەنەکانی بەرەی کوردستانیش پێشنیارەکە پەسەند دەکەن.


پێشنیارەکەی دکتۆر مەحمود عوسمان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەو کاتەدا خۆی لەھەردوو مام جەلال‌و مەسعود بارزانی لا بەھێزتر بووەو بڕوای وابووە کە چانسی بەھێزی ھەیە ببێتە ئەو " شوان"ەی کە رابەرایەتی ڕزگاریخوازیی کورد دەکات‌و لەمڕووەشەوە ڕەسووڵ مامەند زۆر ھانیداوە.


بە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود، ڕەسووڵ مامەندی سکرتێری حیزبی سۆسیالست زۆر حەزی کردووە کە دکتۆر مەحمود خۆی بۆ ڕابەری ڕزگاریخوازی گەلی کورد بپاڵێوێت‌و ئەو پێشنیارەشی بۆ کردووەو ویستوویەتی لە کێبڕکێکردنی بۆ سکرتێری حیزبدا لە کۆڵی ببێتەوە.


لە یەکەم ھەڵبژاردنی کوردستاندا بۆ ئەنحوومەنی نیشتیمانی‌و ھەڵبژاردنی رابەری ڕزگاریخوازی گەلی کورددا ھەریەکە لە " مام جەلال‌و مەسعود بارزانی‌و مەلا عوسمان عەبدولعەزیزو دکتۆر مەحمود عوسمان" خۆیان بۆ ڕابەری دەپاڵێون.


بەو پێیەی کە پێیانوایە خۆپاڵاوتنی دکتۆر مەحمود عوسمان زیان لە دەنگەکانی مام جەلال دەدات‌و بە قازانجی پارتی‌و مەسعود بارزانی دەشکێتەوە، چەند جارێک لە ئاستی باڵادا سەرکردەکانی یەکێتی داوا لە حیزبی سۆسیالست دەکەن کە دکتۆر مەحمود خۆی نەپاڵێوێت‌و بکشێتەوەو لەبەرانبەریشدا بەڵێنی ئەوەیان پێدەدەن ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان یان سەرۆکی حکومەتیان بەرکەوت، دەیدەنە دکتۆر مەحمودو چواردە کورسی پەرلەمان یان چەند وەزارەتێک دەدەنە حیزبی سۆسیالست، لەگەڵ ئەوەدا کەبەشێک لە سەرکردەکانی حیزبی سۆسیالست ئەو پێشنیارەیان پێباشە، بەڵام مەحمود عوسمان جەخت لەسەر خۆپاڵاوتن دەکاتەوەو پێیوایە ئەو پێشنیارەیان دەرئەنجامی لاوازییانەو بردنەوەشی مسۆگەرە.


ھەر لەکاتژمێرەکانی یەکەمی ھەڵبژاردنەکەدا دکتۆر مەحمود عوسمان بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت کە بڕیاری داوە دەنگ نەدات‌و بڕواشی بە نەزاھەتی ھەڵبژاردنەکە نییەو ئاماژەش بەوە دەکات کە مەرەکەبی ھەڵبژاردنەکە بە ئاسانی دەسڕێتەوەو کەسی وا ھەیە دە جار دەنگیداوە.
لە ھەڵبژاردنەکەدا، دکتۆر مەحمود عوسمان نەک ھەر ناتوانێت سەرکەوتن مسۆگەر بکات، بەڵکو ژمارەی دەنگەکانی بەڕێژەیەکی زۆر لە دوای مام جەلال‌و مەسعود بارزانییەوە دەبێت‌و ژمارەی دەنگەکانی عوسمان عەبدولعەزیزیش لەو زیاتر دەبێت.


دەرئەنجامی یەکەمین ھەڵبژاردنی کوردستان ئەو بێئومێد دەکات‌و بۆ ماوەی چەند ساڵێک کوردستان جێدەھێڵێت‌و تا کۆتایی ساڵی نەوەدەکان لە ئەوروپا دەبێت‌و لە ماوەی نێوان شەڕی براکوژی نێوان یەکێتی‌و پارتیدا وەکو نێوبژیکەر دەردەکەوێت.


ساڵی ٢٠٠٣و لەپاش ڕوخانی ڕژێمی سەددام دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی حکومی عێراق‌و لە دوو خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنەکە.

،،
لە ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ لەگەڵ مەلا مستەفادا لە ھەوڵێکی کوشتن ڕزگارییان دەبێت، لەو ڕووداوەدا کە بەناوی ناوبژیوانیکرن لە نێوان مەلا مستەفاو حکومەتی عێراقدا، چەند مەلایەک سەردانی مەلا مستەفا دەکەن‌و لە ڕێگەی مایکرۆفۆنەوە خۆیان دەتەقێننەوە.

 

دووجار لە مەرگ ڕزگاری دەبێت
لە ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ لەگەڵ مەلا مستەفادا لە ھەوڵێکی کوشتن ڕزگارییان دەبێت، لەو ڕووداوەدا کە بەناوی ناوبژیوانیکرن لە نێوان مەلا مستەفاو حکومەتی عێراقدا، چەند مەلایەک سەردانی مەلا مستەفا دەکەن‌و لە ڕێگەی مایکرۆفۆنەوە خۆیان دەتەقێننەوە.


لە ٢٤=١١= ١٩٨٧ لە گوندی "سیروان"ی ناوچەی دوکان، ژەھرخوارد دەکرێت، ئەوکاتە لەگەڵ ھەریەکە لە " عەدنان موفتی‌و موحسین بایز" بەنوێنەرایەتی حیزبی سۆسیالست، پاش گرژی‌و شەڕەکانی نێوانیان، بە مەبەستی گفتوگۆو کردنەوەی بارەگا لەناو ناوچانە سەردانی یەکێتی دەکەن‌و بۆ نانخواردنی نیوەڕۆش لەماڵی مستەفا چاوڕەش داوەت دەبن‌و "سامی شۆڕش"یش کە ئەو کاتە لە دەزگای ڕاگەیاندنی یەکێتی بووە لەگەڵیان دەبێت، بە وتەی مستەفا چاوڕەش، بەپیلانی دەسەڵاتدارانی بەعس لە سلێمانی‌و لەڕێگەی ژنی پێشمەرگەیەکەوە ژەھر دەکرێتە ناو ماستاوە وە بۆیان‌و بەوھۆیەشەوە دایکی مستەفا چاوڕەش‌و پێشمەرگەیەک‌و ئافرەتێکیتر گیان لەدەستدەدەن‌و دکتۆر مەحمودو ئەوانی دیکەش بەخراپی ژەھراوی دەبن‌و ماوەی شەش مانگ بەچارەسەرکردنی خۆیەوە سەرقاڵ دەبێت.


پیاوی ناو وەفدو دانوستان‌و میدیاکان
ئێستا ئەو بەتەمەنترین سیاسی کوردەو نیو سەدەو چواردە ساڵە لەکایەی سیاسی کوردیدایە، جگە لەو دە ساڵەی لەگەڵ مەلا مستەفادا بووە، ھەموو ساڵەکانیترو قۆناغ‌و وێستگە سیاسییەکانی بەناجێگیری بەسەر بردووەو بەدەگمەن چەند ساڵێک لە ژیانی سیاسی ئەودا دەبینرێت کە لەسەر ئاڕاستەو پرۆژەیەکی سیاسی، یان حیزبێکی سیاسیدا بووبێت‌و زۆرترین تەمەنی سیاسیشی بەبێ شوناسی سیاسی‌و حیزبی بەسەر بردووەو لە ماوەی بیست‌و حەوتساڵەی دەسەڵات‌و حکومڕانی کوردیشدا ھەمیشە لەنێوان دەسەڵات‌و بەرەی نەیارانی دەسەڵاتدا بووەو خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، زۆرجار دەربارەی ئەو دەوترێت، دکتۆر مەحمود عوسمان لەو سیاسییانەیە کە نە دەتوانیت ھەقی لێوەربگریت‌و نە دەشتوانی ناھەقی لێوەربگریت.


ئەو لە ھەموو قۆناغەکانی ژیانی سیاسی خۆیدا، بەردەوام پیاوی ناو وەفدو دانوستان‌و گفتوگۆکان بووەو ڕەنگە سیاسییەکی دیکەی کوردیش نەبێت ھێندەی دکتۆر مەحمود عوسمان لە میدیاکانەوە بینرابێت.


بۆ نووسینی ئەم ڕاپۆرتە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
١= لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ- نەوشیروان مسستەفا- ١٩٩٧ 
٢- بارزانی‌و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد- بەرگی سێیەم- بەشی یەکەم-مەسعود بارزانی.
٣- قەندیل بەغدای ھەژاند- یاداشتەکانی پێشمەرگایەتی لە ساڵانی ١٩٨٠- ١٩٨٨- ڕێباز.
٤- ژیانی سیاسی لە باشوری کوردستان- سەلام عەبدولکەریم- ٢٠١١.
٥- کورد لە سەدەی نۆزدەو بیستەمدا-کریس کۆچێرا- وەرگێڕانی حەمەکەریم عارف- ٢٠٠٣.
٦- دۆزی کورد لە بازنەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکاو عێراقدا ١٩٧٥- ١٩٩٠- گۆران ئیبراھیم قادر ٢٠١٣.
٧- ھەڵبژاردن لە کوردستان ١٩٩٢- ٢٠١٠- محەمەد ڕەووف- ٢٠١٣.
٨- ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک- بەرگی چوارەم- محەمەدی حاجی مەحمود.

سەرچاوە: Diplomati


‌‌‌
1/22/2018 5:42:06 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ