راپۆرت

ستراتیژیی ڕوسیا و ئەمریکا بەرامبەر لەشکرکێشی تورکیا



ھاوکار ڕەفیق ڕەحمان

پێشەکی
لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە، لەژێر ناوی (ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون)، سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بە پاڵپشتی فڕۆکە و تۆپبارانی چڕی تورکیا ھێرش و پەلامارەکانیان بۆسەر شاری عەفرینی خۆرئاوای کوردستان دەستپێکردووە، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە دەڵێن، بەرگرییەکی توند لە کانتۆنی عەفرین دەکەن و ھێرشبەرەکان ھیچ پێشڕەوییەکی ئەوتۆیان نەکردووە. لەم جەنگەشدا شەرڤانانی یەپەگە بەتەنیا بەرگری دەکەن ئەمریکاش ھەتا ئیستا ھەلوێستێکی لە بەرژەوەندیان دەرنەبڕیوە، ڕوسیاش بە ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا تۆمەتبارە، ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکانیش، ھەر لەدورەوە تەماشا دەکەن و بیدەنگیان نەشکاندووە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دانیشتنە نائاساییەکەیدا کە لەسەر داوای فەڕەنسا سەبارەت بە لەشکرکێشیەکەی تورکیا بۆسەر عەفرین بەڕێوەچوو، بێ ھەڵوێستی و بێدەنگی ھەڵبژارد و تەنانەت بەیاننامەیەکی ھاوبەشی بۆ ئیدانەکردنی دەرنەکرد.لەم ڕاپۆرتەدا شرۆڤەی لەشکرکێشی تورکیا دەکەین بۆ عەفرین، دواتر ڕێکەوتنی نێوان ڕوسیا و تورکیا دەخەینەڕوو، بێدەنگبوونی ئەمریکا و پاساوەکانی داگیرکاری تورکیاش شیدەکەینەوە.

 

،،
وتەبێژی سوپای ئەمریکا :

کە ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی، نیگەرانە لەو ھێرشانەی کە تورکیا لە دژی کوردەکانی عەفرین ئەنجامی دەدات، سەرباری ئەوەی پێی وایە"عەفرین ناکەوێتە ناو پرۆسەکانی ھاوپەیمانانەوە


ئەمریکا؛ عەفرین ناکەوێتە پڕۆسەکانی ھاوپەیمانانەوە
دوای ئەوەی ھاوپەیمانەکەی ئەمریکا، یەکینەکانی پاراستنی گەل، بەسەر ڕەقەدا سەرکەوت لە ئۆکتۆبەری پار ساڵدا، ئێستا لە گۆڕەپانی جەنگدا، بەتەنیا دژی لەشکرکێشی تورکیا بەرگری دەکەن، ئەمریکاش لەم بارەوە ھەڵوێستێکی شەرمنانەی ھەیە، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ، (فلادیمیر ڤان ویلجنبرگ)، "پێیوایە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ھەڕەشە و لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ عەفرین دەبینێت، بەڵام ئەمریکا باش تێدەگات لەوەی ئەم پرسە کێشەی ڕوسیایە نەک ئەمریکا". ھەر لەم چوارچێوەیەدا وتەبێژی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە، وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و ئەوەی خستەڕوو" کە ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی، نیگەرانە لەو ھێرشانەی کە تورکیا لە دژی کوردەکانی عەفرین ئەنجامی دەدات، سەرباری ئەوەی پێی وایە"عەفرین ناکەوێتە ناو پرۆسەکانی ھاوپەیمانانەوە".(ئەمەش پاساوی یارمەتینەدانە و لەلایەکی دیکەشەوە شەرعیەت دەدات بە لەشکرکێشی تورکیا).

 

عەفرین ڕەقە نیە 
لە حوزەیرانی ٢٠١٧دا، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریکا، نیگەران بوو دەربارەی ئۆپەراسیۆنی چاوەڕوانکراوی تورکیا، کە ویستی تێکشکاندنی ئۆپەراسیۆنی ڕەقەی ھەبوو، ئەوەی ھاوینی ساڵی پاردا کۆتایی ھات، سەرباری ئەوەی تەواو شپرزە دەبوو، دەربارەی ھەر شتێک کە ویستی ئەوەی ھەبوایە تەرکیز لەسەر ڕزگاری ڕەقە پەرت بکات (لەمەوە گرنگی ڕەقە بە نیسبەت ئەمریکاوە دەردەکەوێت)، لەم ماوەیەدا سوپای سوریایی دیموکرات، ھەڕەشەی کشانەوەی دەکرد لە ئۆپەراسیۆنی ڕەقە، لە پێناو بەرگریکردن لە عەفرین، بەڵام ئەمریکا پشتگیری یەپەگەی نەکرد، تەنیا لە جەنگی دژ بە داعشدا نەبێت لە دێرەزور. (نیکۆلاس ھیراس)، توێژەر لە ناوەندی ئاسایشی نوێی ئەمریکا لە واشنتۆن، پێی وایە" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وای دادەنێت عەفرین کیشەی ڕوسیایە لە ئێستادا، ھەروەھا سوپای ئەمریکا چووتە قۆناغێکی جیاوازەوە، ئەرکی ئەو لە سوریا گرنگیدانە بە بنیاتنانی سەقامگیری لە ڕەقە، بە درێژایی ناوچەی فوراتی ناوەند، ھەر بۆیە بە تێڕوانینی ئەمریکا عەفرین دەکەوێتە ناوچەی (سوککردنی بارگرژی) لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا،ئەمەش واتای ئەوەیە عەفرین کێشەی نێوان ڕوسیا و تورکیا و ئیرانە، بە واتایکی دیکە عەفرین لە سوریا پێشینەی ستراتیژییەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیە، بە پێچەوانەی ڕەقەوە".

 

بەرپرسیارێتی عەفرین لە ئەستۆی ڕوسیایە
توێژەرێکی دیکە بەناوی (ئارۆد لەوند)، پێی وایە" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھەرگیز لەگەڵ ھێزە کوردییەکان لە عەفرین کاری نەکردووە، چونکە ھەستی کردووە بە ڕووبەڕووبونەوەی نێوان ھێزەکوردییەکان و سوپای ئازاد، ئەوانەی لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکران، لە ناوچەی قەڵغانی فورات، کە ئەم ناوچەیەش لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادایە". ئاماژەی بەوەشکردووە " کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عەفرین بە بەرپرسیارێتی خۆی نازانێت،ھەروەھا بایەخێکی زۆر بەوە دەدەن، کە ڕوسیا بەرپرسیارێتی ئەم بارودۆخە لە عەفرین ھەڵدەگرێت ، ئەمریکا دەزانێت کە ھاوپەیمانەکانی (ھێزەکانی سوریای دیموکرات) لەژێر ھەڕەشەی لەشکرکێشی تورکیادان(ھەروەک چۆن بینیمان ڕوویدا)، بەڵام ناتوانن لەم بارەیەوە ھیچ شتێک بکەن، ئەمەش لەبەر خاتری تورکیانیە، چونکە ئەمریکا ئەوەندەی کێشە لەگەڵ ئەردۆگان ھەیە کە بەس بێت".




،،
ئەمریکا دەزانێت کە ھاوپەیمانەکانی (ھێزەکانی سوریای دیموکرات) لەژێر ھەڕەشەی لەشکرکێشی تورکیادان(ھەروەک چۆن بینیمان ڕوویدا)، بەڵام ناتوانن لەم بارەیەوە ھیچ شتێک بکەن


گڵۆپی سەوز لەلایەن ئێران و ڕوسیاوە 
فەرھاد باتیف نوێنەری پەیەدە لە مۆسکۆ ڕاگەیەنادووە" تورکیا بەلایەنی کەمەوە پێوستی تەنیا بە یەک لایەنە پشتگیری بکات، ئەمریکا بێت یان ڕوسیا، ئەم پشتگیرییەش بۆ دەسپێکردنی جەنگ بەس دەبێت، کەواتە مەحاڵە ڕۆڵی ئەمریکا لەم دۆسییەدا کەم بکرێتەوە" بەدڵناییەو، لەکاتی ھەڵکردنی گلۆپی سەوز لە لایەن ڕوسیا و ئێران و ڕژێمی ئەسەدەوە بۆ تورکیا، بۆ ھێرشکردنە سەر عەفرین، جەنگەکە زۆر گشتگیر و فراوان دەبێت و تەنیا لە سنوری عەفریندا ناوەستێت سەرباری ئەوەی تەمەنی ئەم جەنگەش کورت نابێت. لەم چوارچێوەیەدا تەیمور ئاخمیتوف، توێژەر لە کاروباری ناوچەکە، لە ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی ڕووسی، پێی وایە" ڕوونە کە ڕوسیا لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕازیبووە، لەھەمان کاتیشدا تورکیاش ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا بواری ئاسمانی سوریا بەکاربھێنێت، وەک ئەوەی لە ئۆگەستی ٢٠١٦ و لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا ئەنجامیدا، لەم باوەڕەدانیم ئەمە ڕووبدات چونکە ئەم پرۆسەیە دەبێت زیاتربوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکان، لە ھەمانکاتدا کوردەکان ئەم ڕەزامەندییەی ڕوسیا بە نیشانەیەکی نەرێنی دادەنێن".

شاری باب و عەفرین؛ دووچیرۆکی جیاواز
لەم چوارچێوەیەدا زۆرینەی شیکەرەوانی تورکیا پێیان وایە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە عەفرین بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا نابێت، چونکە سوپای ڕوسیا لە سوریادا بونێکی گەورەی ئاسمانی و وشکانی ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پیوستە ئەوە بزانین سروشتی ئێستای عەفرین جیاوازە، پێشتر ڕوسیا و تورکیا دەربارەی شاری باب ڕێکەوتن، ئەمەش ویستێکی نێودەوڵەتی ھاوبەشی لەسەربوو، چونکە مەسەلەکە کۆتایی ھاتنی داعش بووە، لەمەوە ڕێگە بە تورکیا درا بۆردومانی بکات، بەڵام عەفرین چرۆکیکی جیاوزتری ھەیە. ڕۆژنامەیەکی ڕووسی بەناوی (تیمور ئەخماتوف) پیێ وایە، پۆلیس و سەربازی ڕوسی ھەتا ئێستا لە عەفرین بوونی ھەیە، بەڵام گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دوور لە ناوچە سنورییەکانی عەفرین، بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە بۆردومانی تورکیا. سەرباری ئەوەی سوپای سوریا ئامادەیی تێدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی عەفرین. ئەمەش واتای ئەوەیە ڕوسیا ڕێگەی بە تورکیا داوە بۆ ھێرشکردنە سەر عەفرین، بۆ ئەوەی فشار لە کوردەکان بکات شارەکە ڕادەستی حکومەتی ئەسەد بکەن.

 

بێدەنگبوونی ڕوسیا پەیامێکی سیاسییە
بێدەنگبوونی ڕوسیاش دەربارەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ عەفرین، ھیچ نیە بێجگە لە گەیاندنی پەیامێک بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک ئاماژەی کۆتاییھێنان بە کارکردنی کوردەکان لەگەڵ ئەمریکا لە سوریادا، لە لایەکی دیکەشەوە کردنەوەی دەروازەکانە بەڕووی سوپای ئەسەددا، کە ئەمەش تەنیا بە داگیرکردنی دەبێت لەلایەن تورکیاوە.(تەل ڕەفعەت، باشترین ھێڵی ئاسایشە بۆ دزەکردنی سوپای ئەسەد بۆناو عەفرین). بەڵام زۆرێک پێیان وایە ئەردۆگان ویستی ئەوەی ھەیە فشار لە کوردەکان بکات بۆ ئەوەی ڕادەستی ئەسەد و ڕوسیایان بکات، زیاتر لەمەش ویستی ئەوەی ھەیە ڕژێمی ئەسەد کۆنتڕۆلی سەرجەم ناوچەکانی سوریا بکات، بە تایبەتی سنوری تورکیا، چونکە دواتر لەم بارەوە کێشەی نابێت لەگەڵ ڕژێمی سوریا (لە زۆر ڕەھەندەوە دراوسێیەکی وەک ئەسەد لای ئەو لە کورد باشترە).

 

ووتەکان
بێدەنگبوونی ڕوسیاش دەربارەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ عەفرین، ھیچ نیە بێجگە لە گەیاندنی پەیامێک بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک ئاماژەی کۆتاییھێنان بە کارکردنی کوردەکان لەگەڵ ئەمریکا لە سوریادا

 

تورکیا و ئێران؛ دوژمن و ئامانجی ھاوبەش
بە ئاراستەکەی دیکەش ئێران لاری نیە لە ھێرشکردن بۆ عەفرین، کە لە ئێستادا وەک ھێزێکی کاریگەری سوریا دەردەکەوێت، ھاوشێوەی تورکیا ناکۆکە بە خواستەکانی کورد لە سوریا، ئەمەش واتای بوونی ئامانج و دوژمنی ھاوبەش، کە بەدڵنیاییەوە بە کەمکردنەوەی ڕۆڵی کوردەکان دەبێت لە سوریا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ھێرشە باجەکەی بۆ تورکیا زۆر دەبێت، زیاتر لە تەنگژەی باب درێژە دەکیشێت، سەرباری ئەوەی ئەمە ڕێگە دەدات بەھێنانەوەی ڕژێـی ئەسەد بۆ سەرسنور. ( ھەرچەندە تورکیا، لە ژێر فشاری ئێران و ڕوسیا ڕەزامەندە بەم دۆخە).

 

تورکیا لە نێوان شکست و سەرکەوتندا
بە گوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی (ستراتفۆر) تورکیا خوازیاربوو ئەمریکا دوای شکستپێھێنانی داعش لە ناوچە کوردییەکان بکشێتەوە و یارمەتییەکانی بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕابگرێت. لە لایەکی دیکەوە تورکیا ویستی ئەوەبوو نفووزی خۆی لەناو ئۆپۆزیسیۆن وەکو کارتێکی فشار بەکاربھێنێت بۆ ئەوەی رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ‌ھەڵبکات، لەبارەی ھێرشی سەر ناوچە کوردییەکان. وەک دەبینین تورکیا لە ھێنانەدی لەئامانجی یەکەمدا شکستھێنا چونکە نەیتوانی وابکات ئەمریکا یارمەتییەکانی بۆ کوردەکان ڕابگرێت، ئەمەش ھەڵگەڕانەوەی زیاتری تورکیایی لێکەوتەوە لە سوریا بەرامبەر بە ئامریکا، بەڵام لە ئامانجی دووەمدا سەرکەوتوو بوو، بەوەی کەوتە بەرەی ڕوسیا و ئێرانەوە بێ ھیوایی خۆی بەرامبەر بە ئەمریکا بە ڕێکەوتنی ڕوسیا و ئێران قەرەبووکردوە>


گەڕانەوەی ئەسەد بۆ عەفرین ھێڵی سورە
ھەرچەندە وادەردەکەوێت ڕوسیا ویستی ئەوەیە دەسەڵاتی ئەسەد بۆ عەفرین بگەڕێنێتەوە، لەڕێگەی لەشکرکێشی تورکیاوە، بەڵام پەیامی واشنتن بۆ ئەنقەرە ئەوەیە کە "داوایان لێدەکەین چەند دەکرێ ئەو ھێرشە سنووردار بێت، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت کە ئۆپەراسیۆنەکە لەڕووی کاتەوە دیاریکراو و سنووردارە. دەمانەوێ دڵنابین ھیچ لایەنێک رێگەنەدات رژێمی دڕندەی ئەسەد بگەڕێتەوە عەفرین". ئەمەش واتای ئەوەیە ئەمریکا ئۆپراسیۆنی تورکیا ڕەتناکاتەوە، تەنانەت لە سنورێکی دیاریکراویشدا قبوڵیەتی، ئەوەی لای ئەمریکاش ھێڵی سورە نەگەڕانەوەی سوپای ئەسەدە بۆ عەفرین، بەڵام پێدەچێت ئەم پرسە لای تورکیا ھێڵی سور نەبێت، ئەمەش بە دڵنیاییەوە لە گەڵ ڕوسیا ڕێکەوتنی لەبارەوە کراوە.

ووتەکان
 (پاتریک کۆکبێرن)، لە ڕۆژنامەی ئیندپێندنتی بەریتانی ھەڵسەنگاندنی بۆ ھێرشەکەی تورکیا کردووە بۆ عەفرین، ئەو پێی وایە یەپەگە ھێزێکی چەکداری کاریگەر و بەتوانایە، دەتوانێت گورزی کەمەرشکێن لە سوپای تورکیا بدات


ئایە پەراویزخستنی کوردەکان، بژاردەی داھاتووی ئەمریکایە؟ 
ھەروەھا (پاتریک کۆکبێرن)، لە ڕۆژنامەی ئیندپێندنتی بەریتانی ھەڵسەنگاندنی بۆ ھێرشەکەی تورکیا کردووە بۆ عەفرین، ئەو پێی وایە یەپەگە ھێزێکی چەکداری کاریگەر و بەتوانایە، دەتوانێت گورزی کەمەرشکێن لە سوپای تورکیا بدات، ھەروەھا لە وتارەکەیدا دەپرسێت ئایە ئەمریکا دوای شکستی داعش بەردەام دەبێت لە پشتیوانیکردنی یەپەگە؟ یان لە سوریا پاشەکشە دەکات و ئەو ھێزە بەتەنیا جێدەھێڵێت؟ یەن ھەر لە سوریادا دەمێنێت بەبێ یارمەتیدانی یەپەگە؟ 
ھەر دەربارەی ئەم بابەتە ماڵپەڕی مۆنیتەر نوسیویەتی" ئەو ئاستەنگەی مۆسکۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، چۆنیەتی تێکنەچوونی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل و ڕژێمەکەی ئەسەد، کە ھەردووکیان ناڕازین بە بوونی تورکیا لەسەر زەمینی سوریا. ھەر بە پێی ھەڵسەنگاندنەکانی ئەم ماڵپەڕە، تورکیا ھەتا ئیستا ھاوبەشی یەکینەکانی کورد و ئەمریکای قبوڵکردووە، بەڵام دوای پڕچەککردنی چەندبارە و ھەوڵی دروستکردنی سوپایەکی ڕێکخراوی ٣٠ھەزار کەسی بۆ پەیەدە، وای کرد تورکیا بەڵێنەکانی بەرێتەسە، پرسیار ئەوەیە ئایە ئەمریکا پشتگیری کوردەکان دەکات، یان ئەم پشتگیرییە ھەتا کۆتایی ھاتنی داعش بوو، پێدەچێت ئەمریکا ڕێگە نەدات یان ویستی نەبێت کوردەکان ببنە خاوەنی کیانێکی شەرعی، بەھەر شێوەیەک لە شێوەکان، چونکە لیدوانەکانی ئەم دواییەی سەرکردە باڵاکانی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا پێداچوونەوە بە بژاردەکانی دەکات لە سوریا و بەتایبەتیش لەگەڵ کوردەکان.

 

دەرئانجامی کۆتایی
سوپای تورکیا لەڕووی جۆرێتی و چۆنێتیەوە بەراورد ناکرێت بە سوپای پێش کودەتایی تەموزی ٢٠١٦، بۆیە لە جەنگی دژ بە یەپەگەدا توشی ئاستەنگی زۆر دێن، یەکینەکانی پاراستنی گەل ئەزمونێکی دەوڵەمەندیان لە بواری جەنگی زەمینی و پارتیزانی ھەیە، تەیا بۆ جارێکیش ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و قاعیدە، بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو نەیتوانیوە شکستیان پێبھێنێت، سەرباری پشتئەستورییان بە پشتیوانی پەکەکە، چەکی ئەمریکی و ڕاھێنانی پێشوەختە، لەبەر ئەوە ئەگەر تورکیاش سەرکەوتوو بێت، ئەوا لەڕووی زەمەنیەوە بونێکی تەمەن کورتی دەبێت لەو ناوچەیەدا(ھەرچەندە سوپای تورکیا لەژێر قەڵەمڕەوی ئەردۆگاندا، ناوبەنگێکی ھەرێمی و نێودەوڵەتی نیە، چونکە سەرکەوتنەکانی چەند ساڵی ڕابردووی لە سوریا یەکجار سنورداربوون)، دوای داگیرکردنی عەفرینیش، ھەرگیز یەپەگە دەست لە بەرگری ھەڵناگرێت، تورکیاش لە جەنگی پارتیزانیدا ئەزمونی نیە، بۆیە ھەواڵەکانی دوای سەرکەوتن کوژرانی بە لێشاوی سەربازە تورکییەکان دەبێت، بە جەنگی نھێنی و پارتیزانی یەپەگە، لەئەگەری درێژەکێشانیشدا دورنیە جەنگەکە بە پیشڕەوی پەکەکە بچێتە ناوخاکی تورکیاوە و بەرەکی جەنگی تر دژ بە تورکیا ڕابگەیەندرێت، بۆ پەرتکردنی سوپاکەی(لێدوانی ئەم دواییە پەکەکە سەلماندی کە ئەوان لە حاڵەتی ھێرشی تورکیا بۆ عەفرین، تاماشاکەر نابن)، چونکە تورکیا ھەتا ئیشتا نەیتوانیوە پەکەکە پەکبخات.

بەڵام گوتافی سەرکەوتن بەسەر یەپەگە لێدەدات! ئەمەش زیاتر لە جەنگی نابەرابەری دەچێت. ڕوونە کە ڕوسیا و تورکیا یەک نیگەرانی کۆییکردونەتەوە کە ئەویش لەیەکترنزیکی کوردەکان و ئەمریکایە ، ھەربۆیە ڕوسیا ئاسمانی عەفرینی بۆ ئاواڵاکرد و گڵۆپی سەوزی بۆ ھەڵککرد، ئەمەش دەرئەنجامی ڕێکەوتنێکی پێشوەختەبوو لەگەڵ تورکیا و ئێران، کە دابەشکاری و جێنفوزی ھەریەکەیان لە نەخشەی داھاتووی سوریا دیاری کراوە، پێدەچێت ئەمریکاش بەم دابەشکارییە ڕازی بێت، چونکە ڕەتی جێنفوزی ئەمریکا نەکراوەتەوە بە شێوەیەکی کرداری، بەجۆرێک ئەو ناوچانەی کە ئەمریکا بەجێنفوزی خۆیی دەزانێت، ڕوسیا وتورکیا لێوەی نزیکنابنەوە(بەجۆرێک وەک ئارامترین ناوچە، دەبینرێن)، ئەمەش وایکردوە ئەمریکا پێی وابێت عەفرین لەدەرەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودایە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لەژێر قەڵەمڕەوی ڕوسیادایە، ڕوسیاش ئازادە چۆن ڕێکەوتی لەگەڵ دەکات،کە بەدڵنیاییەوە ئامانجی ئەویش پەراوێزخستنی کوردەکان نیە.

بەڵام لەگەڵ ئەو ستراتیژەدایە کوردەکان نەگەن بە مبج و لەوێوەبۆ سەر دەریا، چونکە عەفرین ڕێڕەوەکە ئاسانتر دەکات، بەڵام لە پشتی ئەم گوتراوەوە ئەمریکا خوازیارە یەپەگە لەم جەنگەدا بیباتەوە، یارمەتییە پێشوەختەکانی بۆ پەیەدەش ھەر ئەمەی لێدەخوێندرێتەوە، کە ئێستا دژی تورکیا بە چەنکی ئەمریکی دەجەنگن، خەیاڵپڵاوییە ئەگەر وا ھەستبکەین ئەمریکا پشتدەکاتە کوردەکان، ستراتیژییەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردەکان بێ گۆڕانکاری دەمێنێتەوە، بەڵام بێدەنگبوونی لە عەفرین ڕێزگرتنە بە ڕێزی سێ دەوڵەت کە (ڕوسیا، تورکیا و ئێرانن)، بە دڵنیاییەوە تێکنەدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم سێ دەوڵەتە گرنگترە لە خۆ یەکلاکردنەوە بۆ یەپەگە، کە چارەنوسی داھاتووی سوریا بە ڕەزامەندی ئەم سێ دەوڵەتەوە بەندە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بژاردەی ئەمریکا لە نێوان یەپەگە و تورکیا ، بەدڵناییەوە یەکەمیانە، بە واتایەکی دیکە ھاوسێیەتی و ھاوبەشی لەکاردا، لە دیدی ئەمریکاوە لەگەڵ کوردەکان قبوڵکراوترە، تورکیا ھەرگیز نابێتەوە بە دۆستەکەی جاران، بەجۆرێک پەیوەندییەکانیان لە ئیستادا لە ھاوپەیمانییەوە گۆڕاوە بۆ ڕکابەری(بەڵام لە ئێستادا ئەمریکا ویستی نیە لەگەڵ تورکیا تێکی بدات، بۆ ئەوەی بژادەکانی لێنەشێوێت)، داھاوتووش ئەم ستراتیژە ڕوونتر دەکاتەوە.

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا وەرگێڕانی چەند ڕاپۆرتێکی شیکارییە، (بێجگە لە پێشەکی و دەرئەنجام، کە خۆم نوسیومە)، لە ماڵپەڕە عەرەبییەکانەوە وەرگێڕدراوە، سەرەکیترینیان بریتین لە:
- موقع خدمە العێر
- موقع زمان الترکیە
- موقع روسیا الیوم
- موقع سکای نیوز
- موقع الشرق الاوسگ
- موقع بی بی سی 
- موقع الجزیرە
- موقع نھار


‌‌‌
1/26/2018 10:03:18 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ