مێژوو

له‌نێوان مه‌سعود بارزانى و نورى مالكى


محه‌مه‌د سالار (پاشا)

1. ناو
- مه‌سعود مسته‌فا محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌لام بارزانى.
- نورى كامل محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لمالكى.

2. شوێنى له‌دايكبون
- بارزانى له‌شارى (مه‌هاباد)ى سه‌ر به‌رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌دايكبوه‌.
- مالكى له‌گوندێكى سه‌ر به‌‌شارۆچكه‌ى (طويريج)ى سه‌ر به‌پارێزگاى (كه‌ربه‌لا) له‌دايكبوه‌.

3. نازناو
- نازناوى (بارزانى) له‌گوندى (بارزان)ه‌وه‌ هاتوه‌.
- نازناوى (مالكى) له‌هۆزى (بنى مالك) هاتوه‌ كه‌يه‌كێكه‌ له‌هۆزه‌ عه‌ره‌بييه‌كان.

4. به‌روارى له‌دايكبون
- بارزانى له‌ (16ى ئابى 1946) له‌دايكبوه‌ و ته‌مه‌نى (72) ساڵه‌.
- مالكى (له‌ 20ى ئايارى 1950) له‌دايكبوه‌ و ته‌مه‌نى (68) ساڵه‌.

5. بنه‌چه‌
- بنه‌چه‌ى بارزانى له‌دايكه‌وه‌ زێبارييه‌و و له‌باوكه‌وه‌ خه‌ڵكى گوندى بارزانه‌.
- بنه‌چه‌ى مالكى له‌دايك و باوكه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ پارێزگاى كه‌ربه‌لا.

6. خانه‌واده‌
- بارزانى له‌خانه‌واده‌يه‌كى ئاسايي و شۆرشكار له‌دايك بوه‌.
- مالكى له‌خانه‌واده‌يه‌كى خوێنده‌وار له‌دايك بوه باپيرى وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ بوه له‌سه‌رده‌مى پاشايه‌تى‌‌.

7. كارى باوك
- بارزانى باوكى پێشمه‌رگه‌ و كه‌سى يه‌كه‌مى بزوتنه‌وه‌ى سياسى كوردى عێراق بوه‌ (1961 – 1975).
- مالكى باوكى شێخى عه‌شيره‌ت بوه‌.

8. خوێندن
- بارزانى بروانامه‌ى سه‌ره‌تايي هه‌يه‌.
- مالكى هه‌ڵگرى ئه‌م بروانامانه‌يه‌:-
أ‌- به‌كالريوس له‌ ئسوڵى دين زانكۆى به‌غدا.
ب‌- ماسته‌ر له‌ئه‌ده‌بى عه‌ره‌بى زانكۆى سه‌لاحه‌دين. (ماسته‌رنامه‌كه‌ى له‌سه‌ر ژيان و شيعرى باپيرێتى و د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رپه‌رشتى كردوه‌).

9. خێزاندارى
- بارزانى يه‌ك جار ژيانى خێزاندارى پێكهێناوه‌ و خاوه‌نى (8) منداڵه‌.
- مالكى يه‌ك جار ژيانى هاوسه‌رگيرى پێكهێناوه‌ و خاوه‌نى (5) منداڵه‌.

10. راگه‌ياندن
- حيزبه‌كه‌ى بارزانى خاوه‌نى ده‌يان كه‌ناڵه‌.
- مالكى خاوه‌نى كه‌ناڵى (وفاق)ه‌.

11. نازناو
- بارزانى به‌ (ابو مسرور) ناسراوه‌.
- مالكى به‌ (ابو اسرا) و (جواد مالكى) ناسراوه‌.

12. كارى رۆژنامه‌گه‌رى
- بارزانى له‌بوراى رۆژنامه‌گه‌رى نوسينى نيه‌.
- مالكى سه‌رپه‌رشتى رۆژنامه‌كانى حيزبى ده‌عوه‌ى كردوه‌ له‌سوريا له‌سه‌ره‌تاى هه‌شتاكان.

13. كتێب
- بارزانى خاوه‌نى (1) كتێبه‌ به‌ناوى (مسته‌فا بارزانى و بزوتنه‌وه‌ى رزگاريخوازى كورد) ( 3 به‌رگه‌).
- مالكى خاوه‌نى ته‌نها ماسته‌رنامه‌كه‌يه‌تى كه‌تايبه‌ته‌ به‌شيعر و ژيانى باپيرى.

14. ئايدۆلۆژيا
- بارزانى به‌كه‌سێكى نه‌ته‌وه‌يي ئه‌ژمار ده‌كرێت.
- مالكى به‌كه‌سێكى مه‌زهه‌بى ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌مباره‌يه‌وه‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ل گارديان ده‌ڵێت (يه‌كه‌مجار من شيعه‌م دوه‌مجار عێراقيم سێيه‌مجار عه‌ره‌بم چواره‌م جار ئه‌ندامى حيزبى ده‌عوه‌م).

15. سه‌رۆكايه‌تى حيزب
- بارزانى له‌ ساڵى (1979)ه‌وه‌ بوه‌ته‌ سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان.
- مالكى له‌ ساڵى (2006)ه‌وه‌ بوه‌ته‌ ئه‌ميندارى گشتى حيزبى ده‌عوه‌.

16. زيندانى
- بارزانى له‌ژيانيدا هه‌رگيز زيندانى نه‌كراوه‌.
- مالكى له‌ساڵى (1979) بۆ ماوه‌يه‌ك له‌لايه‌ن حيزبى به‌عسه‌وه‌ زيندانى كراوه‌.

17. په‌يوه‌ندى كردن به‌سياسه‌ته‌وه‌
- بارزانى له‌ساڵى (1962) و له‌ته‌مه‌نى (16) ساڵى په‌يوه‌ندى كردوه‌ به‌شۆرشى كوردييه‌وه‌.
- مالكى له‌ساڵى (1968) و له‌ته‌مه‌نى (18) ساڵى په‌يوه‌ندى كردوه‌ به‌حيزبى ده‌عوه‌وه‌.

18. حيزب
- بارزانى ته‌نها له‌ريزه‌كانى پارتى ديموكراتى كوردستان كارى سياسى ده‌كات.
- مالكى ته‌نها له‌ريزه‌كان حيزبى ده‌عوه‌ كارى سياسى ده‌كات.

19. كاركردن
- بارزانى هيچ جۆره‌ كارێكى فه‌رمى نه‌كردوه‌.
- مالكى فه‌رمانبه‌ر بوه‌ له‌په‌روه‌رده‌ى شارى (حيله‌).

20. پاڵپشتى
- بارزانى به‌پاڵپشتى باوكى كه‌كه‌سى يه‌كه‌مى شۆرشى كورد بوه‌ ده‌ستى به‌كارى سياسى كردوه‌.
- مالكى به‌تواناى خۆى ده‌ستى به‌خه‌باتى سياسى كردوه‌.

21. يه‌كه‌م وێستگه‌
- له‌يه‌كه‌م وێستگه‌ى سياسدا مه‌سعود بارزانى چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.
- مالكى له‌پاش (11) ساڵ له‌ئه‌ندام بون له‌حيزبى ده‌عوه‌ و له‌ (تشرينى يه‌كه‌مى 1979) چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

22. وه‌رچه‌رخان
- قۆناغى وه‌رچه‌رخانى بارزانى سه‌رپه‌رشتى كردنى ده‌زگاى پاراستنه‌ له‌ ساڵى (1966).
- قۆناغى وه‌رچه‌رخانى مالكى دروستكردن و سه‌رپه‌رشتى كردنى باڵى سه‌ربازى حيزبى ده‌عوه‌يه‌ له‌ساڵى (1980).

23. حوكمرانى
- بارزانى ئه‌م پۆستانه‌ى وه‌رگرتوه‌:-
أ‌- سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى حوكم بۆ ماوه‌ى مانگێك (نيسانى 2004).
ب‌- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌هه‌ڵبژاردن له‌ (2005 بۆ 2009).
ت‌- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ (2009 بۆ 2013).
ث‌- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌درێژكردنه‌وه‌ى واده‌كه‌ى له‌ (2013 بۆ 2015).
ج‌- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ديفاكتۆ له‌ (2015 بۆ 2017).

- مالكى ئه‌م پۆستانه‌ى وه‌رگرتوه‌:-
أ‌- جێگری سەرۆکی ده‌سته‌ى له‌ره‌گ هه‌ڵكێشانى به‌عس (2003).
ب‌- سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق (2006 بۆ 2010).
ت‌- سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق (2010 بۆ 2014).
ث‌- جێگرى سه‌رۆك کۆمار (2014 تا ئێستا).

24. خاڵه‌ نێگتڤه‌كانى
- خاڵه‌ لاوازه‌كانى بارزانى
أ‌- مامه‌ڵه‌كردنى حيزبيانه‌ى پۆسته‌كه‌ى.
ب‌- يه‌كنه‌خستنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌.
ت‌- بڵاوبونه‌وه‌ى فه‌ساد له‌ته‌واوى جومگه‌كان.
ث‌- دروستبونى (42) قه‌يران.
ج‌- ناشه‌فافيه‌ت له‌دۆسييه‌ى نه‌وت.
ح‌- ريفراندۆم و له‌ده‌ستدانى (51 له‌سه‌دى) خاكى ناوچه‌ دابرێندراوه‌كان.
خ‌- رێگرى له‌سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ ئه‌داكردنى كاره‌كه‌.

- خاڵه‌ لاوازه‌كانى مالكى
أ‌- تۆخكردنه‌وه‌ى مه‌زهه‌بگه‌رايي.
ب‌- ته‌شه‌نه‌كردنى فه‌ساد.
ت‌- دروستكردنى زيندانى نهێنى و ده‌سته‌ى مه‌رگ تايبه‌ت به‌خۆى (به‌پێي به‌ڵگه‌نامه‌كانى ويكليكس).
ث‌- برينى بودجه‌ و مووچه‌ هه‌رێم.
ته‌شه‌نه‌كردنى توندوتيژى كه‌به‌ته‌نها له‌ويلايه‌تى يه‌كه‌ميدا (75294 كه‌س) له‌عێراقدا گيانيان له‌ده‌ستداوه‌.
ج‌- نه‌هێشتنى ته‌وافقى نيشتيمانى.

25. سه‌ركوت كردنى خۆپيشاندان
- له‌ (نيسانى 2011) خۆپيشاندانه‌كانى ناوچه‌كانى سلێمانى و ده‌وربه‌رى سه‌ركوتكرا له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى بارزانى.
- له‌تشرينى يه‌كه‌مى 2014 خۆپيشاندانه‌كانى ئه‌نبار و ناوچه‌ سوننييه‌كان به‌حوكمى هێز سه‌ركوتكرا له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى مالكى.

26. داعش
- له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى بارزانى داعش توانى ده‌يان ناوچه‌ داگيربكات و پاشان ئازاد بكرێنه‌وه‌.
- له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى مالكى داعش توانى (يه‌ك له‌سه‌ر سێي) خاكى عێراق داگير بكات و دواتر له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى عه‌بادى ئازادكران.

27. ركابه‌ر
- گرنگترين ركابه‌رى بارزانى له‌رابردوو نه‌وشيروان مسته‌فا بوه.
- گرنگترين ركابه‌رى مالكى له‌رابردوو ئه‌ياد عه‌لاوى و له‌ئێستادا عه‌بادييه‌.

28. وازهێنان
- هه‌ردوكيان به‌هۆى كاريگه‌رى ئه‌مه‌ريكا له‌پۆسته‌كانيان دورخراونه‌ته‌وه‌.

29. ئێران
- هه‌ردوو شۆرشى ئه‌يلول و گوڵان كه‌بارزانى له‌يه‌كه‌ميان كاره‌كته‌رێكى به‌هێز و له‌دوه‌ميان داينه‌مۆ بوه‌ به‌پاڵپشتى ئێران بوه‌.
- ته‌واوى خه‌باتى مالكى له‌ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌سپۆنسه‌رى ئێران بوه‌.

30. ئێستا
- له‌ئێستادا بارزانى په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێزى هه‌يه‌ له‌گه‌ل توركيا.
- له‌ئێستادا مالكى په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێزى هه‌يه‌ له‌گه‌ل ئێران.


‌‌‌
2/9/2018 5:31:02 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو