هەواڵ

پێشمەرگە ھەرەشەی دەست بەسەرداگرتنی تەنکەرەنەوتەکان دەکات


بزاڤـ:
لیوایەکی سەربەوەزارەتی پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت بارودۆخی ھێزەکانی پێشمەرگە ناسەقامگیرە وئەگەر دۆخەکە چارەسەر نەکرێت، دەست بەسەر ئەو تەنکەرانەدا ئەگرن کە نەوت دەگوازێتەوە و ڕونیشی دەکاتەوە، لەتوانایاندایە ئەوکارە ئەنجام بدەن.

ئەیوب یوسف سعید فەرماندەی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای٣و٧ی تایبەتی ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە،"ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسانی سیاسی و ئەو لایەنانەی لەم دۆخە بەرپرسیارن بە فەرمی نەیەنە سەر خەت و موچەی پێشمەرگە لە نزیکترین کاتدا دابین نەکەن ئەوا ئێمە ھەلوێستی جدییمان ئەبێت رێگری لە ھاتوچۆکردنی ھەموو ئەو تانکەرانە ئەکەین کە نەوت و ماددە کانزاییکان ئەگوازنەوە و دەستیان بەسەردا ئەگرین و دڵنیاشتا ئەکەینەوە کە لە تواناماندا ھەیە ئەنجامی بەین".

لەبەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی سیاسی و ئیداری کراوە، دەستەی سەرپەرشتیای لیوای ٣ و ٧ی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، "بەفەرمی ئاگادارتان دەکەینەوە کە باردودۆخی ھێزەکانی پێشمەرگە ناسەقامگیرە و بە دۆخێکی خراپ و نالەباردا گوزەر دەکەن و گەیشتۆتە راددەیەک کە جێگای قبوڵکردن نەبێت".

ھەر لەو بەیاننامەیەشدا ھاتووە،"پێشمەرگە پارێزەری ئاشتی و ئارامییە و بە خوێنی گەش و ئاڵی خۆیان ئەم نیشتیمانەیان لە دەستی داگیرکەران و دوژمنانیان پاراستووە و قوربانی گەورەیان داوە بۆ ئەم خاکە ، لە ئێستاشدا برینی موچە و قوتی ھێزەکانی پێشمەرگە کە مافی رەوای خۆیانە و ئەبوایە جیاواز لە ھەموو چینەکانی تری کۆمەڵگا خزمەت بە پێشمەرگە بکرایە و ژیانیان بۆ دابین بکرایە نەک مافەکانی خۆشیان لێ زەوت بکرێت".

"پێشمەرگە نابێ و ناکرێ باجی ھەڵە و سیاسەتی چەوت بدات چونکە لە ھەموو دۆخێکدا وەک ھێزی پارێزەرو داکۆکیکار لە مەیداندا بوین و بێ وچان خزمەتمان کردووە"، بڕگەیەکی ترە لەبەیاننامەی دەستەی سەرپەرشتیاری لیواکەی پێشمەرگە.

دەستەی سەرپەرشتیاری لیواکەی پێشمەرگە داوای پشتیوانی ھێزەکانی تری پێشمەرگە دەکات و لەبەیاننامەکەیاندا ڕایدەگەیەنێت،"داوا لە ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین بێ جیاوازی ھەڵوێست وەرگرن و پشتیوانمانبن و بێنە سەر خەت لەسەر ئەم باسە رەوایە".


‌‌‌
2/11/2018 2:44:32 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ