وەرزش

ڕۆیشتی یاریزانە کاریگەرەکان ھەڵەیەکە و نابێ بخرێتە ئەستۆی زیدان



ئەحمەد سەنگاوی - ڕۆژنامەنووس و شیکەرەوەی وەرزشی

ڕەخنەی زۆر لە زەیەنەدین زیدان دەگیرێت بەھۆی دەستبەرداربوونی پێنج یاریزانی یاریگەر، چ لە پێکھاتەی دووەم و چ وەک یاریزانی یەدەگی یەکلاکەرەوە، چونکە ھەریەکێک لەو یاریزانانەی ئەم وەرزە ڕیاڵ مەدریدیان جێھێشت، کەم تا زۆر کاریگەرییان لەسەر ئاست و ئەنجام و تەکتیکی ڕاھێنەرەکانیان ھەبوو، بەجۆرێک ھەرپێنجیان لە پەنجا گۆڵی تیپەکانیان بەشدارییان کردووە، چ بە تۆمارکردن و چ بە دروستکردن، بەڵام پرسیارە ھەڵەکە ئەوەیە، کە ڕۆیشتنی ئەم پێنج یاریزانە وەک ھەڵەیەک دەخرێتە ئەستۆی زەینەدین زیدان. ئەم یاریزانانە مۆندیالیان لەپێشە، دواھەوڵی خۆیان دەدەن بۆئەوەی ببنە جێی متمانەی ڕاھێنەری ھەڵبژاردەکانیان، بۆیە ھیچ یەکێک لەم یاریزانانە ئامادە نین بەو ئاستە بەرزەی وەرزی ڕابردوو، ئەمساڵیش دیسانەوە وەک یاریزانی یەدەگ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. ئەگەر زیدان ڕێگری لە ڕۆیشتنی ئەم یاریزانانە بکردایە، ڕەنگە بەدرێژایی وەرزەکە گرفتی جۆراوجۆری لە ژووری خۆگۆڕینی یاریزانەکان بۆ دروست ببوایە، ھەڵەی گەورە ڕۆیشتن، یان دەستبەرداربوونی ئەم پێنج یاریزانە نییە، بەڵکو ھەڵە گەورەکە ئەوەیە، تۆ ئامادەکاریت بۆ ڕۆیشتنی ئەو ژمارە زۆرە لە یاریزان لە وەرزێکدا ھەبێت و ھیچ پلانێکی جێگرەوەت نەبێت، کە چۆن و بەچی و بە کێ ئاسەواری ڕۆیشتنیان پڕ دەکەیتەوە. تۆ وەرزی ڕابردوو پاڵەوانی لالیگا و چامپیۆنس لیگ بوویت، نەک نابێ بە ھەمان توانا و پێکھاتەوە بێیتە مەیدانی ململانێ، بەڵکو دەبێ تۆ لە ڕکابەرەکانت زیاتر تیمەکەت ڕێکبخەیتەوە و لە ڕکابەرەکانت زیاتر ململانێی زۆرترین یاریزانی کاریگەر بۆ تیپەکەت بگوازیتەوە. ریاڵ دەستبەرداری پێنج یاریزانی گرنگ بووە و چەند یاریزانێکی بۆ پێکھاتەکەی ھێناوە، کە ڕاھێنەر کەمترین کات متمانەی بە تواناکانیان ھەیە.


‌‌‌
2/13/2018 3:35:21 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ