راپۆرت

کورد چۆن کەرکوک لە دەست ئەدات ؟.


بەھرۆز جەعفەر

 لە (٦-۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) لە میانەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی - (Euro- Mediterranean Union) یەکێتی ئەو ووڵاتانەی ئەوروپاو لەگەڵ ھەندێ ووڵاتی دیکە کە ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست بەشداربووین لە قوبرێ (کە ئێستا ناوەندێکی ئابوریی وجیۆپۆڵەتیکی پڕ ململانێیە)، لە میانەی ئەو کۆنفڕانسە ڕۆژی دووەم بۆ ئاکادیمیستەکان بو، چ بە دەستکەوتنی زانیاری، چ بە پێی پێدراوەکان دەر ئەکەوت کە " کورد کەرکوکی لەدەست دا !!". مرۆڤ پێی سەیر بو کە خۆی کوردە لەوێداو ئەو ھەموو دەستەبژێرە دەوڵەتی و ئاکادیمییە وا لەسەر ئەم ھەرێمی کوردستان و کەرکوکە ھەڵوەستە ئەکەن و ئارگیۆمێنت ڕیز ئەکەن. 


ڕۆژی دواتر لە ئەکاونتی سۆشیال میدیای خۆم چەند پەرەگرافێکم بە ناونیشانی " ئایا ھەست ناکەن کورد کەرکوکی لە دەست دا!!"بڵاوکرەوە، دیاربو وێبسایتەکان و کەناڵی کەی ئێن ئێن یش ئەم نووسینەی بایەخ پێدابو (بە سوپاسەوە). ھەر لە ژێر نووسینەکە ئەندامێکی ئەمنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتر کەسێکی دیکەی میدیاییان بە کۆمێنت دەستیان کردبو بە ناوناتۆرە ڕیزکردن و قسە کردن لە سەر زەوقی دوژمنان و ئیتر زۆر شتی دی "دیارە ھێشتا تێ نەگەیشتوون کە ئەبێت لە یاریگادا پەلاماری تۆپەکە بدرێ نەک داوەر و یاریزانەکان".

ھەمووی چوار ڕۆژی نەبرد کە بەرەو کوردستان ئەگەڕاینەوە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم ھەر خۆیان بەیاننامەیەکیان دەرکرد " کە مەترسی لە سەر کەرکوک ھەیە!!". لە ( ۱۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) ئینستیوتی مێدیتریانە کۆنفڕانسێکی بە پەلەی سەبارەت بە ھێڵەکانی ووزەی کوردستان لە نێوان ھاریکاریی و ناکۆکی ھەرێمایەتی دا سازدا، میوان و میدیای بیانیش لەوێ بوون، دواتر ڕاسپاردەکان بڵاوکرانەوە، نێردران بۆ زۆر ناوەندی حزبی و حکومی، ڕۆژانی دواتر کورد بە شێوەیەکی کارەساتئامێزانە کەرکوکی لە دەست دا.
ئێستا نزیکەی (۵) مانگ بەسەر (۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) تێ پەڕ ئەبێت، ئەوە دەرئەکەوێ کورد لە ھەموو ڕوویەکەوە کەرکوکی لەدەستداوە:

لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە (ئەوە بینراوە(

لە ڕووی ئابورییەوە (پەیوەستە بە جوگرافیای کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و زۆربونی ژمارەی بیرە نەوتییەکان و ڕادەستکردنی بە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان لە لایەن حکومەتی مەرکەزییەوە، ئینجا کە مانگی (۱ی ۲۰۱۸) کۆمپانیای کار کراوەتە دەرەوە لە کەرکوک کۆدی ھەندێک کێڵگەی لەگەڵ خۆی بردووە چونکە کۆمپانیای ناوبراو خۆی سیستەمی وەبەرھێنانەکەی داناوە لەساڵی (۲۰۱٤) ئێستا کار بۆ ئەوە ئەکرێت ئەو کۆدانە لەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییە وەربگیرێتەوە، ئیتر داتاو ئامارە نھێنی و بەردەستەکان زۆر زۆر بە دژی کوردن لە دەرفەتێکدا دێینە سەری)


ئەم ھەڵبژاردنەی کە لە (ئایاری ۲۰۱۸) ئەکرێت کورد لە ڕووی قانونی و دەستورییشەوە کەرکوک لە دەست ئەدا، سادەترین بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە کورد لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو (۷۰ بۆ ۸۰ ھەزار) دەنگدەری لە دەرەوەی کەرکوکەوە بۆ کەرکوک ھەبو، ئەمجارەیان نەک ئەوە نامێنێ بەڵکو لە ئێستاوە بە بەرنامەیەکی کار لەسەرکراوی ئەمنی و سایکۆلۆجی کوردی کەرکوکیان خستۆتە گێژاوێکەوە. 
ئینجا دوا بزمار چۆن لە کەرکوک ئەدرێ لە بەغدا، دوای ھەڵبژاردن یەکەم ئیشی کوتلە شیعی و ئێرانییەکان ئەوە ئەبێت کە لە عێراق قانونی نەوت و غاز دەربچوێنن (تا ئێستا عێراق یاسای نەوت و غازی نییە بەڵام ھەرێم یاسای ژمارە ۲۲ی ساڵی ۲۰۰۷ ی تایبەت بە نەوت و غازی ھەیە) ئینجا کە عێراق ئەو یاسایەی بە زۆرینە دەرچوواند ئیتر نەک ھەر نەوتی کەرکوک بەڵکو ھەموو ئەو گرێبەستانەی ھەرێم پێشووتر کردویەتی لە بیرە نەوتەکانی خۆی ئەکەوێتە بەر مەرحەمەتی یاساکەی بەغداوە، تا ئەم ھەموو شتانە بکرێ ھێڵی بۆڕی نەوتەکەی کەرکوک - کرماشان یش تەواو ئەبێت.
بەگشتی کورد نە بە ئاشتی نە بەشەڕ تازە تا دوای ھەڵبژاردنی ئایاری ۲۰۱۸ و پێکھێنانەوەی حکومەتی عێراق ناتوانێ بگەڕێتەوە کەرکوک، لێرەدا میکانیزمەکانی چارەسەریی ئەمە لە چەند لایەکەوەیە:
یەکەمیان: ماڵی شیعە لە تارانەوە تا جۆلان تەنھا گەندەڵی و بەھەدەردان ئەیڕوخێنێ لە ساسانییەکانەوە تا ڕووخانی شا فەساد ھۆکاری لە بەریەکھەڵوەشانیان بووە، ئیمڕۆکەی عێراقیش تەنھا گەندەڵی ھەرەس بە فەرمانڕەوایی شیعە دێنێت، بۆیە عەبادی دەیان جار ئەڵێ شەڕی گەندەڵی لەشەڕی تیرۆر ترسناکتر ئەبێت!. کورد چۆن ئەمە بۆ خۆی بەکاردێنێت؟. 

دووەم: لە خوارووی کەرکوکەوە لە ئامرلی و دووزەوە تا ناوچەکانی دەوروبەر گریمانەی دروستکردنی ھەرێمێکی سووننی - تورکی لە ئارادایە کورد لەمەیاندا چی ئەکا؟

سێھەم: کورد ھەرچی زووە پێویستی بە لۆبییە، ئەمریکا بۆ یەک ناوەندی توێژینەوەی خۆی (۸٦۳ملێون دۆلار) لە (۲۰۱۷) دا سەرف ئەکا تا لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتەکانی بەرز بنرخێنن، ئیسرائیل بەھەمان شێوە. کورد یەک شتی لەوجۆرەی نییە. ھەندێ ڕۆشنبیرو نوخبەی شکستخواردوو، لەگەڵ ھەندێ دەستەی ئەمنی جۆراوجۆر ئەونەی خەریکی موتابەعەی حزبە ناوخۆییەکان و شتە شەخسیەکانن ھیچ لە خەمی بەدواکەوتن و چاودێری ئەم و ئەوی دەرەکی نیین.

چوارەم: کورد پێویستی بەوەیە لە کەرکوک دەستەڵاتدارانی پێشوو نەکات بە واجیھە، چونکە یەکسەر ئەبێتەوە ململانێی بیرە نەوتەکانی پێشوو لە ئاستی ھەرێم لە ئاستی دەوروبەریش دا ئێران و تورکیا توندتر دەستوەرئەدەن.


‌‌‌
2/27/2018 3:31:09 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ