راپۆرت

وورده‌كاری تیرۆركردنی عه‌بدوڵڵای قه‌سرێ



راپۆرتی دلێر عه‌بدوڵڵا

رەنگە یەکێک لەئەندامە باڵاکی کۆمەڵ دەستی لەسازدانی کێشەی کوشتنەکەیدا ھەبێت

چیرۆکی کوژرانی عەبدوڵڵای قەسرێ لەنێوان یەکێتی‌و کۆمەڵی ئیسلامیدا

رۆژی ٤\٣\٢٠٠٣ عەبدوڵڵا قەسرێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و یەکێک لەجەمسەرە گرنگەکانی ناو کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان‌و چوار لەپاسەوانەکانی لەبازگەی تاسڵوجەی دەروازەی شاری سلێمانی لەلایەن ھێزێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کە کوڕە گەورەکەی تاڵەبانی "پافڵ" سەرکردایەتی دەکرد، کوژران.
ھەتا ئێرە چیرۆکەکە ھیچ گرێیەکی تێدا نییە، بەڵام ئەوەی وادەکات ئەم چیرۆکە سەرنج راکێش‌و لەھەمان کاتدا پڕ لەرازبێت، ئەوەیە: بۆچی یەکێتی ئەندامێکی باڵای یەکێک لەو حزبانە دەکوژێت کە رێکەوتنی لەگەڵیدا ھەیەو وەک ھاوپەیمانی خۆی تەماشایدەکات؟
گرفت یان گرێیەکی گەورە لەم رووداوەدا ھەیە کە تا ئێستا ھیچکام لەو دوو لایەنەی رووداوەکە نەیانویستووە قسەی لەبارەوە بکەن، ئەویش ئەوەیە کە رەنگە یەکێک لەئەندامە باڵاکانی ناو خودی کۆمەڵی ئیسلامی دەستی لەسازکردنی ئەو کێشەدا ھەبێت "ئیتر بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست" ئەویش بەوەی کە لەپەیوەندییەکدا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا پێیانرادەگەیەنێت کە ھێزێکی ئەنسارولئیسلام بۆ تیرۆرکردنی یەکێک لە ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەرەو ناوشاری سلێمانی بەرێوەیە.
یەکێتیش وەک کارێکی خۆپارێزی‌و رێگرتن لێیان لەبازگەی تاسڵوجە بۆسەیەکیان بۆ دادەنێن، ساتی دەرکەوتنیان لەبازگەکە ئەو زانیارییانەی کە بەیەکێتی دراوە تەواو راست دەردەچێت (ۆتۆمبێلێکی پڕ لەچەکداری ریشدار) ئیتر ھێرشیاندەکەنەسەرو دەیانکوژن، بەلام پاشتر دەردەکەوێت کە چیرۆکەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی گرفتاوی‌و ھەڵەیە.
عەبدوڵڵا رەسول ئەحمەد ناسراو بە "عەبدوڵای قەسرێ" لەدایکبوونی ساڵی ١٩٦٨ی گوندی ناوخانی ناوچەی باڵەییانی سەربەھەولێرە، ئەو وەک لەناوەکەیەوە دەردەکەوێت خەڵکی ناوچەی قەسرێ نییە بەڵکو ناوەکەی وەک ھاوسەرەکەی "سارا" دەیگێڕێتەوە محەمەد پێغەمبەری ئیسلام "دروستی خوای لەسەر بێت" لێیناوە "شەوێکیان ئەو لەماڵ نەبوو لەھەولێر لەکۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بوو خەونێکم دی، لەخەونمدا کەسێکی نورانی‌و جوان لەدەرگای داو وتی: مامۆستا عەبدوڵڵای قەسرێ لەوێیە؟ منیش وتم نەخێر ئەتۆ کێیت؟ وتی: من پێغەمبەری خودام سەلامی پێبگەیەنە، لەو رۆژەوە بەبێ ئەوەی بەھیچ کەس بڵێم خەڵک ئەو نازناوەی بەسەردا بڕی".
قەسرێ زۆربەی زانستە شەرعییەکانی لای مەلاکانی دەوروبەری ھەولێر خوێندووەو لەساڵی ١٩٩٠ەوە تێکەڵ بەکاری سیاسی ئیسلامی بووەو لەبزووتنەوەی ئیسلامی پێشوودا ماوەیەک بەرپرسی مەڵبەندی ھەولێرو دواتر بەرپرسی مەڵبەندی رانییەی ھەمان حزب بووە، ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەکۆلێژی شەریعەی دھۆک بەدەستھێناوە.
لەناو بزووتنەوەدا لەباڵی عەلی باپیردا بووەو یەکێک لەکەسە نزیکەکانی باپیر بووەو دوای دامەزراندنی کۆمەڵی ئیسلامیش لەو حزبەدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووە.
عەلی باپیر دەڵێت "ئەو لەلایەن یەکێتییەوە کوژرا" وەک لەیەکێک لەو گرتانەشدا کە ھەندێ: رۆژنامەوانی تەلەفزیۆنی گرتوویانە بەئاشکرایی بەپرسێکی ئەمنی دیارە، بەلام ئەوی لێرەدا تەمومژ دەخاتەسەر ئەوە ئەوەیە: بۆچی یەکێتی بەو شێوە ئاشکرایە ئەندامێکی بەرزی خزبێکی تر دەکوژێت؟ چونکە دەبێت بزانین کە لەکاتی ھێرشکردنەسەر ئۆتۆمبێلەکەی قەسرێدا چەند رۆژنامەنووسێکی بیانی لەوێ دەبن کە رەنگە لەلایەن خودی یەکێتیەوە بۆ وێنەگرتنی ئەو ھێرشە بانگھێشتکرابن.
عەلی باپیر ناتوانێت راستەوخۆ کوڕەکەی تاڵەبانی تۆمەتبار بکات، چونکە بەبڕوای ئەو ئەوە شتێکی نادیارە، مام جەلالیش چەند نامەیەک بۆ باپیر دەنێرێت‌و لەنامەکاندا ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەوە ئەنقەست نەبووە بەڵکو شتێکی ھەڵە بووە، ئیشتیبا بووە، پێیانوابو ئەو ئۆتۆمبێلە ھی ئەنسارولئیسلامە، ئێمەش نەگەیشتینە بەڵگەی ئەوەی بتوانین پشتی پێببەستین‌و دڵنیا بین ئەو کارە یەکێتی بەئەنقسەت کردوویەتی، ئەوانیش رایاندەگەیاند کە ئەوە شتێکی ھەڵە بووە".
رەنگە ئەو گرێیەی کە لەم چیرۆکەدا ھەی لەلایەن کەسێکەوە بکرێتەوە کە سەربەھیچ کام لەیەکێتی‌و کۆمەڵ نییە، بەپێی دیدارێکی رۆژنامەی ئەلحەیات کە لەگەڵ ئەندامێکی پێشووی گروپی ئیسڵاح بەناونیشانی "ھیشایەک لەگەڵ ئەندامێکی پێشوی گروپەکەی مەلا کرێکاردا" ئەنجامیدابوو و رۆژی ١\١٢\٢٠٠٥ بڵاوکرایەوە.
ئەو ئەندامەی باڵی ئیسلاحی سەربەمەلا کرێکار دەڵێت "کوشتنی م. عەبدوڵڵای قەسرێ دەستی خودی کۆمەڵی ئیسلامی تێدا بووە، ئەوەش بە بەڵگەی ئەوەی لەنێو بەرپرسانی کۆمەڵی ئیسلامییەوە زانیارییەک دراوە بەیەکێتی نیشتمانی، گوایە ئۆتۆمبێلێکی لانگرۆزەر بۆ کوشتنی مەلا بەختیار ھاتووەتە ناوشاری سلێمانی، ئەم زانیارییەش وایکردووە یەکێتی نیشتمانی پشکنین‌و بەدواداگەڕانی ئەو ئۆتۆمبێلە، دوای ئەوەی نادۆزرێتەوەو یەکێتیش بۆ ئەوەی لەمەسەکەدا دوو ئامانج بپێکێت عەبدوڵڵای قەسرێان کوشت، بەمە یەکێتی زەبرێکی گەورەی لەکۆمەڵدا، ھەروەھا ئەو پیلانەش کە بۆ کوشتنی مەلا بەختیار لەئارادابووەو لێی روون نییە، لەکاری دەخات یان دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاشکرای بکات".
ھەر ئەو ئەندامە کۆنەی باڵی ئیسلاحی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی پێشوو دەڵێت "بۆیە کۆمەڵی ئیسلامی لاوازترین ھەڵوێستی لەبەرامبەر کوشتنی مامۆستا عەبدوڵڵای قەسرێدا نواندو ھیچی پێنەکرا، چونکە ئەگەر بەدەنگ بھاتایە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەو زانیارییەی خۆیان دەکرد کە پێیانگەیەنرابوو، بۆیە یەکێتی نیشتمانی لەراگەیاندنەکانیدا ھەر ئەوەی وت کە گومانی ئەوەیان لێکردوون ئەنسارولئیسلام بن".
سارا ئەحمەد عەلی، ھاوسەری عەبدوڵڵای قەسرێیە، بەمشێوەیە چرکەساتەکانی رۆشتنی قەسرێ بەرەو چارەنووسی خۆی دەگێرێتەوە "ئەو کە بەیانییەکەی ویستی بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەرەو خورماڵ بەرێبکەوێت، پێموت بۆ ئەو ژمارە کەمەت لەگەڵدایە، بۆ خەڵکی تر لەگەڵ خۆتدا نابەیت؟ پێیوتم: کەس دوژمنی من نییە، ھیچ شتێکیش نییەو دنیا ئارامە، دواتر بیستم لەکاتی رۆشتنیاندا پاسەوانێکی ناسنامەی پێنەبووە، مامۆستا گەراندوویەتییەوەو پێیوتووە نابێت بەبێ ناسنامە لەگەڵماندا بێیت، ئەو بەمشێوەیە بوو ھیچکات نایاسایی نەکردووە ھیچیشی لەخۆیدا شک نەدەبرد".
ناوبراو پێیوایە "ئەوانەی مامۆستایان کوشت ھێندەی ئەو دڵسۆزی خاک‌و وڵات نەبوون، ئەو لەئارامیدا کوژرا، لەژێر سێبەری ئاسایش‌و ھێمنیدا تیاچوو".
کۆمەڵی ئیسلامی لەسەرەتاوە بەنیازی رێکەوتن نەبوون لەگەڵ یەکێتیدا، ئەوان داوایان لەیەکێتی کردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشەیە لیژنە پێکبێت.
بەڵام وەک ئەندامێکی باڵای کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی پێدەدات، یەکێتی دەستی بەدەستیان بەکۆمەڵ کردووەو لیژنەیان پێکنەھێناو، ھەرلەوکاتەدا لەلایەن ئەنسارولئیسلامەوە ھەندێک ھێرشدەکرێتەسەر یەکێتی، وەک عەلی باپیر ئاماژەی پێئەدات ئەو ھێرشانە لەسەر ئەوان حساب دەکرا، ھەربۆیە "ھەم بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵی ئیسلامی‌و ھەم بۆ سەلامەتی مناڵەکانی مامۆستا کە ستەمێکیان لێکراوەو نەکرێتە دوو، ھەم بۆ ئێمەش کە ئاگامان لەھیچ شتێک نییە، یەکێتی‌و پارتیش دوژمنیان ھەیە، ئەوانە ھەر بەردێک لەئاسمانەوە بکەوێتە خوارەوە تا ئەو کێشەیە بمێنێتەوە رەنگە بەسەر ئێمەیدا بخەن، دیارە لەلایەنی شەرعیشەوە ئەوە رێپێدراوە کە ھەروا بڵێین کاکە برۆ لێت خۆش بووین".
دواتر کۆمەڵ ھەوڵی تۆڵە کردنەوە ئەدات، بەڵام زۆری پێناچێت پەشیمان دەبێتەوە، لەوبارەوەیەوە باپیر دەڵێت "کەش‌و ھەوای ئەو کاتە وابوو، دڵمان گەرمبوو، غەدرمان لێکرابوو، بەرچاویشمان رۆشن نەبووبوەوە، پێشمانوابوو کە ئەوە بەدەستی ئەنقسەت ئەنجامدراوە، بەڵام کە دواتر مام جەلال چەند جارێک تەئکیدی کردەوە، ھەرچەند کە ئێمە ئەو فیلمەمان بینی، ھەندێک قسەو شتی لەو جۆرەمان بیست، بایی ئەوەی دەکرد دڵنیابین لەوەی یەکێتی ئەو کارەی کردووەو بەرنامەشی بۆ داناوە، بەڵام ئەوان دانیان بەوەدانا کە ئەوەیان کردووەو بەرنامەشیان بۆ داناوە، بەڵام دەیانوت نەمانزانییوە مامۆستا عەبدوڵڵا بوو، بۆیە ئێمە لەنێو خۆماندا دۆکیۆمێنتێکمان دەستنەکەوت کە بیسەلمێنێت بریاری ئەو کارە لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە دەرچووە کە ئەو ئۆتۆمبێلە ھی قەسرێیەو بچن لەو بازگەیە تەقەی لێبکەن‌و دوایی بشڵێن کاکە ئەوە بەئەنقەست نەبوو، ئێمە نەگەیشتینە بەڵگەیەکی لەو شێوەیە، بەڵام رووداوەکە بۆخۆی جێگەی گومانە، لەنامەیەکدا مام جەلال زۆر بەلەسەر سووربوونەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کارە بەرنامە بۆ دارێژراو نەبووە، بەڵکو شتێکی کت‌و پڕبووەو ھاتووەتە پێشەوە، شتێک بووە کە بەھەڵداچون بووە، ئاوا بووەو ئاوا نەبووە، ھەروەھا دەڵێت ئەوان ئامادەن‌و لەخزمەتتداین".
لەسەروەختی کوشتنی عەبدوڵڵای قەسرێدا، لەناو کۆمەڵی ئیسلامیدا ئاراستەیەکی قسەکردن ھەبوو کە ئەو رووداوەی وەک بیانوویەکی یەکێتی دەبینی، بۆ ئەەوی شەڕ دژی کۆمەڵی ئیسلامی بەرپابکات، بەڵام دۆخی کۆمەڵ لەو کاتەدا زۆر لەوە ناسکتربوو بەرکەی شەڕکردنی یەکێتی بگرێت، ھەربۆیە کۆمەڵی ئیسلامی بێدەنگیان لێکردو بەسوڵح کێشەکەیان یەکلایی کردەوە.
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەوان لەو بارودۆخەدا نەبوونایە ئەوا شەرێکی سەرتاسەرییان دژی یەکێتی رادەگەیاند.


‌‌‌
3/5/2018 7:38:04 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ