هەواڵ

مقەدەم خەسرۆ: بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ڕاگیراواندا دەکەین




بزاڤ:ئومێد بابان

بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە گوێرەی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ڕاگیراواندا دەکرێت و دەشڵێ: "بنکەیەکی تەندروستیمان ھەیە کە ڕاگیراوان دەتوانن سەردانی بکەن و، ئەگەر نەخۆشییەکەیشیان لەوێ چارەسەر نەکرا، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوە دەکرێن".

مقەدەمی مافپەروەر خەسرۆ غازی خۆشناو، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی ھەولێر بە بزاڤی ڕایگەیاند: "ئەو کەسانەی لای ئێمە دەگیرێن، پێیان دەگوترێت ڕاگیراو، واتا چاوەڕێی دادگاییکردنی دەکەین، جا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەوە بگرە تا دەگاتە دادگاییکردن و حوکمدان، ئەو وەختیش پێی دەگوترێت سزادراو".
خۆشناو گوتیشی: "ئەو کەسانەی کە پێشتر تاوانیان کردووە و ئازاد کراون و دواتر دووبارە تاوانیان ئەنجام داوەتەوە، ڕێژەیەکی زۆر کەم لامان ھەیە، بەڵام ئەو  کەسانەی لای ئێمەن لە بەشی گرتن و گواستنەوە، ناتوانین پێیان بڵێین تاوانبار، بەڵکوو ڕاگیراون".
بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی ھەولێر، سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی تاوانیش ڕوونی کردەوە: "لە ھەر شارێک ڕێژەی دانیشتووان زیاد و کەم بکات، ڕێژەی تاوانیش بەرز و نزم دەبێتەوە و لە گۆڕاندایە، بێگومان زۆر ھۆکاریش ڕۆڵیان لە ئاستی تاوانەکاندا ھەیە، بۆ نموونە ھۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی، سەرەڕای ئەوەش جیاوازی ھەیە لە رێژەی تاوان لە نێوان وەرزەکاندا، بۆ نموونە ھاوینان و بەھاران زیاتر خەڵک دەچێتە دەرەوە و گرفتی زۆرتریش دروست دەبێت".
مقەدەم خەسرۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕاگیراوەکانی لای ئێمە تۆمەتەکانیان ھەمەجۆرن و ھیچ تاوانێکیش کە لەلایەن ڕاگیراوەکانی لای ئێمەوە ئەنجام دراوە، دیاردە نییە، بەڵکوو ھەموو تاوانی ئاسایین".
سەبارەت بە سەردانیکردنی ڕاگیراوانیش گوتی: "ھەفتانە ٢ رۆژ دەرفەت بە کەسوکاری ڕاگیراوان دەدرێت سەردانیان بکەن، کە دووشەممان تایبەتە بە ئافرەتان و پێنجشەممانیش تایبەتە بە پیاوان، ھەروەھا ئەو کەسانەی سەردانی ڕاگیراوەکان دەکەن، تەنیا خزم و کەسوکاریان نین، بەڵکوو دەرفەت بە ھەموو کەسێک دەدرێت سەردانیان بکات".
لەبارەی ڕێگادان و شوێنی تایبەت بە ھاوسەری ڕاگیراوان تا بتوانن (جیماع) لەگەڵ ھاوبەشی ژیانیان بکەن، خۆشناو ھێمای بۆ ئەوە کرد: "بەو پێیەی ڕاگیراوان ماوەی زیندانیکردنەکەیان کەمە، ئەو شوێنە لای ئێمە نییە، بەڵکوو تایبەتە بە چاکسازیی گەوران و لەوێ ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر".
لەمەڕ ڕاگیراوە بیانییەکانیش کە بە چ شێوەیەک دەتوانن پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن و چۆنیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی ھەولێر زانیاریی دا: "ھەموو ڕاگیراوێک بەپێی یاسا بەرکارەکانی ئێرە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و، لە نێو ڕاگیراوەکانیشدا ئێرانی، سووری، تورکی و خەڵکی بیانی بە گشتی ھەن. وەک ھەر ڕاگیراوێکی دیکەیش، ماف و ئەرکیان ھەیە بێ کەم و زیاد و تەنانەت دەتوانن پەیوەندیی بە کۆنسووڵگەرییەکانی وڵاتەکانیشیان بکەن و ھەروەھا لە ڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییشەوە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن".
دەشڵێت، "ئێمە دەرگامان بۆ ھەموو ڕێکخراوە مرۆیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کراوەیە تا ئەوانیش ئاگایان لە ڕەوشی ڕاگیراوان بێت و بەدواداچوون بکەن، ھەروەھا ھەماھەنگییەکی باشیشمان لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە و لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستانیشدا ھەیە".
سەبارەت بە چارەسەرکردنی ڕاگیراوانیش، مقەدەم خەسرۆ ڕایگەیاند: "بنکەیەکی تەندروستیی گرتن و گواستنەوەمان ھەیە کە ھەموو پێداویستییە پزیشکییەکانی تێدایە و ڕاگیراوان ھەموو کاتێک دەتوانن سەردانی ئەو بنکە تەندروستییە بکەن، ئەگەر ھاتوو نەخۆشییەکەیشیان لەو بنکەیەدا چارەسەر نەکرا، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەشی گرتن و گواستنەوە دەکرێن و لەوێ چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت، تەنانەت ئەگەر نەشتەرگەرییش بێت، کە بێگومان خەرجییەکەیش لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمە".
ئەو ھەروەھا گوتیشی: "بە گوێرەی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ڕاگیراواندا دەکرێت، چونکە یاسا کە سزای بۆ داناوە، مافی ژیانیشی بۆ فەراھەم کردووە، لە بەشی گرتن و گواستنەوەی ھەولێریش، ھەموو خزمەتگوزارییەکی وەک تەلەڤزیۆن و سەتەلایت، شوێنی شیاو بۆ خەوتن و تەنانەت کتێبخانەیشیان بۆ دابین کراوە، ئەمە جگە لەوەی گرتووخانەکەیشمان مۆدێرنە و بەپێی ستانداردی جیھانی بنیات نراوە، کە ڕەچاوی سەرجەم مافەکانی مرۆڤی تێدا کراوە".






‌‌‌
3/8/2018 12:34:36 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ