هەواڵ

عەبدولستار مەجید لە سەر دواخستنى هەڵبژاردنەکان وەڵامی نەجمەدین کەریمی دایەوە



بزاڤ -ژووری هەواڵ


عەبدولستار مەجید لە سەر دواخستنى هەڵبژاردنەکان وەڵامی نەجمەدین کەریمی دایەوە  و ڕایگەیاندووە، "ئەوانەی ئێمەمانان تۆمەتباردەکەن بەوەی گوایە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەبووین، ئەوانەن کە لە سیاسەت و حوکمڕانیدا شکستیان هێناوە".

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنى سیاسی کۆمەڵ و وەزیری پێشووی کشتوکاڵ لە فەیسبوکی خۆی ڕایگەیاندووە، "ئەوانەی ئێمەمانان تۆمەتباردەکەن بەوەی گوایە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەبووین، ئەوانەن کە لە سیاسەت و حوکمڕانیدا شکستیان هێناوە و بەرهەمی دەسەڵاتیان تەنها تاڵیشک بووە بۆ خەڵک و ئەوەش ئەنجامەکەیەتی کە هەموو لایەک بەدەستییەوە گیرۆدەیە".

ئەوەشی نوسیوە "ئاخر مەعقول نیە تۆ هەموو گیانت نوقمی گەندەڵی بێت، بۆ شاردنەوەی ناشرینییەکانت، پەنا بۆ تۆمەتبارکردنی ئەوانی دیکە ببەیت! ئێمە هیچ کات نە لە هەڵبژاردن ترساوین، نە لەگەڵ دواخستنی بووین، نە هێندەش پەرێزمان پیسە نەوێرین بچینە سەنگی مەحەکی دەنگی خەڵک ".

عەبدولستار مەجید ڕاشیگەیاندووە، "دوای تەواوبوونی چوار ساڵی یاسایی کابینەی حکومەت، چەندجارێک پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنمان کردووە و  بە ڕاشکاویش  ئەوەم بە سەرۆکى حکومەت وتووە".

وەزیری پێشووی کشتوکاڵ ئەوەشی نوسیوە،  "ئێمە پێمانوایە هەڵبژاردنێک بە تۆمارێکی پاک و لەکاتی خۆیدا زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ گۆڕانکاریی و هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێ " لەو بارەیەوە  ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێداگری و کاری ئێمە بۆ حوکمی ڕەشید بووە، حوکمێک بەچاوی هاوڵاتییبوون سەیری تاکی کوردستانی بکات، نەک بە پێوەرەکانی خزمایەتی و حزبایەتی".

ئەمەش لەدوای ئەوە هات، نەجمەدین کەریم لە بەرنامەیەکى تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا کە ئەمڕۆ پەخش دەکرێت ڕایگەیاندووە، چەند ئەندامێکی مەکتەبى سیاسى پارتى پێیان وتووە، یەکێتى و گۆڕان و ئیسلامییەکان ڕازى نەبوون هەڵبژاردنەکانى هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجامبدرێت بۆیە دواخراوە.

هاوکات دوای ئەو لێدوانەش برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو قسانە ڕاست نین کە دەگوترێت گۆران لەگەڵ ئەوە نەبووە هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت.


‌‌‌
3/10/2018 11:46:31 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ