هەواڵ

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا: بەرپرسانی داعش لە تونێل و ئەشکەوتەکاندا خۆیان حەشارداوە



بزاڤ-ژووری هەواڵ


ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، چەند بەرپرسێکی باڵای داعش لەناو تونێلی ژێر زەمینیندا خۆیان حەشارداوە و هێزە ئەمنییەکانیش بەدوایاندا دەگەڕێن.

حوسام عەبار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا دوێنێ ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسەکانی داعش هێشتا لە موسڵدا ماون و لە تونێلی ژێر زەمینیدا لە ڕۆژئاوای شارەکە خۆیان حەشارداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری دیجلە بووەتە یارمەتیدەر بۆ چەکدارانی داعش و لەوێوە هەڵدێن بۆ ئەشکەوتەکان لە ڕۆژئاوای شارەکە و خۆیان حەشاردەدەن.

ئەوەشی وت، هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنێکی فراوانیان بۆ دۆزینەوەی تونێل و ئەشکەوتەکان لە ناوچەکە دەستپێکردووە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، حکومەتی خۆجێی نەینەوا ئاشکرایکرد، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش خۆیان حەشارداوە و لەناو هاوڵاتیاندا بە ناسنامەی کەسانی دیکەوە هاتوچۆ دەکەن، ئەو ناسنامانەشیان لەکاتی کۆنترۆڵکردنی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی شارەکەدا بردووە.

مانگی تەموزی ٢٠١٧، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵی لە دەستی داعش ڕاگەیاند.

هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکان، بنیادنانەوەی موسڵ چەند ساڵێکی پێدەچێت و بڕی ٥٠ ملیار دۆلاریشی پێویستە.


‌‌‌
3/10/2018 11:50:53 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ