هەواڵ

یادی کیمیایی بارانی هەلەبجە دەکرێتەوە




 بزافـ - کۆژین تەحسین 

لیژنەی باڵای یادی سی ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجە بڕیاریدا، ئەمساڵیش یادی کیمیابارانی شارەکە لەیاریگای داخراوی ھەڵەبجە بەرێوەبچێت ، بۆئەو مەبەستەش بانگھێشتی فەرمیان بۆسەرجەم کونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی ناردووە .

فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند،" ھاوشێوەی ساڵانی رابردو لیژنەیەکی باﻷو چەند لیژنەیەکی لاوەکی پێکھێنراون بۆچۆنیەتی بەرێوەچوونی یادەکە و بەسەرپەرشتی راستوخۆی وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی کوردستانیش یادەکە بەرێوە دەچێت".

ناوبراو وتیشی،"لیژنەی باڵای یادەکە بڕیاریداوە، ئەمساڵیش یادی کیمیابارانی شارەکە لەیاریگای داخراوی ھەڵەبجە و لەکاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی دەست پێ بکات و چەند وتارێکی تێدا پێشکەش بکرێت و کاتژمێر ١١:٠٠ تاجە گوڵینەی رێز لێنان لەسەر مەزاری شەھیدان دابنرێت و پاشنیوەڕۆش لەزانکۆی ھەڵەبجە دیبەیتێک لەسەر تاوانی جینۆساید لەلایەن و شارەزاوە رێک بخرێت".

پێشبینیشی کرد کە ئەگەرێکی زۆر ھەیە بۆیادی ئەمساڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکەی بەشداریی بکەن و کونسوڵ و نوێنەرایەتی وﻷتانیش لەکوردستان ئامادەی یادەکە ببن، بۆئەو مەبەستش بانگھێشتی رەسمیان بۆنێردراوە.

سی ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژی ۱٦ـ۳ـ۱۹۸۸ ڕژێمی لەناوچوی بەعس بەچەکی کیمیایی بۆردومانی شاری هەڵەبجەی کرد وتێیدا پێنج هەزار کەس بونە قوربانی و زیاد لە دەهەزارکەسیش بریندار بون ودانیشتوانەکەشی ئاوارەی وڵاتی ئێران بون.


‌‌‌
3/13/2018 9:31:35 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو