راپۆرت

بۆچی گوتاری لایەنە شیعیەکان لە تایەفییەوە گۆڕاوە بۆ ناسیۆنالیستی عێراقی؟


بەھرۆز جەعفەر

ناسیۆنالیزم لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا پەیوەستە بە فۆڕمەڵە بوونی دەوڵەت لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم، یانی نەبوونی "دەوڵەتی قووڵ یان کارا" دیوە نێگەتیڤەکەی دەوڵەتە، ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەرەنجامی زاڵبونی بیری قەومچیەتی تورکە کە زیاتر لە شەش سەدە فەرمانڕەوایی ڕۆژھەڵاتیان کردووە، بۆیە ئەم ناسیۆنالیزمە بابەتێکی نا کامڵە، ھەروەک چۆن لەبەرانبەر "عروبە" و نەتەوەگەرێتی عەرەبدا چەمکی " کوردایەتی" سەریھەڵداوە. 
لە دوای ڕووخانی بەعس لە عێراقی (۲۰۰۳) ھەتا ھاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا، تاکە شتێک کورد و عێراقییەکان تیا سەرکەوتوبون ئەوە بو، کە ململانێکانیان لەشەڕی تایەفی و نەتەوەگەرێتی و زەقکردنەوەی ناسنامەوە گۆڕی بۆ پشکی بودجەو مەسەلە ئابورییەکان، واتە نەوت وەک کاڵایەکی ئابوریی مشتومڕی لەسەر ئەکرا نەک قەومی (ئەمە بابەتێکی زۆر ئیجابی بو، ئیتر ۷۰۰ ملیار دۆلار لە ۲۰۰۳ ەوە بۆ ۲۰۱۵ بەھەدەر دراوە ئەوە بابەتێکی ترە) گرنگ ئەوەیە لەو ماوەیە نەوت تێکەڵ بە ئایدۆلۆژیا نەکرا، لە ھەر شوێنێک نەوت و غاز تێکەڵ بە ناسیۆنالیزمێکی بێ ڕوئیا یان ئایدۆلۆژیا کرا ئیتر کارەساتێکی مرۆیی گەورە سەرەتاکەی دەستی پێکردووە.
لەدوای ڕزگارکردنی موسڵ لە دەست دەوڵەتی ئیسلامی و، وە لە دوای (۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە) خیتاب‌و ئاڕاستەی زۆربەی لایەنە شیعییەکان لەمەسەلەی مەزھەب دەرچووەو بووە بە بابەتێک بۆ زیندووکردنەوەی ناسیۆنالیزمی عێراقی- شیعی!
ئایا ڕەھەندو لێکەوتەکانی قەومییەتی عێراقی -شیعی چییە لەسەر کورد؟. بە درێژایی مێژوو،  وە بە پانایی جوگرافیا لە عێرقا کورد ناکۆکی و تەماسی لەگەڵ سووننەدا ھەبووە، نە ململانێی جوگرافی، سیاسیی، سەربازیی، دەستوریی لەگەڵ شیعە نەبووە، تەنانەت شیعە لەدوا ھەڵبژاردنی (۲۰۱۳) ەشدا ھیچ کورسییەکیان لە کەرکوک نەبوو، بەڵام لەمەوە دوا کورد ئەبێتە دراوسێی شیعەو ململانێی فەرھەنگی و قەومی و جوگرافی و دەستوریی کورد و شیعە دەست پێ ئەکا، بۆ ئەم خولەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە (ئایاری ۲۰۱۸) شیعە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کورسی پەرلەمانییان ئەبێت. ئەمە سەرەتایەکی ترسناکە بۆ کورد، دووبارەبوونەوەی مێژووییەکە پڕ لە جەور و ستەم ئەگەر کورد ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ دا نەکات.
بە بڕوای من تەنھا ڕێگەی چارەسەریی ئەو پرسە بریتییە لە "ئابوریی و شەراکەت کردن لە سێکتەرەکانی وەبەرھێنان و بە بازاڕیکردنە" چونکە ئابوریی یانی چوون ڕووەو بازاڕ، بازاڕیش یانی قبوڵکردنی بینینی ھەموو شتێک و بەریەککەوتنێکی مۆدێرن. لە ڕووداوەکانی (۱٦ی ئۆکتۆبەر) دا کاتێک ھێزەکانی سوپای عێراق گەیشتنە نزیکی پردێ، توێژەری ھەرە کاریگەری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست "مایکڵ نایتس- Michael Knights" لە پەیمانگەی واشنتن پێشنیارێکی بۆ ئیدارەی ترامپ لە ئەمریکا کرد تا ئەم ئاگرە پەرەی نەسەندووە دەستوەربدەن، بە جۆرێک ئەمریکا ھەوڵ بدات کورد و حکومەتی مەرکەزیی ڕێک بکەون لەسەر مەسەلەی نەوت و لە پاڵیوگەکانیش دا نیسبەتی کورد و عەرەب ھەبن، تا ئەمە وا بکات جیاوازییە نەتەوەیی و سیاسییەکان کاڵتر ببنەوە.
ھەر لە بەرایی (مارسی ۲۰۱۸) ەدا،  مایکڵ نایت و جێمس جێفری بە ناونیشانی (Iraq"s Energy Future Lies to the North) پێش چاو ڕوونییەکی گرنگتر بڵاو ئەکەنەوە.
جەیمس جیفری و مایکڵ نایت بەتەنھا دوو توێژەری کاریگەر نیین لە واشنتۆن ئینستیوت، بەڵکو زۆر جار ئەوان چی ئەڵێن وەزارەتی دەرەوەو بەرگری ئەوە ئەکەن، بەمانایەکی تر ڕاپۆرت بۆ ناوەندە کاریگەرەکانی ئەمریکا ئامادە ئەکەن. لەدوا ئەنەلایزیان دا گرنگترین تێزەکانیان لە بارەی نەوت و غازی عێراق و مەسەلەی کەرکوک و کوردستان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕبۆتەوە:
یەکەم: عێراق ئەبێتە ژمارەیەکی گەورە لە وەبەرھێنانی نەوت دا، ژمارە دوو لە ئۆپیک ئەوەو ڕۆژانە لە (۲۰۱۸) ەدا بڕی (٥) ملێون بەرمیل بەرھەم ئەھێنێت و (٤) ملێونی ھەناردە ئەکات. بەمەش کێبڕکێی ئێران و ڕووسیا لە لایەک و ئەمریکاو ئەوروپا لە لایەکی تر زێدەتر ئەبێت.
بەپێی ئەم نووسینە ئەمریکا نەوتی ووڵاتانی کەنداو و دەریای ناوەڕاستی کۆنترۆڵ کردووەو ئەیانەوێ عێراق ئێران تێپەڕێنێت و ڕووەو ژوور ھەنگاو بنێت. ئەم دوو توێژەرە ئەڵێن ٤۰٪ ووزەی عێراق لە باکوری عێراقەو پێویستە ئەمریک ڕێگە نەدا ئەمە بکەوێتە دەستی ئێران. 
دووەم: غازی سروشتی لە عێراق ئەبێتە بابەتێکی ھەستیار، لە عێراقدا   (۱٦) ملیار مەتر شەش جا غاز بە ھەدەر ئەچێت بە ھۆی سوتانی نا ئاساییەوە کە ئەمە ئەکاتە (۰٫٥٪) سەتا نیوی یەدەگی جیھان، ساڵانە بۆ وەبەرھێنانی کارەبا عێراق (۲) ملیار/ م٦ ی پێویست وەبەردێنێت، بەگشتی ڕاستە ئەمە مەسەلەیەکە، لەمە گرنگتر ئەوەیە عێراق ئەبێت بە ترانزێتی بۆڕی غاز و کاریگەری و پەیوەندی بە ئوردن، سعودییە و کەنداو بەگشتی، تورکیا، ئێران، سوریاوە ئەبێت. کەواتە عێراق ئەبێتە چەقی گۆڕانکاری گەورەو حیساب بۆکراو بە تایبەت بۆ ھەریەکە لە ئێران و تورکیاو ئەمریکا عێراق ئەبێتە پشتێنەو پێویستییەکی گەورە.
سێھەم: لەبارەی کەرکوکەوە شتێکی وا تازە ناڵێن، مەسەلەن ھەر لایانوایە کە کەرکوکەو لەساڵی (۲۰۱٤) کە داعش ھاتووە ئیتر حکومەتی عێراق توانای سەربازی و ئەمنی لەدەستداوە، کوردو پێشمەرگە فورسەت ئەھێنن ڕۆژانە (۳۰۰) سێ سەت ھەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوک ئەفرۆشن بە ڕێگەی ھێڵی کوردستان - جەیھان و، دواییش کە دەوڵەتی ئیسلامی تێکشکێنراو لاواز بوو، حکومەتی عێراقی ھاتۆتەوە ئەو شوێنانەی لە کورد وەرگرتۆتەوە.
چوارەم: ئەنەلایزەکە ڕیفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان بە ھەڵەیەکی ستراتیژیی باس ئەکاو، لایشی وایە کە کێشەکانی ھەرێم و بەغدا دوای ھەڵبژاردنی ئایاری ۲۰۱۸ قووڵتر ئەبنەوەو ڕۆڵی ئەمریکا تەنھا ئەوەیە کە نەھێڵێت بەریەک بکەون.


‌‌‌
3/15/2018 5:02:28 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ