راپۆرت

پەکەکەو تەمەنی ئەردۆگان


به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

"ھەموو لایەک ئەبێت بۆ تورکیای پاش ئەردۆگان خۆیان ئامادە بکەن"

با لە دەریای ناوەڕاستەوە پێیدا بێین: یەک دامەزراوەی ئیسرائیلی نییە دان لە ئەردۆگان جیڕ نەکاتەوەو پەلاماری نەدات، میسر ئەردۆگان بەسەرچاوەی فیتنە لەناوچەکە دائەنێت، ئیمرۆکە یۆنان و تورکیا لە لێواری ئەوەدان لەڕووی سەربازییەوە بە یەکدا بکێشن، چەند ساڵە داوا ئەکەن تورکیای داگیرکەر لە قوبرێ بچێتە دەرەوە، کەچی ئەردۆگان ئەڵێت جگە لە قوبرس (١٨) دوورگەی تری یۆنان خاکی تورکیاو، پەیماننامەی لۆزانی (١٩٢٤) ڕۆیشت و تێپەڕی. قوبرێی یۆنانی ووڵاتێکە بووەتە بنکەو ھێڵێکی جیۆ-ستراتیژی گرنگ کە ڕۆژ بەڕۆژ پێگەکەی لە ھەڵکشاندایەو، ھەموو شتێکی تورکیا ڕەت ئەکاتەوە.
یەک ووڵاتی ئەوروپی نییە خوازیاری سزادانی ئەردۆگان نەبێت، ھەموو ھەفتەیەک ئەردۆگان بە باڵوێزی ئەمریکا لە ووڵاتەکەی ئەڵێ (بڕۆرەوە، چی ئەکەی لێرە بۆ ناڕۆیتەوە). لە سوریا ئەردۆگان دژی دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشە. لە عێراق بەھۆی بە بارمتەگرتنی تیمێکی میتەوە لەی لایەن پەکەکەوە تەواوی سیاسەتی ئەمنی سیستەمەکەی ئەردۆگان گۆچ بووە. شازادەی سعودییە "محەمەد بن سەلمان" ئەڵێ "ئەردۆگان سەرچاوەی تاکە ئاژاوەیەکە لەجیھانی ئیسلامی دا". ئێران و تورکیا پەیوەندییەکانیان کاتییە. 
لەناوخۆدا "کەمال کلیچدار ئۆغلۆ" سەرۆکی گەورەترین و ڕەگەزپەرسترین پارتی ئۆپۆزسیۆن ئامۆژگاری و ڕێی دیموکراسیەت نیشانی ئەردۆگان ئەدات، کڵیچدار ئۆغلۆ خاوەنی دوو گەورەترین ووتەیەکە، یەکەمیان ئەڵێ "چۆن ئەزانن من ناوم کەمالە ئاوھاش بزانن ئەردۆگان ھاوکاری داعشە". ھەروەھا ئەڵێت "ئەردۆگان تورکیای کردۆتە زیندانێک".
مایکڵ ڕۆبن توێژەری بەناوبانگی (American Enterprise Institute) و بەرپرسی پێشوی پنتاگۆن لایوایە، ئەردۆغان نەخۆشی غروری ھەیە و دەستێوەردانە سەربازی و سیاسیەکانی زۆر قورس لەسەر تورکیا کەوتووە. کاتی خۆی تورکیا جێ ی شانازی ناتۆ بو، بەڵام ئێستا خزمەتگوزاریە سەربازی و ئەمنیەکانی تورکیا لە سێبەر زیاتر ھیچی تر نین. سوپا و ئەمنی تورکیا نە ئەزمونیان ھەیە نە ڕاھێنان نە دیسیپلینی نەوەی پێشوی خۆیان ھەیە. لە ئێستا لە ھەر چوار فرۆکەوانێکی تورکیا یەکێکیان لە زینداندایە و زۆربەی فرۆکە ئێف ١٦ کانی تورکیا لەزەوی کەوتون بەھۆی نەبوونی فرۆکەوانی مەشق پێکراو. 
عیفرین کۆریدۆری کوردییەو، شەیڵ گاز و پێگەی عیفرین و سروشتی دڵفڕینی تورکیای تووشی ناواقیعیەک کردووە. تورکیا عیفرینی گرت بەڵام ناتوانێ تیا بەردەوام بێت، لەبەرئەوەی بڕیاری سەتاسەری جیھانە کە نە تورکیا، نە ئێران، نە ڕووسیا، نابێت ھەژموونی ئابوری و سەربازییان لەدەریای ناوەڕاست دا ھەبێت، ئەمانە ھەرچەندە لەڕووی سەربازییەوە بەھێز بن و، گروپی دژە بەھاکانی بەشەری لە خۆیان کۆبکەنەوەو فەندیان بکەن،ی ناتوانن ئەو ھێزە ئابورییە بن بەرەنگاری ھەژموونی ویلایەتە یەکگرتوەکان ببنەوە لەناوچەکەدا، کە ئێستا سعودییەو ئیسرائیل سەرکردایەتی سیستەمی نوێی ھەرێمایەتی ئەکەن لە سنوری دەریای ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا، بەپاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا. بە گشتی ھەموو لایەک ئەبێت بۆ تورکیای پاش ئەردۆگان خۆیان ئامادە بکەن.

پەکەکە لە ٢٠١٥ ەوە تەنھا بارێکی قورسە بەسەر کوردەوە!
سۆز و ھاوپشتی نابێت چاوی واقیع و شیکردنەوە کوێر بکات، کورد دەرفەتێکی وای بۆ ھەڵکەوت لە باشوری کوردستان خاوەن ھێڵی بۆڕی و داھاتی بەرزو پەیوەندییەکی پتەو بو لەگەڵ دراوسێکانی، لە ڕۆژئاوا ھیچ نەبایە ناوچەکانی پاراست لە ئاگربارانی جەنگی سوریاو، خاوەنی فیدراڵییەک بو (ئەبو)، لەباکور لەمێژوودا ھەزار ساڵ جارێک دەرفەتێکی وا ڕێک ناکەوێ، کورد بو بە خاوەنی (٨٠) کورسی پەرلەمانی، ئەردۆگان 
و چەندین لایەنی دیکەش ھاتنە سەر بەڕەکەی کورد، تا بەشداری بکات لە پێکھێنانی حکومەت دا لەگەڵ ئاکپارتی، کورد لەو بەشداریکردنەوە (١٠٠%) ئەیتوانی ھەموو گیراوەکانی لە زیندان (بە ئۆجەلانیشەوە) ئازاد بکاو، شارە کوردییەکان ئاوەدان بکاتەوەو، لەپاڵ حکومەتی تورکیاوە دیبلۆماسیەتێکی باش بەرجەستە بکاو، ئەم ھەموو بەربەرەکانییەی ئیمڕۆی ئەردۆگان یش بۆ سەر ھەزاران ژن و مناڵی کورد ڕووی نە ئەدا.
بە فشاری ئێران و بە فشاری پەکەکە " دەمیرتاش" و پارتەکەی نەچوونە حکومەت و، سەرەنجامەکەشی سیاسەتی ھەڵەی پەکەکە کوردی تورکیاو نوێنەرەکانی کردە قوربانی و، ئێرانیش قازانجی یەکەمی کرد کە ئەگەر کوردی باکور ئەو ھەمو دەستکەوتەیان ھەبوایە، ئەسەح لە ڕۆژھەڵاتیش کورد ئەچووە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە.
ئەوەی خەمی کوردەکانە بەگشتی، ئەوە نییە ستەمیان لێکرا، ئەوەیە ئەتوانن ببن بە شت و نابن، ئەتوانن کاری ھەژێنەر بکەن و نایکەن، سیاسەت دیالەکتیکە، تازە زلھێزەکان و یەکە ھەرێمییەکان بڕیاری خۆیان داوە چی ئەکەن، ئەوەی بە کورد ئەکرێت ئەوەیە ئاواز و پاتێرنی مۆسیقاکەکەیان لێ تێک بدات، کوردەکان بۆ ئەیانتوانی لەناوجەرگەی دەستەڵاتی سەددام دا گورز بوەشێنن لە تورکیایەکی شێواوی وەک ئیمڕۆدا ناتوانن ھیچ شتێکی ئەوتۆ بکەن!. چی لەوە ئاسانترە یەکێتیەکی یۆنانی- ئەرمەنی- کوردی دروست بکرێت!. ئیمڕۆکە یەک ڕووداوێکی بچووک ئەتوانێ زۆر شتی گەورە لەناوچەکە بگۆڕێ. بۆ نا ؟.


‌‌‌
3/18/2018 5:20:16 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ