مێژوو

وەسیت نامەکەی قازی محمد بو کورد



کارزان عوسمان کەلاری

دامەزرێنەری کۆماری مەھاباد پیشەوا قازی محەمەد،‌ بەر لە لەسێدارەدانی وەسیت نامەیەکی ئاڕاستەکرد چەندین خاڵی گرنگی لەخۆگرتووە ئاراستەی کوردی کردووە. ئەمەی خوارەوەش دەقی وەسیتنامەکەیە


دەقی وەسێتنامەکە"

بسم اللە الرحمن الرحیم

نەتەوەی زۆر لێکراو، بێبەش‌و چەوساوەی کورد! برایانی بەڕێز! لە دوایین ساتەکانی ژیاندا بابەت گەلێتان وەک ئامۆژگاری پێ دەڵێم، بۆ رەزامەندیی خودا دەست لە دوژمنیی یەکتر ھەڵگرن، یەک بگرن و بۆ پشتیوانی لەیەکتر ھەڵسن، لە بەرامبەر دوژمندا راوەستن، خۆتان بەنرخێکی کەم بە دوژمنەکان مەفرۆشن. دوژمن تەنیا بۆ گەیشتن بە قازانجەکانی ئێوەی دەوێ. پاش ئەوە ئیتر زیاتر لە تڵپەیەک نین.

دوژمنانی نەتەوەی کورد زۆرن، زۆردان، نامەرد‌و بێویژدانن، رازی سەرکەوتنی ھەر نەتەوەیەک یەکێتیەتی ‌و پێکەوە بوونە، ئازادیی نەتەوەیەک پێویستی بەپشتیوانی گشت نەتەوەکەیە، نەتەوەی یەک نەگرتوو ھەمیشە لە ژێر دەسەڵاتدایە، ئێوە نەتەوەی کورد شتێکتان لەنەتەوەکانی دیکە کەمنیە، بەپێچەوانەشەوە پیاوەتی، غیرەت ‌و ئازایەتی ئێوە فرە زۆرترە، ئەو نەتەوانەی لە بەندی دیلی رزگاریان بووە یەکگرتوو بوون ‌و تەواو، ئێوەش دەتوانن بە یەکگرتوویی ‌و ھاوپێوەندی زەنجیری دیلێتی پچڕێنن، ئیرەیی، خەیانەت و خۆفرۆشی وەلانێن، ئیتر فریوی دوژمنان مەخۆن، دوژمنی نەتەوەی کورد لە ھەر تاقم ‌و گروپ ‌و رەنگ ‌و رەگەزێک، ھەر دوژمنە، بێ بەزەیی ‌و ویژدانە، ئێوە لەگیان یەک بەردەدا تا بەقازانجەکانی خۆی بگا، بە بەڵێنی گەلی درۆزنانە ئێوە دەخڵەتێنێ، لەئیسماعیل ئاغای شکاک تا جەوھەر ئاغای برای ‌و حەمزە ئاغای مەنگوڕ‌و چەندین‌و چەند قارەمانێکی دیکە، فریوی ئەم زۆردارە مەلعونانەیان خوارد‌و ناپیاوانە شەھیدکران، ھەمویانیان بەقورئان ‌و سوێند فریودا، ئاخر ئەمانە کەی لە قورئان ‌و سوێند تێدەگەن، وەفا لەلای ئەم کۆمەڵە، شمەکی بازاڕ،. لە رێگەی خوداو بۆ رەزامەندیی ئەو پشتی یەکتر چۆڵ مەکەن ‌و یەکگرتوو بن، دڵنیابن ئەگەر دوژمن ھەنگوینتان پێبدا، تێکەڵ بەژەھرە، فریوی سوێندە درۆزنەکانی مەخۆن، ئەگەر ھەزار جار سوێند بخۆن دووبارە ھیچ ئامانجێکیان جیا لە لەنێوبردنی ئێوە نیە.

لە دوایین کاتژمێرەکانی ژیانمدا خودا بەشایەتی دەگرم کە لە رێگای ئازادی ‌و بەختەوەریی ئێوەدا گیان ‌و ماڵی خۆم بەختکرد‌و لە ھیچ ھەوڵێک کۆتاییم نەکرد، لەلای ئەمانە، کوردبوونی ئێوە تاوانە، سەرو گیان ‌و ماڵ و شەرەفی ئێوە لەلایان حەڵاڵە، ئەوان چونکە لە گۆڕەپانی شەڕدا ناتوانن لەبەرامبەر ئێوەدا راوەستن، ھەمیشە ھانا بۆ فێڵ و تەڵەکە دەبەن، شا‌و دەست ‌و پێوەندییەکانی بەجاران پەیامیان نارد کە بۆ وتوێژ ئامادەن ‌و مەیلی خوێن رشتنیان نیە، بەڵام من دەمزانی ئەوان درۆدەکەن، ئەگەر خیانەت، خۆفرۆشی و فریوخواردویی ھێندێ لەسەرۆک عەشیرەکان نەبوایە، کۆمار ھیچ کات شکستی نەدەخوارد.

وەسیەت دەکەم منداڵەکانتان فێری زانست و عیلم بکەن، نەتەوەی ئێمە شتێکی لە نەتەوەکانی تری جیھان کەم نیە، جیا لە زانست ‌و عیلم، فێری زانستبن تا لە کاروانی مرۆڤایەتی دوا نەکەون، زانست، چەکی لەنێوبردنی دوژمنانە، دڵنیابن ئەگەر بە دوو چەکی یەکێتی‌و زانست پۆشتە ببن، دوژمنان کارێکیان بۆ ناچێتە پێش، ئێوە نابێ بەمردنی من ‌و براکان ‌و ئامۆزاکانم ترس بچێتە دڵتانەوە، ھێشتا قارەمان گەلێکی زۆر دەبێ گیان فیدا بکەن تا داری ئازادیی کوردستان بگاتە بەرھەم، دڵنیام پاش ئێمەش قارەمان گەلێکی دیکە ھەن کە فریوبخۆن، بەڵام ھیوادارم مەرگی ئێمە ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ سەرجەم خەباتگیڕانی ئازادی کوردستان، وەسیەتێکی دیکەم بۆ دڵسۆزانی نەتەوەی کورد ھەیە، لەخودای گەورە داوای ئازادی نەتەوەی خۆتان بکەن، شایەت لەخۆتان بپرسن بۆ من سەرنەکەوتم؟ لە وەڵامدا دەبێ بڵێم بەخودا سەرکەوتووی راستەقینە منم، چ نێعمەتێک لەوە سەرترە کە سەرو ماڵ و گیانم لە رێگای نەتەوەو نیشتمانمدا بەخت بکەم، باوەڕ بکەن من جاران داوام لە خودا کردوە ئەگەر بمرم بەشێوەیەک گیان لەدەست بدەم کە بە رومەتی سورەوە لەلای خودا‌و پێغەمبەر‌و نەتەوەکەمدا ئامادە بم، وەھا مردنێک سەرکەوتنی راستەقینەیە.

خۆشەویستانم! کوردستان، نیشتمانی کورد‌و ماڵیەتی،. ھیچ کەسێک مافی ئیرەیی ‌و بەخیلی نیە، ھەموو لەماڵی خۆیاندا ئازادن، ھەرچی لە دەستتان دێ بۆ ئازادیی کورد کۆتایی مەکەن.

ئیتر نابێ لەسەر رێگای ئەو کەسانەدا کە بەرپرسایەتی دەگرنە ئەستۆ راوەستن، لەبەرد خستنە رێگە دەست ھەڵگرن و ئەرکەکانتان بەباشترین شێوە بەڕێوە ببەن، دڵنیابن برا کوردەکەتان لە دوژمنی بێگانە زۆر باشتر، ئەگەر من بەپرسایەتیم وەئەستۆ نەگرتبایە ئێستا لەپای چێوەی داردا نەبووم و لەلای بنەماڵەکەم رۆژەکانم دەبردەسەر، بەڵام ئەرکی من، بەرزترین ئامانجم بوو، تا پێی گیان راوەستام، بەھیوای خوداوەندی گەورە، لە ئاکامدا بەسەر دوژمناندا سەردەکەون.

١ـ بڕواتان بە خودا‌و ماجا‌و من عنداللەو پێغەمبەری ئەکرەم (س) ھەبێ ‌و ئەرکە دینییەکانی خۆتان بەباشترین شێوە بەڕێوە ببەن.

٢ـ یەکێتی ‌و ھاوپێوەندی، رەمزی سەرکەوتنە، ئیرەیی‌و خۆ فریودان وەلابنێن ‌و لە وەرگرتنی بەرپرسایەتی ‌و خزمەتکردندا لەگەڵ یەکتر کێبڕکێ بکەن.

٣ـ زانست ‌و ئاگایی خۆتان بەرنەسەرێ تا فریوی دوژمنان نەخۆن.

٤ـ ھیچ کات دوژمن بەدۆست مەزانن، چونکە دوژمنی نەتەوەو نیشتمان ‌و دینتانە.

٥ـ خۆتان بۆ چەند رۆژ ژیان لەم دنیا لەناوچوەدا مەفرۆشن، مێژوو سەلماندویەتی کە دوژمن بەبچوکترین بیانوویەک، دەست بۆ کوشتار‌و سەرکوت دەبا.

٦ـ خیانەت بەیەکتر مەکەن، نەخەیانەتی سیاسی ‌و نە خەیانەتی ماڵی ‌و گیانی ‌و ناموسی، خیانەتکار لەلای خودا‌و گەل روڕەشەو خیانەت، لەئاکامدا بۆ خۆی دەگەڕێتەوە.

٧ـ لەتەک ئەو کەسانەدا بێ خیانەت ئەرک بەڕێوەبردن ھاوکاری بکەن. خودای نەخواستە ھیچکات مەبنە سیخوڕی بێگانە.

٨ـ ئەو شوێنانەی لە وەسیەتنامەکەدا ئاماژەم پێکردون (مزگەوت، قوتابخانەو نەخۆشخانە) ھی خۆتانن، بەباشترین شێوە کەڵکیان لێوەرگرن.

٩ـ واز لە شۆڕش مەھێنن تا لەژێردەستەیی دەرباز بن. ماڵی دنیا ھیچ نیە، ئەگەر نیشتمانێکتان ھەبێ، سەربەخۆییەکتان ھەبێ و ماڵ و خاک ‌و نیشتمانتان ھی خۆتان بێ، ئەو کات ھەموو شتێکتان دەبێ، ھەم سامان ھەم دەوڵەت، ھەم ئابڕو و ھەم نیشتمان.

١٠ـ گومان ناکەم جیا لە مافی خودا (حق اللە)، مافێکی دیکە لە ئەستۆم بێ، سەرەڕای ئەمەش ئەگەر کەسێک ھەست دەکا قەرزێکی بەلامەوەیە بچێتە لای میراتگرانم.

تا دەست نەدەیە دەستی یەکتر، سەرکەوتن مسۆگەر نابێ. لە یەکتر زۆر مەکەن، چونکە خوداوەند دوژمنی زۆردارانە، ھیوادرام وتەکانم وەرگرن، خوداوەند ئێوە بەسەر دوژمناندا سەرخات.
مراد ما نێیحت بود و گفتیم (مەبەستی ئێمە ئامۆژگاری بوو وتمان)
حوالت با خدا کردیم و رفتیم (سپاردمان بە خودا‌و رۆیشتین)

خزمەتگوزاری نەتەوەو نیشتمان قازی محەمەد


‌‌‌
3/30/2018 9:59:54 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ