راپۆرت

وڵاتان بۆ رێزی ئیسرائیل دەگرن بەڵام ھی کوردستان نا؟


عەبدوڵا حەوێز ـ توێژەر

- لەدوای ریفراندۆم، ئەردۆگان بۆ زیاتر لە دوو ھەفتە رۆژانە ھێرشی شەخسی دەکردە بارزانی و چەندین جار لە وتارەکانی سوکایەتی پێدەکرد و تا ئێستاش ڤیدیۆکان لە یوتیوب ماون، بەڵام سەرباری ئەمە نێچیرڤان بارزانی خۆی ئەو کاتە وتی چەندین جارە پەیوەندی بە بەرپرسانی تورکیاوە دەکەین و وەڵامی پەیوەندیەکانمان نادەنەوە.

- ئێستا دوای ئەوەی ھەوڵی ریفراندۆم بە تەواوی لەبار برا و حکومەتی ھەرێم بە چۆک دادرا و بە بێھێزی و ناچاری چوویەوە بەغدا، ئینجا دوای ئەوەی تورکیا بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ رەزامەندی حکومەتی ھەرێم (و بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراق بەڵام حکومەتی عێراق) زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەتر ھاتووە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان کەچی نێچیرڤان بارزانی و سایتی حکومەتی ھەرێم و کەناڵی رووداوی نێچیرڤانی بارزانی زۆر بە شانازیەوە دەڵێن ئەردۆگان و یەڵدرم پەیوەندیان لە نێچیرڤانەوە کردووە بۆ سەرەخۆشی بەبۆنەی مردنی دلۆڤانی برای.

- حکومەتی ھەرێم دەڵێت تورکیا بەبێ رەزامەندی ئەوان سنوری بەزاندووە و ئەوان ناتوانن ھیچ بکەن، بەڵام خۆ دەتوانی وەک نارەزایەتی ئەم سنور بەزاندنە ئیدانە بکەی، نەک ئەوا بێ رێزیت پێ بکرێ و قەبوڵی بکەی - تۆ کە خۆت رێزت لە خۆت نەگرت، بۆ دەبێ ھیچ کەس رێزت بگرێ؟ 

- لەسەر ئەوە نموونەیەکی باش ئیسرائیلە: خەڵکێکی زۆر وا دەزانێت بەریتانیا بە چەپکە گوڵە دەوڵەتی ئیسرائیلی بۆ ئیسرائیلیەکان دروستکردووە، بەڵام ئەمە ھیچ ئەسڵو ئەساسی نیە، ئەسڵەن لە چلەکان یەکێک لە سێ میلیشا سەرەکیەکەی ئیسرائیل بەناوی میلیشای لیحی چەندین کردەی تیرۆریستی دژی سوپای بەریتانیا کە ئەو کاتە لە فەڵەستین بوون ئەنجمدا، تەنانەت ئەم میلیشایە بوو کە ئیدوارد گینیس کە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بوو بۆ خۆرھەڵاتی ناوەراست تیرۆر کرد، بەڵام دواتر جولەکەکان بەھێز و توانای خۆیان دەوڵتیان دروست کرد (سەرباری ئەو تێبنیانەی لەسەر مافی مرۆڤ لە ئیسرائیل ھەیە)

- خەڵکی ئێمە ھەمیشە چاوی لە دەستی ئەمریکا و ئەوروپا و خەڵکی کەیە تا بیپارێزن و ھاوکاری بکەن، بەڵام ئەگەر تۆ خۆت پێنەپارێزی، بۆ شایەنی حکومەت و دەوڵەتی خۆتی؟ یان لەجیاتی خزمەتی وڵاتی خۆت، تۆ خەریکی خزمەتی بنەماڵەیەک بی، بۆ ھیچ کەس یارمەتیت بدات یان ریًزی بۆت ھەبێت؟

- لەسەر پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلیش، بە نموونەیەک ئەم پەیوەندیە روون دەکەمەوە. خەڵکێکی زۆر وا دەزانین ئەمریکا لە ھیچ و خۆرایی یارمەتی ئیسرائیل دەدات و خەڵکێک دەڵێت ئەرێ بۆ ئەمریکا یارمەتی ئەوان دەدات و یارمەتی ئێمە نادات؟ بەڵام پەیوەندی ئیسرائیل و ئەمریکا سەرباری بچووکی ئیسرائیلی دەتوانین بڵێین ئەمریکا زیاتر سودی لە ئیسرائیل و عەقڵی ئیسرائیل بینیوە تا ئیسرائیل سودی لە ئەمریکا بینێت، بۆ نموونە فرۆکەی بێ فرۆکەکان یاخود درۆن سەرەتا لەلایەن ئیسرائیلە دروستکراوە و بە سەرکەوتویی تاقی کراوەتەوە، ئەمریکا لە حەفتاکان زیاتر لە ملیارێک دۆلاری سەرفکردن بۆ پرۆگرامی دروستکردنی درۆن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و دواتر ئەم پرۆگرامە بە ناچاری داخرا، دواتر ئەمریکا داوای یارمەتی لە ئیسرائیل کرد، ئینجا دواتر ئەمریکا ئەم درۆنەی لە شەری کوێت دژی عێراق بەکار ھێنا، کاتێک کۆمەڵێک سەربازی عێراقی ئەم درۆنە دەبینن نازانن چ شتێکە بەڵام بە ترسەوە ئاڵای سپی ھەڵدەکەن و تەسلیم دەبن کە ئەمەش یەکەمجار بووە لە مێژوو کە کۆمەڵێک سەرباز تەسلیم بە فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان ببن

- ئینجا لەو کاتە ئیسرائیل خەریکی بەرەو پێشبردنی ئەم درۆنانەیە ئەندازیارێکی جولەی عێراقی کە لە عێراق لەدایکبووبوو و ناوی ئەبی کەریم بووە و لەدوای دامەزراندنی ئیسرائیل دەچێتە ئەو وڵاتە یەکێک دەبێت لە عەقڵەکانی بەرەو پێشبردنی فرۆکەی بێ فرۆکەوان لە ئیسرائیل - دواتر دەچێت بۆ ئەمریکا و لەوی کۆمپانیایەکی تایبەت بە دروستکردنی فرۆکەی بێ فرۆکەوان دادەنێت و لە سەرەتا چونکە پارەیەکی ئەوتۆی لە دەست نیە لە گەراجی ماڵەکەیان دەست بە پرۆژەکەی دەکات، دواتر لە کاتی شەری بۆسنا ئەمریکا پێویستی بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان دەبێت، ئەو کاتە سوپای ئەمریکا داوا لە کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەکەن کە بەھاوکاری ئیسرائیل خەریکی بەرەوپێشبردنی درۆن دەبن بەڵام ئەم کۆمپانیایە بە سوپای ئەمریکا دەڵێن پێویستیان بە پێنج ساڵ و پەنجا ملیۆن دۆلار ھەیە بۆ دروستکردنی ئەم درۆنەی سوپای ئەمریکا دەیەوێت، کە ھەم کاتەوەکە و ھەم پارەکەش زۆرە و سوپای ئەمریکا پێی رازی نابن، لەم کاتە کاپنێکی سوپای ئەمریکا کە لە بۆسنا دەبێت بیری دەکەوێتە کە جارێک ئەم ئەبی کەریمەی بینیوە و ئینجا پەیوەندی پێوە دەکەن ئەو پێیان دەڵێت کە دەتوانێ بە شەش مانگ و بە پێنج ملیۆن دۆلارەی ئەوەی سوپای ئەمریکا دەیەوێت بیکات، دواتر سەرکەوتووش دەبێت و ئەم درۆنە رۆڵی سەرەکی دەبێت لە ئۆپۆراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا لە بۆسنا 

- ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەکی بچووکن کە رەنگدانەوەی چۆنیەتی پەیوەندی ئیسرائیلە لەگەڵ ئەمریکا و پێشتریش لەگەڵ بەریتانیا، ئەوان چاوەڕوانی ئەوە ناکەن خەڵک خێریان پێبکات بەڵکو بەھێز و توانای خۆیان وایان کردووە خەڵک رێزیان لێبگرێت ئینجا ئەوان ھەموو لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی وڵاتەکەیانن و کەس رازی نابێت خەریکی خزمەتی بنەماڵەیەک یان میلیشایەک بێت بۆیە ھەموو خۆی پێ گرنگە و ھەموو دەزانێت کە رۆڵی ھەیە لە دروستکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم وڵاتە و ھەر ئەمەش وای کردووە زۆربەی خەڵکی ئیسرائیل کەسی داھێنەر و بەرھەمھێن بن.

- ئینجا بێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر لەجیاتی دەوڵەت ئەوان ناچار بوونایە خزمەت بە بنەماڵەیەک بکەن یان بنەماڵەیەک خۆی یەکسان بکردایە بە بوونی ئیسرائیل، ئایا بەم شێوەیە دەبوو؟ بیگومان نەخێر. ئینجا ئایا خەڵک وەک ئێستا رێزی دەگرتن؟ بێگومان نەخێر.

- تۆ دەبێ خۆت وا بکەی خەڵک رێزت بگرێت، ئەگەر نا نە شایەنی رێزگرتنی و ئەگەر نەشتوانی بەگری لە خۆت بکەی نە شایەنی ئەوەی کەس بەرگریت لێبکات

- ئیستا تورکیا بەشێوەی نایاسایی ھاتۆتە خاکتەوە کەچی سەرۆک وەزیران و میدیاکانی شانازی دەکەن کە ئەردۆگان تەلەفۆنی بۆ کردووە!

‌‌‌
4/7/2018 12:57:52 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو