مێژوو

لەنێوان (مەلای گەورەی کۆیە) و (شێخ سەعیدی نورسی) دا


بزاڤـ: محەمەد سالار (پاشا)

١. ناو
- مەلای گەورە: مەلا محەمەدی مەلا عەبدوڵای مەلا ئەسعەد.
- نورسی: سەعید میرزا سەعید.

٢. نازناو
- مەلا محەمەد ناسراوە بەمەلای گەورەی کۆیە و (مەلای محەمەدی جەلیزادە).
- نورسی ناسراوە بە (بەدیع زەمان) و (سەعیدی نورسی) و (سەعیدی کوردی).




٣. ناوی دایک
- دایکی مەلای گەورە ناوی (عائیشە) بوە.
- دایکی نورسی ناوی (نوریە) بوە.

٤. باوک
- باوکی مەلای گەورە بەھەمان شێوە مەلا بوە وە (١١) پشتی ھەر مەلا بون.
- نورسی باوکی سۆفی و کاری جوتیار بوە.

٥. باری ئابوری خێزان
- مەلای گەورە لەخیزانێکی زەنگینی خاوەن موڵک لەدایک بوە.
- نورسی لەخێزانێکی ئاسایی جوتیار لەدایک بوە.

٦. بەرواری لەدایکبون
- مەلای گەورە لەساڵی (١٨٧٦ز) لەدایک بوە.
- نورسی لەساڵی (١٨٧٧ز) لەدایک بوە.

٧. شوێنی لەدایکبون
- مەلای گەورە لەقەزای کۆیە لەدایکبوە.
- نورسی لەگوندی (نورس)ی سەر بەقەزای ھیزان سەر بەشاری بتلیس لەدایک بوە.

٨. خوێندن
- مەلای گەورە لەتەمەنی (٧) ساڵیدا دەستی کردوە بەخوێندن.
- نورسی لەتەمەنی (٩) ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن.





٩. ئیجازەی مەلایەتی
- مەلای گەورە لەسەر دەستی مەلا عبدوڵای باوکی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتوە.
- نورسی لەسەر دەستی مەلا محەمەد جەلالی بایەزید ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتوە.

١٠. تەمەنی ئیجازە
- مەلای گەورە لەتەمەنی (١٨) ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتوە.
- نورسی لەتەمەنی (١٤) ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتوە.

١١. تەری بون
- مەلای گەورە لەتەمەنی (١٧) ساڵیدا بۆ ماوەی (١) ساڵی رەبەق لەمزگەوتی گەورەی کۆیە ماوەتەوە و نەھاتوەتە دەرەوە، کەدواتر وەک مەسعود محەمەد دەیگێرێتەوە مەلای گەورە پێی وتوە ئەو ساڵەی بەیەک لوقەی حەرام گۆڕیوەتەوە!.
- نورسی لەتەمەنی (١٢) ساڵیدا و بۆ ماوەی (٣) مانگ خۆی تەرخان کردوە بۆ زانست بەتەنھا جگە لەوەی لەبارلا و بتلیس و وان چەند جارێک ژیانی تەنیایی بەسەر بردوە.

١٢. تاریف (پێناسە)
- مەلای گەورە بەرھەم و کارەکانی دابەش ئەبن بۆ (٣) بەش:-
ڕ- کاری مەلایەتی و وانەوتنەوە و نوسین لەبواری ئاینی.
ب- کاری نیشتیمان پەروەری و بەرگری کردن لەکورد لەرێگەی ئەو بەرپرسیارێتیانەی کەوەریگرتوە و ئەو ھۆنراوانەی کەدایناون.
ت- کاری نوێخوازی و دژایەتی کردنی کۆنەپەرستی و مافەکانی ئافرەت.





چەند نمونەیەک:
- لەبارەی کوردبون دەفەرموێت:
ھەتا دەمرم ، لە بۆ کوردان دەناڵم 
عیلاجیان چۆن ؟ بکەم ھاوار بەماڵم
دەبێ من کەیفی چیم بە دونیا بێ ؟
قەومی من وە ڕەزیل و ڕیسوابێ

- لەبارەی کۆنەپەرستی پیاوی ئاینی ئەفەرموێت:
ئەگەر مڵکە ھەمووی مڵکی خودایە
ئەگەر شێخە ئەگەر قوتبە ھەبایە
ئیرادە و قودرەتی خودای من تەواوە
چ حاجەتمان بە شێخ ڕایی کراوە؟

- لەبارەی زانست ئەفەرموێت:
عیلمی کیمیات گەر نەخوێندوە
بەخوا نازانی خوا چی کردوە

- لەبارەی مافی ئافرەت ئەفەرموێت:
ژن زینەتی دنیایە، ئەمانەتی خودایە
حەبیبی موستەفایە قەڵاتن لە بۆ مێردان
ژنیش وەک موزەکەرە عەینی ئەویش بەشەرە

- نورسی ژیانی دابەش ئەبێت بۆ دوو بەش؛
ڕ- سەعیدی کۆن لەسەرەتای تەمەنییەوە دەست پێ دەکات تا ساڵی (١٩٢٦ز) و بریتیە لەکاری زانست وەرگرتن و گەشت وانەوتنەوە و سیاسەت کردن.
ب- سەعیدی نوێ لەدوای ساڵی (١٩٢٦ز)ەوە دەست پێ دەکات تا وەفاتی، بریتیە لەقاڵبونەوە لەپرۆژەی نوسینی (پەیامەکانی نور) و (کۆمەڵەی نور).





١٣. گەشتی زانستی
- مەلای گەورە بەحوکمی نەسەبی مەلایەتی کەمترین گەشتی کردوە بۆ وەرگرتنی زانستی ئاینی.
- نورسی بۆ وەرگرتنی زانست ئەم شارانەی کردوە (نەورس، تاغ، بێرمس، بتلیس، وان، دۆگۆ بایەزید، ئیسعرت، ماردین .. ھتد)

١٤. پێش نوێژی و وتار خوێندن
- ھەردوکیان کاری پێش نوێژی و وتار خوێندنیان کردوە.

١٥. بەرپرسیارێتی
- مەلای گەورە:-
ڕ- لەساڵی (١٩١٢ز) بوەتە موفتی کۆیە.
ب- لەساڵی (١٩١٥ز) بوەتە ئەندامی ئەنجومەنی زانستی موسڵ.
ت- لەساڵی (١٩١٩ز) بوەتە قازی کۆیە.
پ- لەساڵی (١٩٢٤ز) بوەتە ئەندامی ئەنجومەنی دامەزراندنی عێراق.
ج- لەساڵی (١٩٢٨ز) وازی لەکاری فەرمانبەری ھێناوە و خۆی تەرخان کردوە بۆ وانە وتنەوە.

- نورسی:-
ڕ- لەتەمەنی (١٥) ساڵیدا چوەتە شاری (بتلیس) و لەگەڵ (تاھیر پاشا) والی ئەو شارە ژیاوە.
ب- بۆ ماوەی (١٥) ساڵ لەشاری (وان) ماوەتەوە و دەستی کردوە بەوانەدان و ھەوڵی چاکسازی ئاینی و ئاشتەوایی لەنێوان خێل و ھۆز و عەشیرەتەکان.
ت- لەساڵی (١٩١١ز) چوەتە دیمەشق و لەوێ گرنگترین وتاری ئاینی داوە لەمزگەوتی ئومەوی کەبەوتاری شامی بەناوبانگە پاشان سەردانی بەیروتی کردوە.
پ- پاش بەیروت گەراوەتەوە ئەستەنبول و لەھەوڵدا بوە بۆ دوبارە دامەزراندنەوەی زانکۆی (زەھرا) و بەڵێنی لەسوڵتان وەرگرتوە بەڵام ھەڵایسانی جەنگی جیھانی رێگر بوە لەپرۆژەکەی.
ج- لەساڵی (١٩١٥ز) گەراوەتەوە وان و دەستی کردوە بەدروستکردنی سوپایەک بۆ بەرگری لەخەلافەتی عوسمانی و لەساڵی (١٩١٦ز) لەشاری بتلیس بریندار کراوە و دەستگیرکراوە و دورخراوەتەوە بۆ روسیا.
ح- لەھەمان ساڵ بوەتە ئەندام لە دار الحکمە
خ- لەساڵی (١٩٥٧ز) پشگیری حیزبی دیموکراتی بەسەرۆکایەتی عەدنان مەندەرێسی کردوە.



١٦. کتێب
- مەلای گەورە بەنزیکەی (٢٦) کتێبی ھەیە ئەگەر چی بەشێکی زۆری دەستنووسن و چاپ نەکراون.
- پەرتوکەکانی نورسی نزیک بە (١٣٠) پەیام دەبن و بریتین لە چوار بەش کە ھەر بەشێکی لەوی دیکە جیا دەبێتەوە بەم چەشنە؛
ڕ- ووتەکان
ب- نامەکان
ت- بریسکەکان
پ- تیشکەکان
ئەمە جگە لەوەی چەند پەرتوکێکی دیکەی ھەیە لەوانە (دەروازەیەک بۆ نور، کلیلەکانی جیھانی نور، دادگاییەکان، ژیاننامە، روبەروو ... ھتد) وە بۆ نزیکەی (٥٠) زمان وەرگێردراوە.

١٧. تەفسیری قورئان
- مەلای گەورە تەفسیری قورئانی کردوە بەزمانی کوردی کەبریتیە لە (١٠ بەرگ) و لەساڵی (٢٠٠٩ز) لەسەر ئەرکی مام جەلال لەچاپدرا.
- نورسی تەفسیرەکەی نزیک بە (٦٠٠٠) لاپەرە دەبێت بەڵام جیاوازی لەگەڵ تەفسیرەکانی دیکە ئەوەیە کەبەپێی زنجیرە و پلە بەندی نیە.

١٨. کتێبی (جمع الجوامع فی اێول فقە)
- مەلای گەورە شەرحی کتێبی ناوبراوی کردە.
- نورسی کتێبی ناوبراوی لەماوەی (١) ھەفتە لەبەرکردوە.

١٩. زمان
- مەلای گەورە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی و فارسی زانیوە.
- نورسی سەرەتا تەنھا زمانی کوردی زانیوە دواتر فێری زمانی عەرەبی بوە و لەتەمەنی (٢٠) ساڵیدا زمانی تورکی فێربوە!

٢٠. ھاوسەرگیری
- مەلای گەورە دوو جار لەژیانیدا ھاوسەرگیری کردوە.
- نورسی ھەرگیز ھاوسەرگیری نەکردوە.

٢١. دەستگیرکردن و زیندان و دورخستنەوە
- مەلای گەورە ھەرگیز دەستگیر نەکراوە و زیندانی نەکراوە و نەفی نەکراوە.
- نورسی ھەر (٣) حالەتەکەی بەسەردا ھاتوە، بەم چەشنە:
ڕ- دەستگیرکردن، لەساڵەکانی (١٩٠٧، ١٩٠٨، ١٩١٦، ١٩٢٠، ١٩٢٦، ١٩٣٥، ١٩٤٣، ١٩٤٨، ١٩٥٢... ھتد) زیندانی کراوە.
ب- دەرەنجامی دەستگیرکردن چەند جارێک بریاری لەسێداردانی بۆ دەرکراوە لەوانە (١٩٠٨، ١٩١٦، ١٩٥٢ ... ھتد).
ت- دەیان جار نەفی کراوە و دورخراوەتەوە.

٢٢. خەلافەتی عوسمانی
- مەلای گەورە دژی خەلافەتی عوسمانی بوە.
- نورسی بەشێکی تەمەنی بۆ پارێزگاری کردن لەخەلافەتی عوسمانی داناوە.

٢٣. نەبونی ترس
- مەلای گەورە لەبۆنەیەکدا لەھەولێر دەستی موتەسرفی گرتوە رێگەی نەداوە پێشی بکەوێت ھەروەھا لەبۆنەکەدا رەخنەی لەمەلیک فەیسەڵ گرتوە کە ئەمە نیشانەی ئازایەتییە.
- نورسی کاتێک دەستگیر دەکرێت لەلایەن ئینگلیزەوە پێی دەوترێت وەڵامی ئەو تۆمەتانە بدەرەوە کەدەخرێنە پاڵی بەدادوەر دەڵێت پێویست بەوەڵامدانەوە ناکات بەڵکو تفێک بەسە.



٢٤. کۆچی دوایی
- مەلای گەورە لەساڵی (١٩٤٣ز) کۆچی دوایی کردوە و لەکۆیە نێژراوە.
- نورسی لەساڵی (١٩٦٠ز) کۆچی دوایی کردوە و سەرەتا لە ئورفا نێژراوە و دوای دوو مانگ لەلایەن فرۆکەیەکی سەربازی گۆرەکەی ھەڵکەندراوە و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.


‌‌‌
4/10/2018 12:20:15 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ