راپۆرت

ھەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئەگەرەکانی


شـــوان ھـەورامــی

لەدوای بەکارھێنانی چەکی کیمیاویی لە شاری " دوما " لە ناوچەی غووتەی خۆرھەڵاتی دیمەشق ، جارێکی تر تویتەکانی " دۆناڵد ترامپ " ی چالاک کردەوە ، بەوەی ئەو تاوانەی رژێمی سووریا بێ وەڵام نابێت و دەبێ باجی تاوانەکەی بدات . 
بەڵام ئەوەی جێگەی ســـەرنجە ، نە لە ناوخۆی ئەمــــەریکاداو نە لەناو پەیمانی باکووری ئەتڵەســـیی ( ناتۆ ) دا کۆدەنگیی لەسەر لێدانی رژێمی سووریا نیە ، سەرەتا تویتەکانی ترامپ بە ئەندازەیک گەرم بوون ، چاوەڕوان دەکرا وەکو رووداوەکەی " خان شێخوون " لە ماوەی چەند سەعاتێکدا لێدانی بنکەو شوێنە ستراتیژییەکانی سووریای بەدوادا بێت ، بەڵام دواجار ترامپ رایگەیاند کاتی لێدانەکە دیاریی نەکراوەو مەرج نیە لێدانی سەربازیی ھەموو ئەگەرەکە بێت ، بەڵکو ئەگەری تریش ھەیە . ئێوارەی ١٢/ ٤ / ٢٠١٨ "جیمس ماتیس" ی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا رایگەیاند " تا ئێستا بەڵگەی یەکلاکەرەوەمان لەبەردەســـــتدا نیە کە رژێمی سووریا ئەو چەکەی بەکار ھێنابێت " ، ئەمە دەری دەخات کە لەناو ئیدارەی ئەمەریکادا کۆدەنگیی تەواو لەســـەر لێدانی ســــووریا نیەو ئەو ناوەندەش کە دەبێ بەو کارە ھەڵســــێت " پنتاگۆن " ە ، کە دامەزراوەیەکی بەناوبانگ و خاوەن پێگەی وڵاتە . 
ھەروەھا ھاوپەیمانە خۆرئاواییەکانی ئەمەریکا ، لەسەرەتادا بەخێرایی پشتیوانیی خۆیان بۆ ترامپ راگەیاند ، بەڵام دواجار راستیی ھەڵوێستەکانیان ئاشکرا بوو ، تێرێزا مای کە رایگەیاند بەریتانیا بەشداریی دەکات لە لێدانی رژێمی سووریادا ، ئێستا پەشیمان بووەتەوە ، چونکە ناوبراو دەزانێت لەناو پەرلەمانی بەریتانیادا ئۆپۆزیسیۆنێکی بەھێز ھەیەو رازیی نین وڵاتەکەیان خۆی بخاتە ناو جەنگێکی ترەوە ، جێرمی کۆربن وەکو سیاسەتمەدارێکی ئۆپۆزیسیۆن ھەر زوو ئەو ھەڵوێستەی بە حکومەت راگەیاند . لــــە ئەڵمانیا " ئەنجیلا مێرگل " ی راوێژکاری ئەو وڵاتە رایگەیاند ئەوان بەھیچ شێوەیەک ئامادە نین بەشداریی لە لێدانی رژێمی سووریادا بکەن ، ئەوەش دەری دەخات ئەو وڵاتە نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیادا بە تەواویی بخاتە مەترسییەوە ، چونکە ماوەیەک لەمەوبەرو لە کاتی بەڕێوەچوونی گۆنگرەی ئاسایشی میونیخ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " چیتر نابێ ئەوروپا چاوەڕێی دەرەوەی بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی " بەوەش مەبەستی ئەمەریکا بوو ، کە لە دوای ھاتنی ترامپ ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکات کە لە بەرانبەری پاراستنی ھەر ھاوپەیمانێکی ئەمەریکاوە دەبێ ئەو ھاوپەیمانە بڕی تێچوونی ئەو پاراستنە بدات ، جگە لەوەی گوشاری خستە سەر ئەندامانی ناتۆ کە ساڵانە بڕی ٢% ی بودجەیان بۆ ناتۆ دیاریی بکەن ، دەنا ئەمەریکا ناتوانێت بودجەی ناتۆ دابین بکات . ھەروەھا "ئیمانۆیل ماکرۆن"ی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند کە بەڵگەی تەواویان ھەیە لەسەر ئەوەی رژێمی ســووریا چەکی کیمیاویی بەکارھێناوەو پشتیوانیی لە ھەڵوێستی ئەمەریکا دەکەن ، بەڵام دواجار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ پۆتین دا دۆزینەوەی رێگە چارەی ئەو کێشەیەیان بە وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی ھەردوو وڵات سپارد . 
ئەمەریکا لە دوای ئەم رووداوە دەیەوێت بە ھەڕەشەکانی – تەنانەت بۆمبارانی چەند ناوەندێکی سەربازیی ســووریاش – چەند نامەیەک ئاراستەی رووســـیا و ئێران و دۆستەکانیشی بکات .



ئەمەریکا و رووســـیا

لەسەردەمی ئۆبامادا کە ستراتیژی کشانەوەی ئەمەریکای لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست داڕشت و زیاتر گرنگیی دا بە باشووری خۆرھەڵاتی ئاسیاو دەریای چین و ئەمەریکای ناوەڕاست و باشوور ، تەنانەت لەدوای بەزاندنی ئەو ھێڵی سوورەی بۆ رژێمی ســووریای دیاریی کردبوو لە بەکارھێنانی چەکی کیمیاویدا ، لەبەر ئەوەی مانەوەی بەشار ئەسەد و رژێمەکەی خواستی لۆبی زایۆنیستیی بوو ، ھیچ ھەڵوێستێکی نەگرتەبەر و مەسەلەی داماڵینی چەکی کیمیاوییەکەی بە ناوبژیوانی رووسیا چارەسەر کرد ، کە رووسیا بۆ خۆی پشتیوان و بەشدارە لە تاوانەکانی ناو ســووریادا و دواجار دەرکەوت ئەو چەک داماڵینە چاوبەست بووەو تەواوی گەنجینەی کیمیاوییەکەی رادەستی لیژنە نێودەوڵەتیەکە نەکردووە .
لەدوای ھاتنی ترامپ رژێمی ســووریا بۆ جارێکی تر لە " خان شێخوون " چەکی کیمیاویی بەکار ھێنایەوە ، لەماوەیەکی کورتدا سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا بە بۆمباران کردنی فڕۆکەخانەی شوعێرات ، بەڵام پێشوەخت رووسیای لەو ھێرشە ئاگادار کردبووەوە ، ھەر بۆیە زیانی زۆر کەم بە فڕۆکە و پێداویستیە سەربازییەکانی رژێم کەوت . جگە لەوەش ترامپ تەنیا بۆ نمایشی ھێز ئەو کارەی کرد ، چونکە ئەگەر بەرنامەی ھەبوایە ، دەبوو لە دوای بۆمبارانەکە گفتوگۆی ئاشتیی بە ئاقارێکی تردا رێگەی خۆی بگرتایەتەبەر ، کەچی بە پێچەوانەوە لە "جنێف"ەوە گوێزرایەوە بۆ ئاستانە و سوچی .
لە دوای بەکارھێنانەوەی ئەم چەکە لە زۆر شوێنی تر و ئەمجارەش لە غووتەی خۆرھەڵات ، ئەوە چەند رۆژێکە ترامپ ھەڕەشە دەکات و نامە ئاراستەی رووسیا دەکات کە " مووشەکە جوان و زیرەکەکان بەڕێوەن بۆیە ئامادە بن " ، بەڵام ئەمەریکا نایەوێت لەگەڵ رووسیا بکەوێتە جەنگێکی گشتگیرەوە ، بەڵام دەیەوێت :
١. لەدوای ئەوەی رووسیا و ئێران خۆیان بە سەرکەوتووی شەڕی سووریا دەزانن ، ئەمەریکا دەیەوێت ئەو خۆشییەیان لێ تێک بدات ، ھەروەھا دەیەوێت لەدوای ئەوەی رێگەیان نەدا شۆڕش سەرکەوێت و لە پەنای ئیسرائیل دا وڵاتێکی ئازاد دابمەزرێت و سوننەیان لەو وڵاتەدا تەفروتوونا کرد ، رێگە نەدەن رووسیا لە مەکۆی " ئاستانە " و " سۆچی " یەوە چارەسەری کێشەی ســووریا بکات ، بەڵکو چارەسەر بگەڕێننەوە بۆ بنەماکانی ئاشتیی " جنێف " ی یەک و دوو .
٢. لەدوای ھەرەس ھێنانی یەکێتیی سـۆڤیەت و بلۆکی سۆشیالیستیی ، ئەمەریکا و ناتۆ ویستیان بەشێوەیەک بەرەو خۆرھەڵات بکشێن ، کە رووسیا گەمارۆ بدەن و رێگە نەدەن بۆ جارێکی تر ھێزی خۆی زیندوو بکاتەوە ، بەڵام ڤلادیمیر پۆتین بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش توانیی بۆ جارێکی تر لە رووی تەکنەلۆژیی و سەربازییەوە پیشەسازیی چەکسازیی رووسیا ببووژێنێتەوەو سەرنجی وڵاتانی جیھان بۆ خۆی رابکێشێت ، تەنانەت تورکیا کە دووەمین ھێزی ناتۆیە سیستمی دژە ئاسمانیی S٤٠٠ لە رووسیا دەکڕێت و بناغەی کوورەیەکی ئەتۆمیی لەگەڵدا دادەمەزرێنێت ، ھەروەھا یۆنان چەند ساڵێکە سیستمی S٣٠٠ بەکار دەھێنێت ، رووسیا سووریای کردە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چەکەکانی بۆ ئەوەی بازاڕیان بۆ پەیدا بکات ، بۆیە ئەمە ئەمەریکای نیگەران کردووە ، بە تایبەتیی ئەو وڵاتە بۆ جارێکی تر پێگەیەکی گرنگی لە خۆرھەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست بەدەست ھێناوەتەوە . بۆیە ئەمەریکا دەیەوێت بە مووشەکە زیرەکەکانی شکۆی ئەو سیستمە بەرگرییەی رووسیا بشکێنێت . 
٣. مەسەلەی نزیکبوونەوەی تورکیا لە رووسیا بەھۆی پشتگوێ خستنی داواکارییەکانی و بەھاناوە نەھاتنی لە شۆڕشی ســـووریاداو لە کاتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی رووسیادا ، وایکرد کە ئەو وڵاتە زیاتر لە رووسیا نزیک ببێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و چنینەوەی دەسکەوتەکان لە کێشەی سووریادا ، کە لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆدا نەک ھیچی دەست نەکەوت بەڵکو خۆرئاواییەکان بە ئاشکرا لە کودەتاکەی سوپای تورکیا و گولەن دا بەشدارییان کرد و بۆ گوشار خستنە سەر ئەو وڵاتەش کارتی YPG ی باڵی سووریای PKK یان لە بەرانبەر تورکیاوە پشتیوانیی کرد ، بەڵام ئەردۆغان پراگماتیی رەفتاری کرد و ئەویش کارتی رووسیای بەکار ھێنا بۆیە ترامپ نایەوێت تورکیا زیاتر لە رووسیا نزیک ببێتەوە ، بۆیە لە ھێرشی عەفرین دا ھەڵوێستی نیشان نەداو دەیەوێت وەکو ئیمتیازێکیش بە تورکیا لە باکووری سووریا بکشێتەوە ، کە ئەگەر ئەم رووداوەی غووتە نەبوایە لەوانە بوو خێراتر بەو کارە ھەڵسێت ، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت لە نێوان رووسیا و ئەمەریکادا نێوەندگیریی بکات و دۆخەکە ھێور بکاتەوە .
٤. ھەرچەندە گەمارۆیەکی زۆر خراوەتە سەر ئابووریی رووسیا ، بەڵام ئەوەی ترامپ لە تویتەکانیدا ئاراستەی رووسیای کرد ، ھەڕەشەی گەمارۆی زیاتری ئابووریی بوو بۆ ئازار گەیاندن بە رووسیا ، ھەر بۆیە سەرۆکی پەرلەمان ( دۆما ) ی رووسیا رایگەیاند کە رۆژی دووشەممە ( ١٦ / ٤ / ٢٠١٨ ) پەرلەمان کۆدەبێتەوەو گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسایەک دەکات کە وەڵامدەرەوە بێت بۆ ئەمەریکا و بە پێی ئەوە کارو وەبەرھێنانی ئەمەریکییەکان لە رووسیادا سنووردار بکات ، ئەوەی ئاشکرایە ئەمەریکا نایەوێت لەم قۆناغەدا بەشێوەی سەربازیی رووبەڕووی مۆسکۆ ببێتەوە ، ھەر بۆیە ئەم لێدانە سەربازییەی ســووریای دواخستووە کە تەواویی ھێزە رووسیەکان و راوێژکارانیان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان ، تەنانەت ئێستا ھەموو چەکە گرنگەکانی سووریاش گوێزراونەتەوە بۆ بنکە سەربازییەکانی رووسیا ، ئەوەش بەو مانایە دێت کە لە رێگەی تەلەفۆنەکەی ھەریەکە لە ناتانیاھۆ لەگەڵ پۆتین و ئەردۆغان لەگەڵ ناوبراودا ، رووسیا لەو بابەتە دڵنیا کراوەتەوە کە لێدانەکەی ئەمەریکا زیاتر بنکە و پێگە سەربازییەکانی رژێم دەکاتە ئامانج . لەوەشدا ئەگەری ئەوە ھەیە کە بەو ھەنگاوەی خۆی بپارێزێت لە سیستمی دژە ئاسمانیی رووسیا بۆ ئەوەی ئابڕووی مووشەکە زیرەکەکانی ئەمەریکا بپارێزێت .
٥. بەرنامەی ترامپ لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا لە ژێر ناونیشانی " پێش لە ھەرشتێک ئەمەریکا " بەڕێوە برا ، بۆیە سەرۆکی ئەو وڵاتە نایەوێت ئەم جەنگەی ســووریا زیاتر پەلکێشی بکات بۆ ناو ئەو وڵاتە ، تەنانەت بەر لەم رووداوە ترامپ رایگەیاند " لەدوای کۆتایی ھاتنی شەڕی داعش وڵاتەکەی ھیچ بەرژەوەندییەکی نەماوە لە مانەوەی لە سووریادا " ، ئەوە بوو جێنشینی شای سعودیە داوای لە ترامپ کرد لە سووریادا پاشەکشە نەکات – ئەڵبەتە بۆ تۆڵە کردنەوە لە تورکیا کە لە کێشەکەی کەنداو دا پشتیوانیی لە قەتەر کرد – بەڵام ترامپ رایگەیاند بۆ مانەوەمان لە سووریادا پێویستیمان بە تێچوونی ئەو مانەوەیە ھەیە ، ئەگەر ھەر وڵاتێک بیەوێت بمێنینەوە دەبێ تێچوونەکەی دابین بکات . 
٦. لەبەر ئەوەی ترامپ بە عەقڵیەتی سەرمایەدارانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی دیبلۆماسیەتی وڵاتدا دەکات ، ئەمەریکای تووشی نامۆیی دیبلۆماسیی کردووە ، لەدوای لادانی ریکس تیلرسۆن و ھێنانی پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتۆن بۆ وەزارەتی دەرەوەو ئاسایشی نەتەوەیی ، کە ئەم دوانە لە سەربازگەی پارێزگارە نوێیەکانن و نمونەی شەڕخوازین ، لێڵیی و ناڕوونیی چاوەڕێی داھاتووی دیبلۆماسیەتی ئەمەریکایە ، کە پێدەچێت زیاتر کێشەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی ئەمەریکاو رووسیا و چین قووڵتر بکەنەوە ، کە دواجار ترامپ دوور بخەنەوە لە سیاسەتی سەرمایەدارانەی کە نایەوێت ئابووریی وڵات تووشی نەھامەتیی بکات . 


ئەمەریکا و ئێران 
ھەندێ لە چاودێران بڕوایان وایە کە گۆڕینی ریکس تیلرسۆن بە مایک پۆمپیۆ و ھێنانی جۆن بۆڵتۆن بۆ زیاتر گوشار خستنە سەر ئێرانە ، تەنانەت ئەگەر بگاتە راگەیاندنی جەنگیش ، چونکە تیلرسۆن رێکەوتنامەی ئەتۆمی بە رێکەوتنێکی گونجاو دەزانیی بە پێچەوانەی ترامپ کە دەڵێت خراپترین رێکەوتنامەیە لە مێژووی ئەمەریکادا . 
ناتانیاھۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەیدا لەگەڵ پۆتین رایگەیاندووە " رێگە نادەین ئێران پێگەی ھەمیشەیی لە ســووریادا بۆ خۆی بکاتەوە " ، بۆیە لە مەسجەکانی ئەمەریکادا بەرانبەر رژێمی ســووریا و ھەڕەشە لە ئێران ، چەند ئامانجێک ھەیە :
١. ئەمەریکا بەرەو گفتوگۆ دەچێت لەگەڵ کۆریای باکووردا ، بۆیە دەیانەوێت بە نیشاندانی ھێز لە ســـووریادا پێگەی خۆیان لەو گفتوگۆیەدا بەھێزتر نیشان بدەن .
٢. لە مانگی داھاتوو ( لە ١٢ / ٥ ) دا ترامپ دەبێت ھەڵوێستی خۆی لەبارەی رێکەوتنامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران رابگەیەنێت ، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی دیبلۆماسیەتی مووشەکی زیرەکەوە بە ئێران رابگەیەنن کە ئەگەر ئێران ملکەچی داواکارییەکانیان نەبێت ، ئەوا رێکەوتنەکە دەکەوێتە مەترسییەوەو لەوانەیە ئەمەریکا پاشەکشەی لێ بکات .
٣. ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ھاوپەیمانی ھەیە ، بە تایبەتی سعودیە و وڵاتانی کەنداو ، ئەوان لە ئەمەریکا چاوەڕوان دەکەن بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو بگرێت ، تەنانەت دەیانەوێت ئەو لێدانە رژێمی سووریا لە وڵاتانی عەرەبیی سەر بە ئەمەریکا نزیک بکاتەوەو لە ھەژموونی ئێران دووری بخاتەوە . ھەرچەندە دەبێ ئاگاداری ئەو راستیەش بین ھەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا بە سەدان ملیار دۆلاری وڵاتانی ناوچەکەی خستووەتە خەزێنەی ئەمەریکاوە ، چونکە ترساندنی وڵاتانی ناوچەکە بە ئێران ، ئەوانی ناچار کردووە بە خۆ پڕچەک کردن و زیاتر نزیک بوونەوە لە ئیسرائیل ، کەواتە ھەژموونی ئێران ھیچ زیانێکی لە خواستی ئەمەریکا و ئیسرائیل نەداوە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە پاڵی ناوە بە سیستمە دیکتاتۆریی و گەندەڵەکانی عەرەبەوە کە زیاتر خۆیان بە ئەمەریکاو سەھیۆنیەتەوە ببەستنەوە !!
٤. ترامپ دەیەوێت بە لێدانی سووریا خۆشەویستیی و پێگەی جەماوەریی خۆی – وەکو سەرۆکێکی بەھێز – بەرز بکاتەوە ، بە تایبەتیی لە دوای ئەوەی داواکاریی گشتیی گوشاری خستووەتە سەر و پێگەی جەماوەریی لەق کردووە . 
بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەگەر راوێژکارانی ئێران و میلیشیاکانیشی لە سووریا بکەونە بەر ھێرشی سەربازیی ، ئەو وڵاتە نایەوێت وەڵام بداتەوە ، چونکە ئەوروپاییەکان سوورن لەسەر پابەندبوون بە ڕێکەوتنامەی ئەتۆمییەوە ، بۆیە ئێران دەیەوێت ئەمەریکا بە پێشێلکاریی یاسا و پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتیەکان بناسێنێت ، بە تایبەتیی دوای ئەوەی " جیمس کۆمیی " سەرۆکی FBI کتێبەکەی خۆی لەسەر ترامپ لە رۆژی سێ شەممە ( ١٧ / ٤ / ٢٠١٨ ) بڵاو دەکاتەوە کە تیایدا نووسیویەتیی : ترامپ سەرۆکێکی دڕندەو بە سروشت درۆزن و سەرکردەیەکی بێ مۆراڵە و زۆر لە سەرۆکی مافیا دەچێت تا دەوڵەتمەدار ، چونکە ناوبراو پاشکۆیەتیی کوێرانەی دەوێت نەک پیشاندانی راستیی . 
ئێرانیەکان لە رێگەی مووشەکە بالستیی و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی حوسیەکانەوە وەڵامی ئیسرائیلیەکان دەدەنەوە ، چونکە ئەو تەکنەلۆژیایە لە رێگەی حیزبوڵڵای لوبنانەوە بۆ یەمەن گوێزراوەتەوە ، بۆیە لەم قۆناغەدا ئەگەر ئیسرائیلیەکان جەنگەکەیان لە سنوور تێپەڕێنن و حیزبوڵڵا پەلکێشی جەنگ بکەن ، مەحاڵە بتوانن رووبەڕووی ھەزاران مووشەکی باشووری لوبنان ببنەوە ، چونکە جەنگێکی لەو شێوەیە لەوانەیە تەواویی ناوچەکە بگرێتەوەو داھاتوویشی لێڵ و چاوەڕوان نەکراو بێت ، کە ھەمیشە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ناتانیاھۆی لە ھەڵەشەکارییەکی لەو شێوەیە ئاگادار کردووەتەوە . بەڵام پێدەچێت ناتانیاھۆ بۆ خۆپاراستن لە لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی بیەوێت کارتەکان تێکەڵ بکات و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لە دۆسیەکەی بوەستێنێت ، ھەروەکو " ترامپ " یش ھەمان کار دەکات و لەم دۆسیەیەداو بە تویتێک ھێرشی کردە سەر داواکاری گشتیی ( رۆبێرت مۆلەر ) و بە کارتی گوشاری بۆ سەر تیمی سەرۆکایەتیی ناوبرد ، کە بەدوای بەڵگەی بێ بنەمادا دەگەڕێت !!
دواجار وا دەردەکەوێت مەسەلەکە بەلای چارەسەری دیبلۆماسیدا بشکێتەوەو ئەگەر گورزێکی سەربازیش ھەبێت ، ھەر بۆ خۆ نمایش کردن بێت و زۆر سنووردار بێت و ئەمەریکا بیەوێت ئەو مەسجە بنێرێت کە ئەو ھێشتا لە ناوچەکەدا کاریگەریی خۆی ھەیە و دەبێ حسابی بۆ بکرێت .


‌‌‌
4/14/2018 6:28:56 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو