هەواڵ

حکومەتی ھەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە


 بزاڤـ:

بەبۆنەی ساڵیادی شاڵاوی ئەنفالکردنی کوردستان، لەلایەن رژێمی بەعس، حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ڕایگەیاندووە: یادی قوربانیانی شاڵاوی ئەنفال بەرز ڕاگرتن و ڕێزلێنانە لەو خوێن و قوربانیەی کە بە درێژاییی مێژووی بزاوتی ڕزگاریخوازیی ئەم گەلە پێشکەشی کردووە، ھاوکات بۆ پەند و وانە وەرگرتنە لە مێژوو بە جۆرێک کە بە بیر و کردار و ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدا بین.

دەقی راگەیەندراوەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ سی ساڵ بەسەر پرۆسەی جینۆسایدی گەلی کوردستان (شاڵاوی بەدناوی ئەنفالەکان)دا لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت. شاڵاوێک کە بۆ سڕینەوەی بوون و ناسنامەی نەتەوەییی کورد، مرۆڤ و خاک و ژینگەی کوردستانی پێکەوە کردە ئامانج و جگە لە بێسەروشوێنکردن و کۆمەڵکوژکردنی نزیکەی ١٨٢ ھەزار مرۆڤی بێ تاوان و سڤیل، بووە ھۆی خاپوورکردنی ھەزاران گوند و شێواندنی ژینگە و بەسووتماککردنی خاکی کوردستانیش.
لە کاتێکدا یادی قوربانیانی شاڵاوی ئەنفالەکان، بەرز راگرتن و رێزلێنانە لەو خوێن و قوربانیەی کە بە درێژاییی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی ئەم گەلە پێشکەشی کردووە، ھاوکات بۆ پەند و وانە وەرگرتنە لە مێژوو بە جۆرێک کە بە بیر و کردار ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدا بین وێڕای رێگری لەھەر شاڵاوێکی ھاوشێوەی ئەنفالە بەدناوەکان، شوێنەوارە دەروونی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکانی ئەو شاڵاوە نامرۆڤانەیەش بسڕینەوە.
ئەم ئەرکانە لەمێژە خەمێکی سەرەکیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و جگە لە ھەوڵی بەردەوامی بۆ گێڕانەوەی روفاتی پیرۆزی قوربانیانی ئەنفالەکان، ئاوەدانکردنەوەی گوند و ژینگە خاپوورکراو و شێوێندراوەکانی کوردستان و ھاوکاریکردن و باشترکردنی گوزەرانی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان، ھەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەت بووە و لەم پێناوەدا ئەوەی لە توانادا بووبێت کاری بۆ کراوە و ھەڵبەتە کاری زۆریش ماوە کە دەبێ بکرێت و حکوومەتی ھەرێم بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی دەزانێت و کەمتەرخەم نابێت.
لە ئاستی دەرەوەدا ناساندنی ئەم شاڵاوە دڕندانەیە بە جینۆساید کارێکی جددیی حکوومەت بووە، لە عێراقیش دادگای تاوانەکان بەر لە ھەر لایەنێک ئەم شاڵاوەی بە جینۆساید ناسیوە و ھیوادارین لە رووی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی کەسوکاری ئەنفالکراوان و گەل و خاکی کوردستانەوە، حکوومەتی عێراق وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی، ھەنگاوی جددی و کردەیی بنێت.
کوردستانییانی خۆشەویست..
تاقە گەرەنتی و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ھەر شاڵاوێکی شەڕانگێزانەی ناحەزانی گەلەکەمان ھاوشێوەی ئەنفال و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برایانی ئێزدیماندا ھات، یەکڕیزی و یەکێتیی لایەن و پێکھاتەکانی کوردستانە، وەک چۆن یەکڕیزیمان لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا فاکتەری سەرەکیی سەرخستنی دۆزی ڕەوا و ھێنانەدیی ئامانجەکانمانە بۆ ئایندەیەکی گەشی نەوەکانمان و کوردستانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو لە سایەی ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا.
گەلی کوردستان ھەمیشە شانازی بە کولتووری لێبوردەییی خۆیەوە دەکات، بەڵام ھەرگیز ئەو زام و ئازارانە لەیاد ناکات کە دەستی غەدری ئەوانی دیکە لە جەستە و ویژدان و یادەوەریی نەتەوەییدا دروستیان کردوون، وەک چۆن ھەرگیز ئەو دەستی ھاوسۆزی و دڵسۆزانەیەش لە یاد ناکات کە لە لایەن دڵسۆزان و دۆستانی مرۆڤایەتی و ژیانەوە بۆی درێژکراون.

سڵاو بۆ گیانی پاک و بێتاوانی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی گەلەکەمان.


ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
١٤/٤/٢٠١٨


‌‌‌
4/14/2018 7:48:02 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو