هەواڵ

پۆلیسی ھەولێر: بکوژەکانی ژنەکەی بێستانە، ھاوسەرەکەشیان کوشتووە


بزاڤـ: ئومێد بابان

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕایدەگەیێنێت، دوێنێ بەر لە کوشتنی ئەو ژنەی کە لە بێستانە تەرمەکەی دۆزرایەوە، ھاوسەرەکەشی بە دەستی باوکی و دوو برای ئافرەتەکە، کوژرابوو.

ڕائید ھۆگر عەزیز گەڵاڵی، وتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر، بۆ مێدیاکان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ کەسێک لە گەڕەکی "سەفین" کوژرا، پاش کەمتر لە دوو کاتژمێر، تەرمی ئەو ئافرەتەش لە ڕێگای بێستانە دۆزرایەوە کە دوێنێ وێنەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو ببووەوە و ناسنامەکەی نادیار بوو.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر، ڕوونیشی دەکاتەوە، بۆ پۆلیس دەرکەوتووە کە کوژرانی پیاوەکە، پەیوەندی بەو ئافرەتەوە ھەیە کە ناوی (شاناز)ـە و ھاوسەرەکەشی ناوی (ئارام عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان)ـە.

گەڵاڵی دەشڵێت، ئەو دوو ھاوسەرە کە لەلایەن باوکی و دوو برای شانازەوە کوژراون، تەنیا ھۆکار بۆ ئەو تاوانە قێزەونە، جیابوونەوەی ئەو دوو ھاوسەرە بووە لە یەکتری، چونکە ئامۆزای یەکتر بوونە.

ئاماژەش دەدات، باوکی شاناز و دوو براکەی، بە گوێرەی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان، فەرمانی دەستگرکردنیان بۆ دەرچووە و، پۆلیسیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و بەم زووانە زانیاریی وردتر بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەخەنە ڕوو.


‌‌‌
5/20/2018 9:58:53 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ