هەواڵ

‎پەرلەمانتارێکی گۆڕان داوایەک ئاراستەی موقتەدا سەدر دەکات


بزاڤـ:

‎پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەکات هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر ئەو دەستکاریکردنی ئەنجام و پرۆسەی ساختەکارییە بخاتەڕوو کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی 12ی ئایاردا ڕوویداوە.

‎هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لەکاتێکدا پیرۆزبابی بردنەوە و پێشەنگبوونی لیستی سائرون دەکەین لەناو لیستەکانی تردا، هیواخوازین سەماحەتی موقتەدا سەدریش هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت و ئیدانەی ئەو ساختەکارییە ڕێکخراوە بکات کە لەپرۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی 12ی ئایاری ڕابووردوودا لەچەند پارێزگایەکدا ڕوویداوە جا چ لەهەرێمی کوردستان بێت یاخود لە کەرکوک یا ئەنبار یان موسڵ یان هەر پارێزگایەکی تر".

‎هۆشیار عەبدوڵا ئەوەشی ڕوونکردۆتەوە چەندین بەڵگە لەبەردەستدان بەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەو خروقاتانەدا تێوەگلاوە کە لەکاتی دەنگدان و پروسەی جیاکردنەوەو ئەژمارکردنی دەنگەکاندا ڕوویانداوە، هەربۆیە پێویستە لەسەر هەموو هاوڵاتییەکی نیشتیمانپەروەر دەنگی خۆی هەڵبڕێت لەبەرامبەر ئەو پرۆسەی دزین دەنگ و دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی دەنگدەردا و ئیدانەی بکات، هاوکات پێویستە لەسەر سەماحەتی موقتەدا سەدر لەپێشەوەی ئەو کەسانەبێت کەوا پرۆسەی دەستکاریکردنی ئەنجام و ساختەکردنی دەنگی دەنگدەران ڕەتدەکەنەوە لەکاتێکدا بەتایبەت سەدر یەکێکە لەو کەسانەی بەوە ناسراوە بۆچونی نیشتیمانیانەی هەیە و بەداکۆکیکار لە زوڵملێکراوان و سەرخستنی حەق ناسراوە".

‎ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتە ڕوو لەئێستادا بابەتی ساختەکردنەکە قۆناغی گومانی تێپەڕاندووە و ئەوە بڕاوەتەوە کە پرۆسەیەکی ساختەکاری بەرنامە بۆ داڕێژراو ڕوویداوە، هەربۆیە ئەو بابەتە هەر بەتەنها بابەتێکێ حزبی یاخود سیاسی نیە بەڵکو بووەتە بابەتێکی کۆمەڵایەتیش، بەجۆرێک لەئێستادا خەڵک لەوەدا یەکلابوونەتەوە کەوا ئیرادەیان دزراوە، هەربۆیە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک هەر بەتەنها داکۆکیکردنێکی حزبیانە یاخود ئایدۆلۆژی نیە بەقەدەر ئەوەی داکۆکیکردنە لە مافی هەڵبژاردنی خەڵک ودەستنیشانکردنی ئەوکەسانەی کە بەنوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانی دەزانن".

‎هوشیار عەبدوڵا هاوکات وتیشی: لەهەمانکاتدا ئەو خاڵە بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران تۆماردەکەین کە لە زەمانی ئەودا و لەساڵی 2003 ەوە تائێستا ئەم هەڵبژاردنە خراپترین هەڵبژاردن بووە کە بەڕێوەچووە، هەربۆیە ئەگەر بێت و بێدەنگی لەم فەزیحەیە بکرێت و بەبێدەنگی تێپەڕێت ئەوا دەچینە قۆناغێکەوە کە خەڵکی و حزبە ڕەسەنەکان متمانەیان بەو لایەنانە نامێنێت کەوا بڕیارە بەرپرسبن لە ئیدارەدانی وڵات و پاراستنی دیموکراسی تیایدا.


‌‌‌
5/21/2018 12:29:19 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ