مێژوو

لەنێوان (عادیلە خانم) و (حەپسەخانی نەقیب)دا


محەمەد سالار (پاشا)

1. ناو
- عادیلە خانم کچی عەبدولقادر بەگی رۆستەم بەگی ساحێبقرانە.
- حەپسەخان کچی شێخ مەعروفی بەرزنجی، کچەزای شێخ محەمەدی بچکۆلە و نەوەی کاک ئەحمەدی شێخە.

1. شوێنی لەدایک بون
- عادیلە خانم لەشاری سنە لەدایک بوە.
- حەپسەخان لەشاری سلێمانی لەدایک بوە.

2. بەرواری لەدایکبون
- عادیلە خانم لەساڵی (1859ز) لەدایکبوە.
- حەپسەخان لەساڵی (1891ز) لەدایکبوە.


3. بنەماڵەکەیان

- عادیلەخانم لەبنەماڵەیەکی بەناوبانگی سلێمانی لەدایک بوە کەبنەماڵەی (ساحێبقرانە) و لەگەڵ کۆتایهاتنی دەسەڵاتی بابانییەکان لەساڵی (1851ز) شاری سلێمانیان بەجێهێشتوە و لەشاری سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان جێگیربون.
- حەپسەخان لەبەناوبانگترین بنەماڵەی ئەودەمی سلێمانی لەدایک بوە کەبنەماڵەی شێخانە.

4. باوک
- باوکی عادیلەخانم عەبدولقادر بەگی ساحێبقران بوە نوسەری کتێبی (سیر الاکرد).
- باوکی حەپسەخان، شێخ مەعروفی بەرزنجی بوە و پلەی (نەقیب) لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی پێێ دراوە بۆ بەرێوەبردنی بنەماڵەی شێخان.

5. خوێندن
- عادیلە خانم لەرێگەی مامۆستای تایبەت قورئانی خوێندوە و فێری خوێدەواری بوە.
- حەپسە خان هەستاوە بەکردنەوەی خوێندنی شەوان (مەحەلومی) لەو رێگەیەوە فێری خوێندەواری بوە.

6. زەنگین
- هەردوو شاژن لەبنەماڵەیەکی زەنگین لەدایک بون.

7. سەرەتای دەرکەوتن
- سەرەتای دەرکەوتنی عادیلە خانم ئەو کاتە دەست پێ دەکات کەدەبێتە یاریدەدەری هاوسەرەکەی وەسمان پاشای جاف (سەرۆکی هۆزی جاف).
- سەرەتای دەرکەوتنی حەپسەخان پاش کۆچی دوایی باوکی دەست پێ دەکات کەئەرکی بەرێوەبردنی دیوەخانەکەی ئەکەوێتە ئەستۆ.

8. هاوسەر
- عادیلە خانم هاوسەری (وەسمان پاشای جاف) بوە.
- حەپسە خان هاوسەری (شێخ قادری حەفید) بوە.

9. بەرواری هاوسەرگیری
- عادیلە خانم لەساڵی (1895ز) و لەتەمەنی (36) ساڵیدا هاوسەرگیری کردوە.
- حەپسەخان لەساڵی (1923ز) و لەتەمەنی (31) ساڵیدا هاوسەرگیری کردوە.

10. کاری هاوسەر
- هاوسەری عادیلە خانم سەرۆکی هۆزی جاف و قائیمقامی هەڵەبجە بوە.
- هاوسەری حەپسەخان وەزیری بەرگری و سەرۆک وەزیرانی حکومەتەکەی شێخ مەحمود بوە.

11. نەوە
- عادیلەخانم خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە بوە بەناوەکانی (فاتمە و ئەحمەد موختار بەگی جاف و تایەر بەگی جاف) کەهەردوو کوڕەکەی شاعیر بون.
- حەپسەخان یەک کوڕی هەبوە ناوی شامیل بوە.

12. کاری رێکخراوەیی
- عادیلە خانم لەساڵی (1905ز) بوەتە سەرۆکی هۆزی جاف.
- حەپسە خان لەساڵی (1930ز) کۆمەڵەی ژنانی کوردستانی دامەزراندوە.

13. بەرپرسیارێتی میری
- عادیلە خانم قائیمقامی هەڵەبجە بوە (1909 – 1915ز) هەندێک ئەمە ڕەت دەکەنەوە کەقائیمقام بوو بێت.
- حەپسەخان هیچ جۆرە بەرپرسیارێتیەکی نەبوە.

14. چالاکی
- عادیلە خانم:
عادیلە خانم بەو پێیەی خۆی لەبنەماڵەیەکی خانەدان لەدایک بوە، هەروەها هەر یەک لە خەزوری (محەمەد پاشای جاف)، هێوەری (مەحمود پاشای جاف)، هاوسەری (وەسمان پاشای جاف)، زڕکوری (مەجید بەگی جاف)، هەردوو کورەکانی (ئەحمەد موختار و تایەر بەگی جاف) یەک لەدوای یەک قائیمقامی هەڵەبجە بون (تایەر بەگ ماوەیەکی زۆر کورت قائیمقام بوە).
هەموو ئەمانە وایکردوە عادیلە خانم دەسەڵاتێکی فراوانی کارگێری هەبێت، چالاکیەکانی بریتی بوە لە گۆرینی سیمای هەڵەبجە بۆ شار بەدروستکردنی قوتابخانە و بازاڕ و تەنانەت دروستکردنی زیندانی تایبەت بۆ کەسانی خراپەکار، ئەمە جگە لەوەی هۆکارێک بوە بۆ یارمەتیدانی هەژاران و لێوەی دەگێرنەوە کە پێنجشەمان گۆشتفرۆشانی هەڵەبجەی ئاگادار کردوەتە کەلەسەر حیسابی خانم گۆشت بەخۆڕایی بدەن بەهەژاران.
لەمبارەیەوە (مێجەرسۆن) دەڵێت " عادیلە خانم ژنێکی بێ ھاوتا و تێگەییشتوو و خاوەن کەسایەتیەکی بەھێز بوو. فەرمانڕەوای راستەقینەی دەڤەری شارەزوور بوو نەک تەنیا لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسیدا، بەڵکوو دادگای خۆی ھەبوو و زیندانی دروست کردبوو و بە خۆی سەرپەرستی دادگای دەکرد و پیاوخراپانی سزا دەدا. ھەروەھا کۆشک و تەلاری جوان و بازاری رێکوپێکی لە ھەڵەبجە دروست کرد و لە گوندێکی لە بیرکراوی عوسمانیەوە کردی بە ناوەندێکی سیاسی و بازرگانی کە پاشایانی دەوڵەتی عوسمانی بە چاوی ئیرەییەوە مرخیان لێ خۆش کردبوو. عادیلە خانم بە ھیچ شێوەیەک رێگەی نەدەدا بە دەسەڵاتی عوسمانی بنە و بارەگای خۆی لە ھەڵەبجە دابمەزرێنێ. لەو دەڤەرە کەس لە قسەی عادیلە خانم دەرنەدەچوو و ھەموو لایەکی ناچار کردبوو رێزی لێ بگرن و ملکەچی بڕیارەکانی بن. عادیلە خانم لە دوای شەڕی جیھانیی یەکەم و لە دوای کۆچی ھاوسەرەکەی سەرکردایەتی گەورەترین ھۆزی کوردی دەکرد کە ھۆزی جاف بوو. عوسمان پاشای ھاوسەری پیاوێکی نەرم و نیان بوو و تەنانەت لە ژیانیدا کەم لە ھەڵەبجە دەمایەوە و ھەمیشە بە رێگەی سلێمانی و کەرکوک و موسڵەوە بوو و ھەموو کارو ئەرکەکانی بە عادیلە خانم سپاردبوو. دەسەڵاتی عادیلە خانم ئەوەندە مەزن بوو کە بە شاژنی شارەزوور ناو دەبرا"



- حەپسە خان

چالاکیەکانی حەپسەخان دابەش ئەبێت بۆ (٣) بەش:
یەکەم: چالاکیەکانی لەبواری ئافرەتان
أ‌- یەکەمین ئافرەت بوە کەپەچەی لابردوە و هاوینانیش کەوای لەبەرنەکردوە، هەروەها خاوەنی ئەلبومی وێنە و کتێبخانەی تایبەت بەخۆی بوە ئەمە جگە لەوەی سەردانی سینەمای کردوە و لەکاتی هاوسەرگیری پرسی پێکراوە و بەئوتومبێل بردراوە بۆ ماڵی خۆی.
ب‌- لەساڵی 1926ز لەگەڵ کردنەوەی یەکەمین قوتابخانەی زانستی، ماڵ بەماڵ گەراوە بۆ ناونوسکردنی کچان لەو قوتابخانەیە.
ت‌- لەساڵی 1930ز کۆمەڵەی ژنانی کوردستانی دامەزراندوە.
ث‌- لەساڵی 1938 ماڵی خۆی کردوە بەقوتابخانە بۆ فێربونی ژنان، دواتریش ماڵی خۆی پێشەکەش بەیەکەمین قوتابخانەی ناوەندی کردوە لەشاری سلێمانی لەگەرەکی شێخان.

دوەم: چالاکیە سیاسیەکانی
أ‌- لەجەنگەکانی شێخ مەحمود هاوکار بوە و لەساڵی (1923ز) لەکاتی هاتنی سمکۆی شکاک بۆ سلێمانی رۆڵی بینیوە بۆ پێشوازی کردنی ژنان لەشکاک و لەڕاپەرینی (ئەیلولی 1930ز) رۆڵی گرنگی بینیوە و لەکاتی لەسێدارەدانی ئەفسەرە ئازادیخوازەکان داوای لەژنان کردوە برژێنە سەرشەقام .
ب‌- لەساڵی 1930 نامەی نوسیوە بۆ کۆمەڵەی گەلان بۆ داواکردنی مافی کورد.

سێیەم: چالاکیە داراییەکانی
أ‌- دابەشکردنی خواردن بەسەر هەژاراندا لەمانگی رەمەزان لەمزگەوتی گەورە. کەتا ئێستاش بەردەوامەوە.
ب‌- لەکاتی ئاوارەیی بارزانیەکان لەسلێمانی (1936 – 1942) حەپسە خان بەنهێنی هاوکاری کردون.
ج‌- لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری مەهاباد هاوکاری دارایی کۆماری کردوە و قازی محەمەد سوپاسنامەی بۆ ناردوە.
ح‌- لەساڵی 1942 لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ یارمەتیدانی هەژارانی شار.

چوارەم: چالاکی گشتی
جگە لەوانەی باسکران چەندین چالاکی دیکە هەبوە لەوانە؛ کتێبخانەکەی شێخ مارفی نۆدێی پاراستوە و پەیوەندی کردوە بەدائیرەی مەعاریفی بەغدا بۆ وەرگرتنی خویندکارە کوردەکان لەوێ و پێدانی کورسی خوێندن پێیان هەروەها ماڵ و دیوەخانەکەی هەموو کات جێگەی چارەسەری کێشەی رۆژانەی هاوڵاتیان بوە.

15. ئاوارەیی
- عادیلە خانم بەر لەدایک بون خێزانەکەی ئاوارەی سنە بون.
- حەپسەخان پاش جەنگی دەربەندی بازیان ئاوارەیی کوردستانی رۆژهەڵات بوە.

16. مردن
- عادیلە خانم لەساڵی (1924ز) کۆچی دوایی کردوە.
- حەپسەخان لەساڵی (1953ز) بەنەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردوە.

17. شوێنی ناشتن
- عادیلە خانم لەگۆڕستانی عەبابەیلێ لەپارێزگای هەڵەبجە نێژراوە.
- حەپسەخان لەگردی سەیوان لەشاری سلێمانی نێژراوە.

18. لەبارەیانەوە وتراوە
- عادیلە خانم
ئەدمۆندز باسی لەوە کردووە کە گشت دەسەڵاتی وەسمان پاشا، لە پاش مردنی، کەوتووەتە دەستی خانمی ژنی، کە لە ڕاستیدا "شاژنی تاج پێ نەدراوی شارەزوور" بووە. ئینگلیزەکانیش لەلایەن خۆیانەوە نازناوی بەرزی ھیندیی «خان بەھادوور»یان پێ بەخشیووە.

- حەپسە خان
رۆژنامه‌ی‌ تایمزی‌ ئینگلیزی‌ له‌ ژمارەی یانزه‌ی‌ یه‌كی‌ 1949دا سه‌باره‌ت به‌ حه‌پسه‌خان وتویه‌تی‌: خه‌ڵكی‌ سلێمانی‌ له‌ناخی‌ دڵیانه‌وه‌ (حه‌پسه‌خان)یان خۆش ده‌وێت، كه‌ ئه‌ویش تاقه‌ ژنی‌ نموونه‌یی‌ و بنه‌ما خۆرهه‌ڵاتییه‌كانه‌ و خاوه‌نی‌ بیروئایدۆلۆژیه‌تی‌ رۆژئاواییه‌كانه‌.

19. شیعر
- شێخ رەزای تاڵەبانی لەبارەی عادیلە خانم دەفەرموێت:
قامەتت بێشک نەمامی عەرعەرە، یا سووسەنە
دەك فیدای ناز و گیشمەت بم، پەریزادەی سنە

- بێخود لەبارەی حەپسە خانی نەقیب ئەفەرموێت:
جەنابی حەپسە خان تەشریفی ڕۆیی
شکا پشتی فەقیران و ھەژاران
ژن، ئەمما في الحقيقة خادیمەی قەوم
کە یەعنی سەییدەی غیرەت شکاران


‌‌‌
5/23/2018 10:21:53 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو