دیدار

فازیل بەشارەتی :گۆڕان بەرپرسیاریەتیەکی نوێی بۆ پارتی و یەکێتی دروستکرد


ديدار:ژيار كاميل

فازیل بەشارەتی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی و ھاوکات بەرپرسی لقی دوانزەی پارتی لە ھەڵەبجە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بزاڤ پرێس باس لە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکانی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان دەکات.

بزاڤ پرێس: خوێدنەوەی تۆ بۆ ڕەوشی سیاسی ھەرێمی کوردستان چییە؟

فازیل بەشارەتی: بەناوی خوای گەورە و میھرەبان،تەبعەن ڕەوشی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەڕاستیدا بارودۆخەکان ھەرجارە و شێوازێک ئەنوێنێت وە خۆنواندنی ئەمڕۆی ڕەوشی ھەرێمی کوردستانیش دەتوانم بڵێم شێوازێکی تری وەرگرتووە لەڕابردوو، ئێمە ئێستا لەناو بارودۆخێکی یەکجار ئاڵۆزی سیاسی ناوچەکەین بەگشتی وە ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو ئاڵۆزە سیاسیەی کە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە،ئەڵبەت ئەوەی کە پەیوەستە بە ھەرێمی کوردستانەوە ئەویش بەڕاستی مەسەلەی شەڕی تیرۆرستانی داعشە ئەمە بە دەرەجەی یەک،ھەر چەندە ئەمە شێوازێکی تری وەرگرتووە ئێستا،یان بابڵێین ئەمساڵ لەگەڵ ساڵەکانی تری ڕابردوو ئەمە لایەنێک، لایەنی دووەم مەسەلەی کێشەی ئابووری کە ئەمە لە ھەرێمی کوردستان کێشەیەکی ترە دروستبووە بەدەستی دەوڵەت ڕانانی بەغدا و بڕیار بەدەستانی بەغدا کە نان و بودجە و مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیان بڕیوە.

بزاڤ پرێس: ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر وتەکانی یوسف محەمەد لە دیداری سلێمانی چییە؟

فازیڵ بەشارەتی: یوسف محەمەد خاوەنی ئەم جۆرە لێدوانانەیە بۆیە پەرلەمانیشی بەو دەردە برد، یوسف محەمەد کەسێکی ناتەواوە لەبواری سیاسی و کەسێکی بێ تەجروبەیە کەسێکی کەم ئەزموونە نەک کەم ئەزموونیش کەسێکی بێ ئەزموونە لەبواری سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا، نەیتوانیوە بەپێی پێگەکەی لێدوان بدات و لەئاستی پێگەکەیدا بێت لە لێدوان و ڕوبەڕوبونەوە سیاسیەکاندا، نەیتوانیوە تەعبیر لەو پۆستە و پایە بکات کەوا بەدەستییەوە بووە، بۆیە بەڕاستی لێدوانەکانی یوسف محەمەد بوو بە سەبەبی ئاڵۆز بوونی پەرلەمانی کوردستان و لەکار خستنی پەرلەمانی کوردستان وە لێکترازاندنی حزبەکانی ھەرێمی کوردستان، وە ئەم جۆرە خەڵکانەش دەمڕاستی بزووتنەوەی گۆڕانن بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان بەو دەردە چوو کە ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پەراوێزچوون دەچێت لەناو پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان.

بزاڤ پرێس: مەرجی پارتی چییە بۆ کۆبوونەوەیی دوو قۆڵی لەگەڵ گۆڕاندا؟

فازیل بەشارەتی: پارتی وەکو ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی خۆی ئەگەرنا زۆر ئارەزووی کۆبوونەوەی لەگەڵ گۆڕاندا نییە، بەڵام وەکو ئەو واجب و بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانیەتی بە بەرپرسیارێتی خۆی ھەڵدەستێ و داوای کۆبونەوەشی لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، جائیتر گۆڕان کۆبوونەوە دەکات یان نا خەڵکی کوردستان شاھیدە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان بۆ زیاتر یەکخستنی ناو ماڵی کورد بۆ یەکخستنی گفتار و کرداری کورد، وە بنبڕکردنی ئەو ئەزمە سیاسیانەی کە لەناو ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، جا ھەر لایەنێک دێتە پێشەوە دەستیان خۆش بێت و شتێکی باش دەکەن و کێشەکان بەرەو چارەسەر کردن دەبەن، ھەر لایەنێکیش نایەتە پێشەوە ئەوە بەڕاستی ئەچێتە دەرەوەی بازنەی سیاسی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان.

بزاڤ پرێس: ئەم بارودۆخەی ئێستا ھەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت وەک خۆی دەمێنێتەوە یان ھەڵبژاردن دەکرێت یاخود بەردەوام دەبێت تا ساڵی ٢٠١٧؟

فازیل بەشارەتی: بەبڕوای من وەکو تەجروبە کە ھەموومان ھەمانە،چونکە ساڵێکمان ماوە بۆ ھەڵبژاردنی گشتی دیسان لە ھەرێمی کوردستان، من پێموانیە تازە ھەڵبژاردن بکرێت تەنھا ماوەتەوە سەر ئەوەی لایەنە سیاسیەکان وەکو جەنابی سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوای کردووە و پێشنیاری کردووە بۆ حزبە سیاسیەکان لە کۆبوونەوەی خۆیان پێش ئەوەی بچێت بۆ ئەمریکا لەم دواییانەش کە کۆبوونەوەی حزبەکانی ئەنجامدا داوای کرد لایەنەکان بسازێن یان کەسێک دەستنیشان بکەن بەڕێککەوتنی سیاسی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم یان ھەموویان ڕێکبکەون بەردەوامی بدەن بەم بارودۆخە بە ڕێککەوتن ھەتاوەکو ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧ دێتە پێشەوە.

بزاڤ پرێس: دروستبوونی دەوڵەتی کوردی پڕۆژەی بارزانی بوو یان خەڵکی کوردستان؟

فازیل بەشارەتی: ئەمە خواستی خەڵکی کوردستانە بەڵام جەنابی سەرۆک بارزانی وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان زمانحاڵی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە ھەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانە بۆیە ئەویش بەدوای جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوەیە، بۆیە ھەم داوای خەڵکی کوردستانە ھەم کردەوە و کار و پێشنیارەکانیش پێشنیاری جەنابی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە وە کارکردنە لەسەری بۆ مەسەلەی دەوڵەتی سەربەخۆیی کە ئەمە مافێکی سروشتی و ڕەوای خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، ئێستاش خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم زۆربەی زۆری بەرپرسە باڵاکانی دنیا بەوانەی کە ئەنجامدەری ڕێککەوتنی سایکس بیکۆن کە ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا کردوویانە، ھەموویان ڕەزامەندن ئێستا دەبێت پێداچوونەوە بە مەسەلەی ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ دا بکرێت نەخشەی ناوچەکە بگۆڕدرێت، تەنانەت لەم ڕۆژانەشدا لە دیداری سلێمانیدا عامر مووسا ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ئاماژەی بەوەدا دەڵێت ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ لەڕۆژگارێکی تەمومژاویدا نوسراوە کاتێک پێداچوونەوەی پێداکرا دەزانرێ چەند خوێن ڕژاوە لەم بەینەدا، بەتەئکید سایکس بیکۆ دەیان کارەساتی گەورە و کارەساتی مرۆیی و ئەمنی و ئابووری لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد، بۆیە لەو مەسەلەی پێداچوونەوە بە تەوافقی یان بابڵێین ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ بەڕاستی مەسەلەی سەربەخۆیش یەکێکە لە بژاردە زۆر گرنگ و گەورەکان کە ئەتوانم بڵێم ئەولەویەتی یەکەمی وەرگرتووە.

بزاڤ پرێس: کۆبوونەوەی ئەم دواییەی یەکێتی و پارتی گەیشت بە چ ئەنجامێک دوای ئەوەی بڕیاردرا ڕێککەوتنێک لەنێوان ھەردوولا بکرێت و لیژنەیەکیش لەسەر ئەو بابەتە پێکھێنرا؟

فازیل بەشارەتی: خۆی لە ڕاستیدا ئەمڕۆ بەو حوکمەی کەوا بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆکایەتی پەرلەمانی بەعاقارێکی یەکجار خەتەرناک و خراپدا برد،ئەم وەزعە سیاسیە ئاڵۆزە سیاسیەکەی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی نوێی بۆ یەکێتی و پارتی دروستکردووە بەو حکومەی پارتی و یەکێتی گەورەترین ھێزن گەورەترین ھێزیان ھەیە گەورەترین قوربانیان داوە وە گەورەترین مێژووشیان لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا ھەیە، بۆیە پارتی و یەکێتی ئەبێت بە بەرپرسیارێتی خۆیان ھەڵسن بە چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە سیاسیە وە سنوردانان بۆ ئەو بارودۆخە ئاڵۆز و فەوزایەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا دروست بووە وە پێم وایە کۆبوونەوەیەی ئەم دواییەی کە بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک بارزانی ئەنجامدرا یەکجار ئومێدی باشی تێدایە و وە پێشم وایە ئەو ئومێدە دەدرێت بەگوێی سەرجەم خەڵکی کوردستان و لەماوەی داھاتوودا ناوەڕۆک و ناخی کۆبوونەوە ڕانەگەیاندراوەکە، ڕادەگەیەنرێت.

تێبینی: لەسەر داوای ناوبراو بڕگەی باسکردن لەسەر پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای ھەڵەبحە لابرا و باس نەکرا.


‌‌‌
3/19/2016 4:43:05 PM
Print Friendly and PDF
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ