هەواڵ

پۆلیسی ھەولێر..پلانی ئەمنی بۆ ڕۆژانی جەژن دادەڕێژێت



بزاڤ:ئومێد بابان

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر، بە ھەماھەنگیی ئاسایش و پۆلیسی ھاتوچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و ھێزە ئەمنییەکانی دیکە، پلانێکی ئەمنیی بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان داڕشتووە.

لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، بۆ مێدیاکان ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر و دەوروبەری، بە ھەماھەنگیی ئاسایش و پۆلیسی ھاتوچۆ و بەرگریی شارستانی و سەرجەم ھێزە تەناھییەکانی دیکە، پلانێکی ئەمنیی تۆکمەیان بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان داڕشتووە.

بە وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، پلانە ئەمنییەکە لە پێنجشەممەوە تا دوای جەژن بەردەوام دەبێت و جگە لەوەی تیمەکانی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دەرەوە و ناوەوەی شار بڵاوەیان پێ دەکرێت، لەناو کۆڵان و گەڕەکەکانیشدا مەفرەزەکانی ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکە، سەر و ماڵی ھاونیشتمانیان دەپارێزن و دۆخی تەناھی دەخەنە ژێر کۆنتڕۆڵەوە.

لیوا عەبدولخالق دەشڵێ، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی جەژندا، بە ھەزاران کەس بە مەبەستی پیرۆزکردنی جەژن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بێنە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.


    



‌‌‌
6/13/2018 1:24:43 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو