دیدار

فاتیح سەنگاوی:دەبێ دان بنێین بەوەی شکستمان ھێنا لەپرۆسەی ڕیفراندۆمدا



د.فاتیح سەنگاوی-توێژەر و مامۆستای زانکۆ و راوێژکاری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەدیدارێکی  بزاڤ دا تیشک دەخاتە سەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پەیوەندی یەکگرتووی ئیسلامی لە گە ل حیزبەکانی تر و پێکهینانی لیستی ئیسلامەکان، ئەدایی وەزیرەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کە لە سێ ساڵی رابردوودابەژداربوون لە حکومەتدا.

بزاڤ:ھۆشیارجەمال

بزاڤ:ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار  بۆ بە شیک لە حزبەکان و یەکگرتووی  ئیسلامی چاوەڕوان نە کراوو بو، چونکە خۆتان بۆسەرکەوتن ئامادە کردبوو،سەرنجات لە بارەی ئەنجامەکانی یەکگرتووی ئیسلامی؟

فاتیح سەنگاوی:بەناوی خوای گەورە : بێگومان چاوەڕوان نەکراوبوو بەو پێیەی گزیکاری و ساختەکاری ئەنجام درا، بگرە کودەتایەک بوو بەسەر ویست و ئیرادەی خەڵک و پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی،  لە ھەمان کاتدا شکستی ئیرادە وبێ جەماوەری بونی لایەنە گزیکارەکانییش بوو، چونکە ئەوەی پەنای بۆبرا بێ ھیوابوون لە خەڵک و ژێرپێ خستنی ئیرادەی ئەوان بوو... یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش یەکێک بوو لەو ھێزانەی بەپێی خوێندنەوەی خۆی لایەنێکی براوەی ئەو ھەڵبژاردنە دەبوو بەتایبەت دوای ئەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی و چەندین کەسایەتی بێلایەنیتر پشتیوانی لیستەکەیان کرد...

بزاڤ: ئایا ساختەکاری گەورە ئەنجامدا یاخودھاوڵاتیان وبەتایبەت ئەوانەی دەنگیان نەدا و بایکۆتی ھەلبژاردنە کانیان کرد دەنگدەری ناڕازیی لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بوون؟

فاتیح سەنگاوی :بێگومان ساختەکاری گەورە ئەنجام درا، حەتمەن خەڵکی ناڕازیی زۆربوو بەڵام بەھیچ شێوەیەک  بەوشێوەیە نەدەبوو کە بوو.

بزاڤ :لە دوای ھەڵبژاردنە کان دیراسە و لێکۆلینەوەتان لە ودەرئەنجامە خراپانە کردوە کە یەکگرتووی ئیسلامی بە دەستی ھێنا؟

فاتیح سەنگاوی:ھەموو ھێزێک پێویستە بەخۆیدا بچێتەوە ، حەتمەن پێویستە یەکگرتووش ئەو کارە بکات، بەڵام وەک روونە ئەو دەرەنجامانە دەرەنجامی ساختەن و ھەر بەساختەییش دەمێننەوە دوای پرۆسەی ئەژمارکردنەوە چونکە لە ئەژمارکردنەوەی دەستی ھەموو دەنگەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەو سندوقانەی سکاڵایان لەسەرە ئەوەش پێچەوانەی بڕیارەکەی پەڕلەمانەو ئەم کۆمسیۆنە تازەیەش لە داھاتودا دەخاتە ژێرپرسیارەوە...

بزاڤ:تا شەوی پێش ھەلبژارن لە شەری ڕاگەیاندی گەورەدا بوون لەگەڵ بزووتنەوی گۆڕان ئەوان لە ڕیگەی تۆڕە کۆمەلایەتیەکان و ھەندێک سایتی نارەسمیش کە پشتگیری ئیسلامیەکان دەکات وتارادەیەک لە سەر یەکگرتووی ئیسلامی حساب دەکرا، تاشەوی پێش ھەلبژارن لە شەری ڕاگەیاندی گەورەدابون لەگەل بزووتنەوی گۆڕان، بە ڵام ئەنجامە کان وای کرد ھە رزوو دەرگابە ڕووی یەکدا بکەنەوە ئیستا پەیوەندیتان لە گەڵ گۆڕان چۆنە؟

فاتیح سەنگاوی:پەیوەندییەکان لەگەڵ گۆڕاندا لە ئاستی سیاسی باشە و خراپ نییە... لە ئاستی سۆشیال میدیادا ئەو گرژییانە زۆر کزبوون ، ھەر ئەوەش راستە... ئەسڵ ئەوەیە ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بۆ چاککردنی رەوشی ئابووری و سیاسی ھەرێم لە لیست یا بەرەیەکدا بن، کە ئەوەش نەکرا جێی خۆیەتی نەچنە بەرەی دژ و تواناکان لە شەڕی لاوەکی و بێ مانادا بەخەرج نەدەن.

بزاڤ: بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی بە لیستێک بە ژداریتان کردوە پێت وایە بتوانن ببنە کۆکەرەوی دەنگدەری ئیسلامی؟

فاتیح سەنگاوی:حەتمەن نابینە کۆکەرەوەی ھەموو دەنگی ئیسلامەکان بەڵام دەبینە کۆکەرەوەی زۆرینەی دەنگی ئیسلامی، چونکە کۆمەڵی ئیسلامییش جەماوەر و دەنگدەری تایبەتی خۆی ھەیە...

بزاڤ:بۆ نەتان توانی فراوان تری بکەن کۆمەڵی ئیسلامیش بەژدار بێت؟

فاتیح سەنگاوی:یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی ئەوەیان دەویست و ئێستەش ئامادەن، دیارە کۆمەڵی ئیسلامی لەم قۆناغەدا ئەو بژاردەیەی پێ باش نییە و وەھای بۆ دەچێت کێرڤی جەماوەری بوونی لە زیادبووندایە، لەوانەیە پاساوی تریشیان ھەبێت، بەھەرحاڵ بۆچون و ئیجتیھادی خۆیانە و خۆیان لێی بەرپرسن و ئەمەش کۆتایی دونیا نییە و دەکرێت لە شوێن و پرۆژەی تردا یەکبگرن...

بزاڤ: نزیکی ساڵیک پێش ئیستا ئێوە پشگیری ڕاستەوخۆی ڕێفراندۆمتان کرد،ئەو دەرئەنجامانەی لە ڕێفراندۆم کەوتەوە،وڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر وای نەکردوە بە سیاسەتی گشتی خۆتاندا بچنەوە؟ئایا ھەڵەبوون یاخود ڕاست لە پشگیری کردنی ڕیفراندۆم؟

فاتیح سەنگاوی:یەکگرتوو لە ڕوانگەیەکی نیشتیمانی و مافخوازییەوە پشتگیری ئەو ریفراندۆمەی کرد و بە حساب گرەنتی لە ھەردوو حیزب وەرگرت کە ھەردوو لایان پێکەوە ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدەن و بەرگری لێ دەکەن، بەڵام رق و کینی ئەم دوو ھێزە رێگە نادات خواستەکانی گەلی کورد بچنە پێش و بەم دەرەنجامەمان دەگەیەنن ئەوە شتێکیترە. دەبێ دان بنێین بەوەی شکستمان ھێنا لەو پرۆسەیەدا بەڵام خۆ کورد کوفری نەکردووە تا لەسەر ئەوە سزا بدرێت وەک گەل و ھاوڵاتیان، لە ئیسپانیاش ریفراندۆم کرا و تەنھا چەند کەسێک بڕیاری گرتنیان دەرچوو.

بزاڤ:یەکگرتووی ئیسلامی بۆچوونی چیە لە سەر ئەو شیوازی بە ڕیوەبردنەی لە ئیستادا لە کەرکووک ھەیە؟

فاتیح سەنگاوی: ناڕازییە، چونکە سەپاندن ئەمری واقیع و یەکلایەنەیە، دیدگای لایەنی زاڵ دەسەپێنێت و کاری نایاسایی دەکات بەتایبەت لە رووی ئیداری و کارگێڕییەوە. کەسیش ناتوانێت ئەمین بێت لەسەرو ماڵی خۆی ئەگەر بەپێی خواستی ئەوانیتر نەجوڵایتەوە، ئەمە وەسف نییە بۆ دەسەڵاتی کوردی پێشتر، ئەوانییش شکستخواردووانە ئیدارەی کەرکوکیان کرد.

بزاڤ:پەیوەندیتان لە گەڵ پارتی و یەکێتی چۆنە لە ئیستادا؟

 فاتیح سەنگاوی:یەکگرتوو شەڕی لەگەڵ کەس نییە، دەبێت شەڕی مەدەنی لە پێناوی خەڵک و خەم و خواست و پێداویستییەکانیاندا بکرێت، بەداخەوە ئەوەی روویدا دەرگا داخستن بوو بەرووی ئەو بوارەدا، ئەمە زیانێکی گەورەیە لە ئیرادەی خەڵک و لایەنی دەروونی،  زیانبوو لە پرۆسەی سیاسی و بژاردەی راستەقینەی خەڵک، کۆتاییەکی باشی نابێت تەنانەت بۆ ئەوانەشی بەو تاوانە ھەستان.

بزاڤ:ئێوە بۆ ھەڵبژادنە کانی ھەرێم بۆچوونتان چیە ئایا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ،سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان یەک کات بیت یاخود ئاسایە کاتەکانیان جیاواز بێت؟

فاتیح سەنگاوی:ھەڵبژاردن دەبێت لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ئێمە لە وڵاتێکدا نیین رێز لە یاسا بگیرێت، ئێمە لە وڵاتی میزاجی شەخسی و حیزبی و خراپتریشداین، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبوو ئێستە بکرایە، ئەوە دواخرا و خوا بکات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ھەرێمدا بکرێت... من وەھا نابینم دوو کاتی جیاواز گونجاو بێت، ئەگەر لە یەک کاتدا بن باشترە، ئەمە بۆچوونی خۆمە...

بزاڤ:لە پاش چارکە سەدەیەک لە حکومرانی لە ھەرێمی کوردستان،ھێشتا خاوەنی دەستووریک نیە لە کاتێکدا دەستور دایکی یاساکانە،بۆچوونتان لەوبارەیەوە چیە؟

فاتیح سەنگاوی:ئەوە نیشانەی  ماڵی وێران و جەستەی بیماری ئێمەیە، بەداخەوە!!

بزاڤ:بۆنەوەی نوێ وەک حزبێکی نوێ لە ھەرێم کەدەنگی ھێناوە خاوەنی کورسی پەرلەمانیە لە دەرەوەی لایەنە نارازیەکان ئەژماری دەکەن و بە ژداری کۆبوونە وەکانی پێناکەن؟

فاتیح سەنگاوی:لەوانەیە بەشی زۆری پەیوەندی بەخۆیانەوە ھەبێت دواتر یەک دوو ھێزیتر، وەک یەکگرتوو ھەست ناکەم ھەستیاری و گرفتێک ھەبێت، ھەندێ پرسیار ھەیە بەڵام دەکرێت لە داھاتوودا واقیع وەڵامی بداتەوە. 

بزاڤ:بۆچوونی یەکگرتووی ئیسلامی چیە لە سەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ عێراق؟ بەژداری دەکەن یاخود وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنەوە؟

فاتیح سەنگاوی: یە کگرتوو چاوەڕێی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکان و وێنە و دیمەنەکانی دوای ئەوە دەکات، ئەگەرەکانییش کراوەن، باشترین بژارد یەکڕیزی و یەک لیستی ئەو چوار حیزبەیە بەدیدی من...

بزاڤ:پێتوایە بژاردنەوەی دەنگەکان بە دەست ژمارەی کورسیەکانی یەکگرتوی ئیسلامی زیاد دەکات؟ 

فاتیح سەنگاوی:ئەگەر ھەمووی بژمێردرایەتەوە-کە ناکرێت- و پرۆسەکەش بە پاکی و بێگەردی و یاسایی بەڕێوە بچوایە-کە ناکرێت- ‌ بێگومان زیادی دەکرد بەبێ دوودڵی، بەڵام بەو شێوەیەی بڕیارە بکرێت، من وەک خۆم نە متمانەم پێی ھەیە و نە چاوەڕوانی ھیچ زیادبوونێک دەکەم لە کورسییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا.

بزاڤ: یەکگرتووی ئیسلامی لەکابینەی حکومەتی ھەرێم تا کۆتایی سالی ٢٠١٧ بە ژداری فعلی ھەبوو پێوایە لە وزیرەکانی لە ئاستی پێوستداببوبن؟ئایا بە پاکی ڕۆیشت ھەروا ھاتنەدەرەوە لە حکومەت؟

فاتیح سەنگاوی: وەک وەزیر و کاری وەزارەت، بەڵێ، تا ئەوەندەی لە توانای ئەماندا بوبێت بە ئەرکی خۆیان ھەستاون بە زیادیشەوە، رونکردنەوەی ئەمەش باسکردنی زۆری دەوێت بەڵام رێگرییەکانییش روونن، تا کار گەیشتە دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری کارەبا جگە لە کشانەوەی یەکگرتوو لەم دوواییانەدا.

بزاڤ:پێتوایە ئەوستافەی یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەت بە ھەمان پێوەری یەکیتی و پارتی مامەڵەیان لە گەڵ ئیش وکاری ھاوڵاتیان نەکردوە، واتا بە پشتگیری حزبی و پەیوەندی شەخسی کاروباری ھاوڵاتیان یان بەڕێ نەکردوە، بە تایبەت لە مەسەلەی گواستنەوی راژەی نیوان بە ڕێوبەرایەتەکانی وەزارەکان؟یان بە داد پەروەری مامەڵەیان کردوە؟

فاتیح سەنگاوی:نەخێر, ئەوەی من لە ئاگادار بم سەرکەوتووترین وەزارەتەکان بوون، بەتایبەت وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە دەیان ھەزار بندیوار و ناوی وەھمی موچەخۆریان لابرد، بێگومان کاری مرۆڤییش بێ کەم و کورتی نابێت.

بزاڤ:باس لەوەدەکرێت لەناوبە شیک لە ھاوڵاتیان دا کەسەرکردەکان حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پاریش ھاوشێوە ئەوان ژیانی پرلە خۆشی،بۆخۆیان دابینکردوە ئایا سەرکردەکانی یەکگرتووی ئیسلامیش بە وشیوەیەن یاخود ژیانی ئاسایی ھاوشیوەی ھاولاتیان بە سەردەبەن؟

فاتیح سەنگاوی:مەبدەئێکی قورئانیمان ھەیە خوای گەورە بە ئایەتێک دەریبڕیوە:( تِلْکَ الدَّارُ اڵاخِرَەُ نَجْعَلُەَا لِلَّژِینَ لا یُڕیدُونَ عُلُوّاً فِی الڕَرْچِ ۆلا فَسَاداً ۆالْعَاقِبَەُ لِلْمُتَّقِینَ) ماڵی دواڕۆژ بۆ کەسانێک نییە کە بیانەوێت سەرکەشی و خراپەکاری لەسەر زەویدا بکەن، بەڵام حەرام نییە مرۆڤەکان خۆشگوزەران بن بە مەرجێک لەسەر حسابی خەڵک نەبێت، بە کۆی گشتی سەرکردەکانی یەکگرتوو وەکو خەڵک وەھان و ھەندێکیشیان بەچینی ناوەند و خوارتریش ئەژمار دەکرێن، دەمێنێتەوە وەزیر و پلەدارەکان، ئەوانییش خۆیان بەرپرسن لە لایەکەوە یەکگرتوو رێژەیەک لە موچەیان دەبڕێت و ئاگاداریشم بەشێکیان دەست کراوەن لەبارامبەر داواکاری ناوخۆ و دەرەوە، ئەگەر دوای ئەمەش خۆشگوزەران بوو من وەھا نابینم لە حەرامدا بێت، ئەگەر واجبی خوا و بەشێک لە خواستی خەڵکی بەدیھێنابێت. بەڵام دەکرێت لەنێو ئەوانییشدا لە ئاستی خواستدا نەبێت یاخود لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبێت، ئیتر ئەوانییش مرۆڤن و لێپرسراویشن لە بەرامبەر خوا و پاشان خەڵکییش... ھەر بۆیە من دژم بەوەی مرۆڤ لە خۆی بگۆڕێت یاخود موسریف و زیادەڕەو بێت لە ھەموو روویەکەوە. و نامەوێت ھەڵەی کەسیش بپۆشم و نەشم ویستووە بچمە نێو ھەندێ بابەتی شەخسییەوە...




‌‌‌
7/3/2018 2:45:27 PM
Print Friendly and PDF
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ