مێژوو

لەنێوان (حکومەتی کوردستان) و (حکومەتی ھەرێمی کوردستان)دا




محەمەد سالار (پاشا)

تێبینی: مەبەست لەحکومەتی کوردستان دەوارانی دوەمی حکومرانی شێخ مەحمودە.

١. ناو
- حکومەتەکەی شێخ مەحمود ناوی (حکومەتی کوردستان) بوو.
- حکومەتەکەی بارزانی ناوی (حکومەتی ھەرێمی کوردستان)ە.

٢. دامەزراندن
- حکومەتی کوردستان لەبەرواری (١٠/١٠/١٩٢٢) ھاتە دامەزراندن.
- کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم لەبەرواری (١٨/٦/٢٠١٤) تەشکیل کرا.

٣. شەرعیەت
- حکومەتی کوردستان شەرعیەتی لەبەریتانیاوە وەرگرتبوو، چونکە بەپاڵپشتی و موبارەکەی بەریتانیا دامەزرا.
- کابینەی ھەشتەم شەرعیەتی لەھەڵبژاردنەو پەرلەمانەوە وەرگرتوە.




٤. وەزارەت
- ژمارەی وەزارەتەکانی حکومەتی کوردستان (٩) وەزارەت بون.
- ژمارەی وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێم (١٩) وەزارەتن.

٥. وەزیرەکان
- سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی کوردستان خەڵکی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری بون.
- لەکۆی (١٩) وەزیر (٧) وەزیریان خەڵکی سلێمانین.

٦. سنور
- سنوری حکومەتی کوردستان بریتی بوە لەسلێمانی و دەوروبەری.
- سنوری کارگێری حکومەتی ھەرێم بریتیە لەپارێزگاکانی (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە).



٧. عێراق
- لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی کوردستان، سلێمانی وەک ناوچەیەکی تایبەت تەماشا دەکرد.
- ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستور بەبەشێک لەعێراق ئەژمار دەکرێت.

٨. نازناو
- نازناوی فەرمی شێخ مەحمود (حوکمدار) بوو بەڵام دواتر نازناوی (مەلیکی کوردستان)ی لەخۆی نا.
- نازناوی فەرمی (نێچیرڤان بارزانی) (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران)ە، بەڵام لایەنگرانی پارتەکەی بە (ئەندازیاری ئاوەدانی) ناوزەندی دەکەن.

٩. پایتەخت
- پایتەختی حکومەتی کوردستان شاری سلێمانی بوو.
- پایتەختی حکومەتی ھەرێم شاری (ھەولێر)ە.

١٠. بنەماڵە
- ھەردوو حکومەت مۆرکی بنەماڵەی پێوەیە.




١١. باج
- باجی حکومەتی کوردستان بریتی بوو لەبزنانە و مەڕانە.
- باجی حکومەتی ھەرێم بریتیە لە (پارە).

١٢. زمانی فەرمی
- زمانی فەرمی ھەردوو حکومەتەکە زمانی کوردی بوو.

١٣. سستم
- سستمی حوکمرانی حکومەتی کوردستان مەلەکی بوو.
- سستمی حکومرانی لەئێستادا نیمچە پەرلەمانیە.

١٤. ئاڵا
- ئاڵای حکومەتی کوردستان بریتی بوو لەمانگێکی سور لەسەر تەختەیەکی سەوز، لەگەڵ تاجیکی رەنگاورەنگ.
- ئاڵای کوردستان لەئێستادا بریتیە لە ٤ رەنگ (سور و سپی و سەوز) و ئەستێرەیەکی (٢١) پرشنگی تێدایە.




١٥. دراو
- دراوی سەردەمی شێخ مەحمود (روپیە) بوو، شیخ مەحمود لەھەوڵ دابوو دراوی تایبەت بەخۆی دەربکات بەڵام دەرفەت رێگەی نەدا.
- دراوی بەکارھاتوو لەعێراق و ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم بریتیە لە (دینار).

١٦. گۆرانکاری
- بەھۆی فشارەکانی حکومەت و پێداگیری ئینگلیز، شێخ مەحمود شاری سلێمانی جێھێشت و دواتر ھەر لەسەر داوای ئینگلیز گەرایەوە و گۆڕانکاری لەچەند وەزارەتێک کرد.
- بەھۆی ڕێگری پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگە نەدرا بۆ ماوەی (٢) ساڵ چوار وەزیر ئەدای کارەکانیان بکەن.




١٧. ھەوڵەکانی سەربەخۆیی
- شێخ مەحمود لەگەڵ دەستپێکی حکومەتەکەیدا ھەوڵەکانی خستە گەر بەمەبەستی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی، بەم شێوەیە:-
ڕ- نازناوی خۆی لە(حکومدار)ەوە گۆری بۆ (مەلیکی کوردستان).
ب- ھەوڵی فراوانکردنی سنوری دەسەڵاتەکانی دا لەناوچەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و چەمچەماڵ و رانیە بۆ ناوچەکانی کەرکوک و ناوچە کوردنشینەکانی سەر بەپارێزگای موسڵ.
ت- دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەمالییەکان کەئەمە پێچەوانەی ویستی بەریتانیا بوو.
پ- پەروردەکردنی خوێندکاران لەسەر گیانی سەربەخۆیی، لەمبارەیەوە برایم ئەحمەد دەگێرێتەوە "ئێمە منداڵ بوین لەدیواری مەکتەبەوە سەیرمان دەکرد قوتابیانی مەکتەبی مەحمودییە گۆرانیان دەوتەوە و دەیانوت "وانابێ ئینگلیز وانابێ ئەم خاکە ھەر بۆ تۆ نابێ".
ج- کۆکردنەوەی توانا دیبلۆماسیەکان بۆ دژایەتی کردنی ئینگلیز، لەمبارەیەوە شێخ مەحمود نامەی بۆ ھەر یەک لە کونسوڵی سۆڤێت لەشاری تەورێز و شێخ مەھدی الخالسی گەورەی شیعەکان ناردوە.
ح- ھەوڵدان بۆ لێدانی سکە و دەرکردنی دراوی تایبەت بەخۆی.

- لە(تەموزی ٢٠١٧) مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاوەری چەند حیزبێک بریاریان دا لە (ئەیلولی ھەمان ساڵ) ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، لەوادەی خۆی ریفراندۆم ئەنجام درا، تیایدا تەنھا پرسیارێک لەھاوڵاتیان کرا ئەویش "ئایا دەتەوێ ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟" دەرەنجام (٩٢٪) بەبەڵێ وەڵامیان دایەوە.

١٨. دەرەنجامی سەربەخۆیی
- پاش شکستھێنانی پرۆژەی سەربەخۆیی شێخ مەحمود، دواجار:-
ڕ- ھێزەکانی بەریتانیا لە (مایسی ١٩٢٤) سلێمانیان بۆردومان کرد.
ب- کۆرەوی خەڵکی شار، بەجۆرێک لە (١٩٣٠٠) ماڵ، تەنھا (٧٠٠) ماڵ لەسلێمانی مانەوە و سەرجەمیان شاریان جێھێشت، و نزیک بە (٤) مانگی پێ چوو تا گەرانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ت- شێخ مەحمود سلێمانی بەجێھێشت.
پ- لە (تەموزی ١٩٢٤) ھێزەکانی حکومەتی عێراق و بەریتانیا ھاتنە ناو شاری سلێمانی.
ج- سلێمانی بەشێوەیەکی فەرمی بوو بەبەشیک لەعێراق.
ح- نائومێدی تەواوی ژیانی ھاوڵاتیانی گرتەوە، بەجۆرێک پاش شکستی دەسەڵاتی کوردی، رۆشنبیران و ھاوڵاتیان شێخ مەحمودیان بەبەرپرسیار دەزانی لەو دۆخەی رویداوە.


خ- دواجار لە (تشرینی یەکەمی ١٩٢٦) شێخ مەحمود و بەریتانیا گەشتنە رێکەوتن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
• نەشێخ مەحمود و نەھاوکارەکانی داخلی خاکی عێراق نەبن بەئیزنی بەریتانیەکان نەبێت.
• شێخ مەحمود تەداخولی کاری حکومەتی عێراق نەکات.
• کورەکەی (بابە عەلی) بنێرێتە بەغدا بۆ خوێندن لەژێر سەرپەرشتی ئینگلیز.
• لێخۆشبونی حکومەت لەشێخ مەحمود مانای تەنازول کردنی خەڵکی نایەت لەشێخ مەحمود بەڵکو لێخۆشبونەکە تەنھا لایەنی سیاسی دەگرێتەوە.
• حکومەت سەرجەم سامانی شێخ مەحمود بۆ دەگەرێنێتەوە و لەلایەن بریکارێکیەوە بەرێوە دەبرێت.

- دەرەنجامی ھەوڵەکانی بارزانی بۆ سەبەخۆیی:-
ڕ- دادگای دەستوری ئەنجامەکانی ریفراندۆمی ھەڵوەشاندەوە و حکومەتی ھەرێمیش پەسەندی کرد.
ب- نزیک بە (٥١٪) خاکی ھەرێم لەپێش ریفراندۆم بەدەستی کوردەوە بوو، لەدەستی دا.
ت- حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی ھاتنە ناو کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکانەوە.
پ- سەرجەم ئیدارەی کوردی لەو ناوچانە کشانەوە.
ج- فرۆکەخانەکان و دەروازە سنوریەکان چونەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی.
ح- کۆڕەوی خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ ھەرێمی کوردستان.
خ- دەیان لێکەوتەی دیکە.

تێبینی:
ھۆکاری نوسینی ئەم بابەتە بۆ دوو سەبەب دەگەرێتەوە:
یەکەم: لەئێستادا دەوترێت کەگوایە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق ھەلی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد ھەبوە بەڵام کورد ئەو دەرفەتەی نەقۆستۆتەوە، دڵنیانم دوای (٥٠) ساڵی دیکە دوبارە دەوترێتەوە کەلە دوای روخانی داعش ھەوڵی سەربەخۆیی فەراھەم بوو بەڵام کورد ھەوڵی نەدا.
دوەم: ھەموو ئەو ھەڵانەی کەلە (١٠٠) ساڵی رابردوو کرا، دوبارە لەریفراندۆمی (٢٠١٧) ئەنجام درایەوە، ھەر بۆیە لەکۆتاییدا یەک ئەنجامی ھەبوو.


‌‌‌
8/24/2018 11:41:42 AM
Print Friendly and PDF