راپۆرت

٣١ی ئاب لەنێو ئامار و بەڵگەنامە و بەیاننەمەکاندا


محەمەد سالار پاشا

ئەنجامدانی شۆرش ئاسانە، بەڵام پاراستنی دەسکەوتەکانی گرانە،،
لینین

لەنێو مێژووی نوێی کوردا پێش خیانەتی (٣١ی ئاب) کارتی بەھێز بەدەستی پارتییەوە بریتی بوو لە (جاشەکانی ٦٦) کە وەک تانەیەک بەکاریان دەھێنا بۆ سەرکردایەتی یەکیتی بەتایبەتی ئەوانەی کەلەدەسەڵاتی مەلا مستەفا ھەڵگەرابوونەوە، بەڵام دوای (٣١ی ئاب) ئیدی زاراوەکان ھاوشێوە بوون لەگۆرەپانەکەدا، یەکێتی بەھۆی ئەو پاڵەپەستۆ بەھێزەی کەکردیانە سەر پارتی وایان لێکرد ئەو کارتەی ھەیبوو لەدەستی بدات، لەم راپۆرتەدا ئێمە نامانەوێت شیکاری بکەین بۆ ئەو رووداوە بەڵکو تەنھا چەند ئامار و بەڵگەنامە و بەیاننامەیەکە بڵاودەکەینەوە کەتایبەتن بەو رۆژانە و رووداوەکانی.

’’ڕووداوەکان بەر لە٣١ی ئاب،،

بەر لە (٣١ی ئاب) (٣) جەولەی شەڕ کرا بوو لەنێوان یەکێتی و پارتی بەم شێوەیە:
جەولەی یەکەم: (١/٥/١٩٩٤)، دووەم (١/٦/١٩٩٤)، سێیەم (١٧/٨/١٩٩٦). واتە دەسپێکردنی جەولەی سێیەمی شەر بەر لە(١٣) رۆژ بوو لە ڕووداوی (٣١ی ئاب).

’’یەکێتی بەھۆی پاڵپشتیکردنی ھێزی پاسدارانەوە تەواو بەھێز ببوو،،

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەھۆی پاڵپشتیکردنی ھێزی پاسدارانەوە تەواو بەھێز ببوو، توانیبووی دەست بگرێت بەسەر تەواوی سلێمانی و ھەولێر و لەسەری رەشیش نزیک ببوەوە کەبارەگای سەرەکی پارتی بوو. دوای دەستپێکردنی جەولەی سێیەمی شەڕ رووداوەکانی ڕۆژانی دواتری بەم شێوەیە بوون:
• لە (١٩/٨) یەکێتی ھێرشی کردە سەر (کڵاو قاسم، شەقلاوە، کەپکی حەمەد ئاغا).

• لە (٢٠/٨) یەکێتی بەھاوکاری تۆپخانەی سوپای پاسداران ھێرشی کردە سەر (قەسرێ، دۆڵی خاناقا، چۆمان، گەڵاڵە، دار السلام).

• لە (٢٢/٨) پارتی لەو ناوچانە نزیکەی (٤٠٠) پێشمەرگەی یەکێتی کوشت.

• لە (٢٣/٨) یەکێتی (رەواندز)ی گرت.

• لە (٢٤/٨) یەکێتی ھێرشی کردە سەر میحوەری (سورێن) و گوندی (سیامێوە).

• لە (٢٥/٨) یەکێتی لە حەوت میحوەرەوە ھێرشی کردە سەر پارتی.

• لە (٢٦/٨) ھێرشی کردە سەر (دیانە) ھەردوو پیاوی ئاینی قەشە (دیانە) و شەماشە (سەرکیس) کوژران.

• لە (٢٩/٨) یەکێتی ھێرشی کردە سەر ناوچەی (دەرگەڵە)ی سەر بەقەزای (رەواندز).

• لە (٣٠/٨) یەکێتی ناوچەی (چۆمان، حاجی ئۆمەران)ی گرت.

’’پەیوەندییەکان،،

دوای مفاوەزاتی مانگی ئابی (١٩٩١) بەشێک لەحیزبە کوردستانییەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمی پێشوو زیندوو کردەوە، یەکێک لەو حیزبانە (پارتی دیموکراتی کوردستان) بوو تا دواتر لەرێی نامەیەکەوە لە (٢٢/٨/١٩٩٦) مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بۆ سەدام حسێنی ناردوو تیایدا وەک (تارق عەزیز)ی جێگری ئەو کاتی سەرۆک وەزیران لەکتێبی (گارق عزیز رجل و قچیە) کەلەساڵی (٢٠٠٠) لەلایەن (حەمیدە نەعناع)ەوە نوسراوە، سەبارەت بەم نامەیە دەڵێت " مەسعود داوی لێکردین ووتی "ئێستا ھەولێر لەژێر دەسەڵاتی ئێرانییەکاندایە، ئێرانییەکان و جەلال ھەوڵی لەناوبردنم دەدەن بۆیە داوای یارمەتی دەکەم"، ئێمەش چووینە ھەولێرەوە پاشان تاڵەبانی رۆشتە دەرەوە لێی، لە(ئەیلولی ١٩٩٦) ھەولێرمان تەسلیمی (پارتی دیموکراتی کوردستان) کرد دواتر ھێزەکانی عێراق گەرانەوە شوێنی خۆیان".

’’ھێزەکانی عێراق،،

گەرچی ئامارێکی تەواو دروستمان لەبەردەمدا نییە کەباس لەژمارەی ژمارەی ھێزەکانی عێراق بکات کەبەشدارییان لەو ھێرشەدا کردووە بەڵام ئەوەی ھەیە (٤٥٠٠٠ سەرباز و ٣٥٠ تانک لەجۆری (T٥٢، T٦٢، T٧٢) ٢٠٠ تۆپی قورس، فرۆکەی جۆری (٥٣٠) بەشدارییان کرد، ئەو ھێزە عێراقیانەی کەبەشدرییان کرد جگە لەفەیلەقی (١ و ٥) ئەمانە بوون:
• ھێزەکانی فەرماندەییی (اللە اکبر)ی عەمالیاتی گاردی کۆماری.

• تۆپخانەی فەرماندەی عەمالیاتی (اللە اکبر).

• ھێزەکانی گاردی بەغداد.

• ھێزەکانی عەدنانی گاردی کۆماری.

• لیوای (٣٩)ی پیادەی گاردی کۆماری.

• لیوای کۆماندۆی گاردی کۆماری.

• لیوای (٣٨)ی پیادەی ئالی گاردی کۆماری.

• لیوای زرێپۆشی (٤٠).

• تۆپخانەی فەماندەیی ھێزەکانی عەدنانی گاردی کۆماری.

• تیپی (٨) پیادە.

• تیپی (٧،١) پیادەی ئالی.

• لیوای (٤،٥،٦) پیادە.

• تۆپخانەی فەرماندەیی ھێزەکانی گاردی کۆماری بەغداد.

’’نەخشەکە لەچوار قۆڵەوە،،

یەکەم: لەشەقامی سەرەکی (ھەولێر – کەرکووک) لەئۆردوگای قوشتەپەوە بەرەو خۆرھەڵاتی ھەولێر بەرەو باکوری ھەولێر و ئۆردوگای کەسنەزان پێشرەوی بکەن.

دووەم: لەرێی دێبەگەوە بەرەو شاری ھەولێر.

سێیەم: لەرێی گوێرەوە بەرەو کانی قرژاڵە. 

چوارەم: بەدوو ئاراستە:

یەکەم: لەشەقامی موسڵەوە بەرەو ناو ھەولێر.

دووەم: لەشەقامی موسڵەوە بەرەو پشتی عەنکاوە.

پارتیش سەرجەم ھێزەکانی لەسەرووی ھەولێر دانا بوو

’’٣١ـی ئاب لە دژی یەکێتی پارتی بەیاننامەیەکی لەسەر گرتنەوەی ھەولێر بڵاوکردەوە،،

ئاگاداری
مژدە .. مژدە
ئەی جەماوەری ھەولێری ئازیز و خۆشەویست و خۆراگر
ئەی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان
ڕۆڵەکانی گەلەکەمان
مژدە بێ قارەمانانی پارتی و بارزانی، شێرە کوڕانی کوردستان پارێز و جاش بەزێن، ئەمرۆ لەھەڵمەتی ئازادکردنی پایتەختی ھەرێم، ھەولێری ئازیز و خەڵکی وەفاداری شاری قەڵا و منارە لەژێر دەسەڵات و سێبەری رەشی جەلالییە خیانەتکارەکان تا نوسینی ئەم ھەواڵە، پێشمەرگەکانی کوردستان توانیوییانە دەست بگرن بەسەر گرنگترین موڵگەکانی جەلالییەکاندا لەپایتەختی ھەرێمدا، ئەو جێینەی تائێستا دەستیان بەسەرد گیراوە بەم جۆرانەی خوارەوەن:
١. دەست بەسەراگرتنی مەکتەبی سیاسی جەلالییەکان.

٢. دەست بەسەراگرتنی مەڵبەندی (٣)ی جەلالییەکان.

٣. دەست بەسەراگرتنی سکرتارییەتی جەلالییەکان.

٤. جەلالییە ڕووڕەش و تاڵانچییەکان لەبارەگای بینایەی پەرلەمان ھەڵاتن و پەرلەمان لەچەپەڵی جەلالییەکان پاک بووەوەو رێز و حورمەتی خۆی بۆ گە`رایەوە .. ھتد

ئەمە ئەو بەیاننامەیە بوو کەپارتی لە (٣١/٨/١٩٩٦) بڵاو یکردەوە، پاشان لە (١/٩/١٩٩٦) فەرماندەی لەشکری کوردستانی سەر بە پارتی لەبڵاوکراوەیەکیدا کەلە رۆژنامەی برایەتی ژمارە (٢١٨٣)ی (٣/٩/١٩٩٦) رایگەیاند:
١. ھەموو چەکدار و کادیرەکانی جەلالی ئەوانەی خۆیان بەبنکەی فەرماندەیی لەشکری کوردستان دەناسێنن عەفو کراون و کەرامەتیان پارێزراو دەبێت، بەپێچەوانەوە 
ھەر چەکدارێک یان کادیرێکی جەلالی خۆی تەسلیم نەکات و بگیرێت بەتوندی سزا دەدرێت، وە ھەرکەسێکیش داڵدەیان بدات و بیانشارێتەوە تووشی سزای یاسای دەبێت.

٢. بۆ ھەر کەسێک کەئوتومبێلی خەڵکی بردووە یەکسەر بیگەرێنێتەوە بۆ بارەگای فەرماندەیی لەشکری کوردستان لەھەولێر، ھەر کەسێک ئەوتومبێلی دزراەی پێ بگیرێ ئیعدام دەکرێت.

٣. جگە لەو ھێزە تایبەتیانەی بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایش لەھەولێر دەستنیشان کراوەو لەژێر فەرمانی فەرماندەیی لەشکری کوردستانە ھیچ پێشمەرگە و چەکدارێکی تر نابێت لەناو شاری ھەولێر بمێنێت.

ھەر لەھەمان رۆژدا مەسعود بارزانی سوپسنامەیەکی ئاراستەی سەدام حسێنی سەرۆکی عێراق کرد بەبۆنەی یارمەتیدانیەوە کەلەژمارە (٦٤٨٨) رۆژنامەی (الشرق الاوست) بڵاو کرایەوە کەلە (٢/٩/١٩٩٦) دەنگوباسی وەکالەتی ئەنبای عێراقی بڵاویکردبووەوە ئەمە بەشێکێتی:
حیزبی بارزانی سوپاسی حکومەتی بەغداد دەکات
(سوپاسی ھێزەکانی عێراق دەکەین بەبۆنەی وەڵامدانەوەی داواکانمان سەبارەت بەیارمەتیدانمان).

لەبەیاننامەکەدا ھاتووە (رزگارکردنی شاری ھەولێر دادەنرێت بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ گەلی کورد ھەروەھا بۆ گەلی عێراقیش چونکە کۆتای ھێنا بەو رۆڵەی کەجەلال تالەبانی دەیگێرا بۆ لەتکردنی ریزی کورد و دروستکردنی فیتنەو ئاژاوەگیرَی لەنیۆان رۆڵەکان بۆ ماوەی ٣٢ ساڵە)،
ھەروەھا لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ھاتووە (ھاتنە ناوەوەی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان کارێکی پر مەترسییە بۆ ناوچەی کوردستان و سەروەری عێراق) ..ھتد

’’رووداوەکان،،

رۆژی شەممەی (٣١ی ئاب)

• کاتژمێر (٤)ی بەیانی شەر دەستی پێکرد.

• کاتژمێر (١٠)ی سەر لەبەیانی ھەولێر گیرا.

• یەکەمین شوێن دەبابەکانی عێراق تۆببارنیان کرد گەرەکی عەینکاوە بوو.

• کاتژمێر (٢)ی پاش نیوەرۆ دەبابە گەشتە پارلەمان.

• کاتژمێر (٨)ی ئێوارە یەکێتی لەھەولێر نەما.

• یەکێتی زیاتر لە (١٥٠) کوژراو و (١٢٥) دۆشکاو بەملێۆن فیشەک و (دوو) مودەرەعە راجیمە و جگە لەئازوقە و پارەی ناو بانکەکانی لێ بەجێما.
رۆژانی دواتر

• لە (٧/٩) پارتی ھێرشی کردە سەر (جەمرگە و لای حاجی سەر).

• لە (٨/٩) (دیگەڵە، دۆڵی ھیران، کۆیە، ھەیبەت سوڵتان، گردی معارەزە، کەپکی گەرۆتە، پڵنگان، بن گرد، کاموسەک، نازەنین)ی گرت.

• لە (٩/٩) سەعات (٥:٢٥) یەکێتی تەلەفیزێۆنی گەلی کوردستانی تەقاندەوە.

• لە (٩/٩) پارتی (ناوچەی باڵەکایەتی، شاری رەواندز، دۆڵی خەلەکان و دوکان)ی گرت.

• لە (٩/٩) یەکێتی لەقەلاچوالان ئاگرێکی گەورەی کردەوە بەشێکی ئەرشیفی دەزگای زانیاریان سوتاند.

• لە (٩/٩) کاتژمێر (٧)ی ئێوارە پارتی سلێمانی گرت.

’’ھەندێک لێدوان،،

• مەسعود بارزانی بۆ گۆڤاری (ئەلف با) "سەدام زەمانەتی کوردانە".

• لە (٢٣/٩) ھۆشیار زێباری لەدیدارێک لەرادێۆی پارتی ووتی: "ئێمە بۆ چەند سەعاتێک ئیشمان بەبەعس بوو ئێستا بەدوژمنی کوردی دەزانین".

• فرانسۆ ھەریری لەزانکۆی سەلاحەدین ووتی "چەند ساڵی کورد جاشی عێراق و سەدام بووە با ئەم جاری عێراق جاشی کورد بێت".

• ئازاد بەرواری بۆ گۆڤاری گوڵان " ٣١ی ئاب کاردانەوە بوو نەک تاکتیک".

• لە (٣٠/٩) سامی عەبدولرەحمان "بەھێزەکانی پارتیمان ووتوە تا (٣) رۆژ چیتان دەست کەوت بۆ خۆتان". کەدواتر لە (٢٨/٥/٢٠٠٢) بەبریاری ژمارە (٦) پارلەمانی کوردستان زەوییەکانی گەراندەوە.

• رۆژنامەی (الپورە) رۆژی (١٩/١١/١٩٩٦) لەلاپەڕە (چوار) وتارێکی سەدام حسێنی دابەزاندووە کەلەگەڵ ئەفسەرە گەورەکانی عێراق کۆبۆتەوە کەبەشداریان لەڕوداوەکەی (٣١ی ئاب)دا کردووە و دەڵێت"ئەمرۆ ئاھەنگ دەگێرین بەکۆمەڵێکی تر لەجەنگاوەرە ئازاکان، ئەوانەی پێشرەوێتی ھەڵمەتی (آب المتوکل علی اللە)یان کرد، لە (آب المتوکل علی اللە) چەندین پەند و وانەی تێدایە وەک سەرجەم جەنگەکانی دیکە وە خۆشی زۆری تێدایە، بەنیسبەت منەوە باشترین و خۆشترین کار تێیدا بریتییە لەوەی کە جەنگاوەرە ئازاکان بەناوی عێراق و عێراقییەکانەوە ئەم کارەیان کرد پشتیوان بەخوا رۆڵەو براکان و گەلەکەمان لەناوچەی حوکمی زاتی ئەم ھەلە دەقۆزنەوە وەک دەسپێکێکی نوێ و دەرگایەکی گەورە بۆ ئەوەی چیتر لەباکوری عێراق و لەناوچەی حوکمی زاتی رێگە نەدەن ھیچ دوژمنێکی خراپەکار پێ بنێتە خاکی عێراقەوە جا ھەر چۆنێک بێت رەنگ و شێوەی

’’ھەندێک دەرەنجام،،

رەفتاری پارتی بەرامبەر دیلەکانی یەکێتی، (پ.د.ک) راگەیاندنێکی دەرکرد لە (٩/٩/١٩٩٦) بەم شێوەیە "لەئاکامی داگیر کردنەکەی ھەولێر (ی.ن.ک) دوچاری سەرلێشێوان و پەراگەندەیی و قەیرانی رێکخراوەی و ئیداری و دارای ھات، زەرەز زیانی زۆری پێ گەشتن ژمارەیەک لەکادیرە سەرەکییەکانی لەلایەن پێشمەرگەکانی پارتی دەستگیر کران وەک دیل رەفتاریان لەگەڵ دەکردن، بەچاوی سووک بێ رێزلێنان بەرق و کینێکی تۆڵەسەندناوە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردن، ھەر شوێنێکی دەکەوتە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەکانی پارتی ھەنگاوی سەرەکیان پاکسازی بوو لەلایەنگرانی یەکێتی نیشتیمانی".

’’پارتی دیموکراتی کوردستان
٩/٩/١٩٩٦
ئەمەریکا،،

ئەو بەڵگەنامەیەی لەخوارەوە ھاتووە راپۆرتی بێل کلینتۆنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە ٥(/٩/١٩٩٦) کەبەرزی کردۆتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە، لەبەشێکیدا ھاتووە "سێ رۆژ لەمەوبەر (٣١ی ئاب) سەرەاری ھۆشدارییە ڕوونەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھێزەکانی عێراق ھێرشیان کردە سەر شاری ھەولێر لەباکوری عێراق کەلەژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندایە و ئەم شارەیان داگیر کرد". ھەروەھا ھاتووە "وادیارە کەگروپێکی کوردی کەپێشتر دژی سەدام بووە ئێستا بریاری داوە لەگەڵ سەدام ھاوکاری بکات بەڵام ئەمەش نابێتە پاساو بۆ ھێرشی سوپای عێراق بۆ سەر دانیشتوانی سفیلی ھەولێر".

بەم شێوەیە سەرجەم ھەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان مایەوە بۆ ماوەی (٤٠) رۆژ تا دواتر ھێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە (٩/١٠/١٩٩٦) گەرانەوە سلێمانی و دواتر بەو شێوەیە سەرجەم ئەو کاراسات و نەھامەتییەی لێ کەوتەوە کەرەنگە ناخۆشترینیان دوای خیانەت بریتی بوو لەوەی لە (٣١/١١/١٩٩٦) رژێم قەزای مەخمووری لەپارێزگای ھەولێر لێکردەوەو لکاندی بەپارێزگای موسڵەوە کەئێستا بەقەزای مەخموور دەوترێت ناوژە دابراوەکان.


‌‌‌
8/31/2018 3:06:51 PM
Print Friendly and PDF