راپۆرت

یەکێتی و پارتی دوو ھێزی ھاوپەیمانی لێوانلێو لە ململانێ


مەریوان

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو دوو ھێزە ناکۆکەن کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەژێر چەتری ھاوپەیمانێتیەکی ناچاریدا درێژە بە ڕکابەری و ململانێیەکی توند دەدەن، ململانێی ئەم دوو ھێزە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و دەتوانین بلێین دەگەڕێتەو بۆ سەرەتای ساڵی شەستەکان ئەوکاتەی سەرکردەکانی ئەم دوو ھێزە لە ناو پارتی دیموکراتدا ھاوخەبات بوون بەڵام لە ساڵی ١٩٦٤دا بەھۆی پەرەسەندنی ململانێکانیانەوە زۆرینەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حیزبەکە جیابوونەوەو باڵێکی تریان ڕاگەیاند بەناوی (پارتی دیموکراتی کوردستان /باڵی مەکتەبی سیاسی )و دواتر ئەم دوو باڵەی پارتی لە ئەدەبیاتی سیاسی کورددا بە باڵی ( مەلایی و جەلالی) ناسران .



دوای ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ١/٦/١٩٧٥ و پاشان ھەڵگیرسانەوەی شۆرشی گوڵان و دروستبوونەوەی  (قیادە مۆقەتە) و پاشتریش ڕاگەیاندنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیتر ئەم دووھێزە بە گوڕو تینێکی نوێوە و لەسەر بنەمای کۆنە قین دەستیان دایەوە ڕاکابەریکردنی یەکتری و کار گەیشتە ئەوەی  ململانێکان توند بوونەوە  تا گەیشتە ئاستی پێکادانی سەربازی و شەڕی براکوژی و کورد کوژی و ھەریەک لەم دوو ھێزە ھەوڵی تواندنەوەو لەناوبردنی ئەوەی تری دەداو ،لەم پێناوەشدا  ھەموو رێگاو شێوازێکی نامەشروعیان گرتە بەر و تاساڵی ١٩٨٥ قێزەونترین جۆری شەرو ململانێیان پیادە کرد لە کوردستاندا .


 دواتر بەھەوڵی خەمخۆران و دڵسۆزان و لەژێر فشاری ئێراندا لەو دۆخە سەربازی و سیاسیە ناھەموارەدا کە بەشێکی زۆری بەھۆی سیاسەتی ئەم دوو ھێزەوە بەسەر کوردا ھات،  لەساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ چەند حیزبێکی تری کوردیدا (بەرەی کوردستانی) یان پێک ھێناوە وبەمەش ململانێکانیان تاڕادەیک بەرەو کزی و کپبوونەوە چوو، بەڵام ئەم بەرەیە تاساڵی ١٩٩٢ بڕی کرد و کاتێک مەسەلەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھاتەکایەوە ململانێکان دەستیان پێکردوە و ڕۆژ بەڕۆژ بەرو توند بونەوە دەچوو، بۆ ڕێگری لە دووبارە پێکدادانەوەی ئەم دوو ھێزە ناچار فیفتی بەفیفتیان لە حکومەت و ئیدارەدانی کوردستان داھێنا کە بووە سیمایەکی زۆر ناشیرینی دەسەڵاتی کورد.

دواتر کە مەسەلەی دەسەڵات و پارەو بەرژەوەندی مادی و مەعنوی ھاتە کایەوە ئیتر ململانێکانی  نێوان ئەم دوو ھێزە پەرەیان سەندەوە و لەساڵی ١٩٩٤دا  شەڕی ناوخۆیان ھەڵگیرساندەوەو لەماوەی چوار ساڵی شەری ناوخۆدا ھەرچی ڕێگاو شێوازی قیزەون بوو بەرامبەر یەکتر ئەنجامیان دا و سەرباری شەڕ وکوشتن و داگیرکرد و کاولکاری و و سوتاندن کارگەیشتە خیانەت و پەلکێشکردنی داگیرکەران بۆناو کوردستان و ئەتکردنی حەیاو ئابڕو ئەندام و لایەنگرانی یەکتر و ھەرچی چین و توێژی کوردستانە بە حیزب و ریکخراوەکان و  (ژن و پیاو رۆشنبیر و کرێکار و مەلا دایکی شەھیدان و ...ھتد) تکاو ڕجایان لێکردن بەڵام شەریان رانەگرت.



دواتر لەژێر فشاری ئەمریکاو وڵاتانی زلھێزدا لەدوای زیاتر لە سەد کۆبوونەوە لەناوە و لەدەرەوەی وڵات سەرەنجام  ساڵی ١٩٩٨ ڕێکەوتنی ستراتیژیان ئیمزا کرد و خاکی کوردستان و پۆستەکانی دەسەڵات و داھات و سەروەت و سامانی ژێر زەوی و سەرزەویان دابەشکرد لەنێوان خۆیاندا و بەمەش کۆتاییان بە ململانێی سەربازی ھێنا، بەڵام ئەم شەراکەتی سیاسیە  کۆتایی بە ڕکابەری ئەم دوو ھێزە نەھێنا بەڵکو ململانێ سیاسیەکانی بەکراوەیی ھێشتەوە. 

لە ئێستاشدا سەرباری مانەوەی ڕەشنووسی ڕێکەوتننامەی ستراتیژی بەڵام دەیان جۆر ململانێی سیاسی و ئیدار و دیبلۆماسی و ئەمنی لە نێوان ئەم دوو ھێزە دا ھەیە و ھەندێک جار ململانێکان بەڕادەیەک قوڵدەبنەوە خەریکە دەگاتە ئاستی پێکادانی سەربازی دروستکردنی دوو ئیدارەیی، بۆیە ئەم دوو ھێزە نەئەوەتا بەیەکەوە ھەڵبکەن و نەبەبێ یەکتریش دەتوانن درێژە بە ئیدارەی کوردستان و مانەوەی خۆیان بدەن،  ئەوەی کە لە ئێستادا بەڵانسی ھاوپەیمانی نێوان ئەم دوو ھێزەی ڕاگرتووە و  تەنھا شتێکیشە کە ئەم دوو ھێزەی بەیەکەوە ھێشتۆتەوە بەرژەوەندیە مادیەکانە و قاسەی پڕ لەداتی کوردستانە ، کە ھەردوولا  ژێربەژێر ڕێکەوتوون لەسەر مۆنۆپۆڵکردنی داھات و دەسەڵاتی کوردستان ناشەفافی و و شاردنەوەی ھەموو زانیاریەکان و ڕاستیەکان سەبارەت بە داھات و دەسەڵات لە خەڵک ولەلایەنەکانی تر، ئەگەر نا لە ھەموو ڕوویەکی ترەوە ناکۆک و نەکڵۆکن بەیەکەوەو، ھەریەکەیان لەھەوڵی لاوازکردنی ئەوەی تردایە تا ئاستی لەناوبردن.


بۆ نمونە ناکۆکیان لەسەر پۆستەکانی بەڕێوەبردن لە شارێکی وەک ھەڵەبجەدا بۆتەھۆی ئیفلیج بوونی ئیدارەی ئەو شارە و لە شارێکی گرنگی وەک کەرکوکیشدا بۆتە ھۆی زاڵبوونی عەرەب و تورکمانی ئەو شارە بەسەر کوردا، ناکۆکیە سیاسیەکانی ئەم دوو ھێزە  لەسەر بەرێوەبردنی کوردستان  وململانێیان لەسەر  قۆرخکردن و دەستگرتن بەسەر نەوت و داھاتەکانیدا بووە ھۆی زاڵبوونەوەی حکومەتی عێراق و بەلاواز پیشاندانی ھێزی پێشمەرگە و نەمانی ھەیبەت و شکۆی کورد لە  ناوخۆ و عێراق و تەنانەت لە ناوچەکەو جیھاندا . 

ئەم ناکۆکی و ململانێیانەی  نێوان ئەم دووھێزە لەھەموو ئاستەکانی ئیدارەدانی حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان و دارایی وداھاتەکان و لایەنی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەیی و جیھانی دا بەئاشکرا ھەستی پێدەکرێت وھیچکامیان ناتوان بیشارنەوە و نکوڵی لێبکەن، ئەمەش کاری کردۆتە سەر جومگەکانی دەسەڵات و بەرەو داخوران پەکخستنی بردوە و، زیانی زۆری گەیاندوە بە دۆزی ڕەوای کورد و تەنانەت بوەتە ھۆکاری ھەموو شکستەکانی کورد لە ئێستاو رابردوودا و سەرجەم دەسەڵاتە ئیداری و کارگێڕی و یاسایی و دادوەری یەکانی پەک خستووە و ھەستی نیشتیمان و ئینتیمای نەتەوایەتی لای تاکەکانی کورد بەتەواوی لاواز کردوە و دۆزی کوردیشی لە تەرازووی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا سوک و لاواز کردوە.


‌‌‌
9/21/2018 12:15:49 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ