هەمەڕەنگ

رۆڵى ژینگە لەفێربونى مناڵاندا



ئا/ پێشەوا شێخ رەئووف

دایک و باوکى خۆشەویست، هەرگیز گرنگى و ڕۆڵى ژینگە لەسەر منداڵەکەت بەکەم مەگرەو بێ بەهاو بێ نرخ تەماشاى مەکە، پسپۆڕان و شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن فێرکردن و ڕێنیشاندان و ڕێنماییکردنى منداڵەکەت لەناو ژینگەیەکى جواندا کاریگەرى زۆر باشى دەبێت لەسەر ئاستى فێربوون و وەرگرتنی زانیارى دروست  و تێکەڵ بوونى لەگەڵ دەوروبەردا.
 ئایا تا ئێستا هەوڵتداوە لەڕێگەى ژینگەکەیەوە  زانست و زانیارى فێرى منداڵەکەت بکەیت؟ ئەمە کارێکە کە بۆ منداڵەکەت سوودمەندەو ئەگەر تاکو ئێستا ئەم لایەنەت فەرامۆشکردووە ئەوا لەئێستا بەدواوە کاتى زۆر ماوەو پێویستە پشتگوێى نەخەیت، لەئێستادا لەوڵاتانى ڕۆژئاوا زانایان و شارەزایانى تایبەت بە منداڵان باس لە گرنگى فێربونى منداڵان دەکەن لەڕێگەى ژینگەوە، هەروەها باس لەگرنگى بوونى باخچە دەکەن لەشوێنى خوێندنەکانیان، چونکە لەڕێگەى ئەو باخچەیەوە منداڵەکان دەتوانن کۆمەڵێک زانست و زانیارى گونجاو وەربگرن و لاى خۆیان بیهێڵنەوەو سوودى لێوەبگرن.

- ڕەنگەکان:
لەڕێگەى ئاشناکردنى منداڵان بە گوڵ و دارودرەخت و ڕەنگەکانى ناو باخچەکانەوە منداڵان فێردەبن کامە ڕەنگەکانەو ڕەنگەکان چین و چۆن گونجاون لەگەڵ یەکتردا، لەبیرو مێشکیاندا ئەوە جێگیر دەبێت کامە ڕەنگى سەوزایى و ڕوبارو دارو درەخت و گوڵەکانە، ئەمە هاندەرێک دەبێت بۆ حەزو ئارەزووى منداڵەکان و بەهرەمەندبونیان لە گونجاندنى ڕەنگەکان و هەروەها کاریگەرى لەسەر بارى دەرونى و ئارامکردنەوەى دەرون و مێشکیان.

- قەبارە:
منداڵان لەکاتى بوونیان لە شوێنێکى فراوان و باخچەیەکى گەورەدا بۆیان ڕوون دەبێتەوە کە قەبارەى لەش و توانایان چەندە بە بەراورد بەکەسانى ترى چواردەوریان و ئەو شتانەى لە سروشت و چواردەوریاندا هەن، ئەمەش  یارمەتییان دەدات لە هاوسەنگ ڕاگرتنى لەشیان و زانینى قەبارەى ئەو شتانەى لەدەرورووبەرو سروشتدا هەن. 

- بونەوەرەکانى ناو سروشت: 
ئەگەر مناڵان بچنە ناو سروشتەوە بۆ نموونە باخچەیەکى ڕازاوە، چەندین بونەوەر دەبینن وەک هەنگ و مێروولەو پەپوولەو مێرووى ڕەنگاو ڕەنگ و جوان، ئەوکات ئاشنا دەبن بە بونەوەرەکان و بۆیان ڕوون دەبێتەوە دەیان و سەدان بونەوەرى جۆراوجۆر لەچواردەورو ژینگەکەیاندا هەن و نامۆ نابن پێیان و لێیان ناترسێن و بگرە زۆرجار چێژ لە تەماشاکردن و ڕوانینی ئەو گیاندارانە دەبینن.

- رەوشت و ئادابى کۆمەڵایەتى:

ئەگەر منداڵان بچنە ناو باخچەیەکەوە فێرى ماناى کۆمەڵ و بەشداریکردنیان دەبن و ڕەچاوى هەستەکان دەکەن لەڕێگەى خواردن و یاریکردن، فێرى گوێڕایەڵى و ڕەچاوکردنى هەست و حەزى بەرامبەرەکەیان دەبن و لەتایبەتمەندییەکانی کەسانى تر تێدەگەن، لەگەڵ بەردەوام بوونى سەردانیکردنى منداڵان بۆ ناو باخچەو پارکەکان وردە وردەو ڕۆژ لەدواى ڕۆژ سوودى لێوەردەگرن و ڕەوشت و ئاداب و مامەڵەى کۆمەڵایەتی فێردەبن و لەژیانیاندا سوودى لێدەبینن.
ئەم سەردانیکردن و ئاشناکردنەى منداڵان بە باخچەو پارک و شوێنە گشتییەکان ئەرکێکى سەر شانى دایکان و باوکانە کە هەفتانە منداڵەکانیان ئاشنابکەن بە سروشت و ژینگەى دەوروبەریان، ئەمە جگە لەوەى لەچوارچێوەى قوناغەکانى خوێندن و باخچەى ساوایاندا مامۆستایان و فێرخوازان پێویستە لەسەریان تاکو رۆژانە منداڵان ئاشناى سروشت و دەوروبەریان بکەن و لەو بارەیەوە زانیارى زانستى و گونجاویان پێبدەن. 


سەرچاوە :
مجلة طفلى


‌‌‌
10/9/2018 10:46:12 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ