هەواڵ

شوان داودی : سنوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کەلهورو چیمەنە، نەوەکو شاخی حەمرین


بزاڤــ:

ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق لەسەر لیستی یەکێتی و نوێنەری کەرکوک، شوان داودی لەم وتوێژەی دەنگی ئەمریکا زۆر راشکاوانە باس لەوە دەکات کە سەرکردایەتی کورد لە روویان نایەت کە بڵێن "وازمان لەکەرکوک هێناوە"، ئە و پێی وایە هەموو پارتەکوردییەکان تاوەکو ئێستا کەرکوکیان بە کار هێناوە، نەک خزمەتیان کردبێت. دەشڵێت "بەداخەوە گەیشتومەتە هەندێ قەناعەت سەرکردایەتی سیاسی کورد بە هەموو لایەنەکانەوە لە پرسی کەرکوکدا راستگۆ نیین، پرسی کەرکوکیان بەکارهێناوە بۆ خۆشگوزەرانی هەرێمی کوردستان، یان لە نێوان خۆیاندا بۆ موزایەداتی سیاسی بەکاری دەهێنن، باجەکەشی کوردی کەرکوک داویەتی."

کورد لە ئەنجومەنی پارێزگار زۆرینەیە، لە دوای ریفراندۆم و روداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017، ئەندامەکانی پارتی لەو ئەنجومەنە دەوام ناکەن، هەڵوێستیان وەرگرتووە، بەهۆکاری ئەوەی کە کەرکوک داگیرکراوە، بەو هۆکارە هێشتا پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەتەو پارتی ویەکێتی ئەو پۆستەیان یەکلا نەکردووەتەوە، شوان داودی ئەو هەڵوێستە بە سەیر ناودەبات و دەشڵێت "ئەو ئەندامانە موچەی مانگانە وەردەگرن و دەوام ناکەن، دێن موچەکانیان وەردەگرن، هەر ئەو حیزبەش بۆ وەرگرتنی پۆستێک لە بەغداد جۆرەها رێکەوتنی سیاسی دەکات، بەڵام بەشداری ناکەن لە دانانەوەی

پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک کە بەشی نەتەوەی کوردە لەو شارەدا."

لەبەشێکی وتوێژەکە باس لە لێکەوتەکانی دووای ریفراندۆم و 16 ئۆکتۆبەر دەکات، پێی وایە روداوەکە لە هەرێم لە بیر کراوە، ئەو پێی وایە رۆژانە کوردی ئەو شارە باجەکەی دەدەن، "کەرکوک سێ قۆناغی بەخۆوە دیوە، سەردەمی هاوپەیمانان، دەسەڵاتی زۆرینە لای کورد بووە، سەردەمی داعش کورد بەهۆی پێشمەرگەوە دەسەڵاتی رەهای هەبووە، لە دوای ریفراندۆم دەسەڵات لای حکومەتی عێراقییە، لە هەموو قۆناغەکان پێکهاتەیەک لەو شارە بەدەستی لایەکیتر چەوساوەتەوە، بەردەوام ئەو شارە تفەنگ حوکمی کردووە."

ئەم ئەندام پەرلەمانە لە درێژەی وتوێژەکە باس لەوە دەکات کە سنوری نێوان هەرێم و عێڕاق گۆڕانکاری بەسەردا هات بە تایبەتی دوای رێکەوتنی نێوان حکومەتی بەغداو هەولێرو دوای ریفراندۆمی 2017، "کاتێ گومرکی رەسمی حکومەتی عێڕاقی هێنرایەوە سەر چیمەن بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی و گوندی کەلهوڕ بۆ سنوری هەولێر، ئەوە سنوورەکەیە، نەوەکو شاخی حەمرین.خەڵکی کەرکوک یەک کیلۆ تەماتە لە هەولێر یان سلێمانییەوە بهێنن بۆ کەرکوک دەبێت گومرگ بدەن، حسابی سنوورینێودەوڵەتی بۆ کراوە و جیا کراوەتەوە، سەرکردایەتی کورد وازیان لەکەرکوک هێناوە، بەڵام لەروویان نایەت ئەوە رابگەیەنن."


‌‌‌
10/10/2018 10:22:06 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ