هەواڵ

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: هەندێک لەکەلوپەلەکانی خوێندنگە هەستی شەڕەنگێزی لای منداڵان دروست دەکەن



بـزاڤـ : پێشەوا شێخ ڕەئووف

لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، چەند کەلوپەلێکی تایبەت بەخوێندنی منداڵان دەفرۆشرێت وەک قەڵەم و جانتای بچوک کە لەسەر شێوەی ئامێرە بریندارکەرەکانی وەک چەقۆ و حەربەو شمشێرو قەمەو ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانک و دەبابە  دروستکراون، توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش ئاماژە بەوەدەکات ئەو جۆرە کەلوپەلانە هەستی شەڕەنگێزی و توندوتیژی لای منداڵان دروست دەکات.

لەبارەی ئەو پێداویستییانەی خوێندن کەلەسەر شێوەی چەک و ئامێرە بریندارکەرەکان دروستکراون، لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ بـزاڤ، شادان ساڵح توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: منداڵان و ھەرزەکاران دوو چینی زۆر گرنگ و ھەستیاری کۆمەڵگەن وەکو مامەڵە کردن، بەو مانایەی جگە لە ژینگەی خێزانیی کە تیایدا پەروەردە دەبن، ژینگەی دەرەوەی خێزانیش کاریگەرییان لەسەر بەجێدەھێڵێت.

ئەو توێژەرە باس لەوەشدەکات کە ھەرێمی کوردستان دووچاری سەرلێشێواوی بواری بازرگانی و ھاوردەکردن و لێنەپرسینەوەی بازرگانەکان ھاتووە، بەئاشکرا کۆمەڵێک پێداویستی زیانمەندی ناپەروەردەیی دەھێننە بازاڕەکان و بەئاشکرا بازرگانی پێوە دەکرێت، هەموو ئەوانە
ڕاستەوخۆ خولیاو ئارەزوی شەرەنگێزی لە دەرونی منداڵاندا گەشە پێ دەدەن و دەبنە هۆکاری ڕق و کینە و دروستبونی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی.

شادان ساڵح جەخت لەوەدەکاتەوە کە پشکی گەورەی بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆی لایەنی جێبەجێکردنی دەسەڵات و یاسایە لەهەرێمی کوردستان.

ئەو ئاماژە بەوەدەکات کە هەرچەندە بەرپرسان ڕێگەیان بۆ ئەم جۆرە کارە نەشیاوانە ئاسان کردوە، بەڵام دەبێت دایکان و باوکان و مامۆستایان ڕێگری لەمجۆرە بابەتانە بکەن، ئاگاداری منداڵەکانیان بن و ڕێگە نەدەن ئەو پێداویستییانەی خوێندن بکڕن کە لەسەر شێوەی چەک و تەقەمەنی و چەقۆ و شمشێر دروستکراون.


‌‌‌
10/11/2018 12:23:04 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ