هەمەڕەنگ

رۆسیف کچە تاوانبارەکەى بەردەم دادگا ماوەیەک سەرۆکایەتى وڵاتەکەى دەکرد



بزاڤـــ :پێشەوا شێخ رەئووف

ئەو کچێکى دەستگیرکراو و تۆمەتباربوو لەسەر کورسییەک لەبەرامبەر ژمارەیەک دادوەرى سەربازى دانیشتبوو لەچاوەروانى ئەوەدابوو کە دادگاى سەربازى وڵاتەکەى ئەو سزایەى بۆ بخوێنێتەوە کە بەتۆمەتى سوکایەتیکردن بەسوپاو هاندانى خەڵکى لەدژى سوپاى وڵاتەکەى دەستگیرکرابوو.

ئەو وەک چۆن لەسەر شەقامەکان وەکو کچێکى تازەپێگەیشتووى پڕگڕوتین دژى سیستەم و دەسەڵاتى ئەوکاتى  سەربازى وڵاتەکەى بەئازادانەو ئازایانە دروشمەکانى دەوتەوەو پێشڕەوى خۆپیشاندەرانى دەکردو هەمیشە بەدەنگ و سەرى بەرزەوە لەبەرامبەر دەسەڵاتى ئەوکاتى حکومەتەکەى دەوەستایەوە، لەناو دادگاى سەربازى و لەسەر کورسى تۆمەتبارییش کە دانیشتبوو، هیچ ترسێک بەدەموچاوییەوە نەدەبینراو سەرى لەبەرامبەر دادوەراندا بەبەرزى راگرتبوو، خۆڕاگرو بەهێز دانیشتبوو، بەڵام ئەوانەى شەرمەزارببوون و دەستیان بەڕوخساریانەوە گرتبوو و لەڕوویان نەدەهات چاوببڕنە چاوەکانى ئەم تۆمەتبارەوە، دادوەرە سەربازییەکان بوون. ئەوان دەیانزانى ئەو کچە چالاکوانە جورئەت و ئازایەتییەکى بێ وێنەى هەیەو هەرگیز سڵ لە دادگاو دەستگیرکردن و بەندکردن ناکاتەوە، بۆیە شەرمەندە ببوون و نەیاندەزانى چۆن چۆنى تەماشاى چاوەکانى بکەن و بریارى دادگاى سەربازى لەبەرامبەریدا بخوێننەوە.

ئەو کچە چالاکوانە کە لەدژى دەسەڵاتء حوکمى سەربازى ئەوکاتى وڵاتەکەى وەستایەوەو بانگەوازى چاکسازى و گۆڕانکارى دەکرد، رەنگە لەوکاتەدا زۆرکەس پێشبینى ئەوەیان بۆ کردبا کە ئایندەیەکى دیارى نابێت و بەهۆى چالاکییەکانییەوە دەخزێنرێتە سوچى زیندان و بەشێکى زۆرى ژیانى لەبەندینخانەدا بەسەربەرێت. بەڵام ئەوەى لەواقیعدا روویدا پێچەوانەبوو، ئەو لەبەرئەوەى خاوەنى بیروباوەڕو بیرێکى فراوان بوو، ئەو خەباتء تێکۆشانى بۆ شتێک کرد کە دەیزانى ئەوەى داوایدەکات و خەباتى بۆ دەکات رۆژێک لەرۆژان دێتەدى، بەڵێ ئەو کچە تۆمەتبارەى ساڵى 1970 ى وڵاتى بەرازیل کە لەسەر کورسى تۆمەتبارى لەبەردەم دادوەرى سەربازى دانیشتبوو، ناوى (دیلما ڤانا رۆسیف)بوو، ئەو لەساڵى 2011 تاکو 2016 سەرۆکایەتى وڵاتەکەی دەکرد بۆ پێشکەوتن و چاکسازى و گۆڕانکارییەکان کە ساڵانێکى زۆر خۆى و هاوڕێکانى خەباتیان بۆیدەکرد.

دیلما رۆسیف کەلەساڵى 1970دا دەستگیرکرا، بەچەندین شێوازى جیاجیا رووبەرووى ئەشکەنجەو لێدان بووەوە، وەک خۆى دەڵێت "  زۆرجار کارەبایان لێدەدام و لەناو ئاودا نقومیان دەکردم کە ماوەى بیست و حەوت رۆژ ئەوە دووبارە دەکرایەوە، تاکو پەشیمان ببمەوە لەهەڵوێستەکانم و گۆڕەپانى خەباتى مەدەنى بەجێبهێڵم". بەڵام هەموو ئەو ئەشکەنجانە نەیانتوانى کار لەبیروباوەڕى ئەو کچە لاوە خوێنگەرمە بکەن و هەمیشە سووربوو لەسەر ئەوەى کە وڵاتەکەى پێویستە گۆرانکارى بکات و سوپاى ئەوکات سیستەم و بەرنامەى خۆى و بەرێوەبردنى وڵاتەکەى بگۆڕێت و هەنگاو بنێت بەرەو وڵاتێکى دیموکراسى و مەدەنى و پێشکەوتوو.

دیلما رۆسیف، لەهەڵبژاردنەکانى ساڵى 2010 بۆ سەرۆکایەتى وڵات بۆیەکەمجار خۆى پاڵاوت و  58%ى کۆى دەنگەکانى بەدەستهێناو بەشێوەیەکى رەسمى لە یونایەرى 2011 وەک یەکەمین ژن لەمێژووى وڵاتەکەیدا بووە سەرۆکى بەرازیل و تاکو 2016 بەردەوام بوو.

ئەو ژنە سیاسەتمەدارە، بۆیەکەمجار لەساڵى 2011 لەرێگەى هەڵبژاردنەوە بووە سىء شەشەمین سەرۆکى بەرازیل و یەکەمین ژن لەمێژووى وڵاتەکەیدا کە ئەو پۆستە باڵایە وەربگرێت، ئەو ئەندامى حزبى کرێکارانى بەرازیل بوو، وەکو ژنێک ساڵى 2005 لەلایەن (لۆلا داسیلڤا) کرا بەوەزیرى کاروبارى سەرۆکایەتى، ئەوکات یەکەمین ژن بووە کە ئەو پۆستە باڵایە وەربگرێت. 

رۆسیف  لەهەردوو زانکۆى میناس گیریسى یەکگرتوو و زانکۆى ریۆگراندى دوسۆلى یەکگرتوو، زانستى  ئابورى خوێندووەو لەحزبى کرێکاراندا درێژەى بەخەباتى سیاسی داوە کە پارتێکى میانەڕەو بووە، ماوەیەک وەزیرى وزە بووە، لەساڵى 2005دا دواى ئاشکرابوونى گەندەڵییەکى گەورەء ئابڕووبەر لەحکومەتى بەرازیل و دەست لەکارکێشانەوەى بەشێکى دیار لەکەسایەتییەکانى حکومەت، داوا لە رۆسیف کرا کە حکومەت پێکبهێنێت و بەشێوەیەکى کاتى وڵات بەرێوە ببات.

لە5/10/2014 هەڵبژاردنى گشتى لەبەرازیل بەرێوەچوو، کە هەڵبژاردنى سەرۆکى وڵات و ئەنجومەنى پیران و ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى پارێزگاکان لەخۆدەگرێت، لەم هەڵبژاردنەدا یانزە کاندیدى سەرەکى بۆ سەرۆکایەتى وڵات رکابەرییان دەکرد، کەپێکهاتبوون لە سێ کاندیدى ژنء هەشت کاندیدى پیاو، بۆ ئەنجومەنى پیرانیش 171 کاندید بۆ هەڵبژاردنى یەک لەسەر سێى کورسییەکان واتە 127 کورسى رکابەرییان دەکرد، کە پێکهاتبوون لە 32 کاندیدى ژن و 139 کاندیدى پیاو، هەروەک لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەراندا 14،295 کاندید لەململانێدا بوون  کە پێکهاتبوون لە 3،811 کاندیدى ژنء 10،484 کاندیدى پیاو.

لەخولى یەکەمى هەڵبژاردنەکاندا بۆ سەرۆکایەتى وڵات  (دیلما رۆسیف)  توانى پلەى یەکەم بەدەست بهێنێت بە بەدەستهێنانى ( 43،267،668) دەنگ کەدەکاتە 41،59% کۆى گشتى دەنگدەر. ئەو کاندیدى پارتى کرێکاران بەهاوپەیمانێتى هەشت پارتى تر کە ناونرابوو (هاوپەیمانێتى لەگەڵ هێزى خەڵک) کە بریتی بوون لە (پارتى کرێکاران، پارتى بزوتنەوەى دیموکراتى بەرازیلییەکان، پارتى سۆسیال دیموکرات، پارتى پێشکەوتنخواز، پارتى کۆمارى، پارتى کۆمارى سیستمى کۆمەڵایەتى ، پارتى کارى دیموکراتیک، پارتى کۆمۆنیستى بەرازیل، پارتى کۆمارى بەرازیلییەکان).

دیلما رۆسیف لەلایەن گەلى بەرازیلەوە بۆ دوو خولى یەک لەدواى یەک هەڵبژێردرایەوەو بووەوە بەسەرۆکى وڵاتەکەى.

حکومەتەکەى دیلما رۆسیف لەساڵى 2013دا رووبەرووى زنجیرەیەک نارەزایەتى هاوڵاتیان بووەوە، ئەویش بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى کرێى گواستنەوە، بەوهۆیەشەوە نزیکەى هەشت سەد هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکان و داواى دابەزاندنى نرخیان دەکرد، رۆسیف لەیەکەمین وتاریدا بۆ هاوڵاتیانى وڵاتەکەى بەڵێنى چاکسازیدا لەخزمەتگوزارییە گشتییەکان و بۆئەو مەبەستەش هەنگاوەکانى دەستپێکرد.

رۆسیفى سەرۆک، هەر لەسەرەتاى لاوییەوە پەیوەندى کردووە بە باڵى چەپەکانى ئەو وڵاتەوەو دەستیکردووە بەخەبات لەدژى سیاسەتى داپڵۆسێنەرى ئەوکاتى حکومەتەکەى، بەوهۆیەشەوە لەشارى ساوپاولۆى بەرازیل دەستگیردەکرێت و شەش ساڵ حوکم دەدرێت، بەڵام ماوەى سێ ساڵ لەبەندینخانەدا دەبێت و دواتر ساڵى 1973 ئازادکراوە.

لەسەرەتاى ساڵى 1980دا رۆسیف یەکێک بووە لەدامەزرێنەرانى حزبى دیموکراتى کرێکاران کە حزبێکى چەپى نەتەوەیى بووەو (لیۆنێل بریزۆلا) سەرۆکایەتى کردووە، دواترو لەساڵى 1986دا پەیوەندى کردووە بە پارتى کرێکارانەوە.

ساڵى 2002 لەلایەن (لۆلا دى سیلڤا) کراوە بەوەزیرى وزەو لەو پۆستەدا ماوەتەوە تا ساڵى 2005. دواتر پۆستێکى ترى وەزارەتى وەرگرتووەو تا ساڵى 2010 بەردەوام بووە. لەوکاتەوە تاکو ئێستاش سەرۆکایەتى  ئەنجومەنێکى گەورەى کارگێڕى نەوت دەکات بەناوى (پترۆبراس).

دیلما ڤانا رۆسیف لەشارى (بیلۆ هۆریزۆنتى)ى بەرازیل لە 14ى دیسەمبەرى 1947 لەباوکێکى بولگارى  کە کارى پارێزەرایەتى کردووە لەدایکبووە، دایکیشى خەڵکى گابرۆفۆ-یە کە هەرێمێک بووە لە بولگاریا، باوکى بەهۆى ئەنجامدانى کارى سیاسییەوە ساڵى 1929بولگاریاى بەجێهێشتووەو لەفەرەنسا نیشتەجآ بووە، دواترو لەساڵى 1930 چووەتە بەرازیل و لەوێ گیرساوەتەوە. بنەماڵەکەیشى لەرووى ئاینییەوە لەمەزهەبى کاسۆلیکی مەسیحین.

دیلما رۆسف دووجار ژیانى هاوسەرگیرى پێکهێناوە، لەهەر یەکەیان سەرو یەک منداڵى هەیە، لەهاوسەرى دواییان کچێکى هەیەو لەو کچەشى کوڕێکى هەیەو ئێستا بووە بەداپیرە، بەڵام داپیرەیەک کە ماوەیەکى زۆر سەرۆکایەتى وڵاتەکەى دەکرد و رۆژ بەرۆژ هەنگاوى زیاترى دەنا بەمەبەستى گۆڕانکارى و پێشخستنى وڵاتەکەى. رۆسیف یەکێکە لەتوشبوانى نەخۆشى شێرپەنجەء دواى ئەوەى توشى ئەو نەخۆشییە دەبێت چاکدەبێتەوەو لەمردن رزگارى دەبێت، لەئێستاشدا یەکێکە لەژنە سیاسەتمەدارو بەتواناکان لەسەر ئاستى جیهان.

* سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
- ویکیپیدیا عەرەبى
- فرانس 24
- سکاى نیوز-عربى


‌‌‌
10/19/2018 12:16:54 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ