هەواڵ

کارمەندانی کۆمپانیای گارێکس مانگرتنیان راگەیاند


بزاڤـــ:

بەشێک لە کارمەندانی کۆمپانیای گارێکس کە تایبەتە بە خاوێنکردنەوە، مانگرتنیان راگەیاندووە و ناچنەسەر کارەکانیان.

 نزیکەی ٩٠ کارمەند و کرێکاری کۆمپانیای گارێکس ماوەی حەوت رۆژە لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای راپەڕین مانگرتنیان دەستپێکردووە و ناچنەسەر کارەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو رۆژێک ئەو کارمەندانە لەبەردەم نوسینگەی کۆمپانیاکە لە حاجیاوا کۆدەبنەوە و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجامدەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری ئەو مانگرتنە بۆ کەمکردنەوەی مووچەی بەشێکی زۆر لە کارمەندانی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە کە بۆ ٢٥٠ هەزار دینار کەمکراوەتەوە.

کارمەندێکی کۆمپانیای گارێکس راگەیاند، هۆکاری کەمکردنەوەی مووچەکانیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، حکومەتی هەرێم بڕی ئەو پارەیەی کە بە کۆمپانیاکە دەدرێت، کەمیکردووەتەوە بۆیە ئەوانیش بڕیاریانداوە مووچەی کارمەندەکانیان کەمبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی مانگرتنەوەکەوە خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لە بەردەم ماڵەکانی حاجیاوا کەڵەکە بووە و بەشێک لە هاووڵاتیان ناچارن خۆیان خوڵ و خاشاک و پاشماوەکانیان دووربخەنەوە.

ئەو کارمەندە داواشی لە دانیشتووانی ناحیەی حاجیاوا کرد پشتیوانی لە مانگرتنەکە بکەن و بێنەسەر جادە تا ئەو کاتەی گوێ لە داواکارییەکانیان دەگیرێت و وەڵامیان دەدەنەوە.


‌‌‌
11/15/2018 11:54:00 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ