هەواڵ

ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ بڕیاره‌كه‌ی‌ هاتوچۆی‌ هه‌ولێر ره‌تده‌كاته‌وه‌


بزاڤـــ:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر بڕیاری كاركردن به‌ سیستمی VIP بۆ راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاونیشتیمانیان له‌ به‌رانبه‌ر 100 هه‌زار دینار ده‌ركرد و دوێنێ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ردا ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات ئه‌و بڕیاره‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، بڕیاری پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر بۆ راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان له‌به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی بڕی 100 هه‌زار دینار، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌.
راشیگه‌یاندوه‌، ئه‌و بڕیاره‌ راگه‌یاندنێكی ئاشكرایه‌ بۆ دروستكردنی جیاوازی‌ له‌نێوان ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی توانای داراییان باشه‌ و ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌ژارن و توانای داراییان نییه‌ یاخود لاوازه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی دروستكردنی جیاوازی چینایه‌تی و پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ "وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ته‌واوی بڕیاره‌كه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و نیگه‌رانیی خۆیشمان راده‌گه‌یه‌نین و داواده‌كه‌ین هه‌رچی زوه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر بڕیاره‌كه‌ی له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ڵبوه‌شێنته‌وه‌ و بیر له‌ رێگه‌ ‌و پلانی تر بكاته‌وه‌ بۆ زیاتر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان، كه‌ هاوشان و بگونجێت له‌گه‌ڵ ژیان و بارودۆخی دارایی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان".


‌‌‌
12/6/2018 11:54:35 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ