هەواڵ

حکومەتی ھەرێم خەرجی چارەسەری بریندارانی چەکی کیمیاوی گرتە ئەستۆ


بزاڤـ:

بۆ لەمەودوا حکومەتی ھەرێم خەرجی چارەسەری سەرجەم کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان خەرج دەکات و بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێت"ئەم خزمەتگوزارییە تەندروستییە بۆ وارس و کەسوکاری شەھیدانە، کە بریتییە لە ھاوسەر، کوڕ، کچ، برا، خوشک".

بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە:"بەپیێ یاسای ژمارە ٩ی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان، ئەم خزمەتگوزارییە بەردەوام بووە، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە لە ٢٠١٤ وەستابوو، بەڵام ئەو دۆسیانەی لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان مابوونەوە بریتی بوون لە ٤٤٩٠ دۆسیە کە دۆسیەی داواکاری بوون لە لایەن کەسوکاری شەھیدانەوە".

ڕاشیگەیاند:"ئەم خزمەتگوزارییە تەندروستییە بۆ وارس و کەسوکاری شەھیدانە، کە بریتییە لە ھاوسەر، کوڕ، کچ، برا، خوشک".

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوەشکرد:"ھەموو ئەو پسوڵانەی خەرجی چارەسەری کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتی شەھیدان بە نوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ خەرجکردنی مافی ھەریەکەیان".

ڕوونیشیکردەوە:"بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیش دۆسیەی تەندروستی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی".

سەبارەت بە خەرجکردنی چارەسەری بریندارانی چەکی کیمیایی، بریکاری وەزارەتی شەھیدان ڕایگەیاند:"ئەو بڕە پارەیەی تەرخان کراوە، ٤ ملیار و ٥٩٩ ملیۆن و ٦٠ ھەزار دینارە، کە بە شێوەی قیست دەدرێت و مانگانە بۆ پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار خەرج دەکرێت و پارەکەش ھاوکارییە بۆ ئەو نەخۆشانەی، کە بە پێی ڕیزبەندی ساڵانی پێشوو چارەسەری نەخۆشییان کردووە و بڕی پارەکەش لە ٢٠٠ ھەزار دینارەوە دەست پێ دەکات و نابێ لە ٢ ملیۆن دینار تێپەڕ بکات".

وتیشی:"ئێستا کەسوکاری شەھیدان لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێ بەرامبەر چارەسەریان بۆ دەکرێت، لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش داشکانیان لە خەرجییەکان بۆ دەکرێت، کە لە نێوان ٢٥% بۆ ٤٠% بەپێی ئەو نوسراوەی، کە وەزارەتی شەھیدان ئاڕاستەیان دەکات
کۆتای پێھێنانی گفتوگۆ".


‌‌‌
12/23/2018 10:21:29 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ