هەواڵ

لەسەر سوتانی سێوان شایەتحاڵی دۆسیەكە دەستگیر كرا


بزاڤـــ:

دوای ئەوەی هاوسەرەكەی لەسەر دۆسیەی سوتانی سێوان و سێ‌ منداڵەكەی دەستگیركرا، ئەمڕۆ تۆمەتبارێكی دیكە دەستگیر كرا، كە پێشتر لەلایەن دادگاوە وەك شایەتحاڵ بانگهێشت كرابوو.

بەپێی زانیارییەكان، بە بڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ ئەمڕۆ چوار شەممە، تۆمەتبارێكی دیكە لەسەر دۆسیەی سوتانی سێوان قادر و سێ‌ منداڵەكەی دەستگیركراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ دەستگیركراوە پێشتر وەك شایەتحاڵ لەو دۆسیەیەدا لەلایەن دادگاوە دوو جار داواكرابو، بەڵام نەچووبووە بەردەم دادوەر.

شەوی یەك شەممەی ڕابردوو لە گەڕەكی ئاسودەی چەمچەماڵ ئاگر لە ماڵێك كەوتەوە و بەهۆیەوە ژنێك بەناوی (سێوان قادر) و سێ منداڵەكەی سوتان، كە دەستبەجێ هەر سێ منداڵەكە گیانیان لەدەستدا و دایكەكەش پاش مانەوەی بۆ ماوەی هەفتەیەك لە نەخۆشخانەی ئێمێرجنسی سلێمانی، بەیانی ڕۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە 24-12-2018 گیانی لەدەستدا.

دوابەدوای ڕووداوەكە، لەسەر ئەو دۆسیەیە (د.م) هاوسەری سێوان و باوكی سێ منداڵەكە دەستگیركرا و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە بەردەوامە.

بەوتەی بەرپرسانی پۆلیس، چەندین بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبەر دەستە و وتەی كەسوكاری سێوان وەرگیراوە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی-ش چەندین بەیاننامەیان دژی ئەو ڕووداوە دەركردووە و چەندین گردبوونەوە ڕێكخراوە.


‌‌‌
12/26/2018 4:58:19 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ