راپۆرت

تاڵەبانی یەکەم جار چۆن مستەفا بارزانی ناسیوە؟


بزاڤـ:تێکۆشەر حسێن

تاڵەبانی لەیاداشتەکانیدا لەکتێبی "دیداری تەمەن" کەلەنوسین وئامادەکردنی "ێلاح ڕەشید"ە باس لەژیانی سیاسی تایبەتی خۆی وھاوڕێکانی دەکات، دیداری تەمەن لەلاوێتیەوە بۆکۆشکی کۆماری لەدوو بەرگ پێکھاتووە ھەر بەرگێکی زیاتر لە چوارسەد لاپەڕەیە.

تاڵەبانی لەکتێبەکەیا لەچەند شوێنێکدا پەردە لەسەر ھەندێ ڕاستی ھەڵدەماڵێت، بۆنمونە خۆی باس لەوە دەکات کە دیدو تێڕوانینی چۆن بووە بەرانبەر مەلا مستەفا، تاڵەبانی وایزانیوە کە مەلامستەفا سەرکردەیەکی ڕۆشەنبیر ودایلەکتیک وخوێندەوار بووە.

یەکەم چاوپێکەوتنی بارزانی، دوای چەند ساڵ دابڕان، چۆن بارزانیم بینیوە؟

تاڵەبانی دەڵێت بینینی مەلامستەفا ڕوداوێکی زۆر گرنگ بوو، زۆر ڕۆژ بوو ھەر چاوەڕێم دەکرد، لەشوێنی ڤیستیڤاڵەکە دەرنەئەچووم بۆگەڕان وکاری تایبەتی (تەبعەن ئەوە باس لەوکاتانەیە کە لەیەکێتی سۆڤیەت بونە) بەڵکو ئەمامەوە بەئومێدی ئەوەی ھەواڵێک ببیستم، ڕۆژێک لەبەردەمی باخی گشتی بەجلی کوردیەوە دانیشتبووم، دوو کەسی بارێک وئەسمەر ھاتن لێم نزیک بونەوە، بەکرمانجی سڵاویانکرد وگوتیان تۆ وەفدی چ وڵاتێکی؟ گوتم کوردی عێراقم، گویان وەڵا ئێمە ھاتوین بۆلای برادەرێکی ناسیاومان، لەناو وەفدی عێراقیدایە، ناسیاومانە، کەئەوان وایانگوت یەکسەر شکم کرد وگوتم، ئەوەی ئەتانەوێت بیبینن ناوی چیە؟

گوتیان ناوی جلالە، گوتم کاکە ئەوە منم، گوتم ئێوە بارزانین؟ گوتیان نا ئێمە کوردی سوڤێتین، گوتم کاکە من جلالم من چاوەڕێی ئێوە دەکەم، گوتیان دەباشە، وشەی نھێنی چیە؟ منیش کە وشەکەم گوت، وتیان ڕاستە خۆیەتی.

چی بوو وشە نھێنیەکە؟

وشە نھێنیەکە (سۆسکە)بوو

یەکێکیان ئەسعەدی خوشەوی بوو، لای ئێمە ناسراوبوو، گوتی من ھاتووم بتبەم بۆلای مەلا مستەفا، یەکسەر سواری تەکسی بووین وگەیشتینە بەردەم باڵەخانەیەک، جەڕەسی لێدا، مەلا مستەفا خۆی ھات دەرگاکەی کردەوە، سمێڵی تاشیبوو، ڕەسمێکی ھەیە بەسمێڵ تاشراویەوە لام وایە ھی ئەوکاتەیە، ئیتر نازانم وەکو دەروێشێک بۆلای شێخی خۆی بچێت ئاوابوو، باوەشم پێداکرد.

نوسەر لەلاپەڕەی سەدوچواردەدا بەو پرسیارە دەست پێدەکات، سەبارەت بەکەسێتی مەلا مستەفا بارزانی ولێی دەپرسێت: یەکەم ھەستت چی بوو لەیەکەم بینینی بارزانیدا؟ 

ئایا ئەو خەیاڵەی دەربارەی بارزانی لات دروست بوو بوو لەو بینینەدا وادەرچوو؟

-- ئەوخەیاڵەی کەھەمبوو دەربارەی ئەوەی کە بارزانی خوێندەوارەو دەربارەی مارکسیەت و دایلەکتیک وئابوری وڕۆشەنبیر وشارەزایە، لەبەرچاوم ڕۆیشت، چونکە بەم شێوەیە نەبوو، بەڵکو پێچەوانە دەرچوو، ھەتا دژی ئەو مەسەلانەش قسەی ئەکرد، من وام تەفسیر کرد، ئەو دەیەوێ من تاقی بکاتەوە، لای ئێمە دژی سۆڤیەت قسەی ئەکرد، گوتی ئێمە خەریک بووین لەگەڵ ئەمریکا بەھۆی بابە عەلیەوە پەیوەندی بکەین، من ھەر وام ئەزانی من تاقی ئەکاتەوە، لەبەر ئەوە منیش بەپێچەوانە وەڵامم ئەدایەوە.

تاڵەبانی بۆوەڵامی ئەو پرسیارەی نووسەر درێژە بەقسەکانی ئەدات ودەڵێت، ھەر لەوسەفەرەدا تێگەیشتم کە ملامستەفا ئەو پیاوە ڕۆشەنبیرە ھاوچەرخە نیە کە من چاوەڕێم ئەکرد، بەڵام وەکو سەرکردەیەکی کوردی ھاتە بەرچاوم، کەمەشاعیری کوردی زۆر زۆر باش بوو، واتا ھەستت دەکرد خەبات دەکات لەپێناو مافی کورد ومیللەتی کورددا.

ھەر لەھەمان لاپەڕەدا باس لەوە دەکات کە مەلامستەفا چۆن بەناڕاست دەکەوێتە مەدح وسەنای خۆی وپێگەی خۆی لەناو سیاسەت و کاروباری عەسکەریدا، تاڵەبانی دەڵێت مەلامستەفا کۆمەڵێک شتی بۆگێڕامەوە ھەموویم بەڕاست ئەزانی، واتا یەک قسەی ئەوم بەخیلاف نەئەزانی، لەبەر ئەوە ئەو قسانەی بۆی ئەگێڕامەوە وایلێکردم موعجیب بم پێی، بۆنمونە بۆی گێڕامەوە:

٭کە یەکێتی سۆڤیەت لەھەموو مناوەرەیەکی عەسکەریدا ئەو بانگ ئەکەن و وەک خەبیر بەسەر مارشاڵەکاندا ولەگەڵ ماڕشاڵە گەورەکان دائەنیشێت.

٭ جار جار ڕەقیبە وسەرکردایەتی چەند ھێزێک دەکات.

٭ ھەموو جارێک ئەو سەرکەوتوو بووە بەسەر ژیکۆڤ و ماڕشالەکانی تری یەکێتی سۆڤیەتدا.

٭ ھەروەھا بۆی گێڕامەوە کەچۆن ئەکادیمیای عەسکری سۆڤیەتی تەواو کردووە وپلەی ماڕشاڵیان داوەتێ.

٭ ھەروەھا کەچۆن قوتابخانەی حیزبی تەواو کردوە بەپلەی ئیمتیاز دەرچووە.

ئیدی بەم شێوە بارزانی کەوتۆتە مەدح وسەنای خۆی وزێدەڕۆیی زۆریشی لەمەسەلە وڕوداوەکاندا کردووە، دواتر نوسەر دەستەکاتەوە پرسیار کردن لەتاڵەبانی ولێی دەپرسێت، بۆچی بارزانی بەم شێوەیە باسی ئەم مەسەلانەی بۆتۆ ئەکرد؟

تاڵەبانی دەڵێت: ئەوانە زۆربەی وانەبوون، بەڵام ئەوکاتە ئەوەم نەدەزانی کەوانەبووە، تاڵەبانی دەڵێت، ئەوە باشبوو کاتی خۆی لەخۆیمان پرسیارکردبایە.

بارزانی ھەمیشە ویستویەتی خۆی وانیشان بدا کەھەیە، بەھەر نرخێک بێت، نەوشێروان مستەفاش لەکتێبی پەنجەکان یەکتر دەشکێنن باس لەوە دەکات کاتی خۆی پارتی دیموکراتی کوردستان پارەی خەیاڵیان داوە بەڕۆژنامە جیھانیەکان بۆئەوەی بابەتێک بنووسن لەسەر بارزانی یانیش وێنەیەکی بڵاو بکەنەوە.

ھەر لەو کتێبە واتا دیداری تەمەن، تاڵەبانی لەلاپەڕەی سەد وپانزەدا باس لەوەدەکات، دەڵێت بارزانی بۆی گێڕامەوە کەلەگەڵ ستالین وخرتشۆڤ دانیشتووە وپەیوەندیان زۆر خۆشبووە لەژورەکەیشیدا ھێشتا وێنەکانی ستالین، مارکس، ئەنگلس ھەڵواسرابوو، مەلا مستەفا گوتویەتی ھەتا خۆیان ئەو وێنانە لانەبەن، من لایان نابەم، تاڵەبانی دەڵێت، ھەتا بۆی باسکردم بەحیساب زۆر نزیکە لە مەکتەبی سیاسی حیزی شیوعی یەکێتی سۆڤیەتەوە ئەوان لەکاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پرسی پێئەکەن، ئەوکاتەی کە ئینزاریان داوە بەمیسر لەسەر عدوانی سولاسی بەمەلا مستەفایان گووتوە کە ئەو سەرکردایەتی ھێزێک بکات.

ئیدی بەم جۆرە لەکۆتاییدا دەڵێت، ئەوکاتە ئێمە چەپڕەویەکەمان زۆر بەخەستی وجددی گرتبوو من ھەر وامئەزانی بارزانی ویستویەتی من تاقی بکاتەوە.


‌‌‌
12/27/2018 11:08:13 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ