هەواڵ

سیستەمێکی نوێی خوێندن لە ھەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت و مامۆستایانیش ناڕازین



بزاڤـ:باخان عەبدولڕەحمان

دوای ئەوەی ئەنجومەنی ڕۆشنبیری کونسوڵخانەی بەڕیتانیا پڕۆژەیەکی خستەبەردەم وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتەکە بەناوی بریتیش کانسڵ (British Counsul)، لە ئێستادا سیستەمەکە لەسەر پەنجا قوتابخانەی سنوری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەڵەبجە جێبەجێدەکرێت و مامۆستایانیش لە شێوازی سیستەمەکە ناڕازین.

ئیراد مەنوچەر سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:"ئەوە سیستەمێکی نوێیە بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی قوتابخانەکانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە کە لەسنوری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەڵەبجە لە پەنجا قوتابخانە جێبەجێ دەکرێت و کار ئاسانیەکی زۆری کردوە بۆ خویندنگاکان".

ڕاشیگەیاند:"سیستەمەکە بەریتانیە و کار لەسەر ھەڵسەنگاندن و ھەڵسەنگانی گشتی قوتابخانەکان دەکات و لەکۆتاییدا بەگوێرەی ھەڵسەنگاندنەکان و ئەو ستانداردانەی بۆ ئەو مەبەستە دیاری کراون نمرە بۆ قوتابخانەکان دادەنرێت و سەرجەم سەرپەرشتیاران کۆرسی  تایبەتیان لەو بارەیەوە دیوە و بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی کە کراوە پڕۆژەکە تا ڕادەیەکی باش لێی ڕازیبوون".

ئەوەشی خستەڕوو:"ئەم پڕۆژەیە لەساڵی ٢٠١٥ ھاتوەتە ھەرێم بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش کاری پێ نەکراوە و سەرجەم خوێندنگا حوکمیەکان دەگرێتەوە و ھیچ بەربەستێک بۆ خوێندنگاکان دروست ناکات و لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەشاری ھەڵەبجە پەیڕەو دەکرێت".

پێچەوانەی وتەکانی سەرپەرشتیارەکەی پەروەردەی ھەڵەبجە، ھۆشیار ئەحمەد مامۆستا لە قوتابخانەی بورھانی حاجی محمد لە لێدوانێکدا بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:"ھەر ماوەیەک و سیستەمێکی دیراسەنەکراو و ھی وڵاتێکی جیاواز لەھەموو ڕوەکانەوە دێتە ئەم ھەرێمە وێرانەیە و دوای ماوەیەک و مەسرەفێکی زۆر فەشەل دەھێنی و ئەمجارەش پەنایان بۆ سیستەمێکی تر بردووە بەناوی بریتش کانسڵ و لەلێدوان و قسەکانیان ئیعتراف بەفەشەلی ھەموو ئەوانەی ڕابردو دەکەن بەوەی دەڵێن ئەمجارە ئەم سیستەمە بە خۆماڵی کراوە وخاڵی سەرەکی ئەوەیە دەبێت پێداویستیەکانی قوتابخانەکان کەس وکاری قوتابیان دابینی بکەن".

باسی لەوەش کرد:"لیژنەیەک دروست دەکەن و دوو کەس لە کەس و کاری قوتابی ئەندامە لەو لیژنەیە بە حیساب بۆ پەیوەندی نێوان قوتابخانە و خێزانی قوتابیانە، بەڵام ئەمە ھیچی عەمەلی نیە و بونی کەسێک یان دوو پەیوەندی دروست نابێت لەنێوان قوتابخانە و خێزانەکان، زیادکردنی خاڵ و بنەماکانی سیستەمەکە تەنھا بۆ ئەوەیە کەموکوڕی قوتابخانەکان بکەوێتە سەر خەڵک".

سیستەمی بریتیش کانسڵ (British Counsul) لەساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بەچەند ناوێکی جیاوازدا تێپەڕبوە و کۆتا ناویشی (British counsul) بریتیش کانسل بووە.


‌‌‌
12/29/2018 10:37:42 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ