هەواڵ

خوێندكاره‌ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكان داواى دامه‌زراندن ده‌كه‌ن


بزاڤــــ:

ده‌رچوانى یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مى زانكۆ و په‌یمانگاكانى هه‌رێم داواى دامه‌زراندن ده‌كه‌ن و له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ سلێمانى و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ هه‌ولێر گردبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك خوێندكار به‌نوێنه‌رایه‌تى ده‌رچوانى یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مى زانكۆ و په‌یمانگاكانى هه‌رێمى كوردستان گردبونه‌وه‌یه‌كیان له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌شارى سلێمانى ئه‌نجامدا و تێیدا به‌یاننامه‌یه‌كیان خوێنده‌وه‌، كه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكى دیوانى حكومه‌تى هه‌رێم كرابو و تێیدا هاتوه‌ "وه‌ك ده‌رچوانى ساڵى خوێندنى 2016-2017 و 2017-2018 داواكارن له‌بواره‌كانى خۆیاندا دابمه‌زرێنرێن بۆئه‌وه‌ى بتوانن زیاتر په‌ره‌ به‌هزر و تواناكانى خۆیان بده‌ن.

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا داواش له‌ سه‌رجه‌م سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كراوه‌ كه‌یسى یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مه‌كان بكرێته‌ كه‌یسێكى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى كوردستاندا.
هه‌ر ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك له‌و خوێندكاره‌ ده‌رچوانه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ شارى هه‌ولێر گردبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا و كارۆخ محه‌مه‌د نوێنه‌ری ده‌رچوان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "بڕیارمانداوه‌ به‌خۆپیشاندان داواكارییه‌كانمان بگه‌یه‌نین، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ چاوه‌ڕوانی ده‌رچونی فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانین و ده‌مانه‌وێت مافه‌ یاساییه‌كانمان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت، كه‌ چاوه‌ڕوانی دامه‌زراندن ده‌كه‌ین".

وتیشى "ئه‌گه‌ر بێتو بمانخوێندایه‌ و به‌رده‌وام بوینایه‌ ئه‌وا ئێستا له‌ قۆناغی دكتۆرادا ده‌بوین، به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كانیش دۆخی ئابوری زۆرباش بووه‌ و جگه‌ له‌ پرۆژه‌كان، لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێك كه‌س داده‌مه‌زرێن".


‌‌‌
1/8/2019 1:50:06 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ