هەواڵ

سوید داوای زیاتر لە شەش هەزار عێراقی بۆ مانەوە رەتکردووەتەوە


بزاڤـــــ:

دەزگای پەنابەرانی سوید ژمارەی ئەو عێراقیانەی ئاشكراكرد كە لە ساڵی ٢٠١٨دا داواکارییان بۆ مانەوە رەتکراوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٨دا حەوت هەزار و ٣١٠ هاوڵاتیی عێراقی مافی مانەوەیان لە سوید وەرگرتووە، شەش هەزار و ٦٩ عێراقیش داخوازی مانەوەیان ڕەتكراوەتەوە، هەروەک بڕیاری دەركردنی سێ هەزار و ١٧٦ عێراقی لە سوید  دەركراوە و هەزار و ١٠٨ هاوڵاتیی عێراقیش بە ویستی خۆیان گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.

لە ساڵی رابردوودا دوو هەزار و ٢٢٨ عێراقی داوای مافی مانەوەیان لە وڵاتی سوید کردووە.

دەزگای پەنابەرانی سوید نەیتوانی ژمارەی ئەو عێراقیانە ئاشكرا بكات كە بەزۆر نێردراونەتەوە و ڕوونیان كردەوە، بۆ ئەو مەبەستە باشتروایە پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکرێت كە بەرپرسی دەركردنی پەنابەرانە.

بەوتەی بەرپرسانی پۆلیسی پاسەوانی سنوری سویدیش، لەساڵی ٢٠١٨دا تەنها ٣٢ عێراقی بەزۆر نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.

لە کۆتایی ساڵی رابردووشدا نەوار لەتیف بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندن لە فدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی شەشی ٢٠١٤وە تاوەکو مانگی ٦ی ٢٠١٨ بە مەبەستی کۆچکردن ٥٥٠ هەزار هاوڵاتی، عێراق و هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە و لە ئێستادا لە ٤٧ وڵاتی جیهان نیشتەجێن، لەو ژمارەیەش ٦٠ هەزاریان لەژێر هەڕەشەی ناردنەوەدان


‌‌‌
1/10/2019 11:50:15 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ