هەواڵ

بەڕێوبەرایەتیەکی نوێ لە ھەڵەبجە دەکرێتەوە


بزاڤـ:باخان عەبدولڕەحمان

بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم، بڕیاری کردنەوەی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ھەڵەبجە دەکرێتەوە.

کاوە عەلی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەبزاڤی ڕاگەیاند:"لە نوسراوێکی فەرمیدا لە وەزارەتی ناوخۆ پێمان گەشتووە، فەرمان بە کردنەوەی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لەھەڵەبجە دەرکراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا شوێنێکی دیاری کراومان بۆدانەناوەو بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند ڕۆژی داھاتوودا بینایەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت".

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە کردنەوەی ئەو بەڕێوبەرایەتیەی بە گرنگ ناوبرد و ڕایگەیاند:"داواکارین لەزوترین کاتدا بەڕێوبەرایەتیە پێویستەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ ھەڵەبجە بۆ بەڕێکردنی کارەکانی ھاوڵاتیان''.

کاوە عەلی ئاماژەی بەوەشکرد:"بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ رائید بورھان ئەحمەد لێپرسراوی نوسینگەی سەیدسادقی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەبێتە بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ھەڵەبجە".

پێشتر تەنیا نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە قەزای سەیدسادق ھەبوو، سەرجەم دۆسییەکانی تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان لە ھەڵەبجە و سەیدسادق و شارەزوور و پێنجوێن دەگەڕانەوە بۆ ئەو نوسینگەیە، بەڵام لەمەودوا ھەر دۆسیەیەکی تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان تۆماربکرێت لە سنوری پارێزگاکە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ھەڵەبجە، ھاوکات کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ھەڵەبجە، لەسەر ئاستی ھەرێم دەبێتە شەشەم بەڕێوەبەرایەتی کە لەئێستادا لە ھەریەکە لە شارەکانی (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین) بونیان ھەیە و راستەوخۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژین.


‌‌‌
1/10/2019 8:55:22 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ