هەواڵ

یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك: چاوه‌ڕێى بڕیارى دادگای باڵای فیدراڵین


بزاڤــــ:

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی له‌ كه‌ركوك ده‌ڵێت، ئاڵامان ته‌نها له‌سه‌ر دوو باره‌گا هه‌ڵكردووه‌و چاوه‌ڕێى بۆچوونى دادگای باڵای فیدراڵین و هه‌ر بڕیارێك بدرێت پابه‌ند ده‌بین پێیه‌وه‌ چونكه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار، كه‌ ئه‌ندامى یه‌كێتییه‌، پارێزه‌رى ده‌ستوره‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی له‌لێدوانێكیدا بۆ میدیای عیراقی وتویه‌تی "یه‌كێتى بڕیاری داوه‌ له‌كۆى 35 باره‌گاى حزب له‌ كه‌ركوك، ئاڵاى كوردستان ته‌نها له‌سه‌ر دوو باره‌گایان هه‌ڵبكات".

ده‌شڵێت "هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌وانه‌یه‌ بوبێته‌هۆى دروستبونى كێشه‌و هه‌ستى پێكهاته‌كانى دیكه‌ی جوڵاندبێت، بۆیه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرا ئاڵاى كوردستان ته‌نها له‌سه‌ر دوو باره‌گا هه‌ڵبكرێت ئه‌وانیش مه‌كته‌بى سیاسى و مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنه‌ له‌ كه‌ركوك".

له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك، یه‌كێتى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ دوو نامه‌ى به‌ده‌ستگه‌یشتوه‌ و له‌هه‌ردووكیاندا داواكراوه‌ پابه‌ندى ده‌ستورى عیراق بن. سه‌باره‌ت به‌و دوو نامه‌یه‌ش، ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك ده‌ڵێت "كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌ و چاوه‌ڕێى بۆچوونى دادگای باڵای فیدراڵین، كه‌ ئایا هه‌ڵكردنى ئاڵاكه‌ شه‌رعییه‌ یان نا، به‌ڵام بڕیارى دادگا هه‌رچیه‌ك بێت پێوه‌ى پابه‌ندده‌بین، چونكه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار، كه‌ ئه‌ندامى یه‌كێتی-یه‌، پارێزه‌رى ده‌ستوره‌".


‌‌‌
1/12/2019 12:30:05 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ