راپۆرت

لەقۆناغەکانی خوێندندا مامۆستاکان چیان بە ئاپۆ دەگوت؟



تێکۆشەر حسێن
بەشی یەکەم....
بابەتی ئەو باسەی کە عبداللە ئۆجەلان نوسیویەتی ناومەتە گیرفانم ودەیبەم بۆکۆلێژ لەوێ لەگەڵ مامۆستاکانی زانکۆ مشتومڕی لەسەردەکەم!

ئاپۆ تەمەنی چەند ساڵان بووە کەبابەتەکانی لەزانکۆ شیکردنەوەیان بۆکراوە؟

ڕێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عبداللە ئۆجەلان ناسراو بە "ئاپۆ" خوێندکاری کۆلێژی زانستە سیاسیەکان بووە، بەڵام بەھۆی ھەل ومەرج وڕەوشی نالەباری سیاسیەوە خوێندنەکەی جێدێڵێت وناتوانێت تەواوی بکات، ئاپۆ زیاد لە نۆزدە ساڵە بەزیندانی ھەتا ھەتایی لەدورگەی ئیمڕاڵی حوکمدراوە، لەپاڵ کاری سیاسی وبەرخۆدانیش دژی سیستەمی سەرمایەداری وکەپیتاڵیزم چەند پەرتوکێکیشی نوسیوە. یەک لەو پەرتوکانەی کەوەک یادەوەری لەتەمەنی حەوت ساڵانیەوە باسی کردوە ودەیگێڕێتەوە پەرتوکی "داستانی ژیانەوە" یەکە مامۆستا "یاڵچین کوچوک" بەشێوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئاپۆدا ئەنجامی داوە.

داڕشتنی نەخشەی یەکەم کودەتا بەسەر تورکیا لەلایەن ئاپۆوە 

عبداللە ئۆجەلان لەو پەرتوکەدا باس لەوە دەکات کە ھەر لەمناڵیەوە خولیای شۆڕشگێری تیادا ھەبووە وحەزی بەخوێندن کردووە ولای چەند مەلایەک دەرسی دینیشی خوێندووە وزەحمەتی زۆری بینیوە لەپێناو خوێندنەکەیدا، باس لەوە دەکات کە ھەریەکەم پۆلەوە تا دوا پۆل کەقوتابخانەم تێیدا بەجێ ھێشتووە بەرزترین نمرەم لەمامۆستاکانم وەردەگرت. ھەر لەقۆناغی سەرەتاییدا خۆی خولیای کۆکردنەوەی مناڵانی لادێکەی خۆی ھەبووە لەدەوری خۆی، تەنانەت لەو قۆناغەی تەمەنی مناڵێتیەی خۆیدا دەڵێت لەبیرمە ڕۆژێکیان لەگەڵ ھاوڕێیەکەم لەسەر دارێک دانیشتبوین باسی داڕشتنی "نەخشەی یەکەم کودەتا" م بۆدەکرد وپێم گوت: (دەتکەم بەسەرکردەی ھێزەکانی وشکانی وخۆشم سەرکردایەتی ھێزی ئاسمانی بەدەستەوە دەگرم ولەکۆتاییدا ھەردوکمان یەکدەگرین بۆسەرکردایەتی کردنی کودەتاکە)




کۆکردنەوەی منداڵەکان لەشاخ

دەتوانم بۆتانی لێکبدەمەوە کە چونە شاخ خولیایەکی گەورەو ئاشکرای تەمەنی مناڵیم بووە، تائێستاش بیرمە ڕاوی ھێندێک چۆلەکەم دەکرد وبەمنداڵەکانم دەگوت: باخەڵم پڕە لەچۆلەکە، وەرن لەگەڵم بچین بۆ شاخ، جاخواردنتان پێدەدەم، ئیتر منداڵانیش لەدەورم خڕ دەبونەوە وبۆچیام دەبردن، ئەوەش کە بەھەر یەکێکیانم دەدا ڕانە چۆلەکەیەک یا باڵێک تێندەپەڕی، بەڵام دیارە ئەم شتە بەلای منەوە زۆر خۆش وگەورەیە، چونکە توانیم منداڵان لەدەوری خۆم کۆبکەمەوە وبیانبەم بۆشاخ، لەسەبارەت بەڕەگەزی مێشدا دەڵێت: لەگەڵ کچە چکۆڵەکانیشدا لێک حاڵی دەبووین، ھەرگیز فەرامۆشم نەکردن.

قۆناغی سەرەتایی

قۆناغی سەرەتایی لەئورفە بەسەرکەوتویی وپڕ زەحمەتی زۆر دەبڕێت، خۆی لەو پەرتوکەدا باس دەکات کە بەدرێژایی پێنج ساڵی ڕێک بێ ئەوەی بەفر وباران ببێتە ڕێگر لەبەردەمی ولەخوێندن پەکیان بخات لەگەڵ ھاوڕێکانی ڕۆژانە سەعاتێک چون وھاتنەوەش سەعاتێک بەپێ ڕێی قوتابخانەی گرتۆتە بەر، باس لەوە دەکات لەوێوە فێری دان بەخۆداگرتن وبەھای زانست وفێربون دەبێت، خۆی باس لەوە دەکات یەکێک لەمامۆستاکانی بەناوی "محمد مەیدان تاش" خولیای مامۆستایەتی لەدەرونی ئەودا چاندووە، بەوەی کەمامۆستاکەم ھەموو ڕۆژێک دەیبردمەوە ماڵەکەی خۆی ودەیناردم ھێلکە وماستی بۆ بکڕم، من خۆشم دەویست وئەویش منی خۆشدەویست.




قۆناغی دواناوەندی

لەقۆناخی دواناوەندیشدا یەکێک لەمامۆستاکانی بەناوی "فاروق جاغلیان" ھەم مامۆستای زانکۆش بووە، دەڵێت بێ ئەندازە بایەخی پێدەدام، تەنانەت ھەمووجارێک پێی دەگوتم "تۆ زۆر بڕوات بەخۆت ھەیە، تۆ زۆر گەورەیت..."
تەنانەت باس لەوە دەکات، ئەمیش بەقوتابیەکانی گوتوە، قوتابیان وا من ئەو باسەم بۆ کۆلێژی جەنگ برد کەعبداللە نوسیویەتی، لەوێ بۆمامۆستاکانم خوێندەوە، ھەر لەوێش ھەڵدەستین بەشیکردنەوەی بابەتەکە!
یەکێکی تر لەمامۆستاکانی کەناوی "عدنان بەیرەقدار زادە" کەخەڵکی ئەرزڕۆم دەبێت، کەمامۆستای زمانی فەڕەنسی بووە، ھەموو جارێک لەپۆلدا بەقوتابیەکان دەڵێت: (ئەوەم خۆشناوێ کەعبداللە "ئۆجەلان" ی خۆشناوێت)



قۆناغی ئامادەیی

ئاپۆ کەدەگاتە تەمەنی لاوێتی واتا لەقۆناغی ئامادەیی بەھۆی بیری تیژیەوە سەرنجی مامۆستاکانی دەدات کەتێکەڵەیەکن لەچەپڕەو و ڕاستڕەو، خوێنکارێکی خۆشەویست دەبێت لای تەواوی مامۆستاکانی، باس لەوە دەکات کەگەیشتمە قۆناغی ئامادەیی چومە "نزیب" لەوێ لەماڵی نەنکم مامەوە ودەستم کردە خوێندن، یەکێک لەمامۆستاکانی کەناوی "ئایدن یاڵچین" دەبێت لەقۆناغی ئامادەیی و دواتریش لەقۆناغی زانکۆش لەکۆلێژی زانستە سیاسیەکان دەیبینێتەوە لەوێش یەکێک دەبێت لەو مامۆستایانەی کەدەرسی ئاپۆی داوە، دەڵێت مامۆستاکەم بەجۆرێک دڵبەندم بوو بوو، دوای ئەوەی ڕۆژێکیان لەقۆناغی ئامادەیی مامۆستاکە داوای ئامادەکردنی بابەتێک دەکات لەقوتابیەکانی، دوای وەرگرتنی بابەتەکە مامۆستاکە لەناوپۆل بەخوێندکارەکانی دەڵێت: (بابەتی ئەو باسەی کە عبداللە ئۆجەلان نوسیویەتی ناومەتە گیرفانم ودەیبەم بۆکۆلێژ لەوێ لەگەڵ مامۆستاکانی زانکۆ مشتومڕی لەسەردەکەم) ھەرچەندە ئاپۆ خۆی دەڵێت نەمدەزانی من چیم نوسیوە پێم وانیە بابەتێکی ئەوەندە بەھێز‌بووبێت بەڵام مامۆستاکە باش ھەڵیدەسەنگاند، ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم نرخی مامۆستاکانم دەزانی، مرۆڤ پێویستە ڕێزی مامۆستاکانی بگرێت چ چەپڕەو بن چ ڕاستڕەو، ھەر ئەوەشبوو وایکردبوو کەھەموو مامۆستاکان خۆشیان دەویستم، چونکە دەمزانی بنەمای ڕێزگرتن ئەرکە لەمرۆڤ ومامۆستاکانیش بەتایبەتی.

لەشوێنێکی تری پەرتوکەکەدا لەوەڵامی پرسیارێکی نوسەردا سەبارەت بەوەی کەئایا بەئارامی دەخەویت؟ لەوەڵامدا دەڵێت خەو لای من وەزیفەیە، ھەموو شتێکیش لەژیانمدا وەک وەزیفە بەسەرمدا سەپێنراون، گوزەرانیش بەلای منەوە وەک وەزیفە وایە، لەبەرانبەر خۆشویستنی ژیانیشدا دەڵێت من ئێستا لەتەمەنی ٤٤ ساڵیدام بەڵام ھێشتاش بەسەرگەرمی مناڵێکی حەوت یا دەساڵانەوە دەژیم!
ئینجا بۆ ھەست ونەستی منداڵی خۆی لەو تەمەنەیدا دەڵێت من قبوڵی ناکەم بەشێوەیەکی دیکە گەورەبم، بۆتان ھەیە چۆنتان دەوێ وا ھەڵیسەنگێنن، من بەدرێژایی ڕۆژگار تاکۆتایی تەمەنم شەڕدەکەم، تەمەندرێژی وگەورەیی لەتێگەیشتنی مندا ڕەتکراوەیە، لەلایەکی دیکەشەوە گەلێکم ھەیە ھێشتاش لەقۆناخی منداڵێتی دایە، ھەم گەورەییم وھەم توندو تۆڵێشم گرێدراوی ئەم گەلەیە کەھەمە.
لەکۆتاییدا دەڵێت تائێستاش بیر لەوە دەکەمەوە کەچۆن ئەو خەیاڵە شێتگیرانەی منداڵیم بەخایاڵدا ھاتون بۆگوڕینی ڕژێم بەشێوەی کودەتا، نازانم ئەو خەیاڵانەم لەکوێوە بۆدەھاتن، تائێستاش ئەم پرسیارانە ھەر لەخۆم دەکەم....

سیاسەت بەگەمە دەست پێدەکات




وەک دەشزانن سیاسەت بەگەمە دەست پێدەکات، بەڵام گەلێک گەمەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، ئینجا دەڵێت ھەڵپەڕکێ لای من سیاسەت دەگەیەنێت، سیاسەتیش جوانترین ھەڵپەڕکێیە، واتا ئەو ھەڵپەڕکێیەی وا من دەیکەم، ئەنجام بەدەست دەھێنێت، لەھەمان کاتیشا جوانترین ھەڵپەڕکێ ھەڵپەرکێی ئاگرە کەکەس ناتوانێت بیکات، بۆیەشە ئەڵمانیەکان دەڵێن: ھەڵپەڕکێ ھەڵپەرکێی مردنە، ھەڵپەرکێی مردنیش ھەڵپەرکێی ئاگرە، ئینجا دەڵێت ھەڵپەرکێکانی دیکەش دەکەم، بەڵام ھەڵپەرکێکەی من ئێستا پڕە لەداھێنان وزۆر لەوە گەورەترە، کەماوەی ھەڵپەرکێی دیکە بدەن....


‌‌‌
2/9/2019 10:58:48 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ