هەواڵ

هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك سزادراو راده‌ستی ئێران ده‌كرێنه‌وه‌


بزاڤـــ:

بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك سزادراوی خه‌ڵكی ئێران راده‌ستی وڵاته‌كه‌یان بكاته‌وه‌، به‌رپرسێكی هه‌رێمیش ئاشكرایكرد، ژماره‌یه‌ك سزادراو داواكارییان پێشكه‌ش كردووه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا راده‌ستی وڵاته‌كه‌یان ده‌كرێنه‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌، عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ میدیای فه‌رمی پارتی وتویه‌تی "حكومه‌تی عیراق و كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی زیندانیان رێككه‌وتون، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ندجارێك زیندانیانی ئێرانی له‌ چاكسازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ راده‌ستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراونه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ش هه‌موو زیندانییه‌ك ناگرێته‌وه‌ و هه‌روه‌ك هه‌ندێك رێوشوێنی یاسایی هه‌یه‌ ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێن، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ پێویسته‌ كه‌سه‌كه‌ سزاكه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێندرابێت و خۆی داوایه‌ك پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تی هه‌رێم بكات بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی".

ساڵانی رابردوو هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك سزادراوی له‌ رێگه‌ی حاجی ئومه‌رانه‌وه‌ راده‌ستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و حوكمه‌ی ماویانه‌ له‌ وڵاتی خۆیان ته‌واوی ده‌كه‌ن، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێرانیش ده‌ڵێت "له‌سه‌ر فه‌رمانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت دۆسێی ژماره‌یه‌ك سزادراوی دیكه‌ پێداچونه‌وه‌یان بۆ بكرێت و دواتر له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتندا راده‌ستی وڵاته‌كه‌یان ده‌كرێنه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی سزادراوانی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستانیش، عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی وتویه‌تی "ژماره‌یان زیاتر له‌ 60 سزادراو ده‌بێت، به‌ڵام لیژنه‌یه‌ك هه‌یه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌كانیاندا ده‌كات و مه‌رج نییه‌ هه‌موویان بگرێته‌وه‌، پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ یه‌ك دوو هه‌فته‌ی داهاتودا پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت و راده‌ستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكرێنه‌وه‌".


‌‌‌
2/10/2019 1:49:28 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ