زانستی شەرعی
  ئیسلام دینێکی ئاسانەو شتێک لە توانامان نەبێت لەسەرمان نیە
باوکی حارث

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى اله وصحبه اجمعین اما بعد : لە دینی ئیسلام هەر کاتێک زەحمەتی و ناڕەحەتی هەبێ ئاسانکاری لەگەڵی دێت! لەبەر ئەوە زانایانی (اصول الفقه) قاعیدەیەکیان داناوەو ئەڵێن : (المشقة تجلب التیسیر) واتە: (زەحمەتی ئاسانی ئەهێنێ). دیارە ئەو قاعیدەیەشیان لە قورئان و سوننەت وەرگرتوە، خوای بەرز ئەفەرموێ : [يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ] (البقرة : 185) واتە: (خوا ئەیەوێ ئاسانی بخاتە سەرتان لە شەریعەتەکەی نایەوێ زەحمەتی بخاتە سەرتان). وە خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ] (الحج : 78) واتە: (خوا لە دین زەحمەتی نەخستونەتە سەر بەڵکو ئاسانی کردوە). وەک ئەوەی توانای ماددی و تەندروستیت نەبێ بچی بۆ حەج لەسەرت فەرز نیە، وە لە کاتی سەفەر نوێژ کورت ئەکرێت، وە ئەتوانی جەمعی بکەی، یان لە کاتی نەبونی ئاو ئەتوانی تەیەمموم بکەیت، وە لەکاتی زەرورەت و ناچاری حەرامەکان دەبێتە ڕوخسەت و بەقەدەری ناچاریەکە ئەتوانی بەکاری بێنی، بۆ نمونە بەراز و خەمر حەرامە بەڵام لەترسی مردن لە برسیەتی وتوێنویەتی ئەتوانی ئەوەندی بخۆیت وبخۆیتەوە کە دەتگەیەنێ بەو شوێنەی نان و خواردنەوەی حەڵاڵت دەست ئەکەوێ، وە چەندین نمونەی تر هەن کە ژماردنی زەحمەتە!. خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَلِلّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلاً وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ الله غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ](آل عمران. 97) واتە : ( وە بۆ خوایە لەسەر خەڵکی -فەرز کراوە- سەردانی ماڵی خوا بکەن -حەج بکەن- بۆ هەر کەسێ کە لەتوانایدایە -ڕێگاکە ببڕێو ئەو پارەیەی هەبێ پێی بچێ- وە هەر کەسێ کوفر بکا -بڕوای بە فەرزەکان نەبێ کە خوا دایناوە- ئەوە بێگەوان خوا بێ نیازە و دەوڵەمەندە پێویستی بە کەس نیە لە خەڵکی هەموو جیهانیان - پێویستی بە هیچ دروست کراوێک نیە- ). وە خوای بەرز ئەفەرموێ : [إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةَ وَالدَّمَ وَلَحْمَ الْخِنْزِيرِ وَمَا أُهِلَّ بِهِ لِغَيْرِ اللَّهِ فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ] (البقرة : 173) واتە: (لەسەرتان حەرام کراوە مردارەوە بوو-تەنها کوللەو ماسی نەبێ- وە خوێن -مەبەست خوێنی شل و ڕۆیشتووە لەئایەتی تر ئەوە ڕوون کراوەتەوە یانی ئەو خوێنەی تێکەڵ بە گۆشتە حەرام نیە هەر وەها جگەر و سپڵ حەرام نیە ئەوەش لە سوننەت ڕوون کراوەتەوە- وە گۆشتی بەراز لەسەرتان حەرام کراوە وە ئەوەشتان لەسەر حەرام کراوە کە سەر بڕاو بێ بە شێوەیەک ناوی غەیری خوای لەسەر هاتبێ و بۆ غەیری خوا سەربڕابێ -وەک ئەوەی بۆ قەبرو بتەکان لە دارو بەرد سەربڕاوە- بەڵام ئەگەر کەسێک زۆری بۆهات بێچارە بوو کەوتە زەرورەتەوە هیچی دەست نەدەکەوت و برسی بوو یان زۆری لێبکرێ ئەوە بۆی حەرام نیە بیخوات ئەگەر خۆی مەبەستی نەبێ حەرام بخوات و چارەی نەبێ ستەم کار نەبێت بەوەی حەڵاڵی دەست بکەوێ نەیخوات و ڕوو بکاتە ئەو حەرامە وە سنوریش نەبەزێنێ چەندەی پێویستە ئەوەندەی بخوات بە قەدەری پێویستی و زەرورەتی زیاتر نەخوا ئەوە تاوانی لەسەر نیە خوا خاوەنی ڕەحم و بەخشندەیە لەتاوان خۆش ئەبیت).

وە خوای بەرز ئەفەرموێ: [[فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ] (التغابن : 16) واتە: (ئەوەندەی ئەتوانن تەقوای خوا بکەن). یانی چەندی ئەتوانی ئەوەندە خۆت بپارێزە لە سزای خوا بەوەی چەند ئەتوانی ئەوەندە فەرمانەکانی جێبەجێ بکە.

وە پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : (مَا نَهَيْتُكُمْ عَنْهُ، فَاجْتَنِبُوهُ وَمَا أَمَرْتُكُمْ بِهِ فَافْعَلُوا مِنْهُ مَا اسْتَطَعْتُمْ، فَإِنَّمَا أَهْلَكَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ كَثْرَةُ مَسَائِلِهِمْ، وَاخْتِلَافُهُمْ عَلَى أَنْبِيَائِهِمْ) رواه مسلم واتە: (ئەوەی نەهیم لێکردن وازی لێ بێنن و پشتی تێبکەن و لێی دوور کەونەوە، وە ئەوەی فەرمانم پێکردن ئەوەندەی بکەن کە لە تواناتان هەیە، ئەوەی ئوممەتانی پێش ئێوەی بە هیلاک برد زۆر پرسیار کردنیان بوو، وە ئیختیلافیان بوو بۆ پێغەمبرەرانیان). وە پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : (إِنَّ الدِّينَ يُسْرٌ، وَلَنْ يُشَادَّ الدِّينَ أَحَدٌ إِلَّا غَلَبَهُ...) رواه البخاري واتە: (بە تەئکید ئەو دینە ئاسانە، وە کەسێ: نیە دین زەحمەت بکات و زێدەڕۆیی تێدا بکات ئیللا دینەکە لێی دەباتەوە...). یان خۆی بێزار ئەبێت و ناتوانی هەموو فەرمانەکانی دین جێبەجێ بکات کەواتە بە گوێرەی تاقەتی خۆی دینەکە جێبەجێ بکات لەسەر خۆی زەحمەت نەکا فەڕزەکانی بکات و سوننەتەکان ئەوەندەی بۆی ئاسان ئەبێت بیکا نەک وا بکات دوایی لە فەڕزەکانیش سارد بێتەوە! وە پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : ( إياكم و الغلو في الدين ، فإنما هلك من كان قبلكم بالغلو في الدين ) (سلسلة الاحاديث الصحيحة : 1283) واتە : ( ئاگادارتان ئەکەمەوە لە زیادە ڕەوی لە دین ، ئەوانەی پێش ئێوە -جولەکەو دیانەکان- لە ناو چوون بە هۆی زیادە ڕەویان لە دین ) . وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : ( هلک المتنطعون قالها ثلاثا ) رواه مسلم واتە : ( لە ناو چوون ئەوانەی زیادە ڕەوی ئەکەن -لە قسەو کردەوەو پرسیار کردن و بە دوا داچوون- سێ جاران لە سەر یەک ئەمەی فەرموو ) .

لەبەر ئەوە ئاگاداری ئەوە بە زێدەڕۆی بکەی لە دین و توندڕەوبیت و زەحمەتی بخەیتە سەرخۆت وخەڵکی هەر کاتێ دوو هەڵبژاردەت لە پێش بوو ئاسانەکەی هەڵبژێرە بەو مەرجەی تاوان نەبێت وخوای بەرز پێی ناخۆش نەبێت، چونکە کە دەڵێین ئاسان هەڵبژێرە سوننەتی پێغەمبەر بوە صلى الله علیه وعلى اله وسلم، وە کە دەڵێین ئاسان بەو مەرجەی تاوان نەبێت هەر سوننەتی پێغەمبەری خوا بوە صلى الله علیه وعلى اله وسلم، کە کاری ئاسانی هەڵدەبژاردوو خۆی دەپاراست لەتاوان. لەبەر ئەوە بەناوی ئاسان کاری نابێ تاوان و سەرپێچی وحەرامەکان بکەیت و ڕێگاش بدەی بە ناوی ئاسانی خەڵک بیکەن! یانی دیارە کە دەڵێین نابێ دین زەحمەت بکەین مەبەست ئەوە نیە کە تاوان بکەین و بڵێین دین ئاسانە!!! دایکی بڕواداران عائشە رضي الله عنها ئەفەرموێ : (مَا خُيِّرَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بَيْنَ أَمْرَيْنِ، أَحَدُهُمَا أَيْسَرُ مِنَ الْآخَرِ، إِلَّا اخْتَارَ أَيْسَرَهُمَا، مَا لَمْ يَكُنْ إِثْمًا، فَإِنْ كَانَ إِثْمًا، كَانَ أَبْعَدَ النَّاسِ مِنْهُ) متفق عليه واتە : (پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە بەينی دووشتا هەڵبژاردنی پێنەدراوە، یەکێکیان لەوی تریان ئاسانتر بوبێت، ئیللا ئاسانەکەیانی هەڵبژاردوە، مادام تاوان نەبێت، ئەگەر تاوان بوو، ئەوە لە هەموو کەس لێی دوورتربوو).

کەواتە بزانین نابێ تاوان ئەنجام بدەین بە ناوی ئەوەی بڵێین دین ئاسانە! یان واز بێنین لە فەڕزەکان کە لە تواناشماندایە ئەنجامیان بدەین! ئەوە کەسێ وابێ ئەکەوێتە بەر هەڕەشەو سزای بۆ ئامادە کراوە خوای بەرز ئەفەرموێ : [فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ أَن تُصِيبَهُمْ فِتْنَةٌ أَوْ يُصِيبَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ] (النور : 63) واتە : ( با بترسن ئەوانەی پێچەوانەی فەرمانەکانی پێغەمبەری خوا ئەکەن لەوەی توشی فیتنە بن _توشی گومڕایی و هاوبەش دانان بن_ وە توشی سزایەکی توند بن _لە دونیاو دواڕۆژ_ ) . وە خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَمَا آَتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ] (الحشر : 7) واتە : ( وە ئەوەی نێردراوی خوا -پێغەمبەر- بۆی هێناون و فەرمانتان پێ دەکات وەری بگرن و ملکەچ بن بۆی وە ئەوەی کە نێردراوی خوا نەهیتان لێ ئەکا لە سەری ئەوە وازی لێ بێنن دوور کەونەوە لێی وە لە خوا بترسن خۆتان بپارێزن لە سزای خوا بێ گومان خوا سزایەکەی وە تۆڵەی توندو بە هێزە ) . وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : (كل أمتي يدخلون الجنة إلا من أبى . قالوا يا رسول الله : ومن أبى ؟ قال : من أطاعني دخل الجنة ومن عصاني فقد أبى ) رواه البخاري واتە : ( هەموو ئوممەتی من ئەچنە نێو بەهەشتەوە ئیللا ئەوەی خۆی نەیەوێ! ووتیان ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم : کێ هەیە خۆی نەیەوێ بچێتە بەهەشت ؟ پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم فەرمووی : ئەوەی گوێ ڕایەڵی من بکا ئەوە ئەچێتە ناو بەهەشتەوە وە ئەوەی سەرپێچی من بکا ئەوە خۆی نەیویستوە بچێتە بەهەشتەوە ) .

وەک ڕوونمان کردەوە مەبەست ئەوەیە لە ئاسانی کە هەموو فەرزەکان بە گوێرەی توانا ئەنجام ئەدەین وەک نوێژ نەتوانین بوەستین دائەنیشین، نەتوانین دانیشین پاڵ ئەکەوین، وە ئاو نەبێ یان هەبێ و لە بەر نەخۆشی یان ساردی نەتوانین بەکاری بێنین ئەوە تەیەمموم ئەکەین، وە نەخۆش بین یان لەسەفەر دەتوانین ڕۆژوو نەگرین تا کاتێکی تر، وە ئەگەر ئافرەتان عەباکەیان یان جوبەکەیان لە عەرز بخشێ و بەر شوێنی پیس بکەوێ ئەوە پێویست بە شۆردنی ناکا چونکە خۆی پاک ئەبێتەوە بەوەی بەر شوێنی پاکیش ئەکەوێتەوە، وە کاتێک ناچار بین بۆ ئەوەی لەبرسا نەمرین ئەتوانین حەرام کراوەکان بخۆین ئەوەندە کە دەمانگەیەنێتە حەڵاڵ، بەو شێوە خوا دینەکەی بۆ ئاسان کردوین هەر کاتێ زەحمەتی هات ئاسانی لەگەڵی دێ ئەوەش فەزڵی خوای بەرزە لەسەر ئەو ئوممەتە، ان شاء الله من لە کتابی (ئیسلام دینێکی ئاسانە) ئەو باسانە زیاتر ڕوون ئەکەمەوە.

به‌روار: 30/11/2014
بینین: 718