ئەو حزبانەی کە بڕیاری بەشداری کردن و بەشداری نەکردنیان داوە لە کۆبونەوەکەی سبەینێ
بزاڤ پرێس:

چەند کاتژمێرێکی دیکە کۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی لەگەڵ لایەنەکان دەست پێ دەکات و بەشک لە لایەنەکان بەشدار دەبن و بەشەکەی دیکەش بەشدار نابێت.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بڕیاری داوە سبەی لەکۆبونەوەکەدا بەشدار بێت و مەلا بەختیار و قادر حەمە جان و عومەر فەتاح و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامانی یەکێتین.

هاوکات بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری کۆبونەوەکە ناکات و دەڵێت:"تا دامەزراوەکان شەرعییەتیان بۆ نەگەڕێتەوە ئێمەش بەشداری ناکەین".

شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:"بزووتنەوەی گۆڕان بەهیچ شێوەیەک بەشداری کۆبونەوەکەی سبەینێ ناکات چونکە بارزانی هەموو دەمەزراوە شەرعییەکانی پەکخستووە، بۆیە ئێمەش بڕیارمان داوە تاوەکو دامەزراوە شەرعییەکان شەرعییەتی بۆ نەگەڕێتەوە و سەرۆکی پەرلەمان نەگەڕێتەوە پەرلەمانی کوردستان ئێمە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین".

هەروەها کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سیاسی کە بەسەر پەرشتی عەلی باپیر ئەمیری ئەو حزبە بەڕێوەچوو لە بەیاننامەیەکیاندا ڕایانگەیاند:"ئێمە وەک بنەما لەگەڵ هەر هەوڵ و هەنگاوێکداین لەپێناو بۆ هەرێمەکەمان گێڕانەوەی تەبایی سیاسی بەڵام وێڕای ڕێز و تەقدیرمان بۆ کاک مەسعوود، بەهۆی ئەوەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە زەمینەسازی بۆنەکراوەوە، هەرچەندە ئێمەچەند جارێک جەختمان لەسەر زەمینەسازیی بۆ ئەوکۆبونەوەیە کردبوو،ئەویش بەئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە، بۆیه بەشداری ناکەین و پێمان وانییە کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە دەرەنجامێکی باشی لێ بکەوێتەوە کە هاوڵاتیانی هەرێمەکەمان چاوەڕێیەتی".

لای خۆیشییەوە قادر عەزیز سکرتێری حزبی ئایندە، بەبزاڤ پرێسی گووت:"بانگهێشتنامەکەی مەسعوود بارزانیم بەدەست گەیشت بەڵام وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناردوویەتی بۆ من، بۆیە منیش ڕەتم کردوەتەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەم چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا سەرۆکی نییە".
ماوه‌ته‌وه‌ هەریەک لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان كه‌ ئه‌وان بەپێچەوانەی (گۆڕان و کۆمەڵ و ئایندە) بڕیاریان داوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.
سەرچاوەیەک لە یەکگرتووی ئیسلامییەوە بەبزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:"ئێمە سبەینێ بەشداری کۆبونەوەکە دەکەین و هیواداریشین کۆبونەوەکە دەرەنجامێکی باشی هەبێت و کۆتایی بەو کێشە سیاسی و ئابووریانە بهێنێت".
بەپێی زانیارییەکان، محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەکگرتوو و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو بەشداری کۆبونەوەکە دەکەن".

هەروەها سەرچاوەیەک لەناو بزووتنەوەی ئیسلامییەوە بە بزاڤـ پرێسی ڕاگەیاند:"بزووتنەوەی ئیسلامی سبەینێ بەشداری لایەنەکان لەگەڵ بارزانی دەبێت".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی:"عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەندامێکی دیکە بەشداری حزبەکە دەبێت".

سبەینێ مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە وکۆبونەوەکەش لە پیرمام کاتژمێر ۱۰ـی سەر لەبەیانی ئەنجام دەدرێت.
  



ژ.ك
به‌روار: 26/01/2016
بینین: 833
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت