وتار
  پاشام بەڕاستی هەموو شت لە خۆتان جوانن!
لوقمان زۆراب چەمچەماڵی

 ئەو کاتەی کەشتی ژیانی هاوڵاتیە ستەم دیدەکان دەکەویتە لێژی ،کێشەو گرفتی جۆراو جۆریان  لەسەر کەڵەکە دەبێت ، دەگەنە ئەو ئاستەی کەناچاری سەریان پێدەکات بەماڵی دوژمندا.. پاشان دێنە حزورتان و سکاڵای حاڵی خۆیانتان بۆ دەکەن ،ئێوەش خۆتان بەکزی    دەدەن و دەبنە شەریکی خەمیان و  بەوتەی (دەس کورتەو چاو بینایە ) بەڕێیان دەکەن ،... کە پشتیان هەڵکردوو بەنائومێدی ڕۆیشتن .. بەقاقای پیکەنین ویژدانی دەورو بەرەکەتان ڕا دەچەڵەکێنن ،( بەراستی ئەم سیاسەتە دوو فاقیە هەر لەخۆتان جوانن).
ئەو کاتەی کەسانی شۆڕشگیرو نیشتیمان پەروەر ، کەسانی دڵسۆزی ڕاستە قینەی گەل و نیشتیمان و پیرۆزیەکانی، بە هەموو بیرو بۆچونە جیاوازەکانەوە ،لەهەموو نیعمەتیکی بەری ڕاپەرین و شؤڕش مەحروم و بێ بەش دەکەن ، وەک ئەوەی تاوانێکی ئەنجام دابێت  کە دڵسۆزی گەل و وڵات بووە ، لەم کوردستانە زیندانە گەورەو کراوەیەدا مەحکوم بە برسێتی و ژیانی کولەمەرگى دەکەن ، دەیانخەنە ژێرباری قورسی ژیانەوە و کەسانی پیچەوانەی ئەوانیش کەشەرم لەناوهێنانیان دەکرێ ، ئەوانەی بازرگانیان بەهەموو شتێکی بەهادارو موقەدەسی ماددی و مەعنەوەی گەل و وڵات دەکرد و دەکەن.. بەشۆڕشگێر و بەمامۆستای خەباتی ژێر زەمینی ناوزەددیان دەکەن ، و بە پلەو پایەی بەرزو چاک... خانە نشین دەکرین ، کەسیش بۆی نیە ورتەیەک لەدەمی بێتە دەر و نقەی لێوە بێت ئایە پاشام ئەمە ئەوەناگەیەنێت  کە (هەمەوو شت بەس لەخۆتان جوانن)!!!!!!!
پاشام :
تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە زۆریان خەونییان بە ئازادیە وە دەبینی و،قوربانییان لە پێناودا دەدا،ئەمڕۆ:-
 لە سەرمای زستاندا بێ سوتەمەنی.. و لە گەرمای هاویندا بی کارەباو ئامێری فێنک کەرەوە... ، لە شەوانی ئەنگوستە چاوی ئەم سەردەمی تەکنەلۆژیاو چراخانەدا ، بەدیار چراو قوتیلەوە .....ژیان بەسەر دەبەن ، زۆربەی کاتی ژیانیان خەون بە پێویستیە سەرەتایەکانی ژیانەوە دەبینن ، هەموو هیزێکی خۆیان دەخەنە کار تا بتوانن تەنها بەقوتی ژیاندا بگەن و وردیلەکانیان لە مردن لەبرسا ڕزگار بکەن ، لەم کاتەشدا باس هەر باسی جەنابتانە و بەسەرهاتەکانتان بوە بە بەحیکایەتی کۆڕو کۆمەڵەکان و باوک بۆنەوەکانی دەگێڕنەوە ، ئایە ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە (پاشام بەراستی هەموو شت لە خۆتان جوانن)!!!!) 

کاتێ کەیاسا دەکەن بەتەونی جاڵجاڵۆکە واتە بێهیزی پی دەگرن و بەهێزی خۆتان و پلەو پایەو دەورو بەرکەتان تێکی دەشکینن ، ئەو مەقولە ئەمەریکیە دەسەلمین کە دەڵێ ( یاسا وەک تەونی جاڵجاڵۆکە وایە بیهێز دەگرێت و بەهێز تێکی دەشکێنیت ) ماددەکانی لەدوتوی ی دەستورنامەیەکدا لە بەردەمتانا هەڵدە لەرزێ.. لەترسی گۆران و هەموارکردنەوەو پەراویزخستن... ، کاتی لە ڕاگەیەندنەکانیشەوە دەم دەکەنەوە دەلێن:-
- ووڵات وڵاتی یاسایەو ، یاسا سەروەرە ..
- یاسا لەگشت کەس باڵادەست ترە .....، 
بەم سیاسەتی ( بان یەکەو دوو هەوایە) وە ، زویر نابی کە ئەمجارەش بڵێم ( پاشام بەڕاستی هەموو شت لەخۆتان جوانن)!!!

ئەو کاتەی دارو دەستەو نزیکەکانتان لەوپەڕی تێر و پڕی و پۆشتەو پەرداخی دا ، دەخۆن و دەخۆنەوەو دەخەون... لەزۆر خواردندا سکیان دێشی و ئؤقرەیان لێدەبڕێ ،لەهەمان کاتدا کۆمەڵێکی زۆر لەخەڵکانی تر ئەوانەی کە دەستیان ناگاتە لای کەس ، لە برسا هاوار لەسکیان دەکەن ، کاتێکیش لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پێشان دەدرێن خەڵکی توشی سەر سوڕمان دەکەن ، بەوەی کەکەسانی لەم جۆرە لەم ولاتی زێری رەش و پر لە خێرو بێردا هەن ، ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە لەکاتی بەڵێ بەڵێ ی جەنابیشتانا پێش یرکێ لەگەل تێرو پۆشتەو حیزب پێداوەکاندا  دەکەن خۆیان دەگەوجێنن لەبەرز ڕاگرتنی ناوو پلەو پایەی جەنابتانا ...ئەمەیە کەوای لەمن کردوە بلێم ( پاشام بەراستی هەموو شت لە خۆتان جوانن) 

ئەگەر لەسەر ئەم قسانە لێم توڕە بیت و فولە چرای بەختم بکەیت  ونان بڕاوو سفرە دڕاوم کەیت ودرکی ئاسنی بکەی بە پەنجەو زمان و چاوەکانمدا ... هەرچی خراپەیەک کەتۆ پێت خۆشە لەگەلما بیکەیت ... بڕوات بی لێت زوویر نابم تەنها ئەوەندە ڕێگەم بدە بەمل کەچیەوە بێمە حزورتان و بەدەنگێکی کز و تاساو و وەلای خۆمت بۆدەربڕم و پێتی بڵێم (پاشام بەڕاستی هەموو شت لە خۆتان جوانن).
به‌روار: 29/01/2016
بینین: 552