توێژینه‌وه‌
  ئایا قورئان لەگەڵ دروستبوونی پەرەسەندنانەی مرۆڤدا دژ دێتەوە؟
محمد باسل الطائي



وەرگێڕان/د.نزار کاکەمی


زیندەورزانیی هاوچەرخ ئەوەی دەرخستووە  کە زیندەوران، بە گشتی، بە درێژایی مێژووی بوونیان لەسەر ئەرزدا، ملکەچی پەرەسەندنێکی ئۆرگانیی هاتوون، پەرەسەندنێک کە بووەتە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتە و کاری ئەندامەکانی لەشیاندا.
بنەمای ئەم بیرۆکەیش دەگەڕێتەوە بۆ زیندوەرزان چارڵز داروین، كه لێکۆڵینەوەی لە چەندین جۆری ڕووەک و ئاژەڵی سەر زەوی کرد، بۆی دەرکەوت کە لە زۆر سیفەت و تایبەتمەندی و کرداردا لێکچوونیان هەیە. ئیتر دوای لێکۆڵینەوە لە لێکچوونەکانیان و دواتر بەراوردکردنیان، داروین وای بۆچوو کە جۆرە جیاوازەکانی ژیان لە گیاندارن و ڕووەک، لە یەک جۆری بنەڕەتییەوە پەرەیان سەندووە و، ئەویش بە تێپەڕینی چەندین چەرخ و ماوەی درێژ بوونەتە چەند جۆرێکی جیاواز، کە لە شێوە و تایبەتمەندی و سیفەتدا زۆر لێک جودان.
لەبەر هۆکاری زانستی، داروین وای دەبینێ کە زیندەوەر لە ئاوەوە دەستیپێکردووە و دواتر پەرەیسەندووە بۆ دەشتاوی (دەشت ـ ئاوی) دواتر بۆ دەشتەکی و دوای ئەوسایش بۆ ئاسمانیی. جا لەبەر ئەوە جۆرە جیاوازەکان، لانی کەم گیاندارەکان، وەک دەیانبینین، هیچ نین جگە لە قۆناغێلێکی پەرەسەندنی جیاوازی ئەو بونەوەرانەی لە سەر ئەرز و لە ئەرزەوە دروست بوون، هەرچەندە زانست ئەمەی پشت ڕاست نەکردۆتەوە کەوا ڕەگەزە بنەڕەتیەکانی زیندەوەران لە خودی ئەم ئەرزەوە پەیدا بووبن یان لە شوێنێکی ترەوە هاتبن. کرێک، کە یەکێکە لە دۆزەرەوانی (دی ئێن ئەی) لە کتێبەکەی (سروشتی ژیان) دا باسی ئەوە دەکا کە تۆوی ژیانی سەر ئەرز لەوانەیە لە ئەوپەڕی گەردوون و لەڕێی نەیزەک و کلکدارەکانەوە هاتبێ.

ئەتوانین جەخت لەوە بکەینەوە کە پرنسیپی پەرەسەندنی ئۆرگانیی زیندەوەرەکان، یەکێکە لە دنگە سەرەکییەکانی زیندەوەرزانی هاوچەرخ و، بەبێ پرنسیپی یان بیرۆکەی پەرەسەندن، ئەستەمە وێنای هەر زانستێکی زیندەوەرزانی نوێ بکەین و، ئەمەیش مەحاڵە، دەی ناتوانین واز لە زیندەوەرزانی بێنین. هەر کەسێ نکۆڵی لە پەرەسەندنی ئۆرگانیی بکاتەوە، گەرەکە خۆی ڕاڤەیەکی زانستیی بێ کەموکورت، بۆ دەرکەوتنی جۆرەکانی زیندەوران و دروستبوونیان، بکا. هەروەها پێویستە ئەو لێکچوونە مۆرفۆلۆجی(شێوەیی) و فیزیۆلۆجی(کارئەندامیی) و پێکهاتەیی و، تەنانەت چالاکی کۆمەڵایەتی خۆڕسکانەی نێوان خۆی و بوونەوەرەکانی دیکەی نێو مەملەکەتی گیانداراندا، ڕاڤە بکا. ئینجا لەسەرێتی کە لێکدانەوەیەک بۆ سەرکەوتنی ئەوانە بکا کە، لە ڕاڤەکردنیاندا بۆ گشت ئەو شتانەی پەیوەستن بە زیندەوەرزانی پەرەسەندوو (evolutionary biology)، باسی پەرەسەندن ئەکەن، هەرچەندە، هاوزەمان ئەم قسە مانای ئەوە نیە کە تەواوی ئەو بۆچوونە تیۆرییانەی کە داروین پێشنیاری کردوون ڕاست بن، بەڵکو هەندێ بەڵگەی زانستی دیکە هەیە، کە بێ گومان پێویستییان بە باس و خواسیی تیۆریی زیاترە و هێشتا نەزانراون. لەمەدا پێویستە جەخت بکەینەوە لە جیاوازی نێوان ئەوەی کە دەڵێین هەندێ پەرەسەندنی ئۆرگانی بوونەوەرەکان ڕوویداوە لەگەڵ ئەوەی کە پێی دەڵێن (تیۆرەکانی پەرەسەندن)، جا یەکەمیان وەک واقعێکی ڕووداو لە جیهانماندا دیارە بەڵام دووەمیان ڕاجیایی تێدایە و ناکرێ قسەی کۆتایی تیا بکەین.

پرنسیپی پەرەسەندن و ئایین
وا باوە و دەڵێن بیرۆکەی، پەرەسەندنی ئۆرگانیی مرۆڤ و ئەو دوای زیندەوەرەکان، دژی ئایین دێتەوە. هۆکاری ئەمەیش ئەو ڕاڤانەیە کە خەڵکانێک بۆ دەقەکانی ئایین دایان ناوە و، پێیان وایە کە خوای گەورە گشت زیندەوەرەکانی بە یەکجار و، لە خۆڵ(خاک) دروستکردووە. ئینسانیشی لە قوڕ دروستکردووە، ئەمەیش دوای ئەوەی کە وای لێکردووە بگونجێ بۆ ئەو شێوە و شکڵەی کە ئێستە ئینسان هەیەتی. تا ماوەیەکی کەمی بەر لەم ئێستە، خەڵکی پێیان وابوو کە مێروو و کرم و مێروولەکان، لە خۆیانەوە و لە شتی نازیندووەوە دروست ئەبن، هەر ئەمەیش بوو کە ئەرستۆتالیس و زۆرێک لە فەیلەسوفانی یونان قەناعەتیان پێی بوو. 
لە لایەکی ترەوە قورئان بە شێوەیەکی تایبەت باس لەوە دەکا کە خوای گەورە مرۆڤی لە قوڕ دروستکردووە، ئەم ئایەتانەی خوارەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە:
(إِنَّ مَثَلَ عِيسَى عِنْدَ اللَّهِ كَمَثَلِ آدَمَ خَلَقَهُ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ قَالَ لَهُ كُنْ فَيَكُونُ) (آل عمران:59) وقوله (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنْ كُنْتُمْ فِي رَيْبٍ مِنَ الْبَعْثِ فَإِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ مِنْ نُطْفَةٍ ثُمَّ مِنْ عَلَقَةٍ ثُمَّ مِنْ مُضْغَةٍ مُخَلَّقَةٍ وَغَيْرِ مُخَلَّقَةٍ) (الحج:5) وقوله (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَكُمْ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ إِذَا أَنْتُمْ بَشَرٌ تَنْتَشِرُونَ) (الروم:20) وقوله (وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ مِنْ نُطْفَةٍ ثُمَّ جَعَلَكُمْ أَزْوَاجاً) (فاطر:11) وقوله (هُوَ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ مِنْ نُطْفَةٍ ثُمَّ مِنْ عَلَقَةٍ ثُمَّ يُخْرِجُكُمْ طِفْلاً) (غافر:67)

ئەم ئایەتانە گومانی تیا نایەڵن کە خەلق لە خۆڵ و خاکەوە بووە، بە شێوەیەکی دیاریکراویش ئاماژە بە دروستکردنی خودی ئادەم دەکەن. بەڵام دوای ئادەم گشت خەلق لە ڕێی سپێرم و هێلکەوە بووە. لێرەدا لەسەر بابەتێکی سەرەکی، لە تێگەیشتن لە بارەی خەلق لەخۆڵەوە لە قورئاندا، دەوەستین، ئەم تێگەیشتنە لە دوو ئاستدا هاتووە، یەکەم: مەبەستی لە خەلقی ئادەمە وەک یەکەم ئینسان. ئەمە ئەگەر وای دانێین (ال) ناساندن بۆ (العهد)بێ. دووەم: مەبەستی خەلقی ئینسان هەر ئینسانێک بێ ئەویش لەڕێگای خولی خۆراکیی کە بنەماکەی خۆڵ و ئاوە و، دەبێتە ئەو ڕووەکەی کە مرۆڤ و ئاژەڵ دەیخۆن و لەویشەوە سپێرم و هێلکە دروست ئەبێ و دواتریش ئینسانی لێ پەیدا دەبێ.

وردبوونەوە لەم ئایەتانە، ئەوەمان بۆ دەردەخا، کە قورئانی پیرۆز گوزارشتەکانی لەمەڕ خەلق، بە شێوەیەک دەشارێتەوە کە بتوانرێ لە چەند ڕوویەکەوە ڕاڤە بکرێ. جا دەگێڕنەوە ئیمامی عەلی علیە السلام وتوویەتی: قورئان هەڵگری چەندین ڕوو و ڕاڤەیە. ئەمەیش بابەتێکە گشت ڕاڤەکاران ددانی پیادەنێن. دەی قورئان (محکم) و(متشابە)ی هەیە، (محکم) لە فەرمان و قەدەغەکراوەکانە و (متشابە)یش، بە زۆری، پەیوەستە بە بابەتە پەنهانییەکان و ئەو بابەتانەی کە بەندن بە دروستبوونی گەردوون و مرۆڤەوە. بەو واتایەی کە دەققی قورئانی زیاد لە یەک مانا هەڵدەگرێ، ئەمەیش باسێکی ناسراوە و هەر ئەمەیشە دەرگای بۆ خەڵکی کردووەتەوە تا تێگەیشتنی جیاواز لەمەڕ ئایەتەکانی قورئان بخەنە بەردەست، ئەمەش پێی دەوترێ(تأویل)، هەرچەندە پێویستە بووترێ، کە هەندێ کەس بە شێوەیەک قورئان تەئویل دەکەن کە دەقەکە و مەبەستەکەی لێکدەترازێن، تا ئەو ڕادەیەی، وای بۆ دەچی، کە مانایەک هەڵدەگرێ دژ بەو مانایەی دێتە مێشکمانەوە. جا ڕاڤە یان ڕوونکردنەوەیەکی دروست بۆ مانا، وایکردووە کە پابەندبین بەوەی کە زمانی عەرەبی دایدەنا، لەگەڵ ئەوەی کە (سیاق)ی دەقەکە دیاری دەکا. هۆکاری ئەوەیش کە خوای گەورە وایکردووە قورئانی ڕوویەک لە لێکدانەوە هەڵگرێ، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ویستوویەتی وەک پەرجوویەک بە درێژایی زەمان بمێنێتەوە، ئیتر هەرکەسێ بیەوێ سوود لەم پەرجووە هەمیشەییە ببینێ، پێویستە گشت ڕووەکانی قوئان بگەڕێ و شەنوکەویان بکا، بەڵام بەو مەرجەی لە چارچێوەی ئەو مانا و ئاماژانەی کە زمان و سیاق دیاریان دەکا.

ئەوە قسەیەکی لۆجیکانەیە بڵێین: نەتوانراوە بە ڕوونی باس لەو ناواخن و مەبەستانە بکرێ کە پەیوەستن بە خەلق و باسەکانی ترەوە، دەی پیویستیان بە ئاستێکی باڵاتری تێگەیشتن و دۆزینەوەیە بۆ خەڵکی زەمانێک کە لەو ناوەڕۆکانە تێناگەن و قبوڵی ناکەن. ئێ ئەگەر قورئان بە ڕوونی لەو باسانە قسەی بکردایە ئەوا دەبووایە شیکردنەوە و پێشەکییەکی درێژی بۆ زۆر زانست و زانیاری تازەی بخستایەتەڕوو و، خەڵکیش نەیاندەتوانی هەم قبوڵی بکەن هەم تێیبگەن. 

جا لەبەر ئەوە ئەو ئایەتانەی کە ئەچنە سەر ئەو بابەتانە ناڕوون دەردەکەون و، ئێمەیش زۆر جار پوختەی ماناکانیان تێدەگەین و ناتوانین بە درێژیی پەیان پێ ببەین. بۆ نمونە باسی حەوت تەبەقەی ئاسمان و چۆنێتی دروستبوون و چارەنووسیان، ئایەتەکانی قورئان لەمەڕ ئەم  باسانە چەند دەقێکی سەرلێتێکدەری(بۆ کەسێک نەزانێ) خستووەتەڕوو کە ڕاڤەکردنیان چەندین ڕووی هەیە و ئێمەیش ناتوانین تیایاندا یەکلایی بینەوە، بەڵکو ئەوەندەمان پێدەکرێ کە زیاتر بە لایەکد بچین و بەس. جا من ئەم بابەتم بەدرێژی کۆڵییەوە، ئەویش بە هاوکاری هاوڕێیکی پسپۆڕ لە زمانی عەرەبیدا و لێکۆڵینەوەکەیش لە گۆڤارێکی ئەکادیمیدا بڵاوکرایەوە. 

هۆکارێکی تری ئەوەی کە بە زۆری ڕێگە لە خەڵکی دەگرێ کە بیرۆکەی پەرەسەندنی ئۆرگانیی زیندەوەرەکان، بە مرۆڤیشەوە، وەرگرن ئەوەیە گومانیان وایە کە دداننان بە پەرەسەندنی سروشتییدا، لە ناواخندا، ئەبێتە نکۆڵیکردنی توانای خوا لە خەلق و ئینکاری کردنی یان نەچوونەژێری، ئیتر ئەمەیش ئەبێتە هۆی ئیلحاد و بێ باوەڕی، ئا لێرەدا باوەڕداران ئەڵێن: باشە چی دەمێنێتەوە بۆ خوا؟ لە ڕاستییدا تێگەیشتنی دروست بۆ کاری خوا لە گەردوون و بووندا، ئەوەمان دەداتێ کە (الامر کلە للە). جا ئەم دەرکەوتن و میکانیزمانە، کە سروشتیی دیارن، هیچ نین جگە لە دەرکەوتنێک و لە پشتییانەوە ڕاستییەک دەشارنەوە ئەویش (الامر کلە للە ) دەی هەر خوایە کە زیندوو و ڕێکخەرە. ئەو یاسایانەی کە میکانیزمە سروشتییەکان کاری پێدەکەن(کە پێم خۆشە ناویان بنێم خۆڕسکی)، لە کڕۆکیاندا، لە سەر گریمانە وەستاون، نەک لە سەر هەرئەبێی(حەتمییەت)، وەکو لە وتارەکانی ترمدا ڕوونم کردووەتەوە.

ئەمەیە کە فیزیای هاوچەرخ لەتیۆری (کوانتەم)دا ددانی پیادەنێ و، لەبەر ئەوەی یاساکانی کیمیا و زیندەورزانی، کە ڕاڤەی چالاکییە زیندەییەکان دەکەن، لەسەر یاساکانی جوڵەی گەردو گەردیلەیی دەوەستن، جا ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە یاساکانی کیمیای زیندەگی و گۆڕانکارییە زیندەییەکان، یاسایەلێکی ڕێپێدراون و بەرەنجامی گریمانەییان هەیە، نەک هەرئەبێی(حەتمی). هەر ئەمەیە کە زانستی هاوچەرخ و دۆزراوەکانی سەدەی بیستەم سەڵماندوویانە. جا کاتێ زانیمان کە ژمارەی گریمانە بەردەستیەکانی هەر کردارێکی زیندەیی زۆر گەورەن، ئەوا ڕێمان پێ دەدا کە پرسیار بکەین: ئەوە کێیە کە دەسەڵاتی بەسەر ئەو گریمانانەدا هەیە و دەیانگەینێ بەو ئەنجامەی گشت جارێ دەسمان ئەکەوێ؟ ئەوە گومانی تیا نیە هیچ گەردێک لە گەردەکانی توخمە کارلیککردووەکان توانای ئەو دەسەڵاتە گشتگیرییەیان نیە. دەی دەبێ ڕەگەزی دەسەڵاتدار ئاگاداری گشت بەش و تایبەتمەندییەکان بێ، زانا و ئاگادار بێ بە هەموو مەرج و وردەکارییەکان و زاڵ بێ بە سەر گشت ڕێگا و ئامانجەکانیاندا. ئەمەیش ناکرێ تەنیا بە زانای دانای ئاگادار نەبێ. هەر لەبەر ئەمەیە کە دەڵێین ( گشت کارەکان بە خوایە)، لێرەدا قسەی پسپۆڕە فیزیاییە بەریتانیاییە بێباوەڕەکە؛ بۆڵ دێفزم وەبیر دێتەوە، کە لە کتێبەکەی (عالم الصدفة) دەڵێ: ڕاڤەیەکی دروست بۆ هەقیقەتەکان ئەوە دەگەیەنێ کە هێزێکی، لەڕادەبەدەر زیرەک، یاری بە فیزیا هەروەها کیمیا و زیندەوەرزانی کردووە نەک هێزێکی کوێری ناوسروشت کە شایەنی قسە لەسەر کردن نەبێ).  

پرنسیپی پەرەسەندن و قورئان
لێرەدا ئیجتیهادی خۆم بۆ تێگەیشتن لەمەڕ ئەو ئایەتانەی قورئان کە پەیوەستن بە بابەتی خەلقی ئینسانەوە، دەخەمەڕوو. ئامانجیشم لەمەدا پشکنینی هەق و ڕۆشنکردنەوەی دەروون و ئەقڵە بە ڕوناکی هەق، بۆ ئەوەی (ئەقڵ و دڵ) بڵندببنەوە بۆ پلەکانی ئیمانی دروست. لەم لێکۆڵینەوەیەدا،میتۆدی تێڕامانمان، لەسەر پێداچوونەوەی دەقە قورئانییەکانی پەیوەست بە خەلقی ئینسان و دروستبوون وپەرەسەندنیەوە، دەوەستێ و، پاڵپشتە بە زمان، بۆ ڕاڤەکردن و لێتێگەیشتن و، پشت ئەستوورە بەو ڕاڤانەی قورئان کە لەلایەن موسوڵمانانەوە جێی متمانەیە، بە تایبەت ڕاڤەکەی ئیبن کەسیر.

۱/  له سورەتی (الحجر) وئایەتی ۲٦ دا هاتووە (َلَقَدْ خَلَقْنَا الأِنْسَانَ مِنْ صَلْصَالٍ مِنْ حَمَأٍ مَسْنُونٍ) ئیبن کەسیر لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا دەڵێ: ئیبنو عەباس وموجاهد وقەتادە وتوویانە: لێرەدا مەبەست لە (صلصال) خاکی وشکە، هەروەک خوای گەورە ئەفەرمووێ (خلق الإنسان من صلصال كالفخار وخلق الجان من مارج من نار) لەموجاهیدەوە (الصلصال) واتە بۆنکردوو، جا ڕاڤەی ئایەت بە ئایەت باشترە کە دەفەرمووێ(من حمأ مسنون) واتە (الصلصال) لە (حمأ)ە کە قوڕ دەگەیەنێ و (المسنون) واتە لووس... لەبەر ئەمە لە ئیبنو عەبباسەوە گێڕراوەتەوە کە وتویەتی: ئەوە خۆڵ(خاک)ی تەڕە، هەروەها لە ئیبن عەباس و موجاهید و ضەححاکەوە کە (الحمأ المسنون) واتە بۆنکردوو واتە هەروەها وتراوە مەبەست لە المسنون لێرەدا (سواقدراو)ە.  

ئەوەی لێرە ئاماژەی پێ دەدەین ئەوەیە کە الحمأ المسنون ئەکرێ خۆڵی خوساوی بۆنکردووی کۆنە بێ (دیارە مەبەستی ئەو قوڕە وشکۆبووەی لە بنی گۆماودا دەمێنێتەوە و دواتر وشک ئەبێتەوە؛ وەرگێڕ). ئەم مانایانەی خوارەوەیش لە بارەی چاوگی وشەی (صلصال) و (فخار) هاتوون. ئیبن فارس لە ( معجم المقاییس في اللغة)دا دەڵێ: (ص)و(ل) دوو ڕەگن مانای ئاونگ (شەونم)و ئاوێکی کەم دگەیەنن و بە واتای دەنگیش دێت.." هەروەها لە سەر وشەی (الفخار) دەڵێ: (ف) و (خ) و (ر)، ڕەگێکە ئاماژە دەدا بۆ مەزنی و دێرینی... لەم ڕەگەوە پەڕگیرێک هەیە (فخار) ئەویش واتای گۆزەکەر دەگەیەنێ. ئەوە ڕوونە کە دەققی قورئانی لە بارەی دروستبوونی ژیان، لەگەڵ ئەوەی کە بایلۆجیای پەرەسەندن پێشنیاری دەکا، یەکدەگرێتەوە. جا ئەگەر گشت زیندەوەرەکان لە تاکەخانەیەکەوە پەرەیان سەندبێ یان لە گیراوە ئۆرگانییەکان و خاکی زەوییەوە، ئیتر هەر ئەوەیە کە قورئان ناوی دەنێ (الحمأ المسنون). 

۲/ ئینجا لە هەردوو ئایەتی ۲۸_ ۲۹ی سورەتی الحجرد دا دەفەرمووێ(وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَراً مِنْ صَلْصَالٍ مِنْ حَمَأٍ مَسْنُونٍ* فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ)  لێرەدا تێبینی دەکەین کە فەرمانی خوا بۆ ئەوەی فریشتەکان سوژدە بۆ ئینسان ببەن مەرجدارە بە ڕێککردنەوە و ڕوحپیاکردن لە ڕوحی خواوە ئەویش بەوەی کە (إذا؛ ئامرازی مەرج)ی داناوە. واتە سوژدەبردنی فریشتەکان دوای خەلق و، مەرجدارە بە ڕێککردنەوە و ڕوحپیاکردن. ئەمەیش شتێکی گرنگە پێویستە ئاگاداری بین. لە بارەی (ڕێککردن)ەوە ئیبن کەسیر لە ڕاڤەکەیدا باسێک دەکا کە ئەوە دەگەیەنێ مەبەستی ئەوەیە کە وا لە ئینسان بکا ڕاست لە سەر هەردوو پێی بڕوا، جا دەڵێ: " لەو فەرموودەیەی کە ئیمامی ئەحمەد و ئیبن ماجە لە بیشری کوڕی جەحاشەوە دەیگێڕنەوە دەڵێ: پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە و سلم) تفی کردە ناو دەستی و فەرمووی: خوای گەورە دەفەرمووێ: ئەی ئادەمزاد چۆن لێم عاجز دەبی لە کاتێکدا من لە شتێکی وەک ئەمەوە دروستم کردووی تا ئەوەی ڕێکمکردیتەوە و ڕاستم کردیتەوە و بە دوو پێیان لە نێوان دوو پۆشاک(قومات و کفن)دا ڕۆیشتی، و زەویشم بۆ تەخت کردی(مەبەست ئەوەیە کە بە کەیفی خۆی پیا بڕوا؛ وەرگێڕ)  ئیتر خڕت کرد و ڕەزیلیت کرد تا گەیشتیتە دوا هەناسە و وتت: ئەو چاکە دەکەم؟ لەوکاتەدا کوا وەختی چاکە ماوە؟"

لەوانەیە کەسێک پێی وابێ ئەو ئایەتەی باسم کرد بە ڕوونیی باسی ئەوەی نەکردووە کە ڕێککردنەوە و ڕوحپیاکردنەکە بە هێواشی و خاوی بووە یان بە پەلە کراوە، وەڵامی ئەمەیش لە سورەتی(السجدة)دا، کە دواتر باسی دێت، ڕوون و دیارە .  

۳. سورەتی المؤمنون 
(وَلَقَدْ خَلَقْنَا الأِنْسَانَ مِنْ سُلالَةٍ مِنْ طِينٍ) (المؤمنون:12) لێرەدا لەسەر گوزارشتێکی گرنگ، کە جێگەی تایبەتی هەیە لە نرخاندنی خەلق و مەبەست لە خەلقدا، دەوەستین، ئەویش بەوەی کە ئایەتەکەی وشەی (سلالة)ی تیدایە، یەکێک لەو دوو ئایەتەی وشەکەی تێدایە ئەم ئایەتەیە کە دەفەرمووێ (ثُمَّ جَعَلَ نَسْلَهُ مِنْ سُلالَةٍ مِنْ مَاءٍ مَهِينٍ) لێرەدا وشەی سلالە واتای چییە؟
لە (لسان العرب)دا دەڵێ:
" السلالة واتە لێدەرکردن، ئەوەی شتێک لە شتێکەوە دەرکەی و ئەوترێ شمشێرەکەم لە کێلان دەرکرد و، دەرچوو، فڵانە کەس لە قەومەکەی دەرچوو و ڕایکرد، واتە بە دزییەوە لە خزمەکانی ڕایکرد، ئەبولهەیسەم دەڵێ: (سلالة) واتە ئەوەی لە پشتی پیاو و سینگی ئافرەتان دەردەچێ(نەوە) وەک شتێکی لێ ببێتەوە، (سلیل) واتە مناڵ ناونراوە (سلیل) چونکە لە سلالة (نەوەکانی) تر بووە. 

جا کە خوای گەورە دەفەرمووێ(خلقنا الانسان من سلالة) مەبەستی لە (ئینسان) نەوەی ئادەمە، واتە ئینسان دوای ئادەم ئەگرێتەوە، لێرەدا ئینسان وەکو ڕەگەز هاتووە، کاتێكیش ئەفەرمووێ(من طین) مەبەستی ئەوەیە ئەو نەوەیە(سلالة) لەو قوڕە پەیدا بووە کە لە بنەڕەتدا ئادەمی لێ خەلق کراوە، قەتادە دەفەرمووێ ئادەم لە قوڕەوە دەرهێنراوە(استل) بۆیە ناونراوە(سلالة؛ دەرهێنراو) هەروەها دەڵێ (الفراء)یش پێیوایە کە شوشەیش لە قوڕ دەرهێنراوە، سلالة لەسەر کێشی(فعالة)یە، ئیتر خوای گەورە ئادەمی خەلق کرد...". 

لێرەوە ئەنجامگیری دەکەین کە (السلالة)، واتە ئەوەی دەردەهێنرێت، لە سەر کێش یان وەزنی (فعالة)یە، ئەکرێ وایش راڤە بکرێ کە مەبەست (نطفة)یە، نطفەیش واتە (ئاوی پیاو و هێلکەی ئافرەت)کە لە لەشەوە دەردەهێنرێن. جا ئەگەر خوای گەورە بیفەرمووایە(سلالات) لەو کاتەدا مانای دروست دەبووە(نەوەکان).ئەوەیش دروستە بڵێین لەوانەیە نەیووتووە سلالات چونکە سلالة ی ئینسان تاکە واتە پەرەسەندنی تەنیا لە یەک (سلالة) بووە و بە زنجیرە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر تا ئەوەی گەیشتووەیە قوناغی ڕێککردنەوە واتە ڕێکیکردوەتەوە لە ڕووی پێکهاتە و ماناوە، بە کورتی ئەوەی ئەیبینم ئەو (سلالة)ی کە لە ئایەتەکی سورەتی (المؤمنون) دا هاتووە لەوانەیە مەبەستی باپیرانی ئەو بوونەوەرە بێ کە ڕەگەزی ئینسانی لێ پەیدا بووە، ئەو (سلالة)ی سورەتی (السجدة)یش ڕەنگە لەوانەیە مەبەستی نطفة بێ کە لەو ئاوە لینجەی، سپێرمەکان دەگرێتە خۆی، هاتبێ.


٤.خوای گەورە لە سورەتی(السجدة) دەفەرمووێ
(الَّذِي أَحْسَنَ كُلَّ شَيْءٍ خَلَقَهُ وَبَدَأَ خَلْقَ الأِنْسَانِ مِنْ طِينٍ * ثُمَّ جَعَلَ نَسْلَهُ مِنْ سُلالَةٍ مِنْ مَاءٍ مَهِينٍ * ثُمَّ سَوَّاهُ وَنَفَخَ فِيهِ مِنْ رُوحِهِ وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالأَبْصَارَ وَالأَفْئِدَةَ قَلِيلاً مَا تَشْكُرُونَ)
لەم ئایەتانەدا، ڕێکخستنی زنجیرەی خەلق، کە سێ قۆناغە، خراوەتەڕوو:
(أ)دەسپێک لە قوڕەوە. پێشتر باسمان کرد کە ئەم قوڕە تەڕ و بۆنکردوو و کۆنە (صلصال کالفخار) لە شوێنێکی تردا ئەو قوڕە لینجەیە کە بە دەستەوە دەنووسێ.
(ب)ئینجا دروستبوونی زاوزێی لە ئاوێکی بێزراوەوە(ماء مهین). ئەمەیش تەنیا بۆ جۆرە باڵاکانی گیانداران ئەبێ، دەی زیندەوەرە سەرەتاییەکان لە ڕێی ئاوی بێزراوەوە زاوزێ ناکەن، بەڵکو لەڕێی دابەشبوونە دووبارەبووەوەکانی خانەوە، لەبەر ئەوە پێویستی کردووە (ثم) دابنرێ جا لەوانەیە ئەم قۆناغە بە کاوەخۆیی ڕوویدابێ.
(ت)ئینجا ڕێککردنەوە (واتە ڕاستکردنەوە و هەڵساندنەوە) دوای ئەوسایش فوپیاکردن لە ڕوحی خوا، کە ئیتر ئەو بوونەوەرە بووە بە ئینسان.

دەبێ ئاگاداربین کە (ثم) لە زماندا مەبەستی لە دوای هاتنە بە هێواشی، واتە تێپەڕینی کاتێک کە کەم نیە.
كه دەڵێین تسویە(ڕێککردنەوە) واتە ڕاستکردنەوە و هەڵسانەوەی لەش، ئەوا لەو ئایەتەدا ئیشارەتی پێدراوە کە خوای گەورە دەفەرمووێ (يَا أَيُّهَا الأِنْسَانُ مَا غَرَّكَ بِرَبِّكَ الْكَرِيم * الَّذِي خَلَقَكَ فَسَوَّاكَ فَعَدَلَكَ) هەروەها ئەو فەرموودە قودسییەی کە ئیبن کەسیر هێناویەتییەوە و دەڵێ"...خوای تەعالا دەفەرمووێ: ئەی ئادەمزاد چۆن لێم گیردەبی لە کاتێکدا لەمەوە خەلقم کردووی تا ئەوەی ڕاستمکردیتەوە و ڕێکمکردیتەوە و لەنێوان دووپۆشاک(قومات و کفن)دا ڕێتکرد و زەویشت بۆ ڕاگیرا..... تەواوی فەرموودەکە" مانای وایە ڕاڤەی واتای (التسویة) بە ڕاستکردنەوەی قەد و باڵا هاتووە. ئەمەیش لە گەڵ ئەو قسەیەدا دەگونجێ کە دەڵێ زنجیرەی پەرەسەندنی پێش ئینسان وا دەردەخا کە لە سەر چوار پەل دەڕۆیشت ئینجا دواتر ڕاستبووەتەوە و ڕێکبووەتەوە.
ئینجا ئەو ڕوح پیاکردنەی کە خوای گەورە دەفەرمووێ (فنفخت فیە من روحي، هەر ئەوەیە کە وای کرد بوونەوەرە پەرەسەندووەکەی پێش ئینسان بکاتە ئینسان، ئەمەیش کاتێک کە ئەقڵ و توانای داهێنانی دەسکەوت و لە بوونەوەرێکی بێئەقڵەوە گۆڕا بۆ یەکێکی ئاقڵ کە توانای داهێنان و دۆزینەوەی هەبێ. هەر بەمەیش شایەنی ئەوە بوو کە فریشتەکان سوژدەی بۆ ببەن. سوژدەکەیش جوڵەیەکی ڕەمزییە و گوزارشت لە ملکەچی و ملبۆدان ئەدا.ئەمەیش زیاتر لە مانای زمانەوانی ووشەی(السجود)دا دەردەکەوێ کە ئیبن فارس لە (معجم المقاییس)دا دەڵێ: " (س) و (ج) و (د) یەک ڕەگە و ئاماژەیە بۆ ملدان و ملکەچیی، هەر شتێک ملکەچ بوو ئیتر سوژدەی بردووە" هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە کە فریشتەکان سەرباز و پەیامهێنی خوان و گەردوونیان پێ دەسووڕێنێ، هەروەها هەر ئەوانن کە خوای گەورە گەردوونیان پێ بەڕێوەدەبا. سوژدەبردنیان بۆ ئادەم واتە دراونەتە دەست ئادەم و بە سەریاندا زاڵکراوە و توانیوویەتی، یەکەمجار بەهێز و دواتر بە کردار، لە هەقیان بێ. دەی خوای گەورە هێزی داهێنان و پێکهێنانی، بەو فوپیاکردنە لە ڕوحی پیرۆزی خۆی، پێبەخشیووە، ئیتر ئەوە بۆ ئینسان خۆی ئەمێنێتەوە کە ئەم هێزە وەبەربێنێ یان نا. بۆ نا، دەی ویستی خوا وا بووە کە ئینسان ببێتە جێنشینی لەسەر زەویدا. ئیتر فەرمانی خوا هاتووە بۆ ئەوەی فریشتەکان سوژدە بۆ ئادەم ببەن دوای ئەوەی خەلق و شێوەی تەواو بووە و ئینجا لە ڕوحی خۆی فوی پیاکردووە و فێری گشت ناوەکانی کردووە.

٥. سورەتی الصافات
 (إِنَّا خَلَقْنَاهُمْ مِنْ طِينٍ لازِبٍ)(الصافات: من الآية11)
ئیبن کەسیر ئەڵێ:" موجاهید و سەعیدی کوڕی جوبەیر و ضەححاک ئەڵێن: طین لازب ئەو قوڕە چاکەیە کە بەیەکەوە دەنوسێن و ئیبنو عەباس و عیکریمەیش دەڵێن: ئەو قوڕە لینجە باشەیە و قەتادەیش ئەڵێ ئەوەیە کە بە دەستەوە دەنوسێ". لێرەدا ئاماژەی نێو ئایەتەكە زۆر ڕەوانە، دەی سەرەتای خەلق لە ئاو و قوڕ بووە، ئا ئەمە بە پوختی، نەک بە درێژی، لەگەڵ ئەو وێناکردنە هاوچەرخانەی زیندەورزانی بۆ پەیدابوونی سەرەتای ژیان دەیخاتەڕوو، ڕێکدێتەوە.

٦. سورەتی الانسان
هَلْ أَتَى عَلَى الأِنْسَانِ حِينٌ مِنَ الدَّهْرِ لَمْ يَكُنْ شَيْئاً مَذْكُوراً) (الانسان:1) لەم ئایەتەدا پرسیارێکی ڕوون هەیە کە مانای ئەوەدا جیهان و گەردوون هەبوونە و هێشتا ئینسان بوونی نەبووە. جا ئەم ئایەتە ڕاڤەی زۆرە، تەبەری لە ڕاڤەکەیدا دەڵێ: مەبەست لەم پرسیارکردنە، دداننانە بە ڕووداوەکەدا، واتە جیهان پێش ئینسان بووە، بەڵام، گرفت لە دیاریکردنی ماوەی ئەو وەختەیە، کە بەسەر ئینساندا تێپەڕیووە بێ ئەوەی كەوتبێتە بەرباس. ئینجا لە بارەی تاقێک لە زەمەنەوە(حین من الدهر) مەبەست و ماوەکەی قسەی کەم کراوە، باشترینیان لای من ئەوەیە کە (الماوردي) لە(النکت و العیون)دا باسی کردووە، ئەو دەڵێ" لەوەی کە خوای گەورە دەفەرمووێ:"(حينٌ من الدهر) سێ قسە هەیە: یەکەمیان دەڵێ: چل ساڵ تێپەڕیووە تا ئەو کاتەی فوی ڕوحی پیاکراوە، ئەویش لە نێوان مەککە و تائیف دا کەوتبوو، ئەمە لەو ڕیوایەتی کە ئەبی صاڵح دەیگێڕێتەوە ئیبنو عەبباس وا دەڵێ. دووەم دەڵێ: لە قوڕ خەلق کراوە و وەستێنراوە بۆ چل ساڵ، ئینجا چل ساڵ لە (حمأ مسنون)، ئینجا چل ساڵ لە (صلصال)، کە ئیتر خەلقکردنی بە ۱۲٠ساڵ تەواو بووە، دوای ئەوە فوی ڕوحی پیاکراوە، ئەمەیش قسەی ئیبن عەباسە لە گێڕانەوەکەی ضەححاکدا. سێیەم: ئەو تاقە(حین)ەی کە لێرە باسکراوە، کاتێکی نەپێوراوە و زەمەنێکی دیاری نەکراوە، ئەمەیش دیسان بە قسەی ئیبن عەبباس".

٧. سورەتی الانفطار
(الَّذِي خَلَقَكَ فَسَوَّاكَ فَعَدَلَكَ) (الانفطار:7) ئيبن كەسیر لە ڕاڤەکەیدا دەڵێ:
" واتە ئەو بۆ لە ئاستی پەروەردگارتدا لە خۆبایی بووی، لەکاتێکدا دروستی کردووی و ڕێک وڕاستی کردوویتەوە، یەعنی وای لێکردووی ڕێک و ڕاست و باڵا بەرزانە و بە بێ چەمانەوە لە باشترین شێوە و شکڵدا؟". لەمەوە تێدەگەین کەوا (التسویة و التعدیل) واتە ڕاستبوونەوەی لەش و ڕێکبوونەوەی باڵا و هەڵسانەوەی، ئەمەیش لە قسەکەی ئیبن کەسیرەوە ڕوون و ڕاشکاوە، جا هەر بەمشێوەیەیە قۆناغەکانی پەرەسەندنی ئۆرگانی ئینسان، ئەمیش بە گوێرەی ئەوەی کە قورئان باسی دەکا، واتە خەلق و ڕێککردنەوە و ڕاستکردنەوە.

۸. سورەتی (التین)
(لَقَدْ خَلَقْنَا الأِنْسَانَ فِي أَحْسَنِ تَقْوِيمٍ. ثُمَّ رَدَدْنَاهُ أَسْفَلَ سَافِلِينَ) (التين:4-5) لەوانەیە بکرێ بێژین: ئەم ئایەتانە مانای ئەوە دەگەیەنن کە شکستێکی پەرەسەندنانە لە ڕێڕەوی پەرەسەندنی ئۆرگانی ئینساندا ڕوویداوە و، بە دوایدا بەدگۆڕانێکی ئۆرگانی هاتووە، کە وای لێکردووە، لە ڕووی توێکاری و پێکهاتەییەوە، شێوەی لە گیاندارانی تر بکا. بەو مانایەی کە ڕوویەکی تر هەیە بۆ تێگەیشتن لەم ئایەتە کە مەبەستی ئەوەیە ئینسان یەکەم جار لە شێوە و ناوەڕۆکێکی زۆر بەرزتر لەوەی ئێستای، دروست کرابوو، پاشان هەندێ دەستکاری کراو و جۆرە تێکچوونێکی پەرەسەندنانە  لە خەلقیدا دروست بوو کە ئینسانی گەیاندووەتە ئەم شێوەیەی ئێستا کە، لە ڕووی پێکهاتەوە و شتی ترەوە، لە گیانداران ئەچێ. ئەوەی ئەم بووچوونە بەهێز دەکا ئەوەیە کە خوای گەورە لە سورەتی طە دەفەرمووێ (فَأَكَلا مِنْهَا فَبَدَتْ لَهُمَا سَوْآتُهُمَا وَطَفِقَا يَخْصِفَانِ عَلَيْهِمَا مِنْ وَرَقِ الْجَنَّةِ وَعَصَى آدَمُ رَبَّهُ فَغَوَى) هەروەها ئەوەی کە لەسورەتی الأنعام دا دەفەرمووێ (يَابَنِي آدَمَ قَدْ أَنزَلْنَا عَلَيْكُمْ لِبَاسًا يُوَارِي سَوْآتِكُمْ وَرِيشًا) ئەمەیش ئیجتیهادێکی لاوەکییە لە بابەتەکەدا نەک ئەنجام. لەمەیشدا بوارێکی فراوان هەیە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە کە قورئان دەیکاتەوە بۆ هەر کەسێ بیەوێ توێژینەوە بکا یان بکۆڵێتەوە.

هەڵبژاردنی سروشتی

تیۆرەکەی داروین لە بارەی پەرەسەندنەوە دەڵێ: دابەشبوونی خانە جنسییەکان دەبێتە هۆی ڕوودانی بازدانی هەڕەمەکی(Random Mutation) لە جینەکاندا، کە کۆمەڵێ گۆڕانکارییە لە کۆدی بۆماوەییدا و لە کاتی پرۆسەی کۆپیکردنیدا دروست ئەبێ، ئاکام(کاریگەرییەکانی) ئەم بازدانەیش، دوای لەدایکبوون، لە چۆنێتی گەشەکردنی بوونەوەردا دەردەکەوێت. جا لە ژیانی بوونەوەرەکەدا، ئەو باردۆخە سروشتییانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە بڕیار دەدەن کە ئەو بازدانە لە ململانێی مانەوە بوونەوەرەکە لەگەڵ سروشتدا، سەرکەووتوو بێ یان نا. ئەگەر بازدانەکە سەرکەوتوو بوو، ئەوا دەبێتە هۆی ڕزگاربوونی بوونەوەرەکە و بوارێکی باشتری پێدەبەخشێ بۆ زیادکردن بە شێوەیەک ڕەنگە باشتر بێ لەو نەوەیەی کە بازدانەکەی بەسەردا نەهاتووە.

بەڵام ئەگەر بازدانەکە سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا ئەو بوونەوەرە دەمرێ و، ئیدی بەو شێوەیە ئەو بوونەوەرانەی کە بازدانی ناپەسەندیان لێ ڕوودەدا، لە لایەن سروشتەوە لە ناو دەچن. لەبەر ئەوە هەڵبژاردنی بوونەوەرەکان لەنێوان بازادانە سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووەکاندا ناونراوە هەڵبژاردنی سروشتیی، بەو پێیەی ئەوە خودی سروشتە کە هەڵدەبژێرێ، گوایە بوونەوەرەکان دەژین یان دەمرن. ئەوە شتێکی لۆجیکانەیە کە  ژمارەی ئەو بوونەوەرانەی خاوەنی بازدانی باشن زیاد بکەن و بگەشێنەوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو بوونەوەرانەی کە خاوەنی بازدانی ناپەسەند و نەگونجاون لەگەڵ مەرجەکانی سروشتدا، کەم بکەن. ئەمە ئەو میکانیزمەیە کە تیۆرییەکەی داروین دەیخاتەڕوو.

لەڕاستیدا وای نابینیم کە ئەم میکانیزمە لەگەڵ بیروباوەڕی ئاینیدا دژبێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێ کە دەڵێ بازدانەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ڕوودەدن. جا ئەگەر ئێمە ددانمان بە هەڕەمەکییاندا نا، ئەوە وەک ئەوەیە کە بڵێین: شتێکە بە بێ ویستی خوا ڕوودەدا. کەچی ئەوەی وەک هەڕەمەکیی دەردەکەوێ وا نیە. ئەوەی لە وتارەکانی پێشووماندا باسمان لە بارەی کاری یاساکانی سروشت (خۆڕسک) کرد و ئەو ڕاستییەمان خستەڕوو کە ئەنجامی کاری ئەم یاسایانە گریمانەیین و هەرئەبێی(حەتمی) نین، ئەمیش بە گوێرەی دوا پێگەیشتنەکان و سەڵمێنراوەکانی زانستی هاوچەرخ، دەی نکۆڵی لە هەڕەمەکیی و سەربەخۆیی یاسا سروشتییەکان دەکا، هەروەها هیچ ترسێک نیە لە ڕۆڵی خوا لە میکانیزمی پەرەسەندندا، ئەو ڕۆڵەی کە لە بنەڕەتدا دەسوەردانە لە پرۆسەکە، ئەویش لە بەر پێویستی یاسای سروشت(خۆڕسک) بە وەکارخەرێک و، پێویستی یاسا دژ بە یەکەکان بە ڕێکخەرێک، ئەگەر وا نەبووایە، ئەوا هیچ ئەنجامێکی بەرهەمداری نەدەبوو. بەو شێوەیە وای دەبینم کە دووبارە ڕاڤەکردنەوەی میکانیزمی پەرەسەندن لە ژێر ڕۆشنایی زانستی فیزیای کوانتەمد، پاڵپشتێکی بەهێزمان دەداتێ بۆ قبوڵکردنی میکانیزمی پەرەسەندنی باسکراو. بەڵام پێویستە ئەوەمان بێتەوە بیر کە تیۆری داروینیزم بە ڕەهای توندوتۆڵ نیە، بەڵکو کەلێنی تێدایە کە پسپۆڕانی ئەو زانستە دەیزانن. تەنانەت ڕەخنە لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتییش هەیە و، ئەکرێ هەزار و یەک پرسیار لە بارەی پەرسەندنەی بوونەوەرانەوە بکرێ کە ئەستەمە وەڵام بدرێنەوە. ئەمەیش کێشەیەکە لێی دەگەڕێم بۆ چارەسەرە زانستییەکان، بەڵام لێرەدا من تەنیا بایەخ بە  دۆزینەوەی ئەوە دەدەم کە بیرۆکەکە لە گەڵ دەقەکانی قورئاندا دژ دێتەوە یان نا. 

دووەم خاڵی گرنگ دەمێنێتەوە ئەویش دژهاتنەوەی بیروباوەڕی ئایینییە لەگەڵ زنجیرەی پەرەسەندن و ئەو قسەی کە دەڵێ: ڕەچەڵەکی مرۆڤ گیاندارێک بووە، ئیتر مەیمون یان ئاسک یان ماسی. هەر کامیان بێ. بیروبۆچوونی ئاینی(نەک قورئان) لەگەڵ ئەم بیرۆکەدا دژ دێتەوە، ئەویش لەو ڕوانگەیەوە کە ئەم بونەوەرانە بەدگۆڕانن و ئەمەیش لەگەڵ ڕێزگرتنی خوا بۆ ئینسان و هەڵبژاردنی وەک جێنشینی خۆی لە زەویدا، ناگونجێ. لێرەدا دەڵێین: ڕێزگرتن لە ئینسان و ڕێزگرتن لە ئادەمزاد دوای ئەوە ڕوویداوە کە بووە بەم بوونەوەرە ئادەمییە باڵایە، ئەمەیش کاتێک ڕوویداوە کە ڕێککراوەتەوە و ڕوحیپیاکراوە و بەوەیش ئەو گیاندارە بووە بە ئینسان. ڕاستییە مۆرفۆلۆجی(شێوەیی) و توێکاریی و فیزیۆلۆجی و تەنانەت ڕەفتارییەکانیش ئاماژە دەدەن بە لێکچوون و هاوبەشییەکی گەورە لە نێوان ئینسان و بوونەوەرە باڵاکانی تردا. دەی ئێمە دەخۆین و دەخۆینەوە و زاوزێ دەکەین و زۆربەی چالاکییە ڕۆژانەکانمان بەشێوەیەک دەکەین کە زۆر جیاواز نیە لەگەڵ ئەودوای گیانداراندا. ئەوەی لەوانی تر جیامان دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەقڵمان هەیە و هەر بەوەیش خوا ڕێزی لێگرتووین. بە بێ ئەوەیش بۆی هەیە دابەزینە ئاستی ئاژەڵ. جا ئەگەر ئێمە وامانکرد نائاگا بین لەو شتانەی کە ئەقڵ پیشانمان دەدا، وەک کەرامەت کە لە ئیمانەوە دەستمان دەکەوێ، یان وەک زەرورەتی ئیمان بە بوونی ئامانجێک لەم بوونەدا هەروەها بوونی هێز و ویست و پلان و مەبەستێک لەم گەردوونەدا، ئەوا بەو خۆگێلکردنە، دەبینە بەشێک لە گروپی ئەو دوای گیاندارن، کە لە ڕووی ماددیەوە سەر بەوانین، ئەمیش بە حوکمی چۆنێتی دروستبوون و پێکهاتەمانەوە. بەو مانایەی، بەرزبوونەوەمان لە ئاستی مەملەکەتی گیانداراندا بەرزبوونەوەیەکی ماناییە، ئەو وەختە دەستمان کەوت کە توانای جیاکردنەوە و هێزی داهێنان و پێکهێنانمان پێدرا. جا ئەگەر ئەمەمان پشتگوێ خست و ئەو ڕاستییانەیشمان پشتگوێخست کە ڕینیشاندەرمانن بۆ ئەم تایبەتمەندییە، ئەوا ڕێک وەک ئاژەڵانمان لێ دێ و بگرە گومڕاتر. ئیمان لە ئینسان دێت و گیانداریش ئەوەی بۆ نەڕەخساوە ئیمان بێنێ، هەر بۆیە ئەم جۆرە پرسیارە و بیرکردنەوە لە مانا و ئامانجی بوون لە نێو ئاژەڵاندا نیە. خالقمان ئێمەی ئینسانی تایبەتمەند کردووە بۆ ئەوەی بیربکەینەوە و ڕامێنین و ببینە ئەو جێنشینەی کە توانای دروستکردن و داهێنانی هەیە و، بە ئەقڵمان دەرک بەو گەردوونە بکەین کە تێیداین، هەرچەندە لەم گەردوونەدا ئێمە بەشێکی زۆربچووکی ماددین. توانای ئەو ئەقڵەی لە ئینساندایە، ئەو فوە پڕ لە داهێنانە جوانە، بەهایەکی پێداوە کە بای هەموو گەردوونە. هەروەها پێویستە لەسەر ئینسان کە بەڕێزەوە لەو بەهایە بڕوانێ و لە هەموو ڕوو و چالاکییەکەوە ڕێزی بگرێ. ئەمما ئەگەر ڕێزی نەگرت ئەوا خۆی و جەماعەتەکەیشی لە مەملەکەتی ئاژەڵن، با خۆیشی بەوە بخەڵەتێنێ کە لەوان جیاوازە. 

پوختە
دوای ڕامان لەو ئایەتانەی کە لە قورئاندا هاتووە لە بارەی دروستکردنی ئینسانەوە، ئەبینین ئەوەی لەم ڕووەوە لە قورئاندا هاتووە، لەگەڵ بیرۆکەی پەرەسەندنی ئۆرگانیی ئینسان، دژ نایەتەوە، دەی ئەو باسی ئەوە ئەکا کە خەلقی ئینسان بە قوناغێلیک بووە و هەروەها باسی ڕاستکردنەوە و فوپیاکردنی لە ڕوحی خواوە  دەکا، دواتر باسی ئەوە دەکا کە سوژدەبردنی فریشتەکان دوای ڕێککردنەوە و فوپیاکردنی ڕوح بووە نەک پێش ئەوسا. ئەشێ بڵێین: ڕێککردنەوە و ڕوحپیاکردن، مەخلوقەکەیان بردووەتە ئاستێک کە وای لێبکا ئامادەی سوژدەی فریشتەکان بێ، واتە ئەو روحپیاکردنە خواییە ئینسانی کردووە بە ئینسان و بەمەیش شایەنی سوژدەی فریشتەکان(ملکەچبوونیان) بووە. بەڵام ئەو دژایەتییەی لە نێوان پرنسیپی پەرەسەندنی ئۆرگانیی زیندەوەرەکان و ئاییندا دروست بووە، سەرچاوەکەی ئیجتیهاداتی خەڵکە، کە زۆربەیان پاڵئەدەنەوە بە ئەفسانەی پێشێنان و، گومانیان وایە قسە کردن لە بارەی پەرەسەندنەوە ئەبێتە نکۆڵیکردنی ڕۆڵی خوا لە دروستکردن و پێگەیاندن و پەرەسەندندا و ئەمەیش ڕاست نیە، بە تایبەت دوای ئەوەی کە فیزیا ئەو ڕاستتیەی دۆزییەوە کە کاری یاسای سروشتی ئەنجامێکی شێوە گریمانەیی هەیە نەک هەرئەبێی(حەتمی) و هەروەها ئەوەیشی دەرخست کە یاسا سروشتییەکان پێویستییان بە بەکارخەر و ڕێکخەرێک هەیە.   


بەڵام ئەمە مانای پاڵپشتی قورئان بۆ تیۆری پەرەسەندن ناگەیەنێ. دەی پرنسیپی پەرەسەندن بابەتێکە و تیۆری پەرەسەندن بابەتێکی تر. ئەوەیشی لێرەدا بۆی دەڕۆین ئەوەیە کە قورئان دژی پرنسیپی پەرەسەندنی ئۆرگانیی ئینسان نایەتەوە. بەم بۆنەیەوە جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێویستە لەسەر هەر کەسێک کە پرنسیپی پەرەسەندنی ئۆرگانیی ئینسان ڕەفز ئەکاتەوە، ڕاڤەیەلێک بدۆزێتەوە بۆ زۆربەی ئەو بەڵگانەی کە زیندەورزانی لە بارەی ڕوودانی پەرەسەندنەوە دەیانخاتەڕوو. هەروەها پێویستە لەسەری ڕاڤەی ئەو ئایەتانەی قورئان بکا کە باس لە قۆناغبەندیی خەلق دەکەن، بە تایبەت ئەوەی کە لە سورەتی السجدة دا هاتووە، ڕاڤەیەک کە بە باڵای قورئان و وردی وشەکانی و ڕاستگۆیی گوزارشتەکانی بێ.
به‌روار: 01/04/2016
بینین: 2163
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت